سنە/ یەکێکی دیکە لە گیراوانی ڕۆژانی ڕابردوو لە ژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنیتییەکانی ڕژیم گیانی لەدەستدا

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی ڕۆژهەڵات، "کاوە وەیسانی" یەکێکی لە گیراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیم گیانی لەدەست دا.

"کاوە وەیسانی" دانیشتووی شاری "سنە" و خەلکی گوندی "خامسان"ی سەر بە شاری "کامیاران" بوو کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستگیر کراو لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بە داخەوە گیانی لەدەست دا.
بنەماڵەی "وەیسانی" لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانوە هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێت گیان لەدەست دانی کوڕەکەیان بە ئاگاداری ڕاگەیاندنەکان بگەیت و هەر لەم پەیوەندەدا سەرچاوەیەکی ئاگادر باسی لەوە کرد کە تەرمی "کاوە وەیسانی" ئاساری ئەشکەنجەی پێوە دیارە و بنەماڵەی ناوبراو ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسی سەرەکی کوشتنی کوڕەکەیان دەزانن.

مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لە نارەزایەتی بە بارودۆخی نالەباری ژیان، گرانی و بێکاری و سیاسەتە هەڵەکانی ڕژیم خۆپیشاندانی بەرینی جەماوەری بەڕێوەچوو و بە تووندی زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە و لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش خەڵکی ستەم لێکراو بە گەرم و گوری هاتنە مەیدان و بە درووشم و کردەوە سەلماندیان کە خوازیاری ڕووخان و نەمانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بوون.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر وەک پێشتر بگرە زیاتر لە جارانیش دەستی دایە سەرکوت و هێرش کردن بۆسەر خۆپیشاندەران و بۆ ئەو هەوڵەی لە هیچ ڕێگایەکی سەرکوت خۆی نەپاراست و هەر لەیەکەم ڕۆژەکاندا بە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا، هەزاران کەس بریندار بوون و هەزاران کەسی دەستگیر کرد کە تا ئێستاش لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەدا بەسەر دەبەن.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە زۆرێک لە گیراوان لەوانەیە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دابێت و هەر لەو پەیوەندەدا ڕۆژانە هەواڵی گیان لەدەست دانی هەندیک لە گیراوان بۆ ڕاگەیاندەکان ئاشکرا دەبێت.

ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبووردنی مافی مرۆڤ ژمارەی گیانبەختکردووانی ٢٠٨ کەسی راگەیاندوە بەڵام زۆرێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە کوژرانی زیاتر لەو ئامارە دەکەن.

لەم بارەیەوە برایان هووک "نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران" ڕۆژی هەینی ١٥ی سەرماوەز باسی لەوە کرد کە ژمارەی کوژراوان لەوانەیە زیاتر لە هەزاران کەس بێت.

نەبوونی ڕوون کاری  لە لایەن کۆماری ئیسلامی و هەروەها لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بێ لایەن سەبارەت بە سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و گیراوان بوە بە هۆی ئەوەی کە تا ئێستا ئامارێکی دەقێق لە بارەی گیانبەختکردووان و گیراوان و بارودۆخی زیندانیان لەبەردەست دانەبێت و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی نێونەتەوەیی هەوڵێکی بە کردەوەییان لەم بارەیەوە نەبردوەتەوە بواری جێ بەجێ کردنەوە.


AM:11:36:07/12/2019




ئه‌م بابه‌ته 479 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌