تەقینەوەیەکی گەورە لە ناوەندی ئەتۆمیی پارچین ڕوویدا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ٦ی پووشپەڕ، هاوکات لەگەڵ بینینی ڕووناکییەکی گەورە لە ئاسمانی شاری تاران، دەنگی تەقینەوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ئەم شارە و لە "ناوەندی ئەتۆمیی پارچین" بیسترا .

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران لە یەکەم کاردانەوەی، پشتڕاستی کردەوە کە ڕووداوەکە لە ناوەندی ئەتۆمیی پارچین بووە بەڵام هۆکارەکەی بۆ تەقینەوەی گاز گەڕاندەوە و ڕایگەیاند: هیچ زیانێک بە ناوەندە ئەتۆمیی و سەربازییەکە نەگەیشتووە. و بە هاوکاری ئاگرکوژێنەوە، توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، چەند سەرچاوەی نافەرمی بڵاویان کردۆتەوە: ناوەندی ئەتۆمیی پارچین بۆردومان کراوە و چەند سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێن: تەقینەوە ڕوویداوە.
لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا لێکدانەوەی جۆراوجۆر لەم ڕووداوە کراوە بەڵام چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ پۆشینی ناوەرۆکی ڕووداوەکەیە و دوورە لە ڕاستی.
تا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە ئاشکرا نەکراوە بەڵام دەنگدانەوەی ڕووداوەکە لە ماوەی چەند کاتژمێردا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تووشی شۆک کردووە.
هاوکات لەگەڵ ڕووداوەکەی تاران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا، لە عەمەلیاتێکی سەرکەوتووانەدا، لە بەغدا، ١٩ فەرماندە و بەرپرسی باڵای حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵایان بە تۆمەتی ئەوەی دەستیان لە هێرش بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دا بووە دەستگیر کرد.
زۆرێک لە چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە تەقینەوەکەی تاران پەیوەندی بە عەمەلیاتەکەی ئەمریکا لە بەغداوە هەیە، بەڵام تا ئێستا لە لایەن هیچ ناوەندێکی فەرمییەوە ئەم ئیدیعایە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

AM:04:31:26/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌