زندانییەکی سیاسی کورد لە زیندانی شاری ورمێ مانی لە خواردن گرت


زیندانییەکی سیاسی کوردی خەڵکی ماکۆ کە لە زیندانی شاری ورمێ لە بەند دایە، بە هۆی ناڕەزایەتی دەستی دایە مانگرتن و مانی لە خواردن گرت.

بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵنێری ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، "موستەفا سەبزی" زیندانی سیاسی کوردی خەڵكی شاری ماکۆ، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١ی بە فرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، بە هۆی ناڕەزایەتی بە بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ و ئیزن نەدان بۆ ئامادە بوون لە پەرسەی براکەیدا دەستی دایە مانگرتن.

لە ماوەی چەند ڕۆژ ڕابردوودا برای ئەم زیندانییە سیاسییە بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کوڕۆناوە گیانی لە دەستدا و بەرپرسانی زیندان ئیزنی پشوودان و مەرخەسیان بە ناوبراو، بۆ ئامادە بوون لە پەرسە و ناشتنی براکەیان نەداوە و داوای بڕی یەک میلیارد تمەن بارمتەیان لێ کردووە و ناوبراویش سەبارەت بەم کارەی قازی و بەرپرسانی زیندان ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە و مانی لە خواردن گرتووە.

موستەفا سەبزی، خەڵكی ماکۆ مانگی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە شاری ورمێ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی٢ مانگ لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەمنیی شاری ورمێ لە ژێر لێپرسینەوەی هێزە ئەمنییەکانی سپا دا بوو. پاش چەند مانگ لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە ١٥ ساڵ لەبەند کردنی مەحکووم کرا .


AM:09:25:22/12/2020




ئه‌م بابه‌ته 206 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌