گەڵاڵەی قەدەغە بوونی یاریکردن لەگەڵ یاریزانانی ئێسرائیلی

                                 خەڵکی ئێران زۆرتر تەریک دەکاتەوە!


ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گوڵان، ‌حسێن نەقەوی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی میللە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئەم کۆمیسیۆنە بە پێشنیاری وەزارەتی وەرزش، بابەتی قەدەغەکردنی کێبەڕکێ لەگەڵ یاریزانانی ئیسڕائیلی لابردووە.
چەند کاتژمێر دواتر، موجتەبا زونور، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی میللی مەجلیس وتی کە پێشنیاری لابردنی ئەم گەڵاڵەیە لەلایەن وەزارتی وەرزش هاتووتە ئاراوە، بەڵام یەکلای نەبووەتەوە و بڕیارلەوبارەیەوە لە مەجمەعی تەشخیسی نیزام دیاری دەکرێت، بەڵام دوای ئەوە لەوتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری "تەسنیم"، لابردنی ئەم گەڵاڵەی ڕاگەیاند.
نووسینەوەی ئەم گەڵاڵەیە کرداری ٣٧ ساڵەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ئیسرائیلی دەکرد بە یاسا. 
ڕۆژی سێ شەممە ٢٣ی گوڵان، ئەندامانی مەجلیسی شورای ئیسلامی کە ڕۆژانی کۆتایی سەردەمی ئەندامییەتییەکەیان تێپەڕ دەکەن، گەڵاڵەیەکیان ئامادە کرد کە ئەگەر لە لایەن مەجلیس و مەجمەعی تەشخیسی نیزامەوە تەئید بکرابایە بە پێی ماددەی ١١ی ئەو گەڵاڵەیە، وەزرشی ئێران بەردەو داخرانێکی هەمیشەیی دەڕۆیشت. 
ئەم گەڵاڵەیە لە ژێر ناوی " بەرەنگاری ئێران دژی هەنگاوە دوژمنکارانەکانی ڕژیمی سەهیۆنیستی" پێشکەش بە مەجلیس کرا.
لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوو دا، وەرزشی ئیران لە ژێر کاریگەری دوو تابووی گرنگ دابووە، "بەشدار نەبوونی ژنان لە یاریگا و ستادیۆمەکان و بەرەڕوو نەبوونەوەی وەزرشکارانی ئێرانی لەگەڵ وەرزشکارانی ئیسڕائیلی لە کێبەڕکێ وەرزشییە نێونەتەوەییەکاندا. دوو بابەتی گرنگ کە هەرکامەیان دەیتوانی ببێتە هۆکاری ڕاوەستانی بوارە وەرزشییە گرنگەکانی ئێران و لەوانە جۆدۆ، زۆرانبازی.
دان پێدا نەنانی کۆماری ئیسلامی بە وڵاتی ئیسڕائیل تەنانەت لە بواری وەرزشیش دا و یاری نەکردنی یاریزانانی ئێرانی بەرامبەر بە ڕکابەرە ئیسرائیلییەکانیان بۆ سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ دەگەڕێتەوە. پڕۆژەی ئیسلامی کردنی و یان بە واتایەتی بە ئیدۆلۆژیک کردنی هەموو لق و بوارەکانی ژیانی خەڵکی ئێران بووە لە لایەن ڕژیمێکی سیاسییەوە و یەکێک لە گەورەترین قوربانییەکانیشی وەرزشکارانی ئێرانی بوون. 
سەرەتای ئینقلابی ١٣٥٧ی هەتاوی و بە دوای بەشداری تیمێکی ئێران لە کێبەڕکێی زۆرانبازی (کشتی) ئازاد و فەرەنگی جیهان لە کیێف (یەکێتی سۆڤییەت) "بیژەن سەیف خانی" بەرامبەر بە "ڕابینسۆن کۆماشوێیلی"، یاریزانی ئیسڕائیلی یاری کردن و یارییەکەی بردەوە. بە دوای بردنەوەکانی سەیف خانی، تیمەکانی کووشتی بە بڕیاری "عەلی ئەکبەر ویلایەتی" وەزیری دەرەوەی ئەو کات بەرەو ئێران گەڕانەوە و دەورێکی نوێ لە وەرزشی ئێران دا دەستی پێکرد. 
بەدوای ئەو ڕووداوە کۆماری ئیسلامی بڕیاری دا کە هیچ وەرزشکارێکی بۆی نییە کە لەگەڵ یاریزانانی ئیسرائیلی یاری بکات و بۆیە هەر کاتێک کە دوو یاریزانی ئێرانی و ئیسرائیلی یەک دەکەوتن، یاریزانییە ئێرانییەکە بە بیانووی نائامادە بوونی جەستەیی لە کێبەرکێ خۆی دەدزییەوە، پلانێک کە دواتر لە لایەن ڕێکخراوەی جیهانی وەرزشەوە ڕەت کرایەوە. پیلانی دووی  کۆماری ئیسلامی بۆ وەرزشکارە ئێرانییەکان ئەوە بوو کە ئەگەر ناتوانن خۆ لە یاریکردن لەگەڵ وەرزشکارە ئیسرائیلییەکە بدزنەوە، بچن یاری بکەن و بی دۆڕێنن. 
ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی و لە کێبەڕکێ جیهانییە ژێر ٢٣ساڵەکانی لەهیستان، عەلیڕەزا کەریمی، یاریزانی زۆرانبازی ئێران، بەناچار و بە بێ ویستی خۆی یارییەکەی دۆڕاند. ئەنجامی شکست و دۆڕاندنەکەی عەلیڕەزا کەریمی لە کاتێک دا بوو کە لە ئەگەری بردنەوەی دەبوو لە یاری داهاتوویدا دەبوو لەگەڵ "یوری کڵاشینکۆف" یاریزانی ئیسرائیلی یاری بکات، بۆیە بە بەرچاوی هەمووانەوە ڕاهێنەرەکەی لە پاڵ توشەکی زۆرانبازی بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد "عەلیڕەزا بیدۆڕێنە، بیدۆڕێنە!" و بە ناچار عەلیڕەزا بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەر سزای بەرپرسانی وەرزشی وڵاتەکەی، یارییەکەی دۆڕاند. 
دوای جێبەجێ کردنی بڕیارەکە لەلایەن عەلیڕەزا، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ عەلی خامنەیی، ڕیبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت کە خامنەیی دەڵێت: " کۆماری ئیسلامی لە کێبەڕکێ وەرزشییەکاندا لەگەڵ ڕژیمی چەوسێنەر بەشداری ناکات."
لەو کاتەوە کە ڕێبەڕی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیار بۆ فێدراسیۆنی وەرزشی ئێران دەرکرد، بوارە وەرزشییە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ مەترسی بەشدار نەبوون لە کیبەڕکێ نێونەتەوەییەکاندا بەرەو ڕووبوونەتەوە.
کۆماری ئیسلامی بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە دەست دەداتە هەڕەشە کردن و گوشارخستنەسەر بنەماڵەی یاریزانان بۆ ئەوەی کە بەرەو ڕووی هاوتای ئیسڕائیلییەکانیان نەبنەوە. دوای حاشاکردنی "سەعید مەلایی"، جۆدۆکاری تیمی هەڵبژاردەی ئێران کە بنەماڵەی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات، فێدراسیۆن و کومیتەی ئۆلەمپیکی ئێراندا لە ژێر گووشار دا بووە تا بە هاوتا ئیسرائیلییەکەی بدۆڕێنێت کە ئەم کارە بوو بە هۆی کێشەیەکی یەکجار زۆر بۆ جۆدۆی ئێران.
ڕەزا ساڵحی، بەرپرسی کومیتەی ئۆلەمیکی ئێران کە لە کارنامەی خۆیدا لە بوارە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتاتییەکاندا چالاکی هەبووە وتبووی کە "هیچ گوشارێک لە کار دا نەبووە و دۆڕانەکەی بە تەواوەتی وەرزشی بووە"، بەڵام دواتر دەرکەوت کە درۆ بووە و سەعیدی مەلایی و بنەماڵەکەی لە ئیران لە لایەن "موحەمەد ڕەزا داوەرزەنی"، جێگری ئەوکاتی وەزیری وەرزش لە ژێر گوشاری قورسی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا بوون.
وەرزش یەکێک لەو بوارانەی کە مرۆڤی ئەم سەردەمە جیا لە ڕەهەندە سڵامەتییەکەی، بۆ پێوەندی و ناساندنی کولتور و دۆستایەتی کەڵکی لێ وەردەگیرێت، بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وێڕای بە سیاسی و ئیدئۆلۆژیک کردنی ئەم بوارە خۆشگوزەرانی مرۆڤ، هەموو هەوڵی داوە ئێران و خەڵکی ئێران لە کۆمەڵگای جیهانی دوور بخاتەوە و سیمایەکی پێچەوانەی ڕاستی خەڵکی ئێران ئێران پیشان بدات. 
ئامادە کردنی گەڵاڵەیەک بۆ بە یاسایی کردنەوەی یارینەکردن لەگەڵ یاریزانانی ئیسرئیلی ئەوندەی دیکە ئێران لە بواری سیاسەتی دەرەوە بەرەو تەریک کەوتنەوە دەبات.


AM:11:28:19/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 82 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌