مەترسی خشۆکی كه‌می ئاوی پاکی گۆی زەوی/ ئێران لە جەرگەی ئەو ناوچانەدایە

ئاسۆی ڕۆژ/ بانکی جیهانی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لە قەیرانی "خشۆکی (نامرئی) چۆنییەتی ئاو لە جیهان کردووە و ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە بەرزترین ئاستی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو مەترسی و ڕیسکەدایە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە کە لە ماڵپەڕی ڕەسمی بانکی جیهانی بڵاو کراوەتەوە، قەیرانی چۆنییەتی ئاو هۆکارە بۆ لە ناوچوونی یەک لە سەر سێی ئابووری ئەو ناوچانەی کە تووشی قەیرانی کەمی توندی چۆنییەتی ئاون و ئەم کێشەیە هەروەها هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر سڵامەتی خەڵک و ژینگە.  

ئەم ڕاپۆرتە ١٤٢ لاپەڕەییە باس لە ڕەهەندە شاراوە و نادیارەکانی کاریگەری ئەو هۆکارەکانە دەکات کە دەبنە هۆی پیس بوونی ئاو کە بە شێنەیی دەر دەکەون.

لەم ڕاپۆرتەدا نووسراوە کە ئەنجامی توێژینەوە نوێکان دەری دەخات کە چۆن هۆکارەکانی وەک باکترییەکان، زێرابی شارەکان، ماددە شیمیاییەکان و پلاستیکەکان دەتوانن ئۆکسیژێنی ئاو لە ناو بەرن و ئاو تا ئەو ئاستە پیس بکات کە ببێتە مەترسی بۆ سەر مرۆڤ و ئێکۆسیستم.

بانکی جیهانی دەڵێت زۆرجاران لە لێکۆڵینەوە نێونەتەوەییەکان پرسی کەمی ئاو و قەیرانی وشکەساڵی وهاتۆتە بەر باس و سرنج، بەڵام چۆنییەتی ئاو قەیرانێکە کە دەبێت زۆر بە هەند و بە جیددی وەر بگیرێت.

ئەم ڕاپۆرتە دامەزراوە نێونەتەوەیی، دەوڵەتی و ناوچەییەکان بۆ گرنگی پێدان و سرنجی زۆرتر بە پرسی پیس بوونی ئاو بانگهێشت  دەکات و هۆشداری دەدات پێویستی بە چارسەری خـیرا هەیە، چونکا دتوانێت یەک لە سەر سێی بەرهەم پاکی ناوخۆیی ئەو ناوچانەی کە لەگەڵ کەمی ئاوی پاک بەرەوڕوو لەناو بەرێت و خەڵک و ژینگە تووشی قات و قڕی بکات.

هۆکارەکانی وەک گۆڕینی شێوازی کەڵک وەرگرتن لە زەوی بۆ کشت و کاڵ، پیشەسازی و بیناسازی، لەناوچوونی جەنگەڵ و دارستانەکان، گۆڕینی ناوچەیی کە دەبێت هۆی تێکچوونی مۆدێلە باوەکانی باران بارین، ڕەچاونەکردنی ستانداردەکانی ژینگەیی و هتد، دەبنە هۆی لەناو چوونی چۆنییەتی ئاو. بۆ وێنە نیترۆژێن کە توخمێکی چارەنووس سازە بۆ کشت و کاڵ و زۆرێک لە وەرزێران لە ماددە نیترۆژێنییەکانی وەک کوودی شیمیایی بە بردنە سەرەوەی ڕێژەی بەرووبووم و دانە وێڵەکانیان کەڵکی لێ وەردەگرن، دواجار بەهۆی بارانەوە دەچێتەوە ڕووبارەکان و دەبێت هۆی پیس بوونی ئاوی ڕووبارەکان و مایەی لە ناوچوونی ئێکۆسیستم.

ئەم هۆکارانە وێڕای لەناوچوونی خاکی بەپیت، وشکەساڵی، تۆفان و زریان و کەڵک وەرگرتنی بێ سنوور لە سەرچاوە ژێرزەمینییەکان وا دەکات کە ساڵانە بەرهەمە کشت و کاڵییەکان بۆ خۆراکی ١٧٠ میلیۆن مرۆڤ لە ناو بچێت. ئەم ڕاپۆرتە هەروەها باس لەوە دەکات کە لەناوچوونی چۆنییەتی ئاو و خاک لە بەشێکی بەر بڵاوی گۆی زەوی خەریکی دێتە دی و دەبێت بەخێرایی پێش بەم دیاردەیە بگیرێت

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، ڕاپۆرتی جۆراوجۆر دەربارەی کاریگەری وێرانکەری چالاکییەکانی مرۆڤ لە سەر ژینگە بڵاو کراوەتەوە، لەوانە بڵاو بوونەوەی نزیکەی ٣٣ میلیارد تۆن دی ئۆکسیدی کەربۆن لە ڕیگەی سووتەمەنییە فوسیلییەکانەوە کە دەبنە هۆی گەرم بوونەوەی گۆی زەوی و هەروەها بەڕەڵڵا کردنی زێرابە پیشەسازییەکان و زێرابی شارەکان بۆ ناو سرووشت و ڕووبارەکان، بوونی زیاتر لە پێنج تریلیۆن تۆن پلاستیک لە دەریا و ئۆقیانووسەکان و هەندێک شتی تر.


AM:11:44:25/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌