ساڵی ٢٠١٨ و رووداوەکانی


ئا: مستەفا زاهیدی

سەرەتا:

ئەوەی لێرەدا دەیبینین، ئاوڕدانەوەیەکە لەو رووداوە گرینگانەی کە ساڵی ٢٠١٨ لە کوردستان و ئێران روویاندا. ئاوڕدانەوەیەک کە دەتوانێت ببێت بە ماددەی خاو بۆ لێکدانەوەی سیاسی. ئەمەی بەردستتان تەنها ئاوڕدانەوەیەکی رۆژنامەوانانەیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ و کۆتایی هاتنی ساڵی ٢٠١٨دا، بۆ رووداوە گرینگەکانی کوردستان و ئێران. دەشێت زۆر رووداویتر هەبن، بچووک و گەورە کە کاریگەرییان لە سەر باری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا هەبێت. بەڵام بەشێکی زۆری ئەم ڕووداوانە پەیوەندیان لەگەڵ یەکتر هەیە و سەرەنجام ئێمە بەرەو ئاراستەیەک دەبەن کە پێمان دەڵێن، رووداوەکان زۆر خێرا روو دەدەن. خێراتر لەوەی چاوەڕوانی دەکەین.

ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ و رۆژانی دواتر

ساڵی ٢٠١٨ هەر لەسەرەتاوە دەتوانین بە ساڵێک ناوببەین کە ناڕەزایەتیییە جەماوەرییەکان، ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان تێیدا بە شێوەی بەرفراوان سەریهەڵداوەو وایکردووە کە ساڵی ٢٠١٨ لە ئێران بە ساڵی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان ناو ببەین. ٣ رۆژ بەر لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٨ خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران کە بە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ ناو دەبرێت، رۆژی ٧ی بەفرانبار دەستی پێکرد. خۆپیشاندانەکان نزیک بە ٢ مانگی خایاند و ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی کوردستانی گرتەوە. دروشمەکان بە پێچەوانەی پێشتر ڕادیکاڵ بوون و سەرجەم باڵ و بونیادەکانی دەسەڵاتیان گرتە ئامانج. دانی دروشمی :" ئیسلاح تەڵەب ، ئوسوولگەرا، دیگە تمامە ماجرا" دەرخەری ئەوە بوو کە خەڵک بە تەواوەتی لە هەموو باڵەکانی رژیم نا ئومێد بوون . هەر ئەم نائومێدبوونەی خەڵک لە باڵەکانی رژیم بوو، وایکرد کە دەسەڵات بە هەردوو باڵەوە دەنگیان بەرز بێتەوەو هاوار بکەن کە دەسەڵات (نیزام) لە مەترسیدایە. بەناوئیسلاحخوازانی ئێرانی کە پێشتر لەبەرژەوەندیاندا بوو بە زمانێکی نەرم قسە بکەن، بەڵام کە زانیان خەڵک ئەوانیش وەک باڵەکەیتری سیستەم دەکەن بە ئامانج و جیاکاری ناکەن لە نێوانیان، بە توندترین زمان هێرشیان کردە سەرخۆپیشاندەران و خەڵکیان بە دەستەچیلەی دەرەکی ناوبرد. هەروەها هاواریان بەرز بۆوە کە دەسەڵات لە مەترسییە. رژیم بەهەردوو باڵەکەیەوە بە توندی هێرشیانکردە سەر خەڵک، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لە سەرشەقامەکان گیانیان لەدەستدا. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی دەستگیرکران و لە زیندانەکان کوژران و رەوتێک دەستی پێکرد کە دەسەڵات پاساوی بۆ دەهێنایەوە کە ئەم کەسانە لە زیندان خۆیان دەکوژن. ئەمە شەپۆلێکی سەرکوتکردن بوو کە دەستی پێکرد و خەڵک سەرکوتکران و بە زۆر خۆپیشاندانەکانی سەرکوتکرد. بەڵام بێگومان خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار و بەفرانبار بە دواوە خواستەکانی خەڵکی بردۆتە ئاستێکی جیاواز.

کچانی مەیدانی ئینقلاب

یەکێک لەو فۆڕمە لە ناڕەزایەتییانەی کە لەدوای خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار دەستی پێکرد، ناڕەزایەتی ژنان بوو بە حیجابی زۆرە ملێ کە بە کچان و ژنانی مەیدانی ئینقلاب دەناسران.

حیجاب و حیجابی زۆرەملێ یەکێک لەو خاڵانەیە کە وەک خاڵێکی ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامییە. کۆماری ئیسلامی هەرلەسەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنییەوە حیجابی بەسەر ژناندا داسەپاند و حیجابی وەک یەکێک لە جمکە سەرەکییەکانی ئایدۆلۆژیای خۆی ناوبردوەو دەیبات. بەڵام ژنان و کچانی مەیدانی ئینقلاب بە لابردنی لەچکە و مەقنەعە لەسەر خۆیان و هەڵبژاردنی شوێنێک بۆ بینینی زیاتریان وەستانەوەو دژایەتی خۆیان لەگەڵ ئایدۆلۆژیای ئیسلامی و حیجابی زۆرە ملێ راگەیاند.

چوونەدەرەی ئەمریکا لە بەرجام

رۆژی ١٨ی مانگی گوڵانی ١٣٩٧ ئەمریکا بە فەرمی لە پەیماننامەی (بەرجام) چووە دەرەوەو دۆناڵدترامپ بەڵێنی خۆی بۆ چوونەدەرەوە لە بەرجام بردەسەر و رایگەیاند کە گەمارۆکان کە پێشتر و ساڵی ٢٠١٥ هەڵگیرابوون، لە دوو قۆناغ دەگەڕێنەوە. بەم شێوەیە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا و ناوەند و وڵاتەکان پەیوەندی بازرگانی خۆیان لەگەڵ ئێران راگرت. بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا نەوتییەکان سەرمایەگوزاری خۆیان لە ئێران بردە دەرەوە. چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام بوو بە هۆی دابەزینی نرخی تمەن بەرامبەر بە دراوە جیهانییەکان. بە شێوەیەک نرخی دۆلار لە ماوەی کەمتر لە ٦ مانگدا لە ٣٨٠٠ تمەنەوە بۆ ماوەیەکی کورت نزیک ١٨٠٠٠تمەن بۆوە. بەڵام بە گشتی بەهای تمەنی ئێران لە چاو دراوە بیانییەکان ٤٠٠ لە سەد دابەزینی بەخۆوە بینی. دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان بە مانای گرانی و چوونەسەرەوەی نرخەکان بوو بە شێوەیەک کە بازاڕ و خەڵکی تووشی شۆک کرد.

داخستنی بازاڕ و دووکان لە بانە

رۆژی دوو شەممە ١٦ی ئاپریل ٢٠١٨بەمبەر بە ٢٧ی خاكەلێوەی ١٣٩٧ کاسبکار و بازاڕییەکانی بانە بە شێوەی یەکدەست بە نارەزایەتی بە داخستنی سنوورەکان دەستیان دایە مانگرتن و بازاڕ و دووکانەکانیان داخست. وەک رەمزێک بۆ هەژاری و بێکاری، سفرەی بەتاڵیان لە ناو شاردا ڕاخست. ئەم شێوە ناڕەزایەتی دەربڕینە زۆر یەکگرتووانە بەڕێوەچوو و ٢٥ رۆژی خایاند. بەداخەوە بە شێوەی شیاو لە لایەن شارەکانیترەوە پێشوازی لێنەکرا و تەنها سەقز و پیرانشار و سەردەشت ئەویش زۆر کەم پشتیوانی خۆیان لە خەڵکی مانگرتووی بانە راگەیاند. مانگرتنی یەکگرتووانەی خەڵکی بانە دژ بە سیاسەتی داخستنی سنوورەکان لە لایەن رژیمەوە وای کرد کە "سەعید جەلیلی" نوێنەری خامنەیی لە شۆرای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران، رۆژی ٢٩ی خاکەلێوە سەردانی کوردستان و بانە بکات و لە مزگەوتی جامیعەی بانە لە گەڵ ژمارەیەک لە خەڵکی بانە کۆبووە، بەڵام خەڵکی بانە نەیانهێشت قسەکانی تەواو بکات و بە ئاشکرا و زۆر نەترسانە بەرامبەر بە نوێنەری خامنەیی قسەیان کرد و ناڕەزایەتی خۆیان بە داخستنی سنوورەکان دەربڕی. بە پێی ئەو هەواڵانەی کە ئەوکات بڵاو بوونەوە، ١٢ کەس لە خەڵکی بانە لەو رۆژەدا دەستگیرکران. بەڵام مانگرتنەکان هەر بەردەوام بوون. ٢٥ رۆژ خەڵک دووکان و بازاڕی داخست و سوور بوو لە سەر گەیشتن بەوەی دەبێت بە خواستەکانی خۆی بگات.

مانگرتنەکانی مانگی کە لە مانگی خاکەلێوەدا دەستی پێکرد و تا کۆتاییەکانی مانگی گوڵان درێژەی هەبوو، درێژکراوەی مانگرتنەکانی پێشتری ئەو شارە بوو دژ بە داخستنی سنوورەکان و کوشتنی کۆڵبەرەکان. رۆژی ٥ی رەشەممەی ١٣٩٦ واتە مانگێک و ٢٢ رۆژ پێش مانگرتنە سەرانسەرییەکە خەڵکی بانە بە پێی بانگەواز و راگەیاندنێکی پێشتر دەستیان دایە مانگرتن و ئەم مانگرتنانە لانیکەم بە شێوەی بەربڵاو ٣ رۆژی خایاند.

٢٤ خەرمانانی ١٣٩٦ خەڵکی بانە بەناڕەزایەتی بە کوشتنی کۆڵبەرەکان لە سەر سنوور دەستیان دایە خۆپیشاندان و مانگرتن. خۆپیشاندان و مانگرتنێک کە لە لایەن خەڵکی شارەکانیترەوە بە تایبەت لە مەریوان و سەقزەوە پێشوازی لێکرا.

مانگرتنی ٢٥ رۆژەی خاکەلێوەو گوڵانی ١٣٩٧ی خەڵکی بانە درێژکراوەی ئەم مانگرتن و خۆپیشاندانانە و سەرجەم ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو شارە و کوردستان بوو بەرامبەر دەسەڵات. مانگرتنی ٢٥ رۆژەی بانە لە بەشێکی زۆر لە میدیاکان و بەتایبەت میدیا کوردی و فارسییەکانی دەرەوەی وڵات رەنگی دایەوە و ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکان لەوانە:" "بی بی سی"، "دەنگی ئامریکا" ، دەنگی فەرانسە"، دەنگی ئاڵمان"، و... هەواڵەکانیان گواستەوەو تەنانەت دەسەڵاتیش نەیتوانی خۆی لێ بدزێتەوە. داخستنی سێمبۆلیکی سفرەی بەتاڵ لەسەر شەقامەکان ، وتنی ئەوە بوو کە ئەم هاوارە هاواری برسییەکانە.

مانگرتنی خاوەن بارهەڵگرەکان

لە ساڵی رابردوودا شاهیدی ئەوە بووین کە خاوەن بارهەڵگرەکان بە شێوەی یەکگرتووانە چەندین جار لە شارەجیاوازەکانی ئێران بە شێوەی یەکگرتووانە دەستیان دایە مانگرتن و خوازیاری گەیشتن بە مافەکانی خۆیان بوون. شەپۆلی یەکەمی مانگرتنی خاوەن بارهەڵگر و شۆفێر بارهەڵگرەکان لە رۆژی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٧ دەستی پێکرد و ١٦٠ شار لە ٢٥ پارێزگای ئیرانی گرتەوە و ژمارەیەکی زۆر خاوەن بارهەڵگرەکان و شۆفێرەکان دەستگیرکران. بۆ وێنە تەنها لە پارساگاد ٤٠ خاوەن بارهەڵگر دەستگیرکران.

شەپۆلی دووهەمی مانگرتنی خاوەن بارهەڵگرەکان لە سەرەتای مانگی رەزبەردا دەستی پێکرد و ٣٠ پارێزگا و ٢٣٦ شاری ئێرانی گرتەوە.

ئەم شەپۆلی مانگرتنە تاو ناتاو هەر درێژەی بووەو هەیە و لە دوایین رۆژەکانی ساڵی ٢٠١٨ و لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ١٣٩٧ شەپۆلی پێنجەمی ئەم مانگرتننانە دەستی پێکردوەو تا ئێستەش درێژەی هەیە.

خاوەن بارهەڵگرەکان بە ناڕەزایەتی بە هەرزانی کرێی گواستنەوەو لەهەمانکاتدا گرانی شت و مک و پێویستییەکانی بارهەڵگرەکان دەستیان کردووە بە مانگرتن و بەردەوامن لە مانگرتن.

سووتانی پاسێک لە سنە

کاتژمیر ١٢ی شەوی سێ شەممە لە سەر چوارشەممە/ ١٩ لە سەر٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٧، بە هۆی پێکدادانی بارهەڵگرێکی سووتەمەنی کە سووتەمەنی لە کوردستانی باشوورەوە بەرەو ئێران دەبرد، لەگەڵ پاسێکی رێگای سنە- تاران ، ١٥ کەس گیانیان لە دەستدا. مەرگی ١٥ کەس لە خەڵکی شاری سنە و دەورووبەری و سووتانی پاسەکە بەو شێوەیە ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتەوە. بەرەبەیانی هەمان رۆژ خەڵکی شاری سنە هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندان و نارەزایەتییان دەربڕی . خۆپیشاندانی خەڵکی شاری سنە دژی بەقاچاخ بردنی نەوت و سووتەمەنی لە باشووری کوردستانەوە بۆ ئێران هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیان دەربڕی. ڕیگاکانی کوردستان چەندین ساڵە بە هۆی هات و چۆی بارهەڵگر و نەوت کێشەکانەوە لە باشووری کوردستان بووە بە رێگای مەرگ و چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی زۆرجار دژی ئەم مەترسییە گەورەیەی کە لەسەر ژیانی خەڵک هەیە هەڵوێستیان گرتووەو کەمپیەنی "جاددەکانی مەرگ" نموونەی هەڵوێستی ئاشکرای خەڵکە دژ بە ئەم دۆخە

شەهیدبوونی ژینگەپارێزانی مەریوان

رۆژی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧، دوای ئاگرگرتنی دارستانەکانی پشت "پێڵە و سەڵەسی" ژمارەیەک لە ژینگەپارێزەکانی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنی چیا بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە روودەکەنە ئەو ناوچەیە. نزیک کاتژمێر ١ی نیوڕۆبوو کە هەواڵ بڵاو بۆوە ٤ کەس لە ژینگەپارێزانی مەریوان گیانیان لەدەستداوە. لەم رووداوەدا " شەریف باجووەر" و " ئومید کۆنەپۆشی" ئەندامانای ئەنجومەنی سەوزی چیا و ٢ کارمەندی ئاگرکوژینەوەی مەریوان بەناوەکانی "رەحمەت حەکیمی نیا، محەممەد پژووهی" گیانیان لەدەستدا.

گیانلەدەستدانی ئەم چالاکە ژینگەپارێزانە هەر زۆر زوو بوو بە جێی گومانی خەڵک و خەڵک گومانیان لا دروستبوو کە بە هۆی ئاگرکەوتنەوەوە گیانیان لە دەستدابێت. زۆر زوو خەڵک گومانەکانیان تۆختر بۆوەو نزیک بۆوە لە یەقین کە ئەمە کاری دەسەڵاتە. خەڵک کوشتنی ژینگەپارێزەکان، شەریف و ئومید و هاوڕێکانیان بە پیلانی رژیم زانی دژ بە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز لە کوردستان. رێ و رەسمی ناشتنی کوردستان، مانۆڕی هێزی خەڵک بوو بەرامبەر بە دەسەڵات. شەریف و ئومید بە سروود وتن، بە سروودی "پەلکی داری شادی گشتین" و "وڕ و کاس و سەرگەردان نین" و "ئەی شەهیدان" تەرمی ئازیزانی خۆیان بەرەو گۆڕستان بەڕێ کرد. خەڵک وەها لە کاتی ناشتنی شەهیدانی ژینگەپارێزدا لە بری گریان و ڕۆڕۆ، لەبری دەست بە ئەژنۆ بوون، نمایشی هێزیان کرد.

رێ و رەسمی هەفتانە و چلەی مەرگی ئەم ئازیزانە لە شارەکانی مەریوان و سنە بەتایبەت زۆر شکۆدار بەڕێوەچوو و خەڵک یەکگرتووانە دژ بە دەسەڵات وەستانەوەو وتیان :" ژێنڕاڵ وەستابێت بەسەرتەوە."[1]ئەمە هاوارێکە سەرتاپای مۆدێرنیتی و بزووتنەوەی مۆدێرنیتی گرتۆتەوە. هاوارێک کە وەستانەوەی خەڵکە دژ بە دەسەڵات. وتنی ئەمەیە کە چی دەکەن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی خەڵفەکان. ئەگەر شەریف و ئومید رۆشتن ، شەریف و ئومیدەکان جێگەیان دەگرنەوەو هەن.

مانگرتنی سەرانسەری ٢١ی خەرمانان

رۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ سێ زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی ، رامین حسێن پەناهی، زانیار و کەیوان مورادی بە تاوانی چالاکی سیاسی و ئەندام بوون لە کۆمەڵە ، بە تاوانی "دژایەتی لەگەڵ خودا" لە سێدارە دران.

هەر لەم رۆژەدا بنکە و بارەگاکانی هەر دوو باڵی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە مووشەک باران کران. لەم بۆمبارانەدا ١٦ کەس لە کادێر و ئەندامان و ئەندامانی رێبەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٤٠ کەس بریندار بوون. ئامانجی سەرەکی مووشەکەکان کۆبوونەوەی رێبەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بوو ، هەر بۆیە ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بەداخەوە گیانیانبەختکرد.

مووشەکباران کردنی بنکەکانی حیزبی دیمۆکرات و ئیعدامی ٣ چالاکی سیاسی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، بە شێوەی بەربڵاو ناو خەڵکدا دەنگی دایەوەو ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتەوە. بەم بۆنەوە خەڵک و حیزبەکان بە شێوەی یەکگرتووانە بڕیاریاندا کە رۆژی ٢١ی خەرمانان بکەن بە مانگرتنی گشتی لە کوردستان.

حیزبەکانی کوردستان، لە راگەیاندنێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە بەشێوەی یەکگرتووانە مان بگرن . لە راگەیاندنەکەیاندا هاتبوو:" ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان بەو راستییە، داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان دەکەین ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، 21ی خەرمانان بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنن. جارێکی دیکە بە نەهاتنەدەر لە ماڵەکانتان، چۆڵکردنی شەقامەکان و داخستنی دووکان و بازاڕ، نمایشێکی پڕ شکۆ لە بێزار بوون و "نا" گوتنی خۆتان بەو ڕژیمە خوێنڕێژ و دژە کوردە، نیشان بدەنەوە. لە هەموو چالاکێکی ئازادیخوازی کورد لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە بە هەموو توانای خۆیانەوە پشتی ئەم بانگەوازە بگرن و هەوڵی سەرخستنی بدەن".

قورسی رووداوەکە و بانگەوازی یەکگرتووی حیزب و لایەنەکان، بەهاناوە هاتنی خەڵکی کوردستانی بەدواوە بوو. بە شێوەیەک خەڵکی کوردستان هەر لە کرماشان و سەرپێڵەوە بگرە تا ورمێ و شارەکانی باکووری کوردستانی رۆژهەڵات، دەستیان دایە مانگرتن و تووڕەیی و بێزاری خۆیان لە ئیعدامی لاوانی کورد و بۆمبارانی ئوردووگاکانی حیزبی دیمۆکرات دەربڕی.

مانگرتنی یەکگرتووانەی شارەکانی کوردستان، جگەلەوەی پەیام بوو روو بە دەسەڵات و ئەوەی کە ئەوان بێزارن لە دەسەڵات و تووڕەن لە کردەوەکانی، پەیام بوو بۆ حیزب و لایەنەکانی کوردستان کە ئەگەر ئەوان یەکگرتوو و یەک قەوڵ بن خەڵک لەگەڵیانن.

هەروەها دەرخەری ئەو پەیامە بوو، بە پێچەوانەی بانگەشەی دەسەڵات و لایەنەکانیتر کە لایان وایە حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کاریگەرییان لەسەر خەڵک نەماوە، حیزبەکان کاریگەریان لەسەر کۆمەلگا ماوەو ئەگەر یەکگرتوو و یەک دەنگ بن کۆمەڵگاش لەگەڵیانە و هاوسۆزە لەگەڵیان.

ناڕەزایەتی کرێکارانی هەفت تەپە و فوولادی خووزستان

لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان شاهیدی ئەوەین کە ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە ئێران پەرەی سەندووەو تا دێت پەرە دەستێنێت. رەنگە بکرێت پشکی شێری ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە ئێران کەوتبێتە بەر پارێزگای خووزستان و بە تایبەت کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە و فوولادی ئەهواز.

کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە رۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ دەستی پێکرد و زیاتر لە ١ مانگی خایاند. ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی ناڕازی دەستگیرکران. لەوانە ئیسماعیل بەخشی و عەلی نەجاتی دەستگیرکران و دوای ماوەیەکی زۆر دەستبەسەربوون ئازاد کران.

ناڕەزایەتی کرێکارانی فوولادی خووزستان ١٨ی خەزەڵوەر دەستی پێکرد و نزیک بە ٤٠ رۆژی خایاند. لەم ماوەیەدا کرێکاران بە شیوەی یەکگرتووانە هاتنە سەر شەقام و خوازیاری گەیشتن بە مافەکانیان بوون. ژمارەی کرێکارانی فوولادی خووزستان بە ٤٠٠٠ کەس بەراورد دەکرێت.

خۆپیشاندانی کرێکارانی هەفت تەپە و فوولادی خووزستان دەتوانین بە لوتکەی خۆپیشاندانی کرێکاران بزانین لە ئێران. خۆپیشاندانێک کە بە دروشمی رادیکاڵەوە هاتنە مەیدان. وتنی دروشمی :" دوژمنی ئێمە لێرەیە، درۆ دەکەن دەڵێن ئەمریکایە" یان دروشم دژ بە سیاسەتە دەرەکییەکانی ئێران لە لوبنان و فەلەستین و سووریە، بە نیشانەکردنی دەسەڵاتە لە لایەن کرێکارانەوە. کرێکارانی فوولادی خووزستان و نەیشەکەری هەفت تەپە تەنها لە شوێنی کارەکەی خۆیان دەستیان نەدایە ناڕەزایەتی، بەڵکوو هاتنە فەزای شار، لە شەقامەکانی شار، لە شەقامەکانی "شووش" و"ئەهواز" دروشمیان وتەوەو خوازیاری باشتر بوونی دۆخی ژیانیان بوون خوازیاری ئازادی هاوکار و هاوڕێکانیان بوون.

هەروەها خۆپیشاندانی کرێکارانی هەفت تەپە و فوولادی خووزستان لە هەندێ شوێن پشتیوانی توێژەکانی کۆمەڵگای لێکەوتەوە ، لەوانە ژمارەیەک لە خوێندکارانی کرماشان، تاران، چالاکانی کرێکاری سنە و تاران و ... .

هەر ئەم پشتیوانیانە و ئاستی داخوازی و بەربڵاوی خۆپیشاندانەکان لە شووش و ئەهواز بوو کە رژیم هەوڵیدا خۆپیشاندانەکان رابگرێت. رۆژانی ٢٥ و ٢٦ی سەرماوەز ٤١ کرێکاری فوولادی ئەهواز دەستگیرکران و تا ئێستە ٢٦ کەسیان دەستبەسەرن و کەسەکانیتریان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

لە ئێستادا تا رۆژی 6 بەفرانبارە ، ٢٦ کرێکار ئازاد نەکراون و ٥ رۆژە بنەماڵەکانیان بە ناڕەزایەتی بە دەستگیرکردنی ئەم کرێکارانە لەبەردەم بینای پارێزگای خووزستان کۆ دەبنەوەو خوازیاری ئازادی کەس و کارەکانیانن.

کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرەکان

بەداخەوە کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرەکان، قوربانی بوونی کۆڵبەرەکان بە هۆی کەوتنە سەر مین و رووداوی سروشتی و رووداوی هات وچۆ بووە بە هەواڵی رۆژانەی سەر ماڵپەڕ و میدیاکان. تا ئێستاش ئامار و رێژەیەکی تەواو لە مەرگ و بریندار بوونی کۆڵبەرەکان لە سەر سنوور، چ بە تەقەی هیزەچەکدارەکان و چ بە رووداوی سروشتی یان کەوتنە سەر مین لە بەردەستدا نییە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ دا زۆرترین ئاماری قوربانی بوونی کۆڵبەرەکان دەبینین لە سەر سنوورەکان. چ بە تەقەی هێزە چەکدارەکان یان بە رووداوی سروشتی.

لە ساڵی ٢٠١٨ بە گشتی زیاتر لە 226 کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون. لە کۆی ئەو ٢٣٦ کەسە ، ٨٤ کەس گیانیان لە دەستداوەو ١٥٢ کەس بریندار بوون. کە ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە رووداوی کوشتنی کۆڵبەرەکان لە کوردستان و ناوچە سنوورییەکان، رووداوێکی رۆژانەیەو بەداخەوە دووبارە دەبێتەوە.

کۆلبەرەکانی سەر سنوور، سەر بە یەک چینی دیاریکراون، واتە چینی هەژار و کەم داهاتی کۆمەڵگا. بەڵام سەر بە توێژی جیاوازی کۆمەلگان. هەر لە لاو و پیرەوە بگرە تا ژن و پیاو. خوێندەوار و کەم خوێندەوار. بە شێوەیەک کە تەنانەت چەندین کەس کە لە سەر سنوورەکان خەریکی کاری مەترسیداری کۆڵبەرین، خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوەو ژمارەیەکیان "ماستەر" واتە "کارناسی باڵا"یان هەیە. تەنانەت ماوەیەک لەوە پێش کۆمەڵێک رەسم و ڤیدیۆ بڵاوکرایەوە لە کۆڵبەرێکی مەریوانی بە ناوی "تەها غەفاری" بڵاو کرایەوە کە وەرزشکارەو خاوەنی چەندین مەدالیای نێونەتەوەییە، بەڵام بە هۆی نەبوونییەوە بەناچار خەونی بەشداری لە "ئۆلمپێک" لەبیر کردوە یان بەس بووە بە خەونێک و رۆژانە لە سەر سنوورەکان خەرێکی کاری سەختی کۆڵبەرییە.

یان ئەوەی دەبینینلاوێکی کوردی خەڵکی پاوە بە ناوی "کەیوان کەیوانفەڕ" خەڵکی گوندی "دڵمەرز" هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە پلان دانای شاری، کە ساڵی ١٣٩٠ زانکۆی تەواو کردوە، بە هۆی بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کارەوە بە ناچار رووی کردۆتە کاری سەخت و مەترسیداری کۆڵبەری و ئەوە ٧ ساڵە بۆ بژیوی ژیانی خۆی و بنەماڵەی خەریکی ئەم کارە دژوار و مەترسیدارەیە.

پرسی کۆڵبەرەکان بووە بە پرسێکی گرینگ و رۆژ و تەنانەت بەوەش دەچێت ببێت بە پرسێکی نێونەتەوەیی، تا ئێستە چەندین فیلمی دیکۆمێنتاری لە سەر ژیانی کۆڵبەرەکان بەرهەم هاتووەو چەندین وتاری جیاواز لە سەریان نووسراوە. ئەرکی چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوخۆی و دەرەوەی وڵاتە زیاتر کار لە سەر ئەم پرسە بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بە دونیا بناسرێت و گوشار بۆ دەسەڵات دروست بکرێت بەوەی وەها بێ شەرمانە تەقە لە کۆڵبەرەکان نەکرێت.

کۆتایی:

ئەوەی لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێدرا، چاوخشاندنێکە بەسەر ئەو رووداوانەی لە ساڵی ٢٠١٨ بە شێوەی دیار لە کوردستان و ئێران روویانداوە. بێگومان لەم پەیوەندەدا زۆر رووداویتر روویانداوە کە کاریگەری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوور هەیە لەسەر کوردستان و ئێران. بێگومان ئاوڕدانەوە لەو رووداوانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ لێکدانەوەی دروستی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستاو داهاتووی کوردستان. ساڵی ٢٠١٨ و رووداوەکانی ئەمساڵە ئەوەمان بۆ دەردەخەن ئێران لە بەردەم گۆڕانکاری گەورەی سیاسیدایە و ئەم دۆخەی ئێستا هەیە دەخوازێت حیزب و لایەنە کوردستانییەکان خۆیان بۆ داهاتوو ئامادە بکەن.

سەرچاوەکان:

1-ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ- کوردی و فارسی

2-ماڵپەڕی هەنگاو

3-ماڵپەڕی کوردپا

4-کاناڵی تێلگرامی (کۆڵبەر نیوز)

5-ماڵپەڕی هرانا

6-ماڵپەڕی بی بی سی بەشی فارسی

7-ماڵپەڕی رادیۆ زەمانە



[1] - سواری مەفرەغی- پووشکین.


PM:10:23:09/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 399 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌