تێلێگرام لە ئێران هەروا "فیلتێر دەمێنێتەوە"!

ئاسۆی ڕۆژ/ ڕۆژێک پاش ئەوەی کە هەواڵێک دەربارەی ئەوەی کە هەڵگرتنی فیلتێر لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاو بوویەوە، ئەم هەواڵە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕەت کرایەوە.

ڕۆژی پێنج شەممە ناوەندی نەتەوەیی سۆشیال میدیای ئێران لە توێی ڕاگەیاندنێک دا، هەواڵی هەڵگرتنی فیلتێری لە سەرئەپلیکەیشێنی تێلێگرامی بە "ساختە و درۆ" وەسف کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیسنا، ڕۆژی چوارشەممە هەواڵێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە کە دەوترا کە ئەبولحەسەن فیروزئابادی، سەرۆکی شورای باڵای سۆشیال میدیا (فضای مجازی) ئێران، وتوویەتی فیلتێر بوونی سەر ئەپلیکەیشنی تێلێگرام هەڵدەگیرێت و چیتر لەمەو دوا تێلێگرام لە ئێران فیلتێر نابێت.

لە کاردانەوە بەم هەواڵە ناوەندی سۆشیال میدیای ئێران ڕایگەیاندووە کە؛ "ئەم هەواڵە هەڵبەستراو و ساختەیە و هیچ چەشنە نووسراوەیەک لەگەڵ سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لەوبارەیەوە ئەنجام نەدراوە و هەر بۆیەش ئەم هەواڵە ناڕاستە."

لەم ڕاگەیاندنەدا هەروەها هاتووە کە ئەم هەواڵە "لە پێناو تێکدان و چەواشەی ڕای گشتی بڵاو کراوەتەوە".

فیروزئابادیش وتوویەتی کە؛ "ئەو هەواڵەی کە گۆیا من باسم لەوە کردووە کە فیلتێر لە سەر تێلێگرام هەڵدەگیرێت، هەڵبەستراو و ناڕاستە. من هیچ وت و وێژێکم لەم بارەیەوە نەبووە."

حوکمی قەزایی داخستنی تێلێگرام لە ئێران لە گوڵانی ساڵی ١٣٩٧ و بە واژۆی بیژەنی قاسم زادە بازپرسی لقی دوو دادسەرای فەرهەنگی و ڕاگەیاندنەکانی تاران، بڵاو بوویەوە.
ئەپلیکەیشێنی تێلێگرام لە ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە پەسندەکانی خەڵکی ئێرانە کە بەوتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، زیاتر لە چل میلیۆن کەس بەکاربەری هەیە و لە سەردەمی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی بەفرانباری ٩٦ی هەتاوی بە شیوەی کاتی فیلتێر کرا.

کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای فیلتێر کردنی ئەپلیکەیشێنی تێلێگرام، تێدەکۆشێت پێش بە گواستنەوەی زانیاری و پێوەندی خەڵکی ئێران بگرێت و لەم ڕێگایەوە بەر بە پێکهاتنی هەر چەشنە یەکێتی و هاوپشتییەکی خەڵکی ئێران بگرێت کە بە مانای پێشێل کردنی ئاشکرای مافی ئازادی ڕادەربڕین و سەرکوتی ئازادی گواستنەوەی زانیارییەکانە.


AM:11:15:10/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌