ڕێوڕەسمی پەیوەست بوونی پۆلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی شۆڕشگێر لە ژێر ناوی پەلی "شەهیدانی هەورامان" بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەڕێوەچوو +وێنە

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی ڕێوڕەسمی پەیوەست بوونی پۆلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی شۆڕشگێر بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.
لەو ڕێوڕەسمە کە  ئەندامانی سەرکردایەتی، کادر وئەندام و پێشمەرگە و لاینگرانی کۆمەڵە بەشدار بوون بە سروودی  "بانگەواز" سروودی ڕەسمی کۆمەڵە و خولەکێک بێدەنگی و وەستان بۆ ڕێز لێنان لە یادی شەهیدانی کۆمەڵە و سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوزای خەڵکی کورد دەستی پێکرد.
"هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار" ئەندامی دەفتری سیاسی و بەرپرسی کومیسێۆنی نیزامی کۆمەڵە لەو ڕێوڕەسمەدا وتارێکی پێشکەش بە ئامادە بووان کرد. هاوڕێ "عەبدوڵڵا ئازەربار" باسی لە بارودۆخی ئێستای ئێران و ناوچەکە کرد و وتی؛ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە لە ژێر گۆشاری نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دایە و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا سەلماندیان کە خوازیاری نەمانی کۆماری ئیسلامین و کۆماری ئیسلامی بە تەواوەتی مەشرووعیەتی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی لەدەستداوە. "هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار" لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەست بوونی کچان و کوڕانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ڕاستای بەهێز کردنی ڕیزەکانی کۆمەڵەیە بۆ بە کار هێنانی ئەو هێزە لە ئەگەری هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکی نێوخۆیی لە  ئێران و کوردستاندا و باسی لەوە کرد، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دەبێت دەور و ڕۆڵی کاریگەری لە داهاتووی کوردستان دا هەبێت.

دواتر هاوڕێیانی تازە پەیوەست بوو بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە کارت و چەکی پێشمەرگایەتی خۆیان لەدەستی هاوڕێ "مەولود یوسفی" یەکێک لە بەرپرسانی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە وەرگرت و پاشان سروودی "ئێمە ڕۆڵەی ئەرک وکارو کۆشیشین"یان پێشکەش بە ئامادە بووانی ڕێوەڕەسمەکە کرد.

دواتر سروودی "ئێوە هەرگیز نامرن، نامرن ئاگر هەڤاڵان، ئێوە کڵپەی ئاگرن" لە لایەن چەند کەس لە هاوڕێیانی تازە پەیوەست بوو بە هێزی پێشمەرگە پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

لە بەشێکی دیکە لە ڕێوڕەسمەکەدا هاوڕێ "ژینۆ ساوجی" پەیامی پەلی "شەهیدانی هەورامان"ی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
هەروەها لە لایەن هاوڕێ "ئەوین ڕەمەزانی" پەیامی پەزیرشی کۆمەڵەی پێشکەش بە بەشدربووان کرد.

لە کۆتایی ڕێ و ڕەسمەکە، بەشدار بووان بەخێر هاتن و پیرۆزباییان لەو هاوڕێیانی پەلی شەهیدانی هەورامان کرد بە بۆنەی پەیوەست بوونیان بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە.

PM:05:50:05/12/2019




ئه‌م بابه‌ته 545 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌