کوردی ڕۆژهەڵات لە بەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە!


ئەردەڵان فەرەجی

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە دوای سەرهەڵدانی یەکەم جووڵە و بزووتنەوە نەتەوەییە ڕزگاریخوازانەکان و بە تایبەتی هاتنە ئارای فۆڕمێکی نوێی ڕێکخستن و حیزبایەتی بە دەرکەوتنی «کۆمەڵەی ژێکاف» نزیکەی هەفتا، هەشتا ساڵە بۆ دەستەبەر کردنی مافە زەوتکراوەکانی میللەتەکەی لە خەبات و تێکۆشان دایە. 

بزووتنەوەی کورد بە گشتی و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بزووتنەوەیەکی ڕوو لە گەشە بووە و هەم سەرکردایەتی ئەو بزووتنەوەیە و هەمیش لە قووڵایی کۆمەڵگاوە بە پێی خوێندنەوەی بستێنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابوورییەکان خۆیان نۆژەن کردۆتەوە و بەردەوام بوون لە کەڵک وەرگرتن لە هەموو پتانسییەلەکانی کۆمەڵگا بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانیان. 

ئەم ڕۆژانە و ئەم مانگانە کورد لە بەردەم دەرفەتێکی مێژوویی دایە بۆ ئەوە بتوانێت هەنگاوێکی گەورە بەرەو دەستەبەرکردنی مافەکانی بنێت.

تایبەتمەندییەکی زۆر گرنگی بزووتنەوەی کورد بە گشتی هەیە کە هەم دەرفەتە و هەمیش هەڕەشە، یەکێک لە کاریگەرترین فاکتەرەکان بووە ناکرێ لە بەرچاو نەگیرێت، ئەویش پێوەندیی ڕاستەوخۆ و هەقلیمەقۆیانەی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستانە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی ئەو وڵاتەی کە پێوەی نووساوە.

بەو واتایە کە بە هەر ڕێژەیەک دەسەڵاتی ناوەندی بەهێز و بە دەسەڵات بووبێت، بزووتنەوەی کوردی لە نوشست و پاشەکشە دا بووە و بە پێچەوانەش، هەر کات دەسەڵاتی ناوەند بێ هێز و کەم دەسەڵات بووە، بزووتنەوەی کورد لە هەستانەوە و گەشانەوەدا بووە. ئەزموونی جووڵە و دەسکەوتەکانی گەلی کورد و ڕووداوە مێژووییەکانی گەلی کورد هەر کۆماری کوردستانەوە بگرە تا سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران تا ئەزموونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باشوور و دۆخی کورد لە ڕۆژئاوا پاش نائارامییەکانی سووریا و گۆڕینی دەسەڵاتدارانی تورکییە بۆ کوردی باکوور سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەن.  

سەرکردایەتی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هەموو هەوراز و نشێوەکانی، بە هەموو نەهامەتی و ڕۆژ ڕەشییەکانی یەکەم ئەزموونی ڕێبەرایەتییەکی سیاسییە کە ئەوە زیاتر لە ٤٠ ساڵە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیەتی، بەڵام هەروا خاوەن ڕەوایی ڕێبەری و مەرجەعی بڕیاری کۆمەڵگاکەی خۆیەتی. مانگرتنی سەرتاسەری ٢١ی خەرمانانی ساڵی پاڕ بە دوای بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو بزووتنەوەیە بوو لە بەرامبەر دەسەڵاتی تۆتالیتێری مەزهەبی تاران کە دەرس و ئەزموون گەلێکن لەوبارەیەوە کە لە ڕاستیدا مەبەستی ئەم نووسراوەیە نین.

جیا لەوانەش ئێران کە لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە بارمتەگیراوە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بوو بە شانۆی ناڕەزایەتییەکی بەرین کە لە مێژووی هاوچەرخی ئێران کەم وێنەبوو. جیا لە هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەو ئیعترازە جەماوەرییانە ڕەوایی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی لە ناو خەڵکی فەقیر و هەژار و بە واتای کۆماری ئیسلامی «موستەزعەف»ی بۆ هەمیشە داماڵی.

جیا لەوانەش لە ماوەی ١٤، ١٥ مانگی ڕابردوو بە تایبەتی پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەی ناوکی ئێران لەگەڵ شەش زلهێزی جیهان ناسراو بە «بەرجام» و گەڕاندنەوە و کاراکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمریکاوە پێگەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی خۆی لەق کرد. 

گەمارۆکانی ئەمریکا بە دامەزراندنی ژوورێکی تایبەتی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە تایبەت بە ئێران، دوو کەرتی زۆر گرنگی ئابووری ئێران کردۆتە ئامانج کە بریتین لە؛ نەوت و سیستمی بانکی. ئەوە جیا لە خستنە ناولیستی تیرۆری سپای پاسداران و ئۆفیسی خامنەییە کە بڕبڕەی ئابووری ئێرانیان بە دەستە.

ئەمریکا پێی وایە ئەوە پارەی نەوتە کە بۆتە پاڵپشتێکی ئاسنین بۆ تەشەنە پێدانی ئاژاوەگێڕی و شەڕەنگێزی و زێدەخوازی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ، ناوچەکە و هەموو جیهان و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵ ئەوەیە کە سەرچاوەکانی ئابووری ئێران لە ناو ببەن. 

چین یەکێک لە کڕیاڕە سەرەکییەکانی نەوتی ئێران کە ڕکابەرایەتییەکی قورسی ئابووریشی لەگەڵ ئەمریکا هەیە بە پێی ئاماری گومرگی ئەو وڵاتە بارستایی هەناردە و هاوردەکردنی لەگەڵ ئێران لە چاو سێ مانگی ڕابردووی لە ٢٨٪ کەمی کردووە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ ژێر ١٠٠ هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا دابەزیوە لە کاتێکدا بودجەی ئەمساڵی ئێران لە سەر فرۆشی ڕۆژانەی یەک میلیۆن و پێنج سەد هەزار بۆشکە ڕێکخراوە. بە پێی ڕاپۆرتی سندووقی نێونەتەوەیی پارە، هەڵاوسانی (گرانی) ئێران لە ئێستادا سەروو ٤٠٪ کە چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتاییەکانی ئەم ساڵی زایینی بگاتە ٥٠٪. بە داتەپینی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ئابووری ئێران، ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران لە پەرە سەندن دایە. 

 سازانی ئەمریکا لەگەڵ ڕوسییە لە سەر کێشەکانی نێوانیان بە بەخشینی کریمە و سووریا بە ڕووسیە و ڕێکەوتن لە سەر فرۆشی دوو لایەنەی گاز بە ئۆرووپا، ئێرانی لە پشتیوانی کردنی لە لایەن ڕووسییەوە بێ بەش کردووە.  

گرژییەکانی ئەم دواییانەی کەنداو لە سەر دەست بەسەرداگرتنی نەوتهەڵگرێکی بریتانیایی بە پێک هاتنی ناوگانێکی هاوبەشی ئۆووپا لە کەنداو بۆ پاسەوانی کردنی نەوتهەڵگرەکانیان و پاراستنی ئازادی هات و چۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداو ئەوندەی دیکە کەلێنی خستۆتە نێوان ئۆرووپا و ئێران و بە تایبەتی وڵاتانی ئۆرووپایی ئەندام لە بەرجام دا کە لە هەوڵدان «بەرجام»ی پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا، زیندوو ڕاگرن. هەڕەشەکانی ئێران کەمکردنەوە پابەندی بە بەڵێنەکانی لە بەرجام و هۆشداری فەڕانسە، بریتانیا و ئاڵمان بە ئێران لەو بارەیەوە ئەوندەی دیکە شەقی خستۆتە نێوان ڕۆژئاوا و کۆماری ئیسلامییەوە. 

کۆی ئەم ڕووداونە وای کردووە کە کۆماری ئیسلامی تووش گەورەترین قەیرانی مێژووی خۆی ببێتەوە کە واتاکەی تری لاوزبوون و بێ هێزی ئەم ڕژیمە دڕندەیەیە. واتە دەمانباتەوە سەر ئەو تایبەتمەندی و فاکتەر گرنگ و کاریگەرەی پێوەندی هەقلیمەقۆیانەی بزووتنەوەی کورد و دەسەڵاتی ناوەند.

لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە دوو بواری ناوخۆیی و دەرەکی لە ژێر گوشار دایە و تووشی قەیرانێکی گەورەی کردووە کە ئەنجامەکەی لاوزبوونی ئەم ڕژیمەیە، ئەرکی بزووتنەوەی کورد و سەرکردایەتییەکەیەتی کە بتوانن لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرن بۆ هەنگاونان بەرەو دەستەبەر کردنی مافە زەوت کراوەکانی.

خۆشبەختانە بە هەوڵی هەموو لایەک و بە تایبەتی تر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو «ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران» پێک هاتووە کە بۆتە ئەدرەسێکی بۆ پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. ئەگەرچی ئەمە هەوڵێکی پێویست بوو کە دراوە، بەڵام کافی نییە و ئەم ناوەندە ئەرک و کاری گەورە لە ئەستۆیە دەبێت. دەبێت بە لێکدانەوەی واقیع بینانە و لە بەرچاوگرتنی پتانسییەلی بزووتنەوەکەی، یەکەم دەسکەوتەکانی تا ئێستای بپارێزێت و دواجار وریایانە لە ئاراستەی ڕووداوەکان بۆ بەروپێش بردنی بزووتنەوەکەی بەرەو دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کەڵک وەربگرێت.


PM:01:05:02/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 77 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌