ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان بەردەوامە

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە شارەکانی مەریوان و ئیلامەوە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە،  لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دارستانەکانی مەریوان و ئیلام لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگریان تێبەردرا و بەم هۆیەوە سەدان هێکتار لە دارستانەکانی ئەم ناوچانە سووتاون.
هەواڵەکان لە مەریوانەوە باس لەوە دەکەن: ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی پووشپەڕ، دارستانەکانی گوندی هەڵوژانی سەر بە شاری مەریوان ئاگری گرت و پاش چەند کاتژمێر، بە هەوڵ و هیمەتی خەڵکی ناوچەکە و چالاکانی ژینگەپارێزی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
شایەدحاڵێکی ڕووداوەکە بە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند: لە کاتی کوژراندنەوەی ئاگرەکەدا هەندێک کەرەستەی گوماناویمان دۆزیەوە کە نیشانی دەدا، ئاگرکەوتنەوەکە ئەنقەست بووە و لە لایەن کەسانێکەوە بە ئامانجێکی دیاریکراو ئەنجام دراوە.
لە لایەکی دیکەوە، هاوکات ڕۆژی ڕابردوو، بۆ جاری سێهەم لە هەفتەی ڕابردووەوە، بەرزاییەکانی زەڕین ئاوای سەر بە شاری دێهلۆڕان لە پارێزگای ئیلام ئاگری تێبەربوو کە خەڵکی ناوچەکە سەرەڕای هەموو بێ ئیمکاناتی و کەموکوڕییەک خۆیان گەیاندە شوێنەکە و توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
جێی ئاماژەیە، سیاسەتی لەناوبردنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان شتێکی تازە نییە؛ هەموو ساڵێک، لەگەڵ گەرم بوونی کەشو هەوا، کۆماری ئیسلامی لە رێگای دەستوپەیوەندەکانییەوە هەوڵی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان دەدات و بە هۆی ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیەوە ساڵانە بە هەزاران هێکتار لە دارستانەکانی کوردستان لەئاگردا دەسووتێن.

PM:05:09:25/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌