ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە ٢٠ی خەزەڵوەڕی ساڵی
١٣٩٩ی هەتاوی لە ڕێ و ڕەسمێکی تایبەتدا کۆمەڵێکی بەرچاو -کە
ژمارەیان پتر لە ٧٠ کەس بوو- لە هاوڕێیانی پێشـمەرگە
و لایەنگر، پاش سەرکەوتووانە تێپەڕاندنی قۆناغی بەرئەندامی بە شێوەی ڕەسمی بوون بە
ئەندامی کۆمەڵە.
ئەو ڕێ و ڕەسمە کە
لە لایەن کۆمیسیۆنی ئەندامگیری کۆمەڵەوە ڕێکخرابوو، بە بەشداری ئەندامانی
سەرکردایەتی و کۆمەڵێک لە کادر و ئەندامانی حیزبی بەڕێوە چوو.
لە ڕێ و ڕەسمەکەدا بە خولەکێک بەبێ دەنگی وەستان
بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی
خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد و دواتر هاوڕێ بەختیار عەلیار یەکێک لە ئەندامانی
کۆمیسیۆنی ئەندامگیری کۆمەڵە ڕێ و ڕەسمەکەی کردەوە. دواتر هاوڕێ ئەعزەم قوبادیپور
یەکێکی تر لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی ئەندامگیری کۆمەڵە وتەیەکی سەبارەت بە ڕۆڵ و
ئەرک و مافەکانی ئەندامی کۆمەڵە پێشکەش کرد.
پاشان هاوڕێیانی
تازە ئەندام حوکمی ئەندامییەتییان پێ بەخشرا.
جێی ئاماژە جیا لەو
هاوڕێیانە، کۆمەڵێکی تر لە هاوڕێیانی بەشە جیاجیاکانی خەباتی کۆمەڵە، وەک بەرئەندام
ناسێنران و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا، قۆناغی بەئەندامییەتی
سەرکەوتووانە تێپەڕ بکەن و بە شێوەی ڕەسمی ببن بە ئەندامی کۆمەڵە.
بە ناوی ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەوە پیرۆزبایی
لەو هاوڕێیانە دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان لە ئەرک و خەبات دا بۆ دەخوازین.
ناوەندی ڕاگەیاندنی
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ
٢٠ی خەزەڵوەڕی
١٣٩٩ی هەتاوی
١٠ی نوامبری ٢٠٢٠ی
زایینی