ڕاگەیاندنی کومیتەی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە؛ بە بۆنەی پەرەسەندنی دیاردەی قێزەونی کوشتنی ژنان

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە شارەکان و لە ناوخۆی کوردستانەوە بە دەستمان دەگەن، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا شاهیدی ئەوەین کە دیاردەی کوشتنی ژنان و کچان پەرەی سەندووە و تا ئێستا چەندین ژن لە لایەن مێرد، باوک، برا و کەسانی نزیکیانەوە لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، مەریوان، پاوە، ئیلام و مەهاباد و کرماشان بوونەتە قوربانی و کوژراون.

ئەم دیاردە قێزەونە کۆمەڵایەتییە بە شێوەیەک پەرەی سەندووە کە نیگەرانی چالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بە گشتی کۆمەڵگای لێ کەوتۆتەوە. کۆمەڵگای کوردستان بە نیگەرانییەوە لە پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە دەڕوانێت و بە شێوەی جیاواز، هەر لە کۆبوونەوە لە سەر مەزاری قوربانییەکانەوە بگرە تا بەشداری بەرفراوان لە رێ و ڕەسمی ناشتنی قوربانییەکان و وتنەوەی دروشمی دژی ژنکوژی و ڕێکخستنی کەمپەینی نا بۆ کوشتنی ژنان لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، بێزاری خۆی لە پەرە سەندنی ئەم دیاردە قێزەون و دژە مرۆییە دەربڕیوە.

بۆ هەمووان ڕوونە سەرچاوە و ڕێ خۆشکەری ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگا یاساکانی سەدە ناوەڕاستی کۆماری ئیسلامین کە بەردەوام لە لایەن دام و دەزگاکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەبلیغی بۆ دەکرێت. کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێشەنگی خەبات دژی چەوسانەوە و بێ مافی ژنان بووە و نەشیاو و نەگونجاوە ئەم دیاردە قێزەونەی تێیدا ڕوو بدات. لە ئیستاشدا ئەرکە لە سەر چالاکانی سیاسی، مەدەنی و بە گشتی کۆی کۆمەڵگای کوردستان دەنگ هەڵبڕاوتر لە جاران یەک دەنگ و بە‌هێزەوە دژی ئەم دیاردە قێزەون و دواکەوتووانە بوەستنەوە و ئەو یاسا و ڕێسایە ڕسوا بکەن کە ڕێ بە وەها کارێکی دژە مرۆیی دەدات.

بێگومان کوشتنی ژنان و کچان بە بیانووی شەرەف و نامووسەوە، ڕەوابوون و مەشرووعیەتی خۆی لە ئایین و داب و نەریتی دواکەوتوانەی کۆمەڵگا وەردەگرێت. نەریتی دواکەوتووانە، ئەو ئیزنە بە پیاوانی بنەماڵە دەدات کە بتوانن بە بیانووی بێ بنەمای پاراستنی شەرەف و نامووسەوە دەستیان بچێتە خوێنی ژنان و کچانی بنەماڵەکەیانەوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، وەک پاڵپشتی هەمیشەی بزووتنەوەی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، ئەم دیاردە قێزەونە بە توندی مەحکووم دەکات و دژی دەوەستێتەوە و ڕای دەگەیەنێت ژنکوژی، بە هەر بیانوویەکەوە بێت مەحکوومە و کۆمەڵگای کوردستان دەبێت زۆر بە وشیارییەوە دژ بەم دیاردەیە بوەستێتەوە و ئەو مەشرووعییەت و ڕەوابوونە لە بنەماڵەکان بسێننەوە کە بە بیانوی پووچ و بێ بنەما دەستیان بچێتە خوێنی ژنان و کچان.

کۆمەڵە لە هەموو چالاکانی مافی مرۆڤ، ژنان، چالاکانی مەدەنی و سیاسی داوا دەکات بەرامبەر بەو دیاردە ناشیرینە هەڵوێست وەربگرن و بە ڕێکخستنی کەمپین و وشیاری بەخشین بە کۆمەڵگا دژی ئەم جینایەتانە بوەستنەوە و نیشانی بدەن کە کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات جێی دیاردە و کاری نامرۆڤانەی لەو چەشنە نییە.


کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

١٥ی مای ٢٠١٩

٢٥ی گوڵانی ١٣٩٨ی هەتاوی


PM:06:19:16/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 273 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌