ئێران قسەکانی پەمپێئۆ بە زەمینەسازی بۆ هەوڵی مەترسیدار لێک دداتەوە

ئاسۆی ڕۆژ/ مووسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لێداوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەر ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە پشت هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی حوسییەکانی یەمەنی ڕەت کردەوە و دەڵێت؛ ئەم جۆرە لێدوانانە زۆرتر لە پلانی ڕێکخراوە نهێنی و سیخوڕییەکان دەچێت بۆ شکاندنی شکۆی وڵاتێک و بوار بۆ کرداری مەترسیدار خۆش دکات

ناوبراو باسی لە وردەکاری کردارە مەترسیدارەکانی داهاتوو نەکرد

مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە ٢٣ی خەرمانان، کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی هێری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بە دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانی سعوودی زانی.

مایک پەمپێئۆ لە تویتێک دا نووسیویەتی؛ تاران لە پشت نزیک بە ١٠٠ هێرش بۆ سەر عەرەبستانی سعودییەوەیە، ئەمە لەکاتیک دایە کە ڕووحانی و زەریف وا دەنوێنن کە لە هەوڵی چارەسەری کیشەکانیانن لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە. لە نێوان هەموو داواکارییەکان بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکان، ئێران ئێستا هێرشێکی بێ وێنەی بۆ سەر دامەزراوە و سەرچاوەکانی وزەی جیهانی ئەنجام داوە. هیچ بەڵگەیەک نییە کە دەری بکات ئەم هێرشانە لە یەمەنەوە ئەنجام دراون

پەمپێئۆ وتوویەتی؛ ئێمە داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین بە ڕاشکاوی و بە ئاشکرا هێرشەکانی ئێران مەحکووم بکەن. وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی هاوکاری دەکات تا گەرەنتی خستنەڕووی پێویستی وزە، تووشی کێشە نەبێت. ئێران دەبێت وڵام دەرەوەی دەستدرێژییەکانی بێت

لە لایەکی دیکەوە سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا لیندسی گراهام لە تویتێکدا دەنووسێت؛ ئیستا کاتی ئەوە هاتووە کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بژاردەی هێرش بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی ئێران لە ئەگەری بەردەوامی ئاژاوەگێڕییەکانی و پیتاندنی یۆرانیۆم تاوتوێ بکات و پاشان دەڵێت؛ ئێران دەست لەم کارە نەرێنییانەی خۆی هەڵناگرێت، مەگەر ئەوەی وڵامەکەی بە چاوی خۆی ببینێت، بەڵام هێرش بۆ سەر پاڵاوگەکانیان پشتی ئەم دەسەڵاتە دەشکێنێت.

وەزارەتی ناوخۆی عەرەبستان رۆژی شەممە هەواڵی هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی لە بەقیق و لە مەیدانی نەوتی خەریس بڵاو کردەوە. ئەم هێرشانە بوونە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەم دامەزراوانە و وەزارەتی ناوخۆی عەرەبستان دەڵێت کە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراون

هاوکات میلیشیا شیعەکانی حوسی یەمەن بەرپرسایەتی ئەم هێرشانەی وەئەستۆ گرتووە

کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی عەرەبستان دەڵێت کە دامەزراوە نەوتییەکانی بەقیق، لە ٦٠ کیلیۆ متری باشووری ڕۆژئاوایی مەقەڕی سەرەکی ئەم کۆمپانیایە لە زەهران، گەورەترین ناوەندی پاڵاوتن و بەرهەم نەوتییەکانی جیهانە.

خەریس دووەمین مەیدانی گەورەی عەرەبستانی سعوودییە.






AM:10:48:15/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌