ڕەخنەیەکی کورت لە سەر کتێبی «‌هێزی هونەر»

بوریس گرێویس لە « هێزی هونەر» دا باس لە پێوەندی نێوان هونەرمەند و شەڕکەر دەکات.

هونەرمەند لە عەسری کلاسیک دا بەس ڕووداوەکانی شەڕی ڕەوایەت دەکرد و لە ڕابردوو دا هونەرمەند هەرگیز ڕەقیبی شەڕکەر نەبووە. دابەشکردنی کار نێوان شەڕ و هونەر تەواو دیاری کرابوو; شەڕکەر شەڕی ڕاستەقینەی دەکرد و هونەرمەند بە رێگەی ڕەوایەت یان نیگارکێشی ئەم شەڕەی دەخستەڕوو.

هەربۆیە شەڕکەر و هونەرمەند وابەستەی یەکتر بوون. هونەرمەند بۆ بابەتی بەرهەمەکەی پێویستی شەڕکەر بوو, بەڵام شەڕکەر زیاتر پێویستی بە هونەرمەند بوو. لەهەرحاڵ دا هونەرمەند هەمووکات دەیتوانی بۆ کارەکەی بابەتێکی دیکە هەڵببژێرێ بەڵام هونەرمەند بوو کە دەیتوانی شەڕکەر بەناوبانگ بکات.

لە درێژەدا بوریس گرێویس باس لەوە دەکات کە لە سەدەی بیستەم بە هاتنی تەکنۆلۆزیا ئیتر شەڕکەر پێویستی بە هونەرمەند نامێنێ چوون میدیا گشتیەکان زۆر بە خێرایی شەڕکەر بەناوبانگ دەکەن.

هەڵەی بوریس گرێویس لێرەدایە کە لە عەسری کلاسیک دا شەڕکەر نە بۆ بەناوبانگ بوون بەڵکوو بۆ هەرمان بوون (جاودان بوون) پێویستی بە هونەرمەند بووە. شەڕکەر دەمرد بەڵام ئیدەی شەڕکەری ئەو نەدەمرد, بە هۆی ئەوەی هونەرمەند شەڕکەری ئەوی لە بەرهەمێکی هونەری دا هەرمان دەکرد.

لە سەدەی بیستەمیش دا با ئەوەی میدیاکان ناوی شەڕکەر بە گوێی هەموو بیسەرێک بگەیێنن بەڵام ناتوانن ئیدەی شەڕکەری ئەو لە ئانکانچزی مرۆڤەکان دا جاوەدان بکەن.

بۆ نمونە خانزاد بە بەیتی لەشکری مەشهور نەبوو (کە بەشێک زۆر لە کوردستان گوێگری بەیت نین) بەڵام بەو بەیتە هەرمان بوو. یان تابلۆی شەڕکەری شەڕی ئانگیاری بەرهەمی داوینچی لە سەر دیوارێکی شاری فلۆرانس ئەوەندەی کە ئەو شەڕکەرەی جاوەدان کردووە ئەوەندە مەشهوری نەکردووە (مەبەستم ئەوکاتە-سەدەی 15), کەواتە شەڕکەر نە بۆ ناوبانگ بەڵکوو بۆ هەرمان بوون خۆی بە کوشت دەدا. مردوو ناوبانگی بۆ چیه؟ کەسێک کە دەیەوێ خۆی بە کوشت بدات دڵنیایەکی دەوێ کە لە دوای مردنیش بژی, جا چ بە باوەڕ بە ژیانی دوای مەرگ, چ بە جاودانگی لە تابلۆیەک دا. ئەوەی کە گرنگە دڵنیاییە بە جاوەدان بوون.

ڕێئالیسمێک کە لە هونەری ئوروپا دا سەر هەڵدەدا نەبۆ مەشهور کردنی سوژە بەڵکوو بۆ هەرمان کردنی بوو.

تابلۆیەک لە قوژبنێک دا نەیدەتواتی سوژە بەناوبانگ بکات بەڵکوو ئەوی جاوەدان دەکرد.

هەربۆیە لە سەدەی بیستەمیش دا شەڕکەر لە شاتەشاتی و هەیاهوی میدیایی کە سەگ ساحێبی خۆی ناناسێت شایەد بە ماوەی 20 خولەک بەناوبانگ بێت بەڵام بە ماۆەی 1 ساڵ هەرمان نابێت.

شەڕکەر لە سەدەی بیستەم و بیست و یهک دا لە هەموو کات زیاتر بە هونەرمەند نیازی هەیە بۆ ئەوەی ناوی بهێڵێتەوە و نەوەی داهاتوو بە یادی بێننەوە.

ئەم بابەتە لە لاپەڕەی بەڕێز «دڵزار عابدی» وەرگیراوە.


AM:09:58:03/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 375 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌