مانگرتنی کرێکارانی هەفت تەپە و فوولادی ئەهواز


مانگرتنی کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە رۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز پێی نایە ٢٠ەمین رۆژی خۆیەوە. کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە لە بەردەم فەرماندرای شووش کۆبوونەوەو دژ بە بەڕێوەبەرایەتی و بەتایبەتی کردنی ئەم ناوەندە دروشمیاندا. هەروەها خوازیاری ئازادی کرێکارانی دەستبەسەرکراو لەوانە ئیسماعیل بەخشی بوون.

کرێکارانی ناڕازی دژ بە دەستگیرکردنیکرێکاران و هاوکارەکانیا دروشمیان دەدا و دەیاگوت :" کرێکاری زیندانی دەبێت ئازاد بکرێت " یان ئەوە بوو دەیانگوت" لە هەفت تەپەوە تا تاران، زەحمەتکێشەکان لە زیندان" هەروەها خوازیاری پشتیوانی چین و توێژی بازاڕی بوون لە مانگرتنەکانیان و دەنگوت " بازاڕی بە غیرەت، پشتوان بە پشتیوان." هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بازاڕی شووش بە پشتیوانی لە کرێکارانی ناڕازی دووکان و بازاڕیان داخست و پەیوەستبوون بە کرێکارانی ناڕازییەوە.

هەر لەم پەیوەندەدا جێگری وەزارەتی کاری ئێران، دەربارەی کرێکارانی ناڕازی و ئەو کرێکارانەی دەستگیر کراون، لەوانە ئیسماعیل بەخشی، رایگەیاندووە:" پرسی کرێکارانی دەستگیرکراو پرسێکی ئەمنیەتییەو ئێمە وەک وەزارەتی کار هیچمان لە دەست نایەت بۆیان."

ئیسماعیل بەخشی، وێڕای ١٧ کرێکاریتر رۆژی ٢٧ خەزەڵوەر لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستگیر کران. ١٧ کرێکاری دەستگیرکراو لە ماوەی چەند رۆژدا و بە دانانی بارمتە ئازاد کران. بەڵام ئیسماعیل بەخشی هێشتا لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەرە و چارەنووسی نادیارە.

خۆپیشاندان و مانگرتنی کرێکارانی گرووپی میلی فوولادی ئەهواز، رۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز پێی نایە ١٥هەمین رۆژی خۆیەوە.

١٥ هەمین رۆژی خۆپیشاندانی کرێکارانی گرووپی میللی فوولادی ئەهواز، تووندووتیژی لێکەوتەوەو رووبەڕوو بوونەوە لە نێوان کرێکارانی خۆپیشاندەر و هێزەکانی پۆلیسدا روویدا. هێزە ئینتزامییەکان لە سەر پردی نادری، گەمارۆی کرێکارەکانیان دا و هێرشیان کردە سەر کرێکارانی ناڕازی، بەڵام کرێکارەکان رووبەڕوویان بووەنەوەو دژیان وەستانەوە.

وەستانەوەی کرێکاران دژ بە پۆلیس و هێزە ئینتزامییەکان، ئەم هێزانەی ناچار بە پاشەکشە کرد و کرێکارەکان درێژەیان بە خۆپیشاندانەکەی خۆیان دا. کرێکارەکان لە بەرامبەر هێزە ئینتزامییەکاندا دروشمیان دەدا و دەیانگوت :" دەوەستین، دەمرین، مافی خۆمان وەردەگرین" . هەروەها بە دروشمی :" هاوشاری بەغیرەت، پشتیوانبە پشتیوان." داوایان لە خەڵکی ئەهواز دەکرد پەیوەستبن پێیانەوەو پشتیوانیان لێ بکەن.

کرێکارانی ناڕازی جگەلەوەی داوای حەقدەستە دواکەوتووەکانیان دەکەن، خوازیاری دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنای کۆمپانیا و لەهەمانکاتدا کورت کردنەوەی دەستی مافیا لە کۆمپانیاکەن.




AM:01:24:25/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 373 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌