خوێندکارێکی دوکتورا لە ئێران بە هۆی ڕەخنەگرتن لە "خامنەیی" سزا درا!

ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ خوێندکارێکی دکتۆرا لە ئێران بەهۆی ڕەخنەگرتن لە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوو ساڵ زیندان و٦٠جار سەردانی زۆرە ملی بۆ ئەو شوێنە کە رەخنەکەی لێگرتووە، مەحکووم کرا.

پارێزەر و خوێندکاری دکتۆرا لە بەشی یاسا بە ناوی "محەمەد عەلی کامفیرووزی" لەسەر سکاڵای بەشی هەواڵگریی سپای پاسداران دادگایی کراوە و بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە رێبەری کۆماری ئیسلامی بە دوو ساڵ زیندان و ٦٠ جار سەردانی زۆرەملی بۆ شاری شیراز لە ماوەی پێنج ساڵدا مەحکووم کراوە.

ئەو چالاکوانە خوێندکارییە لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەکی خوێندکاران لەگەڵ "عەلی خامنەیی" ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری شیراز قسەی کردووە و گوتوویەتی: "شێوازی رێبەریکردنی خامنەیی لە بواری پاراستنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک جێی ڕەخنەیە و توویەتی؛ ئەگەر خامنەیی ئاگای لەو پێشێلکارییانە نییە، جێی داخە، ئەگەریش ئاگای لێیە و پێشی پێناگرێ، سەد هێندە جێی داخە"!

ناوبراو لەسەر ئەو قسانە دادگاییکراوو و بە دوو ساڵ زیندان و ٦٠ جار سەردانی زۆرەملی بۆ ئەو شوێنەی کە تێیدا ڕەخنەی لە خامنەیی گرتووە، سزا دراوە. 
بە پێی ئەو سزایە ناوبراو هەموو مانگێک لە تارانەوە بچێت بۆ ئەو شوێنەی کە ڕەخنەکەی لە خامنەیی گرتووە. مەودای نێوان تاران و شیراز (ئەو شوێنەی کە محەمەد عەلی کامفیرووزی ڕەخنەی لە خامنەیی گرتووە) زیاتر لە ٩٣٠ کیلۆمیترە. 

کامفیروزی لە دایکبووی شیرازە، بەڵام ئێستا لە تاران نیشتەجێیە.

ئەو چالاکوانە خوێندکارییە چوار ساڵ پێشتریش لە کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی نزیک لە دەسەڵات لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامی لە تاران گوتوویەتی، دەزگای داد بەهۆی پرسیارکردن لە رێبەری کۆماری ئیسلامی لێپرسینەوە لەگەڵ خوێندکاران دەکات و خامنەیی لە وەڵامدا گوتی قسەکردن لە دژی ئەو تاوان نییە، نابێت کەس لەسەر ئەمە سزابدرێ بەڵام کامفیروزی لە ماوەی ئەم سێ چوار ساڵەدا کە ئەو قسانەی کردووە چەندینجار لە لایەن دەستگا ئەمنییەتییەکانی ڕژیم بانگهێشت کراوە.

ڕەخنە گرتن لە خامنەیی و ئایەتوڵڵاکان لە ئێران بە پێی یاسای کۆماری ئیسلامی بە بێڕێزی کردن بە ئیسلام و نیشانەکانی خودا لە سەر زەوی ئەژمار دەکرێت و سزای یاسایی بە دواوە دەبێت.


PM:04:17:05/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 249 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌