ئێعدامی دوو کورد بە هۆی تۆمەتێک کە قەت نەسەلمێندرا

ئێعدامی ٢ زیندانی سیاسی کورد بە تۆمەتێک، کە هەرگیز نەسەلما!


فریشتە گوڵوانی

پەیوەندییە گشتیەکانی دەزگای قەزایی ئوستانی ورمێ بە دەرکردنی ڕاگەیاندنێک، هەواڵی ئێعدام کردنی "سابیر شێخ عەبدەوڵڵا" و "دیاکۆ ڕووسوڵزادە"ی ڕاگەیاند و لە ڕاگەیاندنەکەیدا ناوبراوانی بە ئەنجام و تێوەگلانی تەقینەوەیەکی ساڵی ١٣٨٩ی شاری مهاباد تۆمەتبار کردووە.

تۆمەتێک کە هەرگیز لە هیچ دادگایەکی دادپەروەرانە و ئاشکرا نەسەلما و تەنیا لە سەر دان پێدانانی تۆمەتباران ئەم حوکمە بە سەریان دا جێ بە جێ کرا. دان پێ دانانێک کە چەندین جار لە لایەن خودی دیاکۆ و سابیرەوە ڕەت کرایەوە و باسیان لەوە کرد کە لە ژێر ئەشکەنجە و جەزرەبەی تاقەتپرووکێنی کاربەدەستان و بازجووەکان وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران، لێیان وەرگیراوە.

سوڵتان ئەفشاری زیندانی سیاسی پێشووی کورد کە بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە زیندانی ورمێ و مهاباد لەگەڵ سابیر و دیاکۆ هاوزیندانی بوو باس لەوە دەکات کە چەندین جار "سابیر" باسی لەوە کردووە کە کاتێک کە ئوتووی هەڵمیان بە پشتی دا دەهێنا ناچار ئەو ئیعترافەی کردووە.

سۆران ئازەربار یەکێکی دیکە لە زیندانیان سیاسی کورد کە هاوبەندی زیندانییە ئیعدام کراوەکان بووە، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باس لەوە دەکات کە؛ دیاکۆ و سابیر دەگێڕنەوە لە دادگا فەرمایشییە چەند خولەکییەکە، قازی دۆسییەکە وتوویەتی؛ "دزانم ئێوە ئەو کارەتان نەکردووە، بەڵام هیچ لە دۆسییەکە ناگۆڕێت" واتە هەر ئیعدام دەکرێن.

شایەتحاڵێک کە دۆستی دیاکۆ بووە دەگێڕێتەوە کاتی تەقینەوەکە "دیاکۆ لە ناوبازاڕی شاری مهاباد لەگەڵ هاوڕێیانی پیاسەیان دەکرد". هەموو سەرەداو و ئاماژە و بەڵگەکان باس لە بێ تاوانی ئیعدام کراوەکان دەکات.

شاهید عەلەوی میدیاکار و چالاکوانی مافی مرۆڤ لە توێی لێکۆڵێنەوە و بەدواداچوونێک بۆ دۆسییەی ئەو ئیعدام کراوانە، باس لە دەیان دژوازی زەقی ئەو دۆسییە دەکات کە دەیسەلمێنێت ناوبراوان بێ تاوانن.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە دۆخی ئێستادا ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر بە ئێعدام مەحکووم دەکات و دەست دەبات بۆ لە سێدارە دانیان، نموونەکەی حووکمی ئێعدامی سێ کەس بە ناوەکانی ''سەعید تەمجیدی، ئەمیر حسێن مرادی و محەمەد ڕەجەبی" لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوویە کە بە هۆی ئەوە کە خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو (٨ی ١٣٩٨ی هوتاوی)، ناڕەزایەتی خۆیان لە سیستم و حکوومەتی ئێران دەربڕیبوو. ئێستاکەش بۆ چاوترسێن کردن و دروست کردنی کەش و هەوای ترس و دڵەڕاوکێ ئەم دوو لاوەی کوردی ئیعدام کرد و بڕیارە ٣ لاوی تری ئێرانیش لە سێدارە بدات.

بابەتێکی "ژیار گوڵ" هەواڵنێری بی بی سی نووسیوێتی: "من هەوڵی زۆرم دا کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لەگەڵ بنەماڵەی ناوبراوان قسە بکەم، بنەماڵەکانیان بڕوایان ئەوە بووە کە سابیر و دیاکۆ بێ تاوانن و ئازاد دەبن و لە بەرژەوەندی ئەم دۆسییەدایە ئەگەر دۆسییەکە مێدیایی نەکەنەوە. دۆسییەی ئەو دوو کەسە چەند جار ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کراوە و دیسان دراوەتەوە بە دادگای ئینقلاب و ئەوە واتای گومانی جیددییە لە حوکمی سەرەتایی ئەو تۆمەتبارانە.

ئەوەی ئاشکرایە کە هەر کات کۆماری ئیسلامی لە ئاخیز و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری بترسێت و یان بە نیازی سازانێک لە ئاستی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بێت، ماشێنی سەرکوت و ئیعدامی کارارتر دەکاتەوە. ئیعدامی دوو گەنجی کورد و سەپاندنی سزای سێدارە بۆ ٣ گەنجی تری ئێرانی لە ماوەی کەمتر لە ٢ هەفتە، ئەو ترسەی ڕژیم لە هەستان و ئاخێزێکی جەماوەری دەردەخات.


AM:11:53:15/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌