ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەمریکا و ئیران و ئەگەرەکانی


ن: ئاسۆی رۆژ

لە ئێستادا و لە دونیای میدیادا پرسی ڕووبەڕوو بوونەوەو ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا بووە بە پرسێکی رۆژانە بە شێوەیەک کە هەموو رۆژ لانیکەم یەک یان دوو ڕاپۆرت و هەواڵ تایبەت دەکرێت بەم ململانێیەی نێوان ئەم دوو وڵاتە. کێشەی نێوان ئێران و ئەمریکا کە ٤٠ ساڵە دەستی پێکردوەو هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری رژیمی ئیسلامییەوە ئەم ڕووبەڕوو بوونەوەیە بینراوە لە مانگەکانی رابردوودا چۆتە نوێترین قۆناغی خۆیەوەو هێچ گرژی نێوان ئەم دوو وڵاتە، تەنانەت ئەو کاتەش کە دیپلۆماتەکانی ئەمریکا لە ئێران بە بارمتە گیرابوون نەچبووە وەها قۆناغێکەوە. دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا لە پڕووپاگەندەی هەڵبژاردنەکانی خۆیدا یەکێک لەو بابەتانەی جەختی لەسەر دەکردەوە چوونەدەرەوە بوو لە رێککەوتننامەی ناسراو بە (بەرجام) و بە رێککەوتننامەیەکی خراپ ناوی دەبرد. هەر لە مانگەکانی یەکەمی گەیشتن بە دەسەڵاتییەوەو هەوڵی جێبەجێ کردنی وەعدەکەی خۆیدا و سەرەنجام لە ئاپریلی ٢٠١٨ لە ڕێککەوتننامەی ناسراو بە بەرجام چووە دەرەوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە فرۆشی نەوتی ئێران دەگەیەنێتە سیفر. لە ساڵیادی چوونەدەرەوەی بەرجامدا و لە مانگی ئاپریلی ٢٠١٩ سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی چووە ناو لیستی تیرۆرەوە. چەند رۆژ دواترو لە سەرەتای مانگی مەیدا و لە رۆژی ١ مەیدا ٨ وڵات کە پێشتر مافی ئەوەیان پێدرابوو کە مامەڵەی نەوتیان لەگەڵ ئێران هەبێت و لێخۆشبوون دەیگرتنەوە ، ئەو مافەیان لێوەرگیراوەو لێخۆشبوونەکەیان لەسەر لابرا. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەوەی کە ئەمریکا دەیهەوێت بەر بە فرۆشی نەوتی ئێران بگرێت بەردەوام هەڕەشەی داخستنی "گەرووی هۆرمۆز" دەکات. هەروەها رووحانی و بەرپرسانیتری کۆماری ئیسلامی بەردەوام جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئەگەر نەوتی ئێران بە فرۆش نەگات، نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە فرۆش ناگات. مەبەستیان داخستنی گەرووی هۆرمۆز یان کێشە دروستکردن لە هەناردەکردنی وزە بوو بۆ بازاڕەکانی دونیا. رۆژی ١٢ی مەی ٢٠١٩، هێرش کرایە سەر چەند کەشتییەک لە بەندەری فەجیرە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە نەوت هەڵگر بوون و چوار کەشتی زیانیان پێ گەیشت. هەرچەند ئەم تەقینەوانە زیانی گیانی بە دواوە نەبوو، بەڵام نیگەرانی دروست کرد لای وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا. هەر ئەو دەم ئیمارات ، کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسدارانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەستیان بووە لەم کردەوە تیرۆریستییەدا. رۆژی ١٤ی مەی ٢٠١٩ ، حووسییەکان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر دوو پاڵاوگەی نەوتی عەرەبستان و زیانی ماددیان گەیاندە ئەم پاڵاوگانە. هەرچەند دوای کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر توانرا ئەم پاڵاوگانە چاک بکرێتەوەو رەوتی هەناردە کردنی نەوت وەستانی تێ نەکەوت. ئەمە جگە لەوەی کە حووسییەکان هێرشی مووشەکیان کردە سەر فڕۆکەخانەی جەددەو چەند شارێکیتری عەرەبستان. حووسییەکان لە لایەن ئێرانەوە پڕچەک دەکرێن و پشتیوانی دەکرێن و وەک گرووپێکی دروستکراوی ئێران لە ناوچەکە ناویان لێ دەبرێت. عەرەبستان هەر لە یەکەم ساتەکانی هێرش بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانییەوە رایگەیاند کە ئێران دەستی هەیە لە هێرش بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی و ئەو چەکانەی لەم هێرشەدا بەکار هاتوون لۆگۆی ئێرانیان پێوەیەو دروستکراوی ئێرانن. رۆژی یەکشەممە ١٩ی مەی ٢٠١٩ هێرشی مووشەکی کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغداد. هێرشێک کە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە. ئەمریکا چەند رۆژ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە زانیارییان پێ گەیشتووە کە ئێران لە ڕێگای هێزەکانی سەر بە خۆیەوە لە عێراق دەیهەوێت زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگەیەنێت لە عێراق و لەهەمانکاتدا بەشێک لە کارمەندەکانی خۆی لە باڵیۆزخانە کێشابۆوە. شارۆمەندانی ئەمریکایی ئاگادار کردبۆوە کە عێراق جێ بهێڵن. ئیمارات وبەحرینیش بە هەمانشێوە داوایان لە شارۆمەندانی وڵاتەکەیان کرد کە سەردانی عێراق و ئێران نەکەن.

هەرلەسەرەتاوە ئاماژەکان بەوە دەچوون کە ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێران دەستیان بووبێت لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر باڵێۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و باس لەوە دەکرا ئێران مەبەستی لەم کارە ئەوەیە کە هێزی خۆی لە ناوچەکە نیشانی ئەمریکا بدات و لە هەمانکاتدا جەنگ بباتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیەوە.

رۆژی هەینی ٢٤ی ئاپریل، ئەرتەشی ئەمریکا کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار کرد کە راستەوخۆ دەستی هەیە لە تەقینەوەکانی بەندەری فەجیرەو هەروەها هێرش بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هێرش بۆ سەر پاپۆڕە نەوت هەڵگرەکان لە کەنارەکانی ئیماراتی بە بەشێک لە "جەنگ"ی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو برد.

هەروەها مایکل گێلدی، بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا رۆژی هەینی ٢٤ی مەی رایگەیاند :" ئێمە کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیار دەزانن لە هێرش بۆ سەر نەوت هەڵگرەکان لە فەجیرە."

مایکل گێلدی هەروەها رایگەیاند :" پێنتاگۆن لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو چەکانەی لەم هێرشەدا بەکار هاتوون دروستکراوی سوپای پاسدارانن و سەر بە سوپان. " گێلدی هەروەها لە قسەکانیدا باسی لە هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کرد و وتی :" سوپای پاسداران بەرپرسی هێرشی مووشەکییە بۆ ناوچەی سەوز لە بەغدادی پێتەختی عێراق لە نزیکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق. "

بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند :" ئەمریکا لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەیانهەوێت هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. "

هەر لەم رۆژەدا، واتە لە رۆژی هەینی ٢٤ی مەیدا، پێنتاگۆن رایگەیاندووە کە هێزێکی ١٥٠٠ کەسی سەربازی دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە وتەی بەرپرسانی پێنتاگۆن ناردنی ئەم هێزە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بە مەبەستی بەرگری کردنە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. هەرچەند هەواڵنێری روەیتەرز باسی لەوە کردووە ژمارەی ئەو هێزانەی دەنێردرێنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە ١٥٠٠ کەسە و نزیک بە ٣٠٠٠ کەسە.

بە گشتی وەک دەزانین گرژی و ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران چۆتە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێک کە هەر کات ئەگەر هەڵگیرسانی جەنگی تێدا بەدی دەکرێت. هەرکام لە لایەنەکان چ ئەمریکا و چ ئێران رایدەگەیەنن کە مەبەستیان جەنگ نییە. ترامپ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مەبەستیان گۆڕینی رەفتاری ئێرانە و تەنانەت ژمارە تەلەفۆنی تایبەت دەنێریت بۆ بەرپرسانی ئێرانی بە مەبەستی وتووێژ. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەستپێشخەری جەنگ نابن بەڵام ئامادەن بۆ بەرگری کردن لە خۆیان. لە لایەکیترەوە رووحانی سەرکۆماری، کۆماری ئیسلامی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامادە نین لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ بکەن و چۆک دانادەن بەرامبەر بە خواستەکانی ئەمریکا ئەگەر بۆمبارانیش بکرێن. وەزیری پەروەردەی ئێران باس لەوە دەکات کە ١٤ میلیۆن قوتابی لە قوتابخانەکاندا ئامادەن بۆ بەرگری کردن لە کۆماری ئیسلامی بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە لێیان بکرێت. وتەیەک کە رەخنەی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران لێکەوتەوەو هێرش کرایە سەر وەزیری پەروەردەی کۆماری ئیسلامی.

وتەکانی پێنتاگۆن لە رۆژی هەینیدا دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئەمریکا هەڵوێستی توندتری دەبێت بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و ئیزن نادات ئێران جەنگی خۆی بباتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیەوە. یان ئەوەیە کۆماری ئیسلامی ناچار دەکات کە بەرامبەر بە خواستەکانی چۆک دا بدات و ١٢ مەرجی قبووڵ بکات کە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ دیاری کراون و بە شێوەی ئاشکرا لە گەڵ شەیتانی گەورە! گفتوگۆ دەکات یان ئەوەیە قۆناغی جەنگ دەست پێدەکات. کۆماری ئیسلامی ناتوانێت ئەوە قبووڵ بکات کە بەشێوەی ئاشکرا بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەمریکا و ئەمە بە پشتکردن لە باوەڕەکانی خۆی دەزانێت و تا ئێستە چ لە لایەن "زەریف" و چ لە لایەن "ڕووحانی"ەوە جەخت لەوە دەکرێتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نایانهەوێت لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکەن. ئەمەیە کە بژاردەیتر دەکەوێتە بەردەم بەرپرسانی کۆشکی سپی کە ئەویش بژاردەی هێرشی سەربازییە. هەرچەند ئەم بژاردەیە ئاسان نییە، بەڵام بێگومان دەبێت بە هۆی ڕووخانی رژیم. وەک چۆن ترامپ لە تویتێکی خۆیدا باس لەوە دەکات کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە بە مانای لە ناوچوونی ئێرانە! خاڵی جێی سەرنجی ئەم تویتەی ترامپ ئەوەیە کە ناڵێت لەناوچوونی رژیمی ئاخوندی یان کۆماری ئیسلامی . بەڵکوو دەڵێت لە ناوچوونی ئێران. تویتێک کە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و لەوانە "زەریف"ەوە وەڵامی درایەوەو باس لەوە کرا کە نە ئەسکەندەر و نە مەغوولەکان نەیانتوانی ئێران داگیر بکەن و لە ناوی ببەن. ئێستە ئەمریکا چۆن دەتوانێت. هەرچەند وتەکانی زەریف لە ڕووی مێژووییەوە هەڵەیە. هەم ئەسکەندەر و هەم مەغوولەکان توانیان ئێران داگیر بکەن و بە ئێراندا بپەڕنەوە.

بە گشتی ئەم ڕووبەڕوو بوونەوە و بارگرژییەی نێوان ئەمریکا و ئێران چۆتە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێک کە دەتوانێت ببێت بە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێک سەربازی لە ناوچەکە لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە گەڵ رژیمی ئیسلامی. یان ئەوەیە رژیم ملکەچی خواستەکانیان دەبێت و ئەمەش بە مانای شکست دێت بۆ رژیم. بەڵام لە ئێستادا ئەگەری بژاردەی گفتوگۆ بە تایبەت لە لایەن بەرەی ئێرانەوە زۆر کەمترە، لەبەر ئەوەی لایان وایە ملکەچ کردن بۆ خواستەکانی ئەمریکا بە مانای ئەوەیە ئەمریکا داواکاری زۆرتری دەبێت وەک چۆن زەریف دەڵێت :" ئەمریکا تا دێت خواستەکانی زیاتر دەبێت و کۆتاییان نییە، بۆیە گفتوگۆیان لەگەڵ ناکەین. " لە لایەکیتریشەوە خامنەیی هێرشی کردە سەر رووحانی و زەریف لە سەر پرسی بەرجام. خامنەیی باسی لەوە کردن هەرچەشنە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەمریکا رێگەپێدراو نییە.


AM:12:53:25/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌