بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران هەلێکی زێڕین بۆ ئازادیخوازانی ئێران


لە ساڵوەگەڕی هاتنە دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەگەڵ شەش زلهێزی جیهان ناسراو بە بەرجام و ڕۆژێک بەر لە "ڕۆژی سپای پاسداران لە ئێران”، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە توێی ڕاگەیاندنێک دا بە پێی یاسای "کۆچ و نەتەوە” سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی وەک هێزێکی تیرۆریستی دەرەکی ناساند.

دوابەدوای دەرکردنی ئەو ڕاگەیاندنە مایک پەمپیئۆ وەزیری دەروەی ئێران کە ئەم بڕیارە لە ژێر ڕۆشنای ڕێنماییەکانی وەزارەتەکەی دەرکرابوو وێڕای برایان هۆک بەرپرسی گرووپی تایبەت بە ئێران لە وەزارەتی دەروەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی تایبەت بەو ڕاگەیاندنە ئامادە بوون.

ئەمە بۆ یەکەمجارە کە بەشێک لە سپای وڵاتێک بخرێتە لیستی تیرۆرەوە. دیارە پێشووتر ئەمریکا کۆمەڵێک گرووپی وەک ئەلقاعیدە، داعش، بووکوو حەرام، عەسایبی ئەهلی حەق و سپای قودس لقی دەروەی سپای پاسداران، جوندوڵڵا، جەیشولمحەمەد و چەند گرووپێکی تری خستبوویە ناو ئەو لیستەوە و هەروەها چەند کەسایەتییەکی وەک ئۆسامە بن لادنیش لە پێڕستی کەسە تیرۆریستە مەترسیدارەکان خستبووە لیستی تیرۆرەوە.

دیارە لە بەرامبەریشدا ئێران بەشێک لە ئەرتەشی ئەمریکا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی و ئاسیای ناوەڕاست چالاکی دەکەن خستۆتە لیستی تیرۆری خۆیەوە.

پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەم بڕیارەی ئەمریکا چ کاریگەرییەکی لە سەر سپای پاسداران و بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی قووڵ و بەرینی سپای پاسداران لە ئابووری ئێران و هەروەها دەستتێوەردانە خوێناوییەکانی ئەم هێزە لە ناوخۆی ئێران، ناوچەکە و بە گشتی ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەبێت؟

بەر لە هەر شتێک ئەم بڕیارە پێوەندییەکانی ئەمریکا و ئێرانی بردۆتە قۆناغێکی هەستیار و تایبەتەوە. ڕەنگە لە ڕابردوودا دوو هێزی دژ بە یەکی وەک ئەرتەشی ئەمریکا و سپای پاسداران لە وڵاتێکی وەک سوورییە و عێراق بە بوونی دووژمنێکی هاوبەشی وەک داعش بەر یەک نەکەوتبێتن و تەنانەت لە یەک سەنگەردا جەنگابێتن، بەڵام ئەگەری پێکدادان و شەڕی ئەم دوو هێزە زۆر جیددی تر دەکاتەوە.

جیا کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە لە سەر هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و سپای پاسداران، ئەم شەڕە و ئەم بەرکەوتنە زۆرتر ڕەهەندێکی ئابووری بەخۆوە دەگرێت.

بێگومان ئەگەر سپای پاسداران بە ڕواڵەت و لە لایەن خۆیەوە پاشەکشەیەک نەکات، بەلام بە دڵنیاییەوە شەریکە تیجارییەکانی بە هۆی ئەو سزایانەی کە ئەمریکا بۆ شەریکەکانی سپای پاسداران دایناوە، دەکشێنەوە و لە ماوەی داهاتوودا شاهیدی کشانەوەی بەرچاوی ئەو کۆمپانیا و وڵاتانە دەبین کە لەگەڵ ئێران دان و ستانی ئابووری دەکەن بۆیە زۆر بواری ئابووری ئێران تووشی کێشە دەبن. هەڵبەت ڕێژەی ئەو دۆخەی کە ئێران لە بوارە جیاجیاکاندا تێی دەکەوێت، پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ڕێژەی جیددی بوونی ئەمریکا لە جێ بە جێ کردنی ئەو یاسایە و بە دڵنیاییەوە دەستی سپای پاسداران لە زۆرێک لە سەرچاوە ماڵییەکانی کورت دەکرێتەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بڕیارە، پێ ناچێت مەعافییەتە ئابوورییە ماوە دارەکان کە پاش کاراکردنەوەی گەمارۆکان دژ بە ئیران لە لایەن ئەمریکاوە درێژ بکرێنەوە، ئەگەرچی ئەم پرسەش پێوەندی بە ڕێژەی عەرزە و تەقازای نەوتەوە هەیە لە بازاڕی جیهان نەوتدا. لەم بابەتەشدا بە لەبەرچاوگرتنی بوونی نەوتێکی زۆری دێپۆکراو لە ئەنبارەکان، لابردنی نەوتی ئێران لە بازاڕی جیهانی نەوت، پێ ناچێت کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر نرخی نەوت و یان زیانێکی بۆ بازاڕ نەوت هەبێت و ئەمەش ئەمریکا سوورتر دەکات لە نوێ نەکردنەوەی موڵەت و مەعافییەتە تجارییەکان لەگەڵ ئیران.

ئەمریکا لەم بابەتەدا ئامانجێکی دیاریکراوی ڕاگەیەنراوی خۆی دەستەبەر دەکات کە ئەویش بە سفر گەیاندنی ڕێژەی نەوتی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ وشککردنی سەرچاوە ماڵییەکانی تیرۆریزمە. هەڵبەت ئەمەش جێی ئاماژەیە کە بە سفر گەیاندن نەک بە مانای بە سفر سفر گەیاندنی فرۆشی نەوتی ئێران، چونکا ئەمە ڕەنگە زۆر ئەستەم بێت. هەندێک لە کارناسانی ئابووری جیهانی و شارەزای ئابووری ئێران پێیان وایە بوودجەی ئەمساڵی ئێران کە لە سەر بنەمای فرۆشی ڕۆژانەی یەک میلیۆن و پێنج سەدهەزار بۆشکە لە ڕۆژدا بە نرخی ٥٤ دۆلار دیاری کراوە، لە ئەگەری دابەزاندنی ئەو ڕێژەیە بۆ یەک میلیۆن بۆشکە ئابووری ئێران بەرەو هەڵشکیان دەبات، بەڵام کەمکردنەوەی ئەم ڕێژەیە بۆ ژێر یەک میلیۆن بۆشکە ئابووری ئێران وێران دەکات.

بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی بەرین و قووڵی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە ئابووری ئێران کە بە پێی هەندێک لە سەرچاوەکان یەک لە سەر سێ و تەنانەت نیوەی ئابووری ئێران لە هەموو جومگە سەرەکییەکانی ئابووری ئێران بە دەستەوەیە کاریگەری گەورەی ئابووری بەخۆیەوە دەبینێت.

سپای پاسداران وەک ئۆختاپووسێک لە هەموو جومگەکانی ئابووری ئێرانی قۆرغ کردووە. ئەم هێزە لە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆی و لە وڵاتانی ناوچەکە و دەر و دراوسێکانی هەر لە سوورییە و یەمەن و عێراق و لوبنانەوە بگرە تا باکووری ئەفریقا و وڵاتانی ئەمریکای لاتین گەرای چاندووە. بە پێی ئاماری خودی سپای پاسداران زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهان جگە لە هێزە ناوخۆییەکەی لە ئێران، لە ژێر فرمان و ئەمری ئەودان. دابین کردنی کەل و پەل و خۆرد و خۆراک و حقوقی ئەو هێزانە پەکی جیددی تێ دەکەوێت. بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای ئابووری ئێران و گرانی و زەحمەت بوونی دابین کردنی بژیوی ژیان بۆ زۆرینەی زۆری خەڵکی ئێران، ئەوندی دیکە دۆخی ئابووری ئێران و پێگەی سپای پاسداران لاوازتر دەکات.

بێ گومان دەربازبوون لەم قەیرانە ئاڵۆزانەی کە ئێران و خەڵکی ئێران پێوەی دەناڵێنن، گۆڕینی ساختاری سیاسی ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە لەو وڵاتە.

ئەمە بۆ یەکەمجارە سیاسەتی زلهێزێکی وەک ئەمریکا هاوتەریبە لەگەڵ خواست و داواکاری خەڵکی ئێران و بە دڵنیاییەوە دەرفەتێکی زێڕین بە ئازادیخوازانی ئێرانی و لە سەروو هەموویانەوە خەڵکی کوردستان دەبەخشێت بۆ تێکەوە پێچانی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و فڕێدانی بۆ ناو زبڵدانی مێژووەوە.


PM:10:59:22/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌