ڕۆژی لە دایک بوونی “سەتار بێهێشتی” کرا بە ڕۆژی دۆستایەتی خەڵکی ئێران و ئەمریکا

برایان هۆک ڕۆژی لە دایک بوونی کرێکارێکی ڕەخنەگری کوژراو لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە ڕۆژی "دۆستایەتی نێوان خەڵکی ئێران و ئەمریکا”ی ناوزەد کرد. 

برایان هۆک بەرپرسی ژووری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یادی کردەوە لە ساڵڕۆژی لە دایک بوونی "سەتار بێهێشتی” کرێکارێکی ڕەخنەگر کە لە لاین ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کوژرا، ڕۆژی لە دایک بوونی ناوبراوی وەک ڕۆژی "هاوڕێیەتی نێوان خەڵکی ئێران و ئەمریکا” دەست نیشان کرد و بەڕەسمی ناساندی.

هۆک لە ڤیدیۆیەک کە لە تویتێری فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە دەربارەی ئەوەی کە بە سەر سەتاری بێهێشتی هات قسەی کردووە و بە ئاماژە بە بنەماکانی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی، وتی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەم یاسایەی وەک تەنزێکی تاڵ لێ کردووە. 

ئەو لەو پەیامە ڤیدیۆییەدا "ڕوو لە هەموو ئەو ئێرانییانەی کە دژی زوڵم و چەوسانەوە خەبات دەکەن دەڵێت؛ "ئێمە دەنگی ئێوە دەبیستین. ئێمە لە خەباتی ئێوە بۆ دەستەبەر کردنی مافە سەرەتاییەکانتان پشتیوانی دەکەین. ئێمە وەبیر هەموو وڵاتانی جیهانی دێنییەوە کە گەورەترین قوربانیانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خەڵکی ئێرانن.

برایان هۆک لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت؛ "ئەمڕۆ بۆ یادی سەتار، دۆستی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ڕەسمی دەناسین. من داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی ئێران ئارەزوو دەکەم و ئەو داهاتووەی کە دۆستی نێوا دوو وڵاتی گەورەی ئێمە تێیدا بتوانن گەشە بکەن.”

ئەم لێدوانانەی برایان هۆک پاش داواکاری "گەوهەر عێشقی” دایکی سەتاری بێهێشتی دێت کە پێشووتر لە توێی نامەیەک ڕوو لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا داوای کردبوو کە ڕۆژی ١ی خەرمانان، وەک ڕۆژی هاوڕێیەتی نێوان خەڵکی ئێران و ئەمریکا” ناوزەد بکرێت.

سەتاری بێهێشتی کرێکارێکی وێبلاگنووسی ئێرانی بووە کە لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا لە ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی بە تۆمەتی "هەوڵدا دژی ئەمنییەتی میلی” لە لایەن پۆلیسی فەتاوە دەستگیر و تەنیا ٤ ڕۆژ پاش دەستگیرییەکەی تەرمەکەی ئەویان بە خاک سپارد. چەند ساڵ بەدواداچوونی بنەماڵەکەی و چالاکانی مەدەنی بە ئەنجام نەگەیشت، تەنیا مەئموورێک بە کوشتنی وەک بە ئەنقەست مەحکووم کرا. 

دامەزراوە نێوەنەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و دەوڵەتی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی بە پێشێلکاری ئازادی ڕادەربڕین و سەرکوتی چالاکانی مەدەنی و سیاسی تۆمەتبار دەکەن. 



PM:08:56:25/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌