خەڵکی شاری پاوە پێشوازیان لە تەرمی ژینگەپارێزانی شەهید کرد

بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، ئەمشەو یەکشەممە، ٨ی پووشپەڕ، خەڵکی شاری پاوە لە بەردەم تێرمیناڵی کرماشان _پاوە، کۆبوونەوە و پێشوازیان لە تەرمی ئەم سێ ژینگەپارێزە کرد کە ئەمڕۆ لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەرەخیڵی پاوە، گیانیان بەخت کرد. 
خەڵکی شاری پاوە بە وتنەوەی سروودی "ئەی شەهیدان" و هەڵگرتنی پلاکارت بە درووشمی (نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میلەتدا دەژین) تەرمی ئازیزیی ژینگەوانانی شەهیدیان لەئامێز گرت.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٨ی پووشپەڕ، لە جەریانی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی " موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی"، گیانیان بەخت کرد و چەند ژینگەپارێزی دیکەش برینداربوون.
دەوترێ، تەقینەوەیەک لەناو ئاگرەکە ڕوویداوە کە بووەتە هۆی گیانبەختکردنی ئەم سێ ژینگەپارێزە و هاوشێوەی ڕووداوەکەی ٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی شاری مەریوان کە بوو بە هۆی شەهیدبوونی شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی، هەموو ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەم ڕووداوەش دەستی کۆماری ئیسلامی لە پشتە.

PM:11:58:28/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 243 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌