خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق درێژەی هەیە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: سەدان کەس لە خۆپیشاندەرانی عێراقی لە شارەکانی بەغداد، بەسرە، ناسریە و کوت  بە دژی سیاسەت و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها سەرۆک وەزیری نوێی وڵاتی عێراق هاتنە سەر شەقامەکان و خوازیاری گۆڕانی نیزامی سیاسی ئەو وڵاتە بوون.هێزە ئەمنیەتییەکان بە ماشینی ئاوپاش و گازی فرمێسک ڕێژ و ئاوور هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران.خۆپیشاندەران دەڵێن کە ئەمە پەیامێک ڕوو بە دەوڵەتە.
دوای ئەوەی کە چەند ڕۆژ لە پێکهاتنی دەوڵەوتی نوێ لە عێراق تێپەڕ بوو، خۆپیشاندەرانی عێراقی بۆ جارێکی دیکە و لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی پێشوو بە سیاسەتەکانی عێراق و کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە لە چەندین شاری عێراق هاتنەوە سەر شەقامەکان و دەستیان دایەوە بە درووشم دان کەلەگەڵ سەرکووتی هێزە ئەمنیەتییەکان بەرەوڕوو بوونەوە.
بە پێی هەواڵنێری فەڕەنسا، گرووپێک لە خۆپیشاندەران ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گوڵان لە شاری کووت بینای دامەزراوەی "بەدر" کە بە پێی چەندین سەرچاوەی ڕەسمی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ماڵی یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیس کە ئەندامی یەکێک لە فڕاکسیۆنەکانی نزیک بە ئێرانەیان ئاور تێبەردا.
داواکارییەکانی ئێستای خۆپیشاندەرانی عێراقی هەر ئەو داواکارییانەیە کە پێشووتر لە مانگەکانی خەزەڵوەر، سەرماوەز و بەفرانبار باسیان لێکردبوو. خۆپیشەندەران خوازیاری هاتنەسەرکاری تەبەقەیەکی سیاسی نوێ و کۆتایی گەندەڵی، بێکاری و بەرپرس نەبوون و زۆر بوونی خزمەتگووزارییەکان و هەروەها کۆتایی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کار وچالاکی سیاسی وڵاتەکەیانن.
ئەم داواکارییانە پێشووتر لەلایەن چەندین هەزار کەس لە بەغداد و شارەکانی دیکەی عێراق باسیان لێکرابوو و ئاوری گەورەترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی عێراقی هەڵکردبوو. خۆپیشاندانێک کە هێزە ئەمنیەتییەکان و هێزە بەوەکاڵەتە شێعەکان زیاتر لە ٥٠٠شارۆمەندی عیراقیان کوشتوو و دەیان هەزار کەسیان بریندار کردبوو.
ڕۆژانی پێشووتر و هاوکات لەگەڵ دەنگی متمانەی مەجلیسی عێراق بە دەوڵەتی مستەفا ئەلکازمی کە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەر و سەرماوەز بەرپرسی ڕێکخراوی زانیاری عێراق بوو، خۆپیشاندەران بۆ دەستپێکی سەر لە نوێی ناڕەزایەتییەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەوازیان دابوو.
مستەفا ئەلکازمی کە لە دوای ماوەیەکی زۆر کێشە و بەربەست بوو بە سەرۆک وەزیری عێراق لە یەکەمین ڕۆژەکانی چالاکی خۆی هەوڵی دا تا متمانەی خەڵک بەرەو خۆی ڕابکێشێت بە جۆرێک کە لە بڕیارێک دا، "عەبدولوەهاب ئەلساعدی"، یەکێک لە فەرماندە عێراقییەکان کە لابردنی لە سێپتامبری ٢٠١٩ دا بە جۆرێک ئاوری ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی هەڵ کردبوو وەکوو بەپرسی ڕێخراوی بەرەنگاری لەگەڵ ترۆریزم جێگیر کرد.
پێشووتر چەندین سەرچاوەی عێراقی ڕایان گەیاندبوو لە عادل عەبدولمەهدی لە ژێر هێز و گوشاری ئێراندا و لە بڕیارێکدا بۆ لاواز کردنی ئەڕتەشی عێراق و بە تواناکردنی ‌هێزە بە وەکاڵەتەکان، "عەبدولوەهاب ئەلساعدییان" لەو پۆستە لابردبوو.
خۆپیشاندەرانی عێراقی لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی پێشوو بە دەستێوردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و هێز و کاریگەری خۆی لە هێزە بە وەکاڵەتەکانی هاتنە سەر شەقامەکان و بە دژی ئەم ڕژیمە درووشمیان دا.
پێشووتر بۆ چەندین جار خۆپیشاندەران باڵوێزخانەکانی ڕژیمیان لە چەندین شار ئاور تێبەردا و ئاڵای ئیرانیان لەسەر بیناکان هێنایە خوارەوە.

PM:04:15:11/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 103 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌