چالاکێکی بواری مافەکانی ژنان لە شاری پاوە دەستگیر کرا

بەپێی ڕاپورتی هەواڵنێری ئاسۆی رۆژ لە شاری پاوە، ڕۆژی یەکشەممە ١ی گوڵانی ١٣٩٨ی هەتاوی ڕێکەوتی ٢١ی ئاپریلی ٢٠١٩ی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری پاوە هێرش دەکەنە سەر دوکانی خاتوو"سارا زەحمەتکێش" تەمەن ٢٩ ساڵ، کچی ئەحمەد زەحمەتکێش خەڵکی گەورەدێ "تین" لە شاری پاوە و وێڕای پشکنین و گەڕانی دوکانەکەی، ناوبراو لەگەڵ هێندێک لە کەل و پەلی تایبەتی خۆی بۆ شوێنێکی نادیار دەگوازنەوە.
جێگای ئاماژەیە خاتوو"سارا زەحمەتکێش" کارناسی زانستی کۆمەڵایەتی و ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی "ژنانی ژیاری تین" لە شاری پاوەیە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئاسۆی رۆژ لە شاری پاوەوە، خاتوو سارا زەحمەتکێش ماوەی چەندین ساڵێکە وەک کارناسی کۆمەڵایەتی لە ئەنجومەنی "ژنانی ژیاری تین" بەشدارە و ژنان و کچانی شاری پاوە سەبارەت بە کێشە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکانی خۆیان ڕاوێژ وەردەگرن و لە ئەزموونی ناوبراو بەهرەمەند دەبن.
دوای داخستنی شوێنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ژنانی "ژیاری تین" لە لایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە، دوکانی خاتوو "سارا زەحمەتکێش" بووە بە ناوەندی ئەنجومەن و شوێنی کۆبوونەوە و هاتووچووی ئەندامان و بەشدار بووانی ئەنجومەنەکە.
لە ڕۆژی دەست بەسەربوونی خاتوو سارا زەحمەتکێش، بنەماڵەکەی چەندین جار بە مەبستی بەدواداچوون و ئاگادار بوون لە بار و دۆخی ناوبراو سەردانی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی پاوەیان کردووە، بەڵام تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگرتن و چارەنووس و تەندرووستی خاتوو سارا زەحمەتکێش بە بنەماڵەی ڕانەگەیاندراوە.

AM:11:19:27/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 179 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌