٢٨ی گەڵاوێژ، بەڵگەی شکستی ڕژیم و ڕووسووری کورد لە مێژووی بەرەنگاریدا!

خوێندنەوەی کورت دەربارەی ٢٨ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی فەتوای جیهادی خومەینی دژی گەلی کورد
  
کەیوان فەرامەرزی

خەباتی کورد دژ بە دەسەڵاتی حکومەتی پاشایەتی بەر لە خۆداسەپاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەر خەڵکی ئێراندا لەبەرچاوە و ڕابردوویەکی پڕ لە شانازییە کە مێژوو لە گەڵ شاهیدحاڵ و بەڵگەکان سەرچاوەی مسەوگەربوونی ئەم بەرخۆدانانەن. 
دوای شۆڕشە مەزنەکەی گەڵانی ئێران دژی حکومەتی پاشایەتی، لە سەرەتای هاتنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کورد نە دروشمەکەی "ئیستقلال، ئازادی، جمهوری ئیسلامی" بوو، نە خواستەکەشی حکومەتێکی تێکەڵ بە ئائین بوو، بەڵکو سکولار و دژی ستەمی نەتەوایەتی بوو، هەر ئەو خاڵە، واتە جیاوازی خواستی سیاسی نەتەوەی کورد لەو کاتەدا  وڵامدانەوی "نا"ی کورد بوو ڕوو بە دامەزراندن و سیاسەتی حکومەتی تازەی ئێران. گومانی تێدا نییە سەرەتا خۆپاراستنی کورد لە شەڕبە شێوەی خۆپێشاندانە هێمنانە جەماوەرییەکان و تەنانەت کۆچی خەڵکی مەریوان پێشکەوتوویی و مەدەنییەتی شێوازی خواستی کوردی بەرامبەر بە رژیمی ئیسلامی و دنیا نیشاندا. هەروەها وڵامدانەوە و بەرنگاریی ڕەوای جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە ٢٨ی گەڵاوێژدا  دوای "فتوای جیهادی خومەینی دژی کورد" بە گەورەترین سەرکەوتنی کورد تومار کراوە و مەزن هەژمار دەکرێ، تەنانەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین بەڵگە و داکۆمێنتی بڵاو کردۆتەوە وە لە زمان فەرماندە پاشماوەکانی ئەوکاتی خۆیانەوە سەرەڕای بە لەبەردەستبوونی ئەو هەموو کەل و پەل و چەک و تەقەمەنی نیزامییەوە کە لە لە لایەن ڕژیمی شاوە بۆیان بەجێ مابۆوە و لە بەردەستیان بوو، لە بەرامبەر خۆڕاگریی و بەرنگاریی خەڵکی کوردستان باس لە زەلیلی و داماوی وە هەروەها شکستی خۆیان دەکەن. 
ڕاستە مێدیا لەو سەردەمەدا بە ڕادەی ئێستا لە خزمەت مرۆڤدا نەبوو، بەڵام  هاتنی داعش و وەحشیگەرییەکانیان ڕێک زیندووکەەرەوەی هەڵسوکەوتی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، کە لە کوردستان دوای فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر خەڵکی کوردستان ئەنجامیاندا و ئێستاش هەر بەردەوامە. بەڵگەی تاوانەکان نە لە بیر دەکرێن نە ئاسەواریان دەفەوتێ، ناردنی حاکمی شەرع واتە "خەڵخاڵی" بۆ کوردستان بە مەبەستی دادگایی کردنی ناڕەوای خەڵک لە چرکەیەکدا، بڕیاری ئێعدامی هەزاران ئینسانی بێتاوان، لە ناو بردنی تەواوی بزووتنە کۆمەڵایەتییەکان و هەزان تاوانی دیکە کە وەک کارنامەی ڕژێمی ئێران لە بەردەستن. فتوای خومەینی لە سەر کورد، دوای لە ناوبردنی شۆڕشی "ئاگری" و دەستپێکی کۆمەڵکوژی کورد لە دۆڵی "زیلان"ی باکووری کورستان  لە ١٣ی ڕەزبەری ١٩٣٠دا، دووهەمین فەرمانی کۆمەڵکوژیی زنجیرەیی لە سەر نەتەوەی کورد هەژمار دەکرێت داوتریش "ئەنفال" و کارەساتی "هەڵەبجە" لە کوردستانی باشوور. 
دەستپێکی جیهادەکەی خومەینی  ڕۆژی ٢٨ی گەڵاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی بە ئیعدامی سەرەڕۆیانە و بێ بەهانەی ١٢ ئینسانی بیتاوان لە شاری "پاوە" بوو، خەڵکی پاوە بۆ سبەینێی ڕۆژی دواتر دیسان دەکرێنە ئامانج و ٧ هاوڵاتی دیکەی کوردستان لە شاری بانە ئیعدام دەکرێن. هەر چەند دوای ڕوخانی حکومەتی شای ئێران لە کوردستان شپرزەیی و بێ سەروبەرەیی نەبوو بەڵام دیسانیش چەند ڕۆژ دواتر ٩ کەس لە هەڵسوڕاوانی ڕێکخراوە جەماوەریی و مەدەنییەکان لە شاری "مەریوان" ئیعدام دەکرێن. نزیک هەفتەک پاش هێڕشی هەمەلایەنە بۆ سەر خەڵکی کوردستان جەماوەری شاری "سنە" ڕۆی ٥ی خەرمانان لە خۆپێشاندانێکی هێمنانەدا ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن کە دەکەونە بەر تەقە و لاوێک گیانی لەدەست دەدات و ژمارەیەک خەڵک دەستگیر دەکرێن کە بەداخەوە دیسان بە دادگاییەکی چەند چرکەیی لە فرۆکەخانەی شاری "سنە" تیرباران دەکرێن تەنانەت لە ئیعدامییەکان دوو کەسیان بریندار دەبن و بە پێی شەرعی ئیسلام دەیانبەنە بەر سیلەی سیلاح و گولەڕێژیان دەکەن "وێنەکان تۆمار کراون". ڕۆژی شەشی خەرمانان دیسان لە شاری "سەقز "٢٠ مرۆڤی بێتاوان ئێعدام کران کە چەند کەسیان منداڵ بوون و تەمەنیان نەگەیشتبوە ١٣ ساڵ. کاک "فوادی مستەفا سوڵتانی" سیمای ناسراوی جەماوری کوردستان بەداخەوە هەر لەو هێرشەدا لە ٩ی خەرمانان گیانی لەدەست دەدات و پاش ئەو ڕووداوە  ١٠ی خەرمانان شاری "بۆکان"ـیش دەکەوێتە بەر ئەو هێڕشە. حکومەت پاش ئەو هەموو کوشتارە بۆ سبەینێکەی ٦٨ کەسی مەدەنی لە گوندەکانی "قاڕنێ" و "قەڵاتان"ی سەر بە شاری "نەغەدە"ی کردە ئامانج و کۆمەڵکوژییەک دەخوڵقێنێ کە ئێشتاش ئاسەوارەکەی هەر لە دیدی خەڵکدا ماوە. بەداخەوە  داوتر شارەکانی "مەهاباد" و "سەردەشت" بە تۆپ باران و باقی ناوچەکانی دیکە دەستیان بەسەرداگیرا  کە لە مەهابادیش ئێعدامی بە کۆمەڵ و کۆمەڵکوژی لە گوندەکانی وەک "سەرچناو" و "ئیندرقاش" و سەوزی وە زۆر دێی دیکە ئەنجامدرا.
دوای کۆتایی هێڕشی نیزامی حکومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان دەسەڵاتداران هەوەڵیاندا دیسان بە ئیعدام کردن و بێ سەروشوێن کردنی هاوڵاتیان خەڵک بترسێنن بۆ نموونە لە ڕێکەوتی  ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی‌دا ڕژیمی دڕندەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی خەباتکاری کوردستان، بە تایبەتی لاوانی شۆڕشگێڕ، بۆ تۆڵە ئەستاندنەوە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، لەوپەڕی دڕندەییدا ٥٩ لاوی "مەهاباد"ییان لە شاری "تەورێز" باش خۆێنمژکردن ئێعدام کرد، بەڵام خەك هەر چاو نەترس و خۆڕاگر ما. پاشان حکومەت هەوڵیاندا خۆ بخزێننە ناو کۆمەڵگا و کەڵک لە خاڵە لاوازەکانی کۆمەڵگا وەربگرێت، بۆیە، کەم داهاتیی خەڵک لە لایەک و  لە لایەکی دیکە بۆچونی ناپوختە و هەڵەی تەیفێکی کەم لە خەڵک ناڕاستەوخۆ بوون بە وردە هێزێکی پشتیوان بۆ زیاتر مانەوەی کۆماری سێدارە. بۆ نموونە خانەوادەی  شەهید و جانبار، حیراسەتی خویندنگا، ناوەند و ئیدارەکان، مامۆستایانی تایبەت بەناوی "مامۆستای تەربییەتی"، شانۆی نوێنەرانی مەجلیس وە لە و ساڵانەی ئاخیری شانۆی شوڕای شارەوانی و زۆر پلە و پایەی دیکە. شاراوە نییە زۆر کەسیش هەر لە ژێر ئەم پیلان و گوشارانەدا ئەرکی نەتەوەیی خۆیان بەریوەبرد، بۆ نموونە ئیمام جومعەی شاری مەهاباد "مەلا ڕەشیدی قەرەنیزادە" و دەیان کەسی نیشتمانپەروەری دیکە لە سەراسەری کوردستان.
هەر وەک "بەنیسەدر" کە لە چەند شوێن باسی دەکات، چەک بە کێ بێ خەڵکی مەدەنی  ناچارن لە ڕووبەرووی چەک خۆ بەدەستەوە بدەن، داوی هێرشی کۆماری سێدارە بۆ سەر کوردستان سەرەڕای ئەوە کە لە کەش و هەوای میلیتاریزەدا ئەوەی دەنگی هەڵبڕی یا ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی بە پێی یاسای شیعە بە ناوی "ملحد و مفسید فی الارض" یا تیرباران کرا یا لە سێدارە و بێ سەروشوێن کرا. بەڵام  شانازی ئەوەیە بە پێجەوانە، خەڵکی کوردستان زیاتر لە ٤ دەیەیە  لە ژێر ئەو هەموو گوشارانەی دیکتاتۆڕدا تا ئەمڕۆکەشی لە گەڵ بێ کۆڵی نەدا.
بە شانازییەوە خەباتی کورد و خۆ بەدەستەوەنەدان لەم  ڕێگا سەخت و دژوارەدا لە پێناو ڕزگاریی و دژایەتی بەرامبەر بە پیلانی شوم و نگریسەکانی کۆماری ئیسلامی وەک ئابلۆقەی سیاسی، فەرهەنگی و ئابووری لە سەر کوردستان وە پرۆپاگەندەی خراپ لە سەر ناساندن و نیشاندانی کورد لە وانە جیاوازیخواز و کافر بەردەوامە. بەچۆکدادانی چەند جارەی خۆمەینی لە بڕیارە شومەکەی دژی کورد و داوای چەند جار دانیشتن بەتایبەت لە ٢٦ خەزەڵوەری ١٣٥٨ی هەتاویدا، هەرچەند بە هۆی سەرنەکەوتنەکەی لە ١ی سەرماوەزی ١٣٥٨ی هەتاویدا دەگەڕێتەوە سەر خۆلادانی هەیئەتی نێردراو بەرامبەر بە خواستی کورد و نیشتمانەکەی، بەڵام هەر ئەوەش دانپێدانانی شکستی ئەو کاتی رژیم بووە لە بەرابەر ئیرادەی خەڵکی کوردستان. "کریس کۆچیرا" ڕۆژنامەنووسی فەڕانسەوی بە بەڵگەوە دەڵێت؛ "شکستی کۆماری ئیسلامی بە  هۆی خۆڕاگری و بەربەرەکانی نەتەوەی کورد لە پێناو دێموکراسی وڵاتەکەیاندا بوو".
فەرمانی جیهادی خۆمەینی دژی کورد و بەرگریی سێ مانگەی خەڵکی کوردستان و خۆڕاگریی زۆربەی شارەکان هەر چەند لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە و بەگشتی دنیای دەرەوە دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو وە تەنانەت لە لایەن ئێرانییەکانیشەوە داکۆکییەکی بەرچاو لە کورد نەکرا، بەڵام چەند وانە دەخاتە بەردەست کورد کە ئەمڕۆکەش بۆ نەتەوەی کورد هەر پڕ بایەخن، یەکەم  یەکگرتن و یەک بوون بوو بە هۆی خوڕاگریی جەماوەریی و سەرکەوتن، دووهەم لە داهاتووش دا ئەوە نموونە و ئۆلگوی سەرکەوتنی نەتەوەییە.  بۆیە خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بەدوای فتوای جیهادی خومەینی دژی کورد لە ٢٨ی گەلاوێژدا نەک هەر لە بیر نەکراوە، بەڵکو ئەمڕۆ و داهاتوش دەرسی لی وەردەگیرێ وە بە دڵنیایەوە نەوەکانی داهاتوش خۆڕاگری و یەکێتی گەلی کورد بە ئیرادەی پۆڵایینی نیشتمانی لە بەرامبەر هێزی تەیار بە تۆپ و تانگی داگیرکەر دەکەنە غروری شكۆمەندانەی نەتەوەیی و ڕەمزی سەرکەوتن و سەربەرزی.



PM:02:56:12/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌