گۆڕینی فەرماندەی سپا و ئەگەری شەڕ


ئاسۆی ڕۆژ

ئایەتووڵلا عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە توێی حوکمێک دا محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سپای پاستارانی لە سەر کارەکەی لابرد و حسێن سەلامی وەک فەرماندەی گشتی سپای پاستارانی دەست نیشان کرد.

ئەگەرچی وەک نەریتێک باو و نەک یاسایەکی دیاریکراو، لە پرۆسەی گۆڕینی فەرماندەکانی سپا، سیکلێکی ١٠ ساڵە بۆ فەرماندەکانی سپا لە لایەن خامنەییەوە لە بەرچاو گیرابوو، بۆچی لە ئێستادا خامنەیی جەعفەری لە سەر کار لا دەبات و سەلامی وەک فەرماندە سپا دەست نیشان دەکات؟

محەمەد عەلی جەعفەری ساڵی ١٣٨٦ بوو جێگرەوەی یەحیا ڕەحیم سەفەوی کە ئەویش لە ساڵی ١٣٧٦ـەوە ئەو پۆستەی پێ درابوو. ئەو کاتەی خامنەیی بوو بە ڕەهبەری ئینقلابی ئیسلامی موحسن رەزایی ماوەی ٨ ساڵ بوو کە فەرماندە سپا بوو، بەڵام خامنەی بۆ ماوەی ٩ ساڵی تر بە پێی دەسەڵاتی خۆی کە فەرماندە هەموو هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییە، ئەوی لە پۆستەکەی خۆی دا هێشتەوە. دواتر کە رەزایی لابرد، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە ساڵی ١٣٧٦ـەوە تا ساڵی ١٣٨٦ یەحیا ڕەحیم سەفەویی لە پۆستە دانا. پاش لابردنی ڕەحیم سەفەویی جەعفەری هات. بە پێی ئەو نەریتە دەبوو جەعفەری ساڵی ١٣٩٦ لە پۆستەکەی لاببرێت، بەڵام لە توێی حوکمێکدا بۆ ماوەی ٣ ساڵی دیکە جەعفەری لە پۆستەکەیدا هێشتەوە، واتە تا ساڵی ١٣٩٩. بەڵام خاڵی جێی سرنج ئەوەیە کە پاش یەک ساڵ و نۆ مانگ لە دەرکردنی حوکمی تەمدیدی ئەو پۆستە و ڕێک ڕۆژێک بەر لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی سپا ، بۆچی جەعفەری، لەو پۆستە لا برا؟ لە کاتێکدا کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر ئەمریکا سپای پاستارانی خستە لیستی گرووپ و ڕیکخراوە تیرۆریستییە نیونەتەوەییەکان.

حسێن سەلامی فەرماندی سپای پاستاران، هەموو کار بە لێدوانە توند و تیژەکانی دژی بە ئیسرائیل و عەرەبستان و ئەمریکا ناسراوە. سەلامی لە کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێز و پایەگاکانی ئیران لە سووریە وتی کە ئامانجی ئێمە سڕینەوەی ئیسرائیلە لە سەر نەخشەی جیهان و بەم کارانەی ئیسرائیل ئێمە لەو ئامانجە نزیک دەکاتەوە. یان لە هاوینی ساڵی پار پاش هێرش کردنە سەر رێژەیەکی سپا لە ئەهواز هەڕەشەی لە عەرەبستان کرد کە ئێوە خۆتان بە ئەرتەشی ئەمریکاوە ئازا دەکەن و بزانن کە بەرگەی تیغی تۆڵەی ڕقی ئینقلابیگەری ئێمە ناگرن.

خاڵێکی دیکەی جێی سرنج دەقی حوکمەکەی خامنەییە بۆ جەعفەری کە ئەو بە کەسێک دەناسێنێت کە "هۆگری کاری کولتوری و فەرهەنگییە"! خوێندنەوە بۆ ئەو ڕستەیە ئەوەیە کە جەعفەری ڕوحییەی شەڕی نییە و هۆگری کاری کولتوری و فەرهەنگییە، لە کاتێکدا، ئێستا زۆرتر لە هەر کاتێکی تر ئەگەری شەڕی ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچە زۆرترە.

جیاوازی نێوان دوو مەنشی سەلامی و جەعفەری هۆکاری سەرەکی دەست نیشان کردنی سەلامی بۆ فەرماندەیی سپا و لابردنی جەعفەرییە. خامنەیی لە هەر کەسێکی تر باشتر گوێی لە تەپڵی شەڕ بووە و ڕەنگە ڕێگەچارەکەشی بۆ دەربازبوون لەو تەنگەژە و قەیرانە ئاڵۆسکاوانە بێت کە لە دەست پێی نیزامی کۆماری ئیسلامی هاڵاوە.

کریس هیبلزگری لە کتێبی جەنگی پوست مۆدێرن و سیاسەتی نوینی پێکدادان، کە ئەزقەزا لە لایەن سپای پاستارانەوە بڵاو کراوەتەوە باس لە شێوەکانی پێکدادان و شەڕی پۆست مۆدێرن دەکات. بە پێی پێوەر و تیئۆرییەکانی کریس هیبلز گری، داخستنی ئەکاونتەکانی فەرماندەکانی سپا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تویتێر و ئینستاگرام پاش ئەوەی کە سپا خرایە ناو لیستی گرووپ و ڕیکخراوە تیرۆریستییە نێونەتەوەییەکان، شەڕە.

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی ئاسۆشەیتێت پرێس باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا مەعافییەتە نەوتییەکانی ئێران درێژ ناکاتەوە و ئەمریکا دڵی ئابووری ئێرانی کردۆتە ئامانج و بە نیاز فرۆشی نەوتی ئێران بۆ ژێر یەک میلیۆن بۆشکە لە ڕۆژدا کەم بکاتەوە. ئەمەش شەڕی ئابووری و بە واتایەکی دیکە شەڕێکی پۆست مۆدێڕنە.

ئاراستەی ئەو ڕووداوانە بەرەو لاواز کردنی هەرچی زۆرتری دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران دەڕوات و ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بزووتنەوە سیاسی و مەدەنییەکانە و دەخوازێت چالاکانی سیاسی، مەدەنی، ئازادیخوازان و هۆگرانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی، کرێکاران، ژنان، لاوان و بە گشتی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی بەش مەینەت وەزاڵە هاتووی ئێران ئەم هەلە لە بەرژەوەندی دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیان بقۆزنەوە و پرۆسەی ڕووخانی ڕژیمی فاشیستی و تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی خێراتر بکەنەوە.


PM:10:51:22/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌