وتووێژ لەگەڵ ئیزابێل ئالێندە


و: مستەفا زاهیدی



ئیزابێل ئالێندە ئەڵێت :" نووسینی ژیاننامەی كەسێك كارێكی زۆر سەیرە لەبەر ئەوەی لیستەیەكە لە مێژوو و رووداو و دەستكەوتەكان. لە دونیای واقیعدا، گرینگترین شتی ژیانی كەسێك لە مەنهۆڵە شاراوەكانی دڵیدا روو دەدات و ناكرێت لیستەی لێ بگریت. لام وایە گرینگترین ئەنجامی ژیانم، نووسەربوون نییە، بەڵكوو عەشقی منە بۆ بنەماڵەكەم."

ئیزابێل ئالێندە ئۆگۆستی 1942 لە لیما، لە پێرۆ لەدایك بوو. باوكی دیپلۆمات بوو لەو وڵاتە. سێ ساڵ دواتر هەموویان گەڕانەوە بۆ شیلی. باوك و دایكی لەیەكتر جیابوونەوەو دایكی و منداڵەكانی گەڕانەوە بۆ ماڵی بابەگەورەو نەنكیان. سالڤادۆر ئالێندە سەرۆك كۆماری سۆشیالیستی شیلی كە ساڵی 1973 لە كوودتایەكی نیزامیدا كوژرا، لە خزمە نزیكەكانی باوكی بوو. ئیزابێل ئالێندە لە شازدە ساڵیدا دواناوەندی تەواو كرد و سێ ساڵ دواتر ژیانی هاوسەری پێك هێنا. سەرەتا وەك سكرتێر لە رێكخراوی كشت وكاڵ و خواردنی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سانتیاگۆ خەریكی كار بوو. دواتر دەستی كرد بە كاری رۆژنامە نووسی، چەند دیدارێكی تەلەفیزیۆنی ئەنجامدا و چەند راپۆرتێكی دیكۆمێنتی ئامادە كرد.

دوای كوودەتای شیلی و كوژرانی سالڤادۆر ئالێندە، ژیانی ئیزابێل بەتەەواوی گۆڕا. ئەو كە توانیبووی ژمارەیەك حەشار بدات ویارمەتی كۆمەڵێك كەس بدات لە وڵات بڕواتە دەرەوە، خۆی كەوتە مەترسییەوە. سەرەتا بە تەنها وڵاتی بەرەو ڤینزئیلا بەجێ هێشت ، بەڵام چەند مانگ دواتر كە دۆخەكە باشتر نەبوو، مێرد و منداڵەكانیشی بەرەو ئەوێ روشتن.

چەند ساڵ دواتر ئیزابێل ویستی نامەیەك بۆ باوەگەورەی بنووسێت كە بەدوور لە منداڵ و نەوەو نەبیرەكانی لە شیلی مابۆوە. ئەم نامە هەمان كتێبی"ماڵی رۆحەكان"ە كە ساڵی 1982 لە ئیسپانیا چاپ بوو و زۆر زوو بوو بە كتێبێكی پڕفرۆش و وەرگێڕدرایەوە سەر زۆربەی زمانەكانی دونیا. ئاڵێندە دوای ئەوە "لە عەشق و سێبەرەكان"(1984)ی نووسی. بەم شێوەیە ژیانی ئەدەبی ئالێندە دەستی پێكرد.

ئاڵێندە ساڵی 1987 لە مێردەكەی جیابۆوەو ساڵی دواتر لەگەڵ پارێزەرێكی ئەمریكایی ژیانی هاوسەری پێك هێناو لەو كاتە بەدواوە لە كالیفۆڕنیا، ئەمریكا گیرسایەوە.

پائۆلا كچی ئیزابێل ئاڵێندە ساڵی 1990 بێ هیچ پێشینەیەك تووشی نەخۆشییەكی چارەهەڵنەگر بوو و زۆری نەبرد بوو بە گیا. دایكی گواستییەوە بۆ ماڵەكەی خۆی لە ئەمریكا. پائۆلا دوای ساڵێك مرد. كتێبی "پائۆلا"(1994) باسكردنە لە نەخۆشی درێژماوەو مەرگی پائۆلا. رەخنەگری حەوتوونامەی "بڵاوكەرەوەكان" دەربارەی ئەم كتێبە ئەڵێت:" تەنها نووسەرێك بە لێهاتوویی ئالێندە ئەتوانێت ئەم تراژێدیایە بەم شێوەیە بۆ خوێنەرانی بگوازێتەوەو لە هەمانكاتدا وایان لێبكات پێیان خۆش بێت و سپاسی بكەن.

ئالێندە ژمارەیەكی زۆر بڕوانامەی فەخری لە زانكۆكان، مەدالیای رێزلێنانی لە هەموو دونیا، جگە لە وڵاتەكەی خۆی شیلی، وەرگرتووە. كتێبی ماڵی رۆحەكان هەم كراوە بە فیلم و هەم وەك شانۆنامە نمایش كراوە.

ئیزابێل ئالێندە بە زمانی ئیسپانیای ئەنووسێت و لە چیرۆكەكانی خۆیدا، ریالیزم لە گەڵ ئاستێك لە توندووتیژی و بەسەرهاتە سیاسییەكان و نەریتی ریالیسمی سیحری ئەمریكای لاتین تێكەڵ دەكات. بەرهەمەكانی بە بەشێك لە ئەدەبی فێمنیستی ئەمریكای لاتین دەزانن. ئەو بەكەڵك وەرگرتن لە مێژوو و كلتووری ئەمریكای لاتین، ئەزموونەكانی خۆی بە شێوەی رۆمانە پڕفرۆشەكان دەنووسێت. ژنان، سیاسەت، مێژوو و دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكان و لەبەرهەمەكانیدا هەموو كەس پەسیڤ دەردەكەوێت. كەسایەتییەكانی بەرهەمەكەی كە ژنن، باس لە دژواری، زیندان، برسێتی و خەمی لەدەستدانی ئازیزەكانیاندا دەژین ، بەڵام هیچكات خۆشویستن فەرامۆش ناكات.

دواین رۆمانەكانی: زۆرۆ(2005) و "ئینس گیانی من(2006) و كۆكردنەوەی رۆژەكان(2007).

ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە وتووێژێكە كە لیندا ئێل ریچاردز لە جێنواری مەگەزێن ساڵی 1999 سازی داوە. چوارەمین رۆمانی لیندا ریچاردز بە ناوی "قاتڵی نیگەران" ساڵی 2008 لە لایەن چاپ و بڵاوكردنەوەی مارتینیز مینیتۆرەوە چاپ كراوە.

هەرچەند ئیزابێل ئالێندە لای وایە وتووێژەكان تا رادەیەك ماندووكەرن و تا رادەیەك ئازاری دەدەن- بەدەر لەمەش، بەر بەكاری نووسینیشی دەگرن كە ئیشێكی گرینگە- بەڵام نیشانیدا لە وتووێژدا زۆر باشە. ئەو كە راستگۆییەكی ئارامبەخشی تێدا بەدی دەكرێت، وەڵامی سادەترین پرسیارەكان، بەوردی دەداتەوەو وشەكان زۆر بەوردی هەڵدەبژێرێت. وادیارە هەموو رستەیەك وەك نووسەرێك لێكدەداتەوە. هەموو وشەیەك بۆ كاریگەری، ئاشكرابوون و ریتم هەڵدەسەنگێندرێت. كە بە ئینگلیزی قسە دەكات زۆر بە روونی قسە دەكات، زۆر بەوردی و باش قسە دەكات، بەشێوەیەك مرۆڤ لەبیری دەچێت ئەو تەنها بە ئیسپانیایی دەنووسێت.دەكرێت بڵێین بەرهەمەكانی تەرجەمە كراوەتەوە بۆ هەموو زمانەكانی دونیا.

هەر لەو كاتەوە كە یەكەم كتێبی"ماڵی رۆحەكان" لە ئیسپانیا چاپ بوو، بەرهەمەكان لە روانگەیەكی جیهانییەوە پەسەند كران. لە وڵاتەكانی ئەڵمانیا، شیلی، سویسرا و مەكزیك یان ئەوەیە بووە بە نووسەری ساڵ یان كتێبەكەی بووە بە كتێبی ساڵ. ئالێندە لە لایەن بیتس كۆلیج، دەمینیكەن كۆلێج، زانكۆی ئەیالاتی نیۆیۆرك و كۆلێجی كۆلۆمبیا دوكتۆرای فەخری و لە وڵاتی فەرانسە مەدالیای شوالیەی لە هونەر و ئەدەبدا پێبەخشراوە. ساڵی 1994 لە لایەن دامەزراوەی زۆرینەی فێمنیستەوە، نازناوی فێمنیستی ساڵی پێبەخشرا. ئیتر درێژەی پێنادەم، لاموایە لە ماڵەكەی لە مارین كانتی كالیفۆڕنیا، ژوورێكی بچووكی پڕ لە كاپ و رێزلێنان و بڕوانامەی هەیە، هەركامەیان بە زمانێك.

ئیزابێل ئالێندە خزمی سالڤادۆر ئالێندە سەرۆك كۆماری شیلیایە كە رێفۆڕمە توندڕەوانە سۆسیالیستییەكانی بوو بە هۆی شۆڕشێك لە شیلیا كە سەرەنجام كوودتای سەربازی لێكەوتەوەو پریزیدێنت ئالێندە گیانی لە دەستدا، بە دەربڕینێك بە دەستی خۆی، خۆی كوشت. لە كاتی كوودتاكەدا ئیزابێل ئالێندە رۆژنامەنووس بوو. ئەمڕۆ دەڵێت:" رۆژنامەنووسێكی باش نەبووم، زۆر خراپ بووم."بەمەشەوە لە دیدی رۆژنامەنووسێكەوە رووداوەكانی بینی و زانی لەبەر ئەوەی شتی زۆری بینیوە، ناتوانیت ئەو شتانە لەبیر بكات،" هەڕەشەم لێكراو لە ماوەی بیست و چوار كاتژمێردا وڵاتم بەجێ هێشت."

ئەو بەتەنها بەرەو ڤینزۆئیلا رۆشت و لای وابوو ئەم جێ هێشتنی وڵاتە كورت ماوەیە" من و مێردەكەم لامان وابوو چەند مانگێك لەوێ دەمێنمەوەو دواتر بێدەنگ دەگەڕێمەوە بۆ وڵات." بەڵام نەكرا چون ئەگەر بگەڕایەتمایەوە هەركات ئەگەری ئەوە بوو دەستگیر بكرێم." سەرەنجام مێردەكەم و منداڵەكان وڵاتیان بەجێهێشت و هەموومان لە ڤینزۆئێلا یەكمان گرت. لامان وانەبوو سێزە ساڵ لە ڤینزۆئێلا دەمێنینەوە. بەردەوام لامان وابوو، دیكتاتۆری لە شیلی، لە وڵاتێكدا كە نەریتێكی دوورو درێژی دیمۆكراسی هەیە، زۆر ناخایەنێت، لامان وابوو قەت ناكرێت درێژەی هەبێت." بەڵام 17 ساڵی خایاند. بەوەها پێشینەیەكەوە سەیر نییە لەسەرجەم رۆمانەكانی ئالێندەدا، كەسانێك هەن كە لەتاراوگە دەژین. خۆی دەڵێت:" دەكەوێتە پەراوێزەوە. تەنانەت غوربەت ئەگەر بەمانای جێهێشتنی وڵاتیش نەبێت، ئەو پشتگیرییەی كە لەوڵات دەكرێیت، لێی بێبەری دەبیت. من ئەو كەسانەم خۆش ناوێت كە لەسەر لێوار دەوەستن و سەرپەنایەكی نییە."

رەنگە مەبەستی كەسانێكی وەك خۆی بێت. وەك ئەلیزای پاڵەوانی رۆمانی كچەی چارەڕەش. رووداوەكانی ئەم رۆمانە لە سانفرانسیسكۆ و دەورووبەری لە خولی یەكەمی "تای زێڕ"(1984) روو دەدات. ئێلیزا بەهێز، وریا، نەترس و سەرنجڕاكێشە. وەرگێڕانی ئینگلیزی ئەم كتێبە مانگی ئۆكتۆبەری 1999 هاتە بازار و زۆر زوو، هەم لە كەنەدا و هەم لە وڵاتە یەكگرتووەكان، بوو بە كتێبێكی پڕفرۆش.

ئیزابێل ئالێندە جگە لە رۆمان، كتێبێكی تریشی نووسیوە كە چیرۆك و داستان نییە. ئافرۆدێت، شێوەی ئامادە كردنی خواردن، چیرۆك و كارەكانیتری ئافرۆدیتی

لیندا ئەل ریچاردز، جێنواری مەگەزێن- 1999

ئەگەر نەتنووسیبا، خەریكی خواردن دروستكردن دەبووی؟

نە، عاشق دەبووم یان كارێكم دەكرد قاپ شتنی تێدا نەبایە. لەگەڵ نەوەكانم یاریم دەكرد. سەگێكم بۆ خۆم دەكڕی. من عاشقی نووسینم. عاشقی رەوتی نووسین. بیرلە ئەنجامەكەی ناكەمەوە. تەنها عاشقی ئەو كاتانەم بە تەنها لە ژوورێك، وشەكان بەلای یەكەوە ریز دەكەم بۆ ئەوەی دونیایەك بۆ خۆم بخولقێنم. ئەمەم بە دڵە. دواتر، دوای ئەوەی كتێبەكە چاپ بوو، تازە شێتێتی دەست پێدەكات. كتێبەكانم وەرگێڕدراوەتەوە بۆ سەر زۆربەی زمانەكانی دونیاو هەموو بڵاوكەرەوەیەك دەیهەوێت نووسەر بڕواتە ئەوێ بۆ ئەوەی یەك بە یەك كتێبەكان بفرۆشێت. ئەم كارە ناكرێت لەبەر ئەوەی كاتێك بۆ نووسین نامێنێتەوە. نووسین وەك ئەركێكی پێویست.... وەك ئەوە وایە تۆ لە دەروونی خۆتا كۆگایەكت هەبێت و ئەبێ پری بكەیت بۆ ئەوەی بتوانیت بنووسیت. دایم لەبەرچاودا بوون، زۆر قسەكردن، شیكردنەوەی ئەو شتانەی كە ناكرێت شیان بكەیتەوە، هەستێكی نامۆیە. بۆچی دەنووسین؟ كێ ئەزانێت ئێمە بۆچی ئەنووسین؟ بەزۆری ئەو شیكردنەوەی مامۆستایانی زانكۆ لەو بارەوە، پێوەندی بەوەوە نییە كەسێك بۆچی دەنووسێت.

بەرهەمەكانت بە زۆری لە گەڵ بەرهەمی "دایانا ئاكیرمەن" بەراورد دەكەن. تۆ بەرهەمەكانی ئەو لەگەڵ كتێبەكانی خۆت بەراورد دەكەیت. شتێك هەیە تۆ لێی ئاگادار بیت؟

لام وایە ئەو خانمە رقی لەمنە.

بەڕاست؟

هەمان ئەو خانمە نییە كە چەند چیرۆكێكی هەیە دەربارەی هەستەكان.

بەڵێ هەر ئەو ئەڵێم.

كەوایە هەمان ئەو خانمەیە كە لێكۆڵێنەوەیەكی زۆر خراپی دەربارەی "ئافرۆدیت" نووسی. هیچ كوێی كتێبەكەی بەدڵ نەبوو.

زۆر باشە، كە وایە وازی لێ دێنین. بەڵام سەیرە، لەبەر ئەوەی زۆرجار دێتە پێش لە خوێندنەوەی كتێبەكانیدا، ناوی تۆ دەبرێت، لە خوێندنەوەی كتێبەكانی تۆشدا ناوی ئەو.

لام وایە كتێبەكانی زۆر باشن. لە لێكۆڵێنەوەكانمدا بۆ كتێبی ئافرۆدێت كەڵكم لە كتێبی ئەو وەرگرت. لام وایە جوانی نووسیوە. بەراستی بەدڵم بوو، بەڵام ئەو بەئاشكرا رقی لە كتێبەكەی منە.

كام یەك لە كتێبەكانتت زۆرتر خۆش دەوێت؟

من كتێبێك نییە كە زۆر زیاترم خۆش بوێت و كتێبی خوازراوم بێت لەبەر ئەوەی وەك بەرهەمێك لێیان ناڕوانم. دەكرێ بڵێم بۆ من وەك ئەزموونێكی بەردەوامە. رەنگدانەوەی رووداوەكانی ژیانم. بەڵام گرینگترین كتێبی ژیانم "پائۆلا"یە و هەموو كات وا دەبێت. لەبەر ئەوەی وایلێكردم خۆم نەكوژم و پائۆلاش فەرامۆش نەكرێت. بەم مانایە، كتێبێكە كە رێز لە ژیانی كەسێك دەگرێت. رێزلێنان لە شتێك كە گرینگی پێدەدەین: ژیان و عەشق. بەراست دەربارەی مەرگ نییە.

كارەكتەر و كەسایەتییەك هەیە كە لەگەڵتا بژی و بەردەوام لەگەڵت بێت؟

چەند كارەكتەرێكی تایبەت هەن كە خۆیان لە كتێبەكەمدا جێ كردۆتەوە. نازانم ئەم كەسایەتییانە لە كوێوە دێن. ئەم كەسایەتییە لە "ئیوالونا" بازرگانێكی عەرەبە، لە كچی بەخت"دا تائۆچینە. ئەم كەسایەتییە جۆرێك باوك یان براگەورەیە كە رەنگە خۆشەویست بێت یان نەبێت. هەموو كاتیش رزگاریدەرە. ئەو كەسەی بەزەیی بەسەریدا زاڵ ئەبێت. ئەو كەسەی بۆیارمەتیدانی كەسانیتر هەموو كارێك دەكات. ئەی ئێستا لەكوێوە هێناومە؟ لام وایە لە مامە پابلۆ وەرمگرتووە، مامە پابلۆ وەك ئەم كەسایەتییە دەچێت. دوكتۆری ماڵی رۆحەكان و هەر بەم شێوەیەش وەك رزگاریدەر دەردەكەوێت.

شتێكی سەرنجڕاكێشم لە كچی بەختدا بینی- من دەربارەی ئەو سەردەمە مێژووییە زۆرم خوێندۆتەوە، هێرشی زێر و چل و نۆییەكان- ئەوەبووو كە هیچكام لەسەرچاوە پێشترەكان لە روانگەی كەسێكەوە نەنووسراوە ئەمریكایی نەبێت. هەربۆیە ئەوەندە سەیر، ئەوەندە سەرنجڕاكێش دەردەكەوێت. لە بەر ئەوەی زۆر رەنگ و بۆی...

هەموو كات لە روانگەی پیاوێكی سپی پێستەوە.

بەڵێ.

ئەگەر مێژووی ئەمریكا لە لایەن شارەزایەكی سپی پێستەوە بنووسرێت، گۆشە نیگا و جۆری روانینی بەرامبەر بە رووداوە راستەقینەكان تەواو جیاوازن، هەروەها نووسین دەربارەی هێرشی زێڕ. بەرلە هەر شتێك دەبێ بزانێت تا 9 رۆژ دوای دۆزینەوەی زێڕ، ئەو وڵاتە، مەكزیك بوو. خەڵك بە ئیسپانیایی قسەیان دەكرد. ئەو شوێنە بە تەواوی هیسپانیك بوو تا ئەوەی مەكزیك لە شەڕ لەگەڵ ئەمریكا شكستی خوارد و تەگزاس، ئاریزۆنا، یۆتا، نیوەی كێلرادۆ، نیۆمەكزیكۆ و كالیفۆڕینای لە دەست دا. كەوایە لەسەرەتادا، ساڵی 1948، كرێكارانی كانەكان رەنگین پێست بوون. دواتر چل و نۆییەكان هاتن و كاروبارەكانیان گرتە دەست و ئەوێ بوو بە بەشێك لە ئەمریكا. من نەوەیەكم هەیە لە پۆلی چوار دەخوێنێ و خەرێكی خوێندنی هێرش زێڕن. مامۆستاكەی كتێبەكەی منی خوێندبۆوەو داوای لێكردم بڕمە خوێندنگەكەو دەربارەی هێرشی زێر قسە بكەم. منیش رۆیشتم، لە پۆلی سێ بە سەرەوە هەمووان كۆ ببوونەوە. لەبەر ئەوەی مامۆستاكەیان وتبووی هیچكات ئەم چیرۆكەی لە روانگەی كۆچبەرێكی رەنگین پێستەوە نەبیستووە. لە روانگەی دۆڕاوەكانەوە. لە روانگەی ئەو كەسانەوە شكستیان خوارد و كۆنتڕۆڵی ئەوێیان لە دەستدا. ژمارەیەكی زۆر لەوانەی لەوێ بوون شیلیایی و پێرۆیی بوون. سپی پێستەكان یاسای زۆریان دژ بە رەنگین پێستەكان دانابوو. بەتایبەت دژ بە چینییەكان. زۆر خراپ بەرامبەر بە چینییەكان هەڵسووكەوتیان دەكرد.

ئێستا من چۆن لێكۆڵینەوەم كرد؟ پێت بڵێم نیوەی لێكۆڵینەوەكەم لە شیلی بووە. لەبەر ئەوەی ئەو شیلیاییانەی بۆ كاركردن لە كانەكان روویان كردبووە زێڕ، دوای ساڵێك دەركران، هەم ئەوە بوو كانەكانیان لێ داگیركردن و هەم دەستیان بە سەر زێڕەكاندا گرت. ئەوە بوو گەڕانەوە. ئەم كرێكارانە نامەیان بۆ وڵات دەنووسی و بیرەوەری رۆژانەی خۆیان دەنووسی. یەكیان كتێبێكی نووسیوە. لێكۆلینەوە لەم گۆشە نیگاوە زۆر سەیر و سەرنجڕاكێشە. نامەكانی ئەوانەی لە كانەكان كاریان دەكرد زۆر سەرنجڕاكێشە لەبەر ئەوەی مرۆڤ بەوە دەگات ئەوسەردەم پەرداخێك شیر گرینگتر و گرانتر بووە لە بتڵێك شامپاین، لەبەر ئەوەی مەشرووب لە هەموو شوێنێك دەست دەكەوت، بەڵام كەس نەبووە گا بدۆشێت. نانێك شتێكی زۆر پڕبەها بووە لەبەر ئەوەی كەس نەبووە نانەوایی بكات.

چ هاندەرێك بەرەو رووداوەكانی ئەم كتێبەی بردیت؟

ساڵی 1987 عاشقی پیاوێك بوو كەلام وابوو دوای حەوتوویەك یان دوو حەوتوو لەبیرم دەچێتەوە، لەبەر ئەو رۆشتمە ئەمریكا و رووم كردە ئەمریكا. بەڵێ دوازدە ساڵ پێشتر و پێنج كتێب پێشتر بوو. ئێستاش هەر لێرەم.

ژیاننامە رێگای خۆی دەدۆزێتەوە.

بەڵێ. بەكورتی من شتێكم دەربارەی ژیانی ئەم پیاوە نووسی و دەبوایە لێكۆڵینەوەم دەربارەی كردبا، لەبەر ئەوەی كاتێك هاتمە ئێرە شتێكی وام دەربارەی كالیفۆڕنیا نەدەزانی. دواتر زانیم سانفرانسیسكۆ تەنها 150 ساڵە هەیە. بیرم لەوە كردەوە چۆن كۆمەڵگایەك بە جوانی و ئاڵۆزییە- لە زۆر لایەنەوە ئاڵۆز و پڕلەپارادۆكس- لە ماوەی 150 ساڵدا لە هیچەوە دروست بووە؟ دواتر زانیم هێرشی زێڕ خەڵكی لە شوێنە جیاوازەكانی دونیاوە هێناوتە ئێرەو هەر لە سەرەتاوە، سانفرانسیسكۆ ئەم فرەچەشنی و فرە كلتوورییەی تێدا بوو كە دەكرێت بە وڵاتی 72 نەتەوە ناوی ببەین.

تۆ یەكێكیت لە نووسەرە ناودارەكانی دونیا.

سپاست دەكەم خۆزگا دایكم ئاگای لێت دەبوو.

ناوداربوون چ هەستێكت پێدەبەخشێت؟

هەموو كات بە كتێبەكانم دەڵێن كتێبی پڕفرۆش. هەموو كات لە بازاڕدایە. لە خوێندنگە و كۆلێج و زانكۆكان. لە هەموو شوێنێك دەیانخوێننەوەو هەر درێژەشی هەیە. لەم رووەوە زۆر بەخت یاوەرم بووە. لەبیرمە ئەو كاتەی كتێبی "ماڵی رۆحەكان"م دەنووسی هەموو كەس دەربارەی قسەی دەكرد، پارێزەرەكەم پێی گوتم " ئەم قسانەت بەلاوە گرینگ نەبێت. تەنها كات دیاری دەكات چی باشەو چی خراپە. ئەوەی كە ئەمڕۆكە كتێبەكانت دەفرۆشرێت و هەموو كەس حەز ئەكات بیخوێنێتەوە مانایەكی تایبەتی نییە، لەبەر ئەوەی رەنگە ساڵێكیتر بەتەواوەتی فەرامۆش بكرێت. كەوایە لە راستییدا تەنها كات دیاری دەكات شتێكی زۆر باشە یان خراپە.

ئەم سەركەوتنە نەبوو بە هۆی سەرسووڕمانت؟

پێم سەیربوو لەبەر ئەوەی چاوەڕوانی وەها شتێك نەبووم. لەراستییدا نەمدەزانی كتێبەكە چاپ دەبێت. كە "ماڵی رۆحەكان"م نووسی نەمدەزانی چیم نووسیوە. شتێكم نووسیبوو نەمدەوێرا ناوی رۆمانی لەسەر بنێم. دواتر دایكم وتی:" تەماشاكە، لەوە دەچێت ئەمە رۆمان بێت." دایكم كتێبەكەی بە چەند كەس لە هاوڕێكانی لە ئەمریكای لاتین و بڵاوكەرەوەیان هەبوو و كاری پێداچوونەوەیان دەكرد، پێشنیار كرد. كەسیان حەزی نەدەكرد بیخوێنێتەوە، هەموویان كتێبەكەیان رەت كردەوەو كەس وەری نەگرت تا ئەوەی سكرتیری چاپخانە تەلەفۆنی بۆكردم و وتی " من دەستنووسەكانم بردە ماڵەوەو خوێندمەوە، زۆر لەئەدەب تێناگەم. بەڵام شتێك ئەزانم ئەویش ئەوەیە ئەم كتێبە لێرە چاپ نابێت. بۆچی ناتهەوێت پارێزەرێك پەیدا بكەیت؟" وتم:"چی؟ نەمدەزانی كتێبێش پارێزەری دەوێت." ئەو خاتوونە پێی گوتم :" نووسەرێكی گەنج بەبێ پارێزەر كارەكانی ناچێتە پێش و كتێبەكەی بۆ چاپ نابێت." ناوی پارێزەرێكی پێدام لە ئیسپانیا. ئەوكات لە ڤینزۆئێلا دەژیام. كتێبەكەم بۆنارد و دوای سێ مانگ كتێبەكە چاپ بوو و من خەریكبووم لە ئەرووپا ریكلامم بۆ دەكرد. واتە هەموو شتێك زۆر خێرا چووە پێش و هەمو شتێك جێگای سەرسووڕمان بوو. هەموو شت.

لە هەموو كتێبەكانی تۆدا، تاراوگە بوونی هەیە.

لە وەڵامی تۆدا ئەڵێم قارەمانەكان و زۆربەی كەسایەتییەكانم كەسانێكی پەراوێزكەوتوون. تەنانەت ئەگەر تاراوگەش بەمانای جێهێشتنی وڵات نەبێت ، ئەو مانایە ئەدات كە سەقامگیری لەدەست داوە. من ئەو مرۆڤانەم خۆش دەوێت لە سەر لێوار وەستاون و هیچ سەرپەنایەكیان نییە. لەسەر ئەم لێوارەیە كە تۆ هەموو ئەو هێزەی لە دەروونتایە كۆی دەكەیتەوەو دەیدەیتە دەرەوە، ئەگەر لە شوێنێكی پارێزراو بیت هیچكات ئەو هێزە دەروونیانە بەكار ناهێنیت، لەبەر ئەوەی پێویستت پێی نییە. بەڵام ئەو كاتەی لە دۆخێكی خراپدایت- وەك جەنگ یان ئەشكەنجە یان شتی لەمجۆرە- پێویستت بەهەموو ئەو هێزانەیە و تێدەگەیت وەها كانگایەكی گەوەرەی وزەی لەبن نەهاتوو لە دەروونتایە، پەنای بۆ دەبەیت، دەیدۆزیتەوە.

تكایە پێمان بڵێ مرۆڤە پەراوێز كەوتووەكان كێن.

پەراوێزییەكان بەو ماناییەی كە بۆ وێنە پاڵەوانەكانی من بیانین یان كۆچبەرن یان مەنفاكراون یان هێموسێكسواڵن یان دزن یان ژنانی نەخوێندەوار و هەژار، هەتیون، ئەو خەڵكانەی بە پلەی بەرزی چینایەتییەوە لەدایك نەبوون. ئەگەر وەك ماڵی رۆحەكان بە پلەی كۆمەڵایەتیشەوە لەدایك بن،شتێك لە ژیانیاندا هەیە كە بەرەو پەراوێزیان دەبات. ناكەونە ناو ئەو چوارچێوەوە. ئەو خەڵكانەی كە ناسازن.

كەوایە دەكەونە پەراوێزی كۆمەڵگاوە؟

بەڵێ وایە.

رات چییە دەربارەی فیلمی "ماڵی رۆحەكان؟

فیلمەكەی پێ خۆش بوو، بەڵام هەڵبەت ئەمریكای لاتینی نییە. زۆر فیلمێكی سكاندیناڤیاییە. بەڵام پێمخۆش بوو. بەلامەوە سەرنجڕاكێش بوو و چێژم لێ بینی. ئەوكاتەی فیلمەكەی بینی زانیم كتێبەكەم دەربارەی چییە(پێدەكەنێت). بەڕاست پێشتر نەمدەزانی. لاموایە لە زۆربەی كتێبەكانمدا-بەتایبەت كتێبی یەكەم- نازانم چی دەكەم. دواتر خەڵك بەردەوام دەپرسن "كتێبەكەت دەربارەی چیییە؟" هەموو چیرۆكەكانی كتێبێك بۆ من لە ئاستێكدان و وەك یەك گرینگن. نازانم كامە چیرۆك، چیرۆكی سەرەكییە. دواتر كەفیلمەكەم بینی، بینیم كەسێكیتر چیرۆكی سەرەكی هەڵبژاردووە، لەبەر خۆمەوە وتم، ئێ، كەوایە چیرۆكەكە دەربارەی ئەمەیە.

كتێبەكانیترت بووە بە فیلم؟

• "لە عشق و سێبەرەكان" بووە بە فیلم. ئێستا بە ڤیدیۆ هەیە. خەریكن بۆ ئیوالۆنا و چەند كورتە چیرۆكیتر فیلمنامە دەنووسن. بۆ ئەم كتێبەم (كچی بەخت) لەچەند لایەنەوە پێشنیارم پێكراوە. ئێستا دەمهەوێت سەبر كەم.

ئێستا هیچ شتێكت بەدەستەوەیە بۆنووسین؟

ئێستا نە. هیوادارم لە 8ی جێنیڤەریی(2000)ەوە بێدەنگ لە شوێنێك دانیشم و بنووسم. هیوادارم.

لە شوێنێك خوێندمەوە كتێبی یەكەمی تۆ لەڕاستییدا نامە بووە.

نامەیەك بوو بۆ باوەگەورەم كە لە شیلی لە سەرەمەرگدا بوو. لە ڤینزۆئیلا دەژیام و ئەو كات نەمدەتوانی سەردانی شیلی بكەم. ئەوەبوو كە دەستم كرد بە نووسینی نامە، بەڵام لاموایە زۆر زوو زانیم یەكەم ئەوەی هیچكات باوەگەورەم ئەو نامەیە ناخوێنێتەوەو دووهەم ئەوەی دەینووسم نامە نییە. شتێكە جیاواز لە نامەیەك. ئەو شتەی ساڵانێكی زۆر لە دەروونی مندا لە گەشەداب وو و من ئامادەی نووسینی نەبووم، یان ئەوەی بیانووییەكم نەبوو بۆ نووسینی.

تەنها بەشەودا دەمنووسی لەبەر ئەوەی بەرۆژدا دەڕۆشتمە سەركار. لە خوێندنگەیەك كارم دەكرد. بەیانی و ئێواران كارم دەكرد، لە حەوتی بەیانییەوە بۆ حەوتی شەو كارم دەكرد. دوانزە كاتژمێر لە رۆژدا كارم دەكرد. كاتم نەبوو نانی نیوەڕۆ بخۆم. شەوانە كتێبەكەم دەنووسی. هەندێجار خوێندكارانم پێم ئەڵێن:"ئەی هاوار.. كاتمان نییە بۆ نووسین." پێیان دەڵێم زووتر لەخەو هەستن، تا درەنگان بەخەبەر بن. ئەگەر بتانهەوێت هەموودەم كات دەدۆزنەوە.

وتت لە قوتابخانە كارت ئەكرد، چیت دەكرد؟

كاری ئیداری قوتابخانەم دەكرد. كاری بانك و ژمێریاری. لەم كارانە سەردەرناكەم بەڵام چوارساڵ و نیو ئەمە پیشەم بوو.

دواتر كتێبەكە چاپ بوو و لەوكاتە بە دواوە هەموو شت بە خێرایی گۆڕا.

نا، نا، وا نییە. هەڵبەت كتێبەكە چاپ بوو بەڵام من وازم لەكارەكەم نەهێنا، لەبەر ئەوەی نەمدەزانی ئاخۆ دەتوانم بە پارەكەی بژیم. لام وانەبوو بكرێت. دواتر كتێبی دووهەمم نووسی و هێشتا هەر لەكارەكەم بەردەوام بووم و شەوانە دەمنووسی. لە ڤینزۆئێلا دەژیام. كتێبی یەكەمم بە ماشێنی تایپی بچووك كە دەكرا بیگۆزیتەوە، لەسەر پێشخانی چێشتخانەكە نووسی. بۆ كتێبی دووهەمم ئۆفیسی كارێكم بۆخۆم دروست كرد و بە ماشینی تایپی كارەبایی دەمنووسی. كاتی كتێبی سێهەم، كوڕەكەم وتی :"تۆ ئیتر پێویستت بە كۆمپیۆتەرە." دوای كتێبی سێهەم وازم لە كارەكەم لە قوتابخانە هێنا.

كتێبی سێهەم كامە كتێب بوو؟

ئیوالۆنا. بەڵام لام وانەبوو تەنها بە نووسین بتوانم ژیانم بەڕێوە ببەم. نووسین بۆمن شتێكی لاوەكی بوو. كتێبەكانم وەرگێڕدرایەوە. زۆر دەفرۆشا و شتی لەمجۆرە. بەڵام هێشتا هەستم نەدەكرد بەوەی لەباری ئابوورییەوە كێشەم نابێت. لام وابوو ناتوانم كتێبی دواترم بنووسم. هەموو جار ئەم شتە دووبارە دەبۆوە، بەڵام ئێستا فێربووم دڵنیابم كە دەتوانم بنووسم. بەڵام هەرجارەی كتێبێك تەواو دەكەم لام وایە بەختم لەگەڵ بووە، پەڕجوویەك بوەو جارێكیتر رەنگە جارێكیتر ئەم پەڕجووە دووبارە نەبێتەوە. ئەم هەستە كە تۆ دڵنیا نیت. بەڵام ئێستا دڵنیام ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر بە رادەی پێویست دانیشم، شتێك روودەدات، بەڵام چی دەبێت، نازانم.

چیرۆكەكانت لە كوێوە دێن؟

نازانم چیرۆكەكان چۆن دێن بەرەولام. تا رادەیەك دەگەڕێتەوە بۆ بیرەوەری. بۆ ئەو مرۆڤەی كە هەم. بۆ ئەو ئەزموونانەی كە لەژیاندا هەمبووە. دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتانەی لە چواردەورمدا بەلامەوە سەیربووە. لەبەر ئەوەی بۆ وێنە ناتوانم چیرۆكی پۆلیسی بنووسم، لەبەر ئەوەی بەلامەوە سەرنجڕاكێش نییە، یان دەربارەی كۆمپانیا بازرگانییەكان. كتێبەكان دەربارەی ئەو جیهانەیە كە سەرنجڕاكێشە بەلامەوە. كاتێك ناتوانم كۆنتڕۆڵی بكەم و بەسەریدا زاڵ بم، نازانم كەی دێن بەلامەوە.

ئەم هەستە زۆر بەهێزە، لەبەر ئەوەی دوای نووسینی پائۆلا، بۆ ماوەیەكی زۆر نەمدەتوانی بنووسم. بەرۆژدا چەندین كاتژمیچر لەبەردەم كۆمپیۆتەرەكەم دادەنیشتم و هیچ نەدەبوو.

چیرۆكێك لە زەینمدا بوو. تەنانەت هێڵە گشتییەكانی چیرۆكەكەم دەنووسی بەڵام نەمدەتوانی چیرۆكەكە بنووسم، لەبەر ئەوەی ئەو شتەی دەبایە روویدابا رووی نەدەدا. پێویستم بەچی بوو؟ نازانم. رەنگە تا رادەیەك جووڵەو شادی و بەخت، كە هیچكامیانم نەبوو. خەمۆكی بووم زۆرم هەوڵ دەدا. كێ ئاگای لەوەیە.

وتت بۆ ماوەیەكی زۆر نەتتوانی بنووسیت؟ چ ماوەیەك؟

سێ ساڵ.

ماوەیەكی زۆرە. دواتر چی بوو؟

بابەتێكم بۆ خۆم دیاریكرد. هاتەوە یادم كە رۆژنامەنووسێكم كە خولی رۆژنامەنووسیم بینیوەو ئەگەر بابەتم پێ بدەن و كاتی پێویستم لەبەردەستدا بێت بۆ لێكۆڵینەوە، دەكرێت بڵێم دەربارەی هەموو شت ئەتوانم بنووسم. بابەتێكم بۆ خۆم دیاریكرد كە تا دەكرێت لەمەرگەوە دوور بێت. بڕیارمدا دەربارەی خواردن و عەشق و سۆزداری بنووسم. رێزگرتن لە ژیان. بابەتگەلێكی ئافرۆدیتیم هەڵبژارد. لام وایە لە لێكۆآڵینەوەكانمدا گەڕامەوە بۆ دەروونی جەستەی خۆم.

كەوایە دەزانم ئەگەر لە هەشتی جێنیڤەریدا رابگیردرێم یان ئیلهامێكم نەبێت یان هەرشتێكیتر، دەتوانم بابەتێك هەڵبژێرم كە چیرۆك نەبێت، پرۆژەیەكی ناداستانی هەڵدەبژێرم و دەستی پێدەكەم.

ئاخۆ بابەتێكت بەدەستەوەیە كە لەم رۆژانەدا دەتهەوێت دەربارەی بنووسیت؟

دەمهەوێت دەربارەی جوانی بنووسم، زۆر ناترسم لە بەر ئەوەی كۆمەڵێك سەرچاوەم هەیە. هەڵبەت پێم باشە رۆمان بنوسم. لە رۆماندا ئازادم ئەوەی دەمهەوێت بینووسم، بەڵام لە كتێبێكدا كە چیرۆك و داستانی نەبێت ئەبێ تەنها واقع باس بكەم. من هیچكات رۆژنامەنووسێكی باش نەبووم، واتە زۆر خراپ بووم. بەدرێژایی ئەو ماوەیە درۆم دەكرد. ویژادنم نەبوو، ئەگەر بابەتێكم بەدەستەوە نەبایە لە خۆمەوە شتێكم دروست دەكرد. كەوایە وەك رۆژنامەنووس كارم باش نەبوو. بەڵام هەموو ئەم شتانە لە چیرۆكدا رێگە پێدراوە.



سەرچاوە: گفتگو با یازدە زن نویسندە

انتخاب و ترجمە: مهرشید متولی

انتشارات نیلوفر- چاپ اول


PM:06:50:25/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 419 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌