پەیامی پرسە و هاوخەمی سکرتێری گشتی کۆمەڵە بە بۆنەی مەرگی دوکتۆر نەجمەدین کەریم

بەیادی کەسایەتی دڵسۆز و تێکۆشەری کورد، دۆستی بەنرخمان، دوکتۆر نەجمەدین کەریم.

بەداخەوە شەوی رابردوو، دوکتۆر نەجمەدین کەریم، کەسایەتی ناسراو و خۆشەویستی کورد، پارێزگاری کەرکوک و دۆستی بەنرخ و خۆشەویستی ئێمەمانانی کوردی رۆژهەڵات، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ئاشنایەتی نزیکمان لەگەڵ دوکتۆر نەجمەدین دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە بیست ساڵ لەوەپێش کە ئەو سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ئەمریکا و دامەزرێنەری ئەنستیتۆی کورد لە واشینگتۆن بوو. ئەو دۆستایەتیە هەتا هات نزیکتر و گەرم و گوڕتر بوو و لە زۆر بۆنەدا لە ڕاوێژ و تەگبیر و هاوکاری ئەو بەتایبەتی لەبواری پەیوەندییەکاندا سودمەند بووم و لە چەند سەفەرم بۆ ئەمریکا زۆرم پێوە ماندوو بوو کە لەبیرم ناچێتەوە.بەڵام بەگشتی، دوکتۆر نەجمەدین کەسایەتیەکی کوردستانی راستەقینە بوو و بۆ هەموو پارچەکان و هەموو لایەنەکان لە هیچ یارمەتی و هاوکارییەک درێغی نەدەکرد و چاکەی زۆری بەسەر هەموومانەوە هەیە. خزمەتی گەورەی بە کورد کرد، خزمەتی گەورەتریشی پێدەکرا، مەخابن کە مەرگ مۆڵەتی پێنەدا. لەدەستدانی، خەسارێکی گەورە بوو.

سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم بە هەموو بنەماڵەی بەڕێزی دوکتۆر نەجمەدین بەتایبەتی زۆزان خانی هاوسەری و منداڵەکان و کاک دوکتۆر بەختیاری برای و هەموو دۆستان و هۆگرانی پێشکەش دەکەم.


PM:10:32:31/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌