کۆماری ئیسلامی قۆناغی چوارەمی کەم کردنەوەی پابەندی بە بەڵێنەکانی لە "بەرجام" ڕاگەیاند


ئاسۆی ڕۆژ/ حەسەنی ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی سبەینێ قۆناغی چوارەمی کەم کردنەوەی پابەندییەکانی لە ڕێکەوتننامەی بەرجام دەست پێ دەکات و ڕایسپارد کە لە سبەینێوە گاز بڕژێننە ناو سانتریفووژەکانی "فۆردۆ"وە. 
بە وتەی ڕووحانی سانتریفیوژەکانی فۆردۆ ١٠٤٤ دانەن کە بە بێ گاز کار دەکەن و بە پێی ڕێکەوتننامەی بەرجام، ئێران بۆی نییە گاز بۆ سووڕاندنەوەی ئەو سانتریفیوژانە بەکار بێنێت.
کۆماری ئیسلامی پێشووتر لە دوو هەنگاودا کە بە هەنگاوی یەکەم و هەنگاوی دووهەم"کەم کردنەوەی پابەندی بە بەرجام" پێناسەی دەکات، سەرەتا لە ئاستی دیاریکراو لە بەرجام بۆ ڕاگرتنی ئەوپەڕی ٣٠٠کیلۆ ئۆرانیۆمی غەنی کراو و دواتر ئاستی غەنی کردنی لە موجتەمەعی ناوەکی نەتەنز لە ئاستی ٦٧/٣لەسەدی دیاریکراوی زۆرتر کرد و بە ٥/٤لەسەد گەیاند.
ڕووحانی لە بەشێک لە قسەکانی باسی لەوە کرد کە ئێمە پێشووتر هۆشداریمان دابووە ئەندامنی ٤+١ بەرجام و دۆستە ئۆرووپاییەکانمان کە لە ئەگەری هەڵنەپەساردنی گەمارۆکانی دژ بە ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، قۆناغی چوارەمی کەم کردنەوەی پابەندییەکانمان لە بەرامبەر بەڵێنەکانمان لە بەرجام دەست پێ دەکەین. هاوکات باسی لەوەش کرد هەر ئێستا لە پشت پەردەوە لە وت و وێژدان لەگەڵ هەندێک لە وڵاتان بۆ ناوندگیری لەگەڵ ئەمریکا.
ئۆرووپاییەکان دوو مانگ لەمەوبەر کە کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی دەست پێکی قۆناغی چواری کەم کردنەوەی پابەندییەکانی دابوو، ڕاشکاوانە باسیان لەوە کردبوو کە ئەگەر ئێران بە بەڵێنەکانی لە بەرجام پابەند نەبێت، ئەوانیش لە ڕێکەوتننامەی بەرجام دەچنە دەرەوە. 
چوونە دەرەوەی ئۆرووپاییەکان (فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان) لە بەرجام بە مانای شکستی یەکجاری و مەرگی بەرجام دێت. ساڵی ٢٠١٥ ڕێکەوتنێک لە نێوان شەش زلهێزی جیهانی (ئەمریکا، چین، ڕوسیا، فەڕانسە، بریتانیا و ئاڵمان) و ئێران سەبارەت بە چالاکییە گوماناوییەکانی کۆماری ئیسلامی واژۆ کران. جۆزەردانی ئەم ساڵ ئەمریکا یەک لایەنە لە بەرجام کشایەوە و لە دوو قۆناغ دا گەمارۆ هەڵپەسێردراوەکانی پێشووی ئەمریکای دژی ئێران کارا کردەوە و بە دوای ئەوەش دا کۆمەڵێک گەمارۆی دیکەی دژی ئێران خستە گەڕ. 
بە پێی "مێکانیسمی ماشە" کە بەشێک لە ڕێکەوتنی ناوەکی ١+٤، دووپاتی دەکاتەوە کە لە ئەگەری پاشگەز بوونەوەی ئێران لە پابەندی بە بەڵێنەکانی بەرجام، پەروەندی ئێران دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان و گەمارۆ پێشووەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە دژی ئێران دەستپێدەکاتەوە. 
ئیمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسە دوو مانگ لەمەوبەر پرۆژەیەکی بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا پێشنیار کرد کە تێیدا ئەمریکا ڕازی بێت کە بڕی ١٥ میلیارد یۆرۆ بدەن بە ئێران و لە بەرامبەریشدا ئێران پرۆسەی کەم کردنەوەی پابەندییەکانی لە بەرجام بوەستێنیت کە ئەمریکا ئەو پێشنیارەی فەڕانسەی ڕەت کردەوە. 
ئەمریکا لەو بڕوایە دایە کە بەرجام بە پێی پێویست بەربەست لە بەردەم کۆماری ئیسلامی دانانێت بۆ ئەوەی کە نەبێتە خاوەنی چەکی ناوکی و بۆ ناچار کردنی ئێران بۆ واژۆ کردنی ڕێکەوتننامەیەکی نوێ کە ئەم نیگەرانییەی ئەمریکا و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەستەبەر بکات، گەمارۆکانی دژی بە ئێران قورستر کردووەتەوە. 
ڕۆژی دوو شەممە ١٣ی خەزەڵوەر، لە ساڵیادی هێرشی خوێندکارانی پەیڕەوی خەتی خومەینی و بە بارمتە گرتنی ٥٥ دیپلۆماتکاری ئەمریکایی بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ، وەزارەتی خەزێنەداری موجتەبا خامنەیی کوڕی خامنەیی و کۆمەڵێک لە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی کۆماری ئیسلامی خستە لیستی گەمارۆکانی ئەو وڵاتەوە.

AM:09:53:06/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 98 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌