ڕاگەیاندنی وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی ئۆرووپایی: "ئێران دەبێت پابەندی هەموو بەڵێنەکانی بێت لە بەرجامدا"


ئاسۆی ڕۆژ/ وەزیرانی دەرەوەی بریتانیا، فەڕەنسا، ئاڵمان و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئۆرووپا لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵی سەبارەت بە دەسپێکی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە وزەخانەی فۆردۆ، ڕایان گەیاند کە: "ئێران دەبێت بە زووترین کات بۆ بەڕێوەبردنی بەڵێنەکانی لە بەرجام بگەڕێتەوە."
ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوەی کە حەسەنی ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەزەڵوەر بڕیاری خستنە بواری جێبەجێ کردنی هەنگاوی چوارەمی پابەندنەبوون بە بەڵێنەکانی بەرجامی ڕاگەیاند بڵاو بووەوە.
هەروەها لەو ڕاگەیەندنەدا کە ڕۆژی دوشەممە٢٠ی خەزەڵوەر بڵاو بووەوە هاتووە کە "ئەم هانگاوەی ئێران لەدژایەتی ئاشکرای ناوەڕۆکی بەرجامە (ڕێکەوتننامەی شەش زلهێزی جیهانییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە سەر پرسی چالاکییە گوماناوییە ئەتۆمییەکانی) کە لە فۆردۆ ئەنجام دەدرێت. ئەم ڕاگەیاندنەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئۆرووپای بەشدار لەو ڕێکەوتننامەیەدا دەڵێت؛ وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە هەنگاوی چوارەمی کەم کردنەوەی پابەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەڵینەکانی لە بەرجام دا، پێداگری لە ڕیگاچارە پێشنیارکراوەکان لە بەرجامدا بۆ چارەسەری جیاوازییەکان و بابەتە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ بەڕێوە بردنی بەڵێنەکانی بەرجام دەکەینەوە."
وەزیرانی دەرەوەی ئەم سێ وڵاتە لە ڕاگەیاندنێکدا "لە دواکەوتنی ئێران لە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی و هەروەها ڕووداوی حەوتی نوڤامبر(دەرکردنی لێکۆلەری ئاژانس)، بە تووندی نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە لە چوارچێوەی بەرجام و بە پێی باپەند بوون بە هەموو بەڵێنەکانی و بەتایبەت ڕێکەوتنی پادمان و پرۆتۆکۆلی ئیلحاقی، لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە هاوکاری بکات.
کۆماری ئیسلامی ١٩ ساڵ بە شێوەی نهێنی و دوور لە چاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، کۆمەڵێکی چالاکی گوماناوی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرهەم هێنانی چەکی ناوکی بەڕێوە دەبرد. دواتر لە ساڵی ١٣٨٣ ئەم چالاکییانە ئاشکرا بوون و لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی و ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەست بەردار بوون و شەفافییەتی کۆماری ئیسلامی لەو بارەیەوە، کۆمەڵێك سزای ئابووری و سیاسی دژی ئێران پەسەند و خرانە بواری جێ بە جێ کردنەوە.
ساڵی ٢٠١٥ و لە سەردەمی باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئەمریکا ڕێکەوتننامەیەک لە سەر چالاکییە ناوکییەکانی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان واژۆ کرا کە بە "بەرجام" ناسراوە. 
ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک کۆماری دۆناڵد ترامپ لەو ڕێکەوتننامەیە هاتە دەرەوە. ترامپ ڕێکەوتننامەی بەرجام بە ڕێکەوتننامەیەکی خراپ وەسف دەکات کە تێیدا گەرەنتی ئەوە نادات کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژی ناوکی ڕانەگات.
ئیسرائیل کە هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هەزاران جار لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەی سڕینەوەی لە سەر گۆی زەوی لێکراوە. 
چاودێرانی سیاسی ئێرانیش لەو بڕوایەدان کە هەوڵی دەستخستن و بەرهەم هێنانی چەکی ناوکی، لە پێناو پارێزگاری کردن لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە لە ئێران.
کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەو بڕوایەدان کە کۆماری ئیسلامی ڕژیمێکی ئاژاوەگێڕ و توندڕەوەو کە لە ئەگەری دەست پێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی ئەمنییەت و ئاسایشی جیهان دەخاتە مەترسییەوە.

PM:12:13:12/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌