میرزا عەلی کتابی تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە ماڵئاوایی لە ژیان کرد

بەداخەوە ئاگادار بووین ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی٥ی٢٠٢٠ی زاینی، تێکۆشەری لە مێژینەی کۆمەڵە کاک میرزا عەلی کتابی، لە تەمەنی ٨٤ساڵیدا لە شاری یوتۆبۆری سوئێد ماڵئاوایی لە ژیان کرد و دڵە پڕ لە هیوا و ئاواتەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت. میرزا عەلی کتابی تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە، کەسایەتی ناسراوی کوردستان، نووسەر و خەباتکارێکی دڵسۆز بوو کە هەموو تەمەنی بەختی وەدیهاتنی ئازادی و عەداڵەت و ڕزگاری چینی چەوساوە و بەشمەینەتی کوردستان کرد. سیمایەکی ناسراوی ناو بزووتنەوەکە و نووسەرێکی دیاری کوردستان بوو کە خاوەن کۆمەڵێک پەرتووک و نامیلکە و کتێبە. ماڵئاوایی کردنی کاک میرزاعەلی بێگومان خەسارێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و خەمێکی گرانە لە سەر دڵی بنەماڵە و هەموو تێکۆشەرانی کۆمەڵە. ئێمە وەک کومیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕێنی ‌غەم و پەژارەی خۆمان، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کار و ئازیزانی ئەکەین، لەهەمان کاتدا ڕێز لەخەبات و تێکۆشان و فیداکارییەکانی کاک میرزا عەلی کتابی ئەگرین. یادی بۆ هەمیشە لە دڵمانا بە زیندویی ئەمێنێتەوە و بە تێکۆشانمان بۆ وەدیهاتنی ئاواتەکانی، ڕێز لە ناو و خەبات و تێکۆشانی ئەگرین و یادی بەرز و بەڕێز ڕائەگرین. بەرز و بەڕێز بێ یادی کاک میرزاعەلی کتابی و سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای ڕزگاری. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کومیتەی دەرەوەی وڵات ٢٦ی٥ی٢٠٢٠

PM:03:17:27/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 47 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌