ناکارامەیی ئابووری ئێران پەیوەندی بە گەمارۆکانەوە نییە

مەسعد دانشمەند سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران وێڕای رەخنە لە پەیوەندیدانەوە کێشە ئابوورییەکانی ئێران لەگەڵ گەمارۆکانی ئەمریکا وتی: 
گەمارۆ، بە بێ توانایی لە فرۆشتنی نەوت دەناسێنن. وڵاتمان هەیە کە نەوتی نییە، بەڵام هەڵاوسانەکەی لە ژێر نیو لە سەد دایە، بەڵام ئێران نەوتی هەیە، گازی هەیە، بەڵام هەڵاوسانەکەی ٥٠ لە سەدە؛ هەر بە هۆیەوە ناکرێت گەمارۆکان بکەینە هۆکاری هەموو کێشە ئابوورییەکان. ئێران زۆر کێشەی ئابووری هەیە کە پەیوەندییان بە گەمارۆکانەوە نییە.
لە لایەکی دیکەوە ئەمروڵلا ئەمینی، ئابووریناس و مامۆستای زانستگای عەلامە دەڵێت: بە داخرانی زۆرێک لە کۆمپانیاکان لە ئێران، بە دوای ئەو بێکار بوونی کرێکاران، ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران دەربارەی درووست کردنی یەک میلیۆن کاری نوێ درۆ بووە؛ نە تەنیا هیچ پێشکەوتنێک نەهاتۆتە ئاراوە بەڵکوو تەنانەت بە پێچەوانەی ئامارەکان، ڕووداوەکان دەڕۆنە پێشەوە.
جێی ئاماژەیە کە نزیک بە ١٥ مانگ لەمەوبەر ئەمریکا یەک لایەنە لە ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهان هاتە دەرێ و بە دوای ئەو دا لە دوو قۆناغدا کۆمەڵێک گەمارۆی دژی ئێران و بە تایبەتی لە بواری نەوت و خزمەتگوزارییە بانکییەکان سەپاندووە. لەم ماوەیەدا ئابووری ئێران تووشی کێشەی گەورە هاتووە و بە پێی ڕاپۆرتی سندووقی نێونەتەوەیی دراوی جیهان، ئێران لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی دا هەڵاوسانەکەی دەگاتە سەروو ٥٠٪.

PM:05:52:20/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌