چوار لاوی شاری بانە سزای ١٦ ساڵ و حەوت مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا

چوار لاوی خەڵکی شاری بانە بە تۆمەتی سووتاندنی بەنێری قاسم سلێمانی، سزای ١٦ ساڵ و حەوت مانگ زیندانیان بەسەر داسەپا.

چوار لاوی کوردی خەڵکی شاری بانە بە ناوەکانی "ئارمان حسێن زادە"، ٢٠ ساڵان، "بەهمەن ڕەحیمی" ١٩ ساڵان، "میلاد حسێنی" ١٩ ساڵان و "سینا عەبدوڵڵاهی" ١٧ ساڵان، کە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی سووتاندنی بەنێری قاسم سلێمانی و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شاری بانەوە دەستبەسەر کرابوون، خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز سزای ١٦ ساڵ و حەوت مانگ زیندانیان بەسەر داسەپا.

"ئاڕمان حسێن زادە" بە ٦ساڵ و ٧مانگ زیندان، "میلاد حسێنی" بە ٦ ساڵ و ٦ مانگ زیندان و "بەهمەن ڕەحیمی" بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندان سزا دراون، بەڵام سزای "سینا عەبدوڵڵاهی" تا ئێستا ناڕوونە.

بەهمەن ڕەحیمی و میلاد حسێنی ئێستا لە زیندان دان و خەریکی تێپەڕاندنی حوکمەکەیانن و هەروەها ئارمان حسێن زادە و سینا عەبدوڵڵاهی بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

PM:03:10:19/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌