لافاوەکانی ئێران و پیلانگێڕییەکانی ڕژیم

ن: ئاسۆی رۆژ

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بە هۆی باران بارینەوە لە زۆرێک لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و بە تایبەتی باکوور و ڕۆژئاوا و باشووری ئێران ئەم ڕێژە باران باریینە کارەساتی لێ کەوتۆتەوە و دا دێت ڕەهەندە زیانبەخشەکانی پەرە دەستێنێت.

بە پێی ئەو هەواڵ و دیمەنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە هەندێک شار بە تەواوی کەوتوونەتە ژێر ئاوەوە و گەلێک ماڵ وێران بوون و گەلێک خەڵکیش بوونەتە قوربانی. ڕەنگە هەموومان ئەو شەپۆلە گەورانەمان بینیبێت کە ماشێنەکان لە سەر جادە دەخاتە کۆڵی یەکتر و یان دیمەنی ئەو کەسانەی دوا پەلەقاژەیان بۆ دەربازبوونیان لە دێوەزمەی لافاوەکە و هاوار و نزاکانیان گوێمانی پڕ کردبێت.

ئەوەی وەک ڕووکاری ئەم پرسە بۆ هەمووان ڕوونە ئەوەیە کە ئەم بەڵا سرووشتییانە لە هەموو جیهان ئەگەری ڕوودانیان هەیە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە بە پێی پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی و پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی هەوڵ بدرێت پێش بەو کارەساتانە بگیرێت و یان بە لانی کەمەوە زەرەر و زیانەکانەی کەم بکرێنەوە.

هەندێک لە ناوچەکانی جیهان بە لەبەرچاوگرتنی هەڵکەوتەی جوگرافیاییان لەبارترن بۆ دەرکەوتنی ئەم ڕووداوە سرووشتیانە. دەوڵەتان و ‌حوکمڕانانی ئەو ناوچەیە بە پەرۆشەوەن بۆ پارێزگاری کردن لە تاکەکانی کۆمەڵگاکەیان و هەموو پێشکەوتن و تێکنۆلۆژی مرۆڤایەتی دەگرنە خزمەت بۆ پێشگیری لەو ڕووداوانە یا خود هەوڵ دەدەن کە ڕێژەی زەرەر و زیان و قوربانییەکانی کەمتر و کەمتر بکەنەوە.

دیمەنی تۆفان و زریانەکانی ئەمریکا، بومەلەرزە یەک لە دوای یەکەکانی ژاپۆن، ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و جەنگەڵەکانی سوئێد و باکوور ئۆرووپا و لە بەرامبەردا هەوڵ و تەقەلای بەرپرسانی ئەو وڵاتانە و بە خزمەتگرتنی پێشکەوتن و تێکنۆلۆژییەکانمان بینیوە بۆ مەهار و کۆنترۆڵ کردنی ئەو کارەساتە سرووشتیانە، بەڵام ئەوەی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەبینرێت ڕێک بە پێچەوانەیە.

لەناوبردنی زیاتر لە دوو میلیۆن هێکتار لە جەنگەڵ و دارستانەکانی شمالی ئێران بۆ پرۆژە هەلپەرستانەکانی بەرپرسانی ئیرانی هۆکاری سەرەکی هەستانی لافاو بووە لەو ناوچەیە، پڕکردنەوەی خەندەقی دەوری شاری شیراز لە دەروازە قوئانی ئەو شارە کە بە پیلانی بەرپرسانی تالانچی ڕژیم بۆ پرۆژە سەقەتەکانییان هۆکاری ئەو ڕووداوەی شیرازە.

بۆ ئاگاداری ڕای گشتی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی کەمترین وێنە و دیمەی ئەو ڕووداوانەی گواستۆتەوە. دیارە مەبەستی دەزگای تەبلیغی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە هەموو شتێک ئاسایی بنوێنێت و بێ ئاگاهێشتنەوەی خەڵکە لەو هەموو کەم و کوڕییانەی کە دەسەڵات لێی بەرپرسیارە. یان خود وەک بوومەلەرزەکەی ساڵی پاری کرماشان و ناوچەکانی دەورووبەری و سەرپێلی زەهاو کە کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی بە هەوڵ و هیمەتی خۆیان یارمەتییان بۆ لێقەماوانی ئەو ناوچەیە کۆ دەکردەوە، بەرپرسانی ڕژیم ئەمجارە کۆمەڵێک لەو حیسابە بانکیانەی داخستووە کە لە هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی ئەم ڕۆژانەی دواییدان. لە بوومەلەرزەکەی ناوچەی کرماشان ئەم ڕاستییە بۆ هەمووان دەرکەوت کە خەڵک هیچ متمانەیەکیان بە دام و دەزگاکانی حکومەتی نییە بۆ ئەوەی یارمەتییەکانیان وەک ئەمانەت بسپێرن پێیان و بۆیە بۆ خۆیان لە ڕێگەی خەڵکانی جێی متمانەی خۆیان ئەو یارمەتییانەیان دەگەیاندە خەڵكی لێقەوماو. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەوەی بە تەشەنەسەندنی داڕمانی مەشرووعییەتی خۆی لێک داوەتەوە کە لە ڕاستیشدا هەر وایە و بەم پیلانەی گۆیا بە نیازە بەر بە داڕمانی هەرچی زۆرتری ڕەوایی و مەشرووعییەتی خۆی بگرێت.

دیارە تا ئێستا ئامارێکی ورد دەربارەی قوربانیانی ئەم کارەساتە سرووشتییە و بێ کیفایەتی بەرپرسانی ڕژیم لە بەر دەست دا نییە، چونکا لەم ڕۆژانی پشووی نەورۆزییەدا زووربەی زۆری قوربانییەکان گەشتیارانی نەورۆزین لەو ناوچانە. خاڵی جێی سرنج لێرەدا ئەوەیە کە کاربەدەستانی ڕژیم هیچ هەوڵێکیان بۆ پارێزگاری کردنی لەو گەشتیارە نەورۆزییانە ئەنجام نەداوە. بە پێی ئامارەکان بەرپرسانی نالایق و هەلپەرستی کۆماری ئیسلامی زۆرێک لەو ناوچانەی کە ئەگەری کارەساتی سرووشتی لەو جۆرەی لێ دەکرێت، وەک شوێنێکی ئەمن بە گەشتیارانیان ناساندووە، چ وەک گەشتیار لەو شوێنانە جێگیر بن یا خود بکرێن بە پرۆژەی بیناسازی و ماڵ و خانووی لێ ساز بکرێت.

ئەگەرچی ناکرێت لێرەدا هەموو ڕەهەند و لایەنەکانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە و کەم و کوڕییەکانی ڕژیم بخرێتە ڕوو، بەڵام چەند خاڵێکی گرنگی جێی سرنج لێرە شایانی باس کردنن:

سپاردنی نۆژەنکردنەوەی ناوچە زیانبەرکەوتووەکان بە بەشی زەمینی سپا کە ئەمە ڕێک بۆ هەرچی زۆرتر بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانە لە لایەن دەزگای داپڵۆسێنەری سپای پاسداران.

فرمانی جێی گومانی خامنەیی بۆ ئاتەش بە ئیختیاری هێزە چەکدارەکان بۆ یارمەتی خەڵک کە ئەوەش بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی خەڵک و ئەگەری ناڕەزایەتییەکی جەماوەری بەرامبەر بە کەمتەرخەمی و نالایقی نیزامی کۆماری ئیسلامییە.

سێ هۆکاری سەرەکی کە لە ئەنجامی سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی ڕژیم و تەنانەت بە ئەنقەستی کاربەدستانی ڕژیم کە بریتین لە؛ وێران کردنی جەنگەڵ و دارستانەکان، وێران کردن و تێکدانی سرووشت و پرۆژە سەقەتەکانی بەنداو و سەد سازییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی هۆکاری سەرەکی بوون و هەن بۆ ڕوودانی کارەساتی سرووشتی لەو بابەتە.

ئەگەرچی هەمووان دەزانین کە خەڵکی ئێران و کوردستان بە تایبەتی لە ئەنجامی سیاسەتە تاڵانگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی نالایقی ئەو ڕژیمە لە دۆخێکی نالەباری ئابووری دان، داوا لە هەموو خەڵکی مرۆڤ دۆست و ژیان دۆستی کوردستان و ئێران دەکەین بە هانای لێقەوماوانی ئەو کارەساتەوە بچن.


PM:11:13:29/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 254 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌