٤٠ ساڵە بوونی کۆماری ئیسلامی ٤٠ ساڵە بوونی گەندەڵی و تیڕۆر

ئا: ئالان سەلیمی

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێپێوانی چل ساڵە بوونی خۆی بەڕێوە برد.کۆماری ئیسلامی هەموو ساڵێک ئەم ڕێوەڕەسمەی بەڕێوە بردووە بەڵام ئەمجار لەگەڵ جێی خاڵی خەڵک لە ناو شەقامەکان بەرەوڕوو بۆوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا دروشمی وەک "مرگ بر اسرائیل" و "مرگ بر آمریکا" لە زاری بەسیجیەکانی کۆماری ئیسلامی دەهاتە دەر. لەو ڕۆژەدا کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ ناو شەقامەکان "کەیکی ٤٠ میتری" درووست کرد کە قەرەباڵغی زۆری لە نێوان خەڵکی بەسیج درووست کرد.

دژبەرانی کۆماری ئیسلامی ناوی "کێک ساندیسی" یان بۆ بەسیجییانی کۆماری ئیسلامی هەڵبژارد. ناو شەقامەکان شارە جیاجیاکانی ئێران وەک جاران خەڵکی تێدا نەبوو و تەنیا کەسانێک کە لە ڕێپێوانەکەدا بوون بەسیجیەکان بوون. جێی ئاماژەیە کە تەنانەت بەشێکی لە بەسیجییەکانیش گاڵتەیان بە ڕێوڕەسمەکە دەکرد و بەشدارییان لە ڕێوڕەسمە کەدا نەکرد.

کۆماری ئیسلامی ئەو ڕێپێوانەی بە بۆنەی چل ساڵە بوونی خۆیەوە گرت، بەڵام ئەم جارە پەرچەکرداری زۆرێک لە سیاسەتمەداران و دەسەڵادارانی ئەورووپایی و ئەمریکایی لێکەوتەوە. لە سەرەتا دا ئاماژە بە تویتی "دۆناڵد تڕامپ" بکەین کە لە م تویتەری خۆی بڵاو کردۆتەوە و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە ٤٠ ساڵ گەندەڵی مەحکووم کردووە.

دۆناڵد تڕامپ لە تویتەکەی خۆیدا نووسیویەتی:" ٤٠" ساڵ گەندەڵی. ٤٠ ساڵ داسەپاندن. ٤٠ ساڵ تیڕۆڕ. ڕژیم ئێران تەنیا بۆتە هۆی ٤٠ ساڵ دۆڕاندن. خەڵکی ئێران کە ماوەیەکی زۆرە ڕەنج و سەخڵەتی دەکێشن و شایستەی داهاتوویەکی باشترن."

لە لایەک دیکەوە "جان بۆڵتۆن" ڕاوێژکاری ئەمنییەتی کۆشکی سپی تویتێکی لە تویتەری خۆی داناوە کە کۆماری ئیسلامی بەوە ناو بردوە کە بەڵێن و وەعدەکانی خۆیان نابەنە سەر و پێشێلی دەکەن.

جان بۆڵتۆن: "پاش ٤٠ ساڵ ڕژیم ئێران لە بەڵێنێک کە بۆ پاراستن لە شارۆمەندەکانی دابووی دۆڕاندی. ٤٠ەمین ساڵڕۆژی ئەو ڕژیمە تەنیا پیشان دانی ٤ دەیە دۆڕاندن و ژێر پێخستن بەڵێنەکانیەتی."

ئەو ساڵڕۆژە هەروەهاناڕازایەتییەکی دیکەشی لە لایەن سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکایی "مارکۆ ڕۆبیۆ" لێکەوتەوە: ئەو سێناتۆرە کۆماری ئیسلامی بە گەندەڵی و ژێر پێ خستنی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها پاڵپشتی تێرۆریسم ناوبرد. ناوبراو لە تویتەری تایبەتی خۆی نووسیویەتی:"٤٠ ساڵە کە خەڵکی ئێران لە ژێر دسەڵاتی ڕژیمی گەندەڵ و جینایەت کار و دژە مافی مرۆڤ و پاڵپشتی تیرۆریسمی ئێران ڕەنج دەکێشن، ئەوان [خەڵکی ئێران] مافی ئەوەیان هەیە کە بۆخۆیان داهاتووی خۆیان هەڵبژێرن و شایستەی دەوڵەتێکن کە نوێنەرایەتییان بکات کە ڕێزیان لێبگرێت و حوکمەتی یاسا بە ئەنجام بگەیەنێت."

بە چاو لێکردنی ڤیدیۆکان و ئەو وێنانەی کە لەو ڕێپێوانە گیراوە دەتوانین تێبگەین کە کۆماری ئیسلامی ئیتر ناتوانێت وەک پێشتر خەڵک رابكێشێتە سەر شەقامەکان، خەڵکی ئێران لەمەبەدوا بە "کێک و ساندیس" ناخەڵەتێن، خەڵکی ئێران لە کاتی چاوکردنەوە دایە و تێگەیشتووە کە کۆماری ئیسلامی ئیدی باوی نەماوە، ژێرپێخستنی بەڵێن بۆ کۆماری ئیسلامی بۆتە عادەتێکی دێرینە، بەڵام خەڵک خەریکن بە شێوەی جۆراو جۆر دەنگی خۆیان بە ڕژیمی ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنن و دەڵێن کە بەڵێن شکاندن ئیدی هەروەها ئاسایی نییە و نابێت.

کۆماری ئسیلامی پاڵپشتی تیڕۆریسمە و ئەوەش بۆ هیچ کەس و لایەن و وڵاتێکی شاراوە نییە.ئێران بە پاڵپشتی لە تیڕۆریسم ئەمنییتی ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خستۆتە مەترسییەوە و بۆتە مەترسییەک بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی.

ڕێوڕەسمی ٢٢ی ڕێبەندان و ڕووداوەکانی دەورووبەری ئەو ڕێوڕيسمی باسە لەوە دەکرد کە کۆماری ئیسلامی لەسەر لێواری ڕووخانە و تەنانەت یەک هەشتەگ بە نێوی "نظام رفتنی است" درووست بووە کە خەڵکانێکی زۆر بەشداری ئەو هەشتەگەیان کردووە.

٤٠ ساڵە بوونی ڕژیمی کۆماری سێدارە ساڵڕۆژێک بوو بۆ دۆڕاندنەکان، گەندەڵییەکان، ژێر پێ خستنی مافەکانی مرۆڤ، پاڵپشتی لە تیڕۆریسم و زۆر جینایەتی دیکە. خەڵکی کورستان بەو هۆکارە ڕوونانەی کە هەمووان دەزانن لە زۆر پێشترەوە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ڕاوەستاوە، هەروەها چەند شار و نەتەوەی دیکەش دژ بە کۆماری ئیسلامی خەباتیان کردووە بەڵام خەباتی کورستان لە هەموویان بەرچاوتر بووە. گرینگی خەباتی ئەم سەردەمە ئەوەیە کە تەواوی جەماوەری ئێران بەو باوەڕە گەیشتوون کە ڕژیم ئێران لە سەر لێواری ڕووخانە، خەڵکی ئێران خەریکی هاودەنگ بوونن و لە نێوان چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا چینی کرێکار و زەحمەتکێش کە زۆرترین ڕەنجیان کێشاوە بە شێوەی جۆراوجۆر خەریکن دەنگی خۆیان دەر دەبڕن و یەکگرتو دەبن. هەموو شۆڕشێک لە چینی کرێکار و زەحمەتکێشەوە دەستی پێکردووە، ئەمە شتێکە کە بە درێژایی مێژوو هاتووە و ئێستاش چینی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران لە حاڵی یەکگرتوویی دان و ئەمە پەیامێکە بۆ ڕژیمی چەوسێنەری کۆماری ئیسلامی کە ماوەی دەسەڵاتت کۆتایی پێهاتووە، دەستی پینە کراوی کرێکاران وەڵام چەوساندنەوە کانت دەداتەوە.


AM:12:28:13/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 370 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌