مایک پۆمپێئۆ: خەڵکی عێراق و لوبنان تێگەیشتوون کە گرنگترین هەناردەی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتەکانیان گەندەڵییە


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژە بە خۆپیشاندانەکانی دژی دەوڵەت لە لوبنان و عێراق، وتی؛ خەڵکی لوبنان لەوە تێگەیشتوون کە گرنگترین هەناردەی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتەکەیان، گەندەڵییە.
شەوی سێشەممە١٤ی خەزەڵوەر، مایک پۆمپێئۆ لە توویتێک دا نووسی: "خەڵکی لوبنان و عێراق دەیانهەوێت وڵاتی خۆیان بەدەست بگرنەوە. عێراق و لوبنان شیاوی ئەوەن کە کە سیاسەت و خەتی خۆیان بەدەر لە دەستێوەردانەکانی خامنەیی هەبێت."
لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی عێراق و لوبنان، خەڵک دژی دەوڵەتە نەشیاوی و گەندەڵەکانیان کە سەر بە کۆماری ئیسلامین، بە توندی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. خۆپیشاندەرانی عێراقی دژی کۆماری ئیسلامی درووشمیان دەدەن و خوازیاری کۆتایی هاتنی دەستێوەردانە شەڕەنگێزییەکانی سپای پاسداران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بوون لە وڵاتەکەیاندا.
ئەم لە کاتێکدایە کە عەلی خامنەیی ڕێبەڕی شۆڕشی ئیسلامی، بە بێ لە بەرچاوگرتنی گەندەڵی لە ڕادە بە دەر لەو وڵاتە خۆپیشاندانەکانی لە عێراق و لوبنانی بە دەست تێوەردان و دەستەچیلەی بێگانە وەسف کردووە.
عێراق بە پێی ئامارەکان ڕۆژانە زیاتر لە ٣ میلیۆن بۆشکە نەوت هەناردەی جیهان دەکات و لە پلەی چوارەمی گەورەترین هەناردەکارانی نەوت و گازە لە جیهاندا، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و ئابووری ڕانتی کە بە میرات لە کۆماری ئیسلامی وەریان گرتووە، یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهان.
بە پێی ئامارە جیهانییەکان عێراق لە زومرەی گەندەڵترین وڵاتانی جیهانە کە ڕاستەوخۆی بەرپرسانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لێی بەرپرسیارن کە زۆربەی هەرەزۆریان لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پشتگیری دەکرێن.

PM:04:14:06/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 111 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌