گەندەڵی لە ئێران؛ تۆمەتبار بە گەندەڵی دراو دەڵێت بە فرمانی ڕووحانی و شەمخانی جووڵامەتەوە

 ئاسۆی ڕۆژ

ئەحمەدی عێراقچی، جێگری دراوی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران کە بە ئاڵۆزکردنی سیستمی پووڵی ئێران تۆمەتبارە دەلێت؛ حەسەن ڕووحانی و عەلی شەمخانی فرمانیان پێکردم کە بانکی ناوەندی دەست وەربدات لە بازاڕی ئێران.

عێراقچی کە بە بارمەتە لە زیندان ئازاد کراوە، لە وت و وێژ لەگەڵ هەواڵنێری فارس سەر بە سپای پاسداران کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەممە بڵاو کراوەتەوە دەڵێت؛ پاییزی ساڵی ١٣٩٦ بە دوای هەڵاوسانەکان لە بازاڕی دراو و پارە و پێکهاتنی کۆمەڵێک کێشە لەم بازاڕەدا کە بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەکەکان، عەلی شەمخانی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمنییەتی میلی، لە توێی نامەیەک داوای دەستێوەردانی بانکی ناوەندی لە بازاڕی دراوی کرد.

بە وتەی عێراقچی حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەم نامەیەی بە واژۆی خۆی بۆ فرمان پێکردن بە دەستێوەردان لە بازاڕی دراو، بۆ بانکی ناوەندی نارد تا بانکی ناوەندی دەربارەی شێوەی دەستێوەردانەکەی بەرنامەڕێژی بۆ بکات.

مەبەست لە دەستێوەردانی بانکی ناوەندی لە بازاڕی دراو، فرۆشی دراو لە لایەن دەوڵەتەوە و هەوڵ بۆ کۆنترۆڵ کردنی نرخەکانە. بازاڕی ئەرزی فەردایی کە عێراقچی کە وەک کێشەی ئەو کات باسی لێ دەکات، بازاڕێکە کە تێیدا کڕیار و فرۆشیار ڕێژە و نرخی دراو دیاری دەکەن تا ڕادەستکردن لە سبەی هەمان ڕۆژ جێ بە جێ بکرێت.

ناوبراو باس لەوە دەکات کە لە وەها بازاڕگەلێک ئاوا، فیزیکی دراوەکە زۆر جێگۆڕکێی پێ ناکرێت، ئەمڕۆ کڕیار و فرۆشیار کاتێک دیاری دەکەن تا سبەینێ دراوەکە پاک دەکرێتەوە و جیاوازی دوو نرخی ئەمڕۆ و سبەینێ لە نێوانیاندا دابەش دەکرێت. بە وتەی ئەم بەرپرسەی پێشووی بانکی ناوەندی ئیران، بازاڕی فەردایی بوو بە کێشەیەکی گەورە، دەڵاڵەکانیش هاتنە ناو ئەم بازاڕەوە و کار گەیشتە ئەو شوێنەی کە نرخ لە بازاڕی فەردایی دیاری دەکرا.

کەسێک کە لە لایەن بانکی ناوەندی بۆ دابەشکردنی دراو و هینانەخوارەوە نرخی دراو لە بازاڕی فەردای هەڵبژێردرا، سالاری ئاقاخانی بوو. بە وتەی عێراقچی ئەو لە شارەزایانی ناسراوی دراو بوو و بانکی ناوەندی ئەوی دەست نیشان کرد، وەزارەتی ئیتلاعاتیش سەڵاحییەتەکەی پشتڕاست کردەوە و ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە حەراسەتی بانکی ناوەندی و جێگری وەزیری ئیتلاعات ئاگاداری وردەکاری پرۆژەی دەست تێوەردانی بانکی ناوەندی لە دیاری کردنی نرخی دراو بوو.

بە وتەی ئەم بەرپرسەی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران، سالار ئاقاخانی ١٥٩ میلیۆن دۆلار و ٢٠ میلیۆن یۆرۆی بە بێ حەقدەست لە بازاڕی دۆلار بڵاو کردەوە، کە لە بری هەر دۆلارێک دوو تمەنی وەک حەقدەست وەردەگرت کە دەیکردە ٣٣٠ میلیۆن تمەن.

ڕەشەممە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییە بەرفراوانەکانی خەڵکی ئێران دژ بە گرانی لە بەفرانباری ١٣٩٦، سالاری ئاقایی لە لایەن دەسەڵاتەوە دەستگیر کرا.

لە دۆخی قەیراناوی ئابووری ئێران و لەم نەمانی مەشرووعییەت و ڕەواییەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەستێوەردان و پشتیوانی کردن لە تیرۆریزمی جیهانی، چالاکییە گوماناوییە ناوکییەکانی و هەڵدان و تاقیکردنەوە موشەکە بالیستیکەکانی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی بۆمبی ئەتۆمییان هەیە، باڵەکانی ڕژیم کەوتوونەتە گیان یەکتر و هەر ڕۆژە لایەنێک لایەن و کەسانێکی دیکە لە باندەکەی دیکە لەقاو دەدات و بە مافیایی دەناسێنیت.

 


PM:04:18:20/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌