هاتنەوە بۆ ماڵە باوان و بە سووریەیی کردنی ئێران!

بیژەن قوبادی

قەیرانی سووریە بە ڕاپەڕینی خەڵکی ئەو وڵاتە بە دژی دیکتاتۆریەتی حیزبی بەعس و بنەماڵەی ئەسەدی دەسەڵاتدارەوە دەستیپێکرد و تا ئەمڕۆ درێژەی کێشاوە. دەسەڵادارانی ئەو وڵاتە توانایی بەرنگار بوونەوەی خەڵکی وەزاڵە هاتووی ڕاپەڕیویان نەبوو. وڵاتی سووریە وەکوو ولاتانیتری دەورو بەری خۆی وڵاتێکی دەستکردی پێکەوە لکێندراوە. لە ئێراق و ئەزموونی روخانی دەسەڵاتی بەعسیەکان و بنەماڵەی سەدام، ئاڵوگۆڕی زۆری بەدواوە بوو کە بە قازانجی وڵاتانێکی وەکوو تورکیە و ئێران نەبوو. ئەو دوو وڵاتە خۆیان تووشی قەیرانی نێوخۆیی بوون. سەرباری قەیرانی نەتەوەیی و داخوازە نەتەوەییەکانی نەتەوە بندەستەکان، ئەو وڵاتانە تووشی تەنگ و چەڵەمەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی تایبەت بە خۆیانن. رووسەکانیش بەشێوازی نەریتی سووریەیان وەکوو بنکەی ناوچەیی خۆیان چاولێ ئەکرد. لە ئەگەری روخانی دەسەڵاتی بەعسیەکان جیا لە دەسەڵاتدارنی سەرەڕۆی ئەو وڵاتە،ئەو سێ لایەنەش بە خەستی هەستیان بە مەترسی ئەکرد. هیچکامیان ڕازی نەبوون دۆخی ئێراق دووپات بێتەوە و لانیکەم بەرەوڕووی کێشەی قووڵتری نەتەوەیی و بەتایبەت کێشەی کورد ببنەوە و هەرێمی کوردییتر لەم ناوچەیە سەرهەڵ بێنێت و دابمەرزێت.

رووسەکانیش حازر نەبوون ئەو پێگە سونەتیەی خۆیان لەدەس بدەن و دەستیان بەتەواوەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ولاتانی عەرەبی کورت بکرێتەوە و بنکۆڵ بکرێن. هەروەها بە سانایی هەروەک ئەفغانستان، سووریە ڕادەستی ئامریکا یان وڵاتانی ئۆروپایی بکەن. بۆیە لە پێشدا تورکیە بە تەیارکردن و ناردنە مەیدانی هێزە دەسکردە توندئاژوە تێرۆریستەکانی خۆی بۆ ناو وڵاتی سووریە و داگیرسانی شەڕی ڕەشەکوژی و ئەنجامی تاوانی دڕندانە هەم ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ڕاپەڕینی خەڵکی لە سووریە خەوشدار کرد و بە لاڕێیدا برد و هەم وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت ئۆروپاییەکانی لە ئەگەری روخانی دەسەلاتی بەعسیەکان لە سووریە تۆقاند، هەرچەند کە بەڕواڵەت دژایەتیی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی ئەکرد، بەڵام ئەو شێوازە لە هەڵسوکەوت تەنیا ڕواڵەتێکی کاسبکارانە بوو نە هیچیتر. ئەوە بوو مەیدان ئاوەڵا کرا بۆ ئەو گشتە تاوانە دڕندانەیە بەرانبەر بە خەڵکی سووریە و خەڵکانیتری ناوچەکە.

لە ئاکامدا شۆڕشی خەڵکی سووریە هەرەسی پێهێندراو و ئەو وڵاتە کرایە مەیدانی ڕمبازێنی توندئاژوترین لایەنی تێرۆریستیی پشت بەستوو بە ئایین. ئێستاش لەو وڵاتە تەنیا وێرانەیەک ماوەتەوە و بەس.

کاولکاری لە وڵاتی سووریە و دڕندەیی سەربازانی خلافەتی ئیسلامی و ئەو تاوانە دژە ئینسانیانە کە ئەنجام دران، بە لێشاوی و بەرینی لە سەرانسەری جیهانی ڕەنگدانەوەیی میدیاییان هەبوو. کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو لایەنانە بوو کە بە دەست بردنە ناو گیرفان و سفرەی جەماوەری خەڵکی ئێران و بە باجدان بە رووسەکان و لایەن توندئاژوەکانی سەر بەخۆی، دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی لە لێواری مەرگدا رزگار کرد.

بەداخەوە لە قەیرانی سووریەدا بڕێک لایەنی هاوپەیمانی بنەماڵەی ئەسەد بەناو کورد بوون، ئەرکی پاراستنی ناوچە کوردیەکانیان وە ئەستۆ گرت و هێزەسەربازیەکانی پارێزەری دەسەڵاتی بەعسیەکان و سەرکوتکەری کوردی ئەو وڵاتە ئازاد کران بۆ سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی ناوچەکانیتری سووریە.

بە زیندووکردنەوە دەسەڵاتی دەمێشق، هەم شۆڕشی خەڵکی سووریە شکستی پێهێندرا و هەم بزووتنەوەی کوردی لەو وڵاتە کرایەوە قاوخ.

پاش تێپەڕ بوونی ماوەیەک و درێژە کێشانی قەیرانی سووریە، ناڕەزایەتیەکان لە ئێران پەرەیان سەند و کۆماری ئیسلامی بە هەست بە مەترسیی مەرگ کردن، کەوتە مانوڤڕ دان لە سەر قەیرانی سووریە. ئەوە بوو لەو ماوەیەدا هەموو بیسەری ئەو بابەتە بووین کە لە لایەن نەویترین تا بەرزترین بەرپرسانی ئێرانەوە باس لەوە دەکرا کە: « لە ئەگەری نەمانی کۆماری ئیسلامی، دۆخی ئێران وەکوو سووریەی لێ دێت!» ئەو بابەتە لە حاڵێکدایە کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکانی خەڵکی سووریە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوکۆماری ئیسلامین کە پاڵپشت و داڵدەدەری بوون، هۆکاری مانەوەی بەشار ئەسەد و ئەنجامی تاوانی دڕندانە دەرحەق بە دانیشتووانی سووریە و وڵاتانی دەوروبەری.

کۆماری ئیسلامی ئەرکی خۆی لە سووریە بەجێ هێنا و چیتر پێویستیان پێی نیەوە و لە هەموو لایەکەوە لە ژێر گوشارایە بۆ چوونەدەرەوە لەو وڵاتە. تەنانەت هاوپەیمانی مێژینەی واتە رووسیەش بەشێکە لەو زەخت و گوشارانە.

هاوکات لە ئێران بارینی باران و هەستانی لافاو بووە هۆی ویرانی و زەرەر و زیانێکی لە ڕادەبەدرە بۆ دانیشتووانی لانیکەم بیست و چوار پارێزگای ئێران. ناکارامەیی دامودەزگا حکوومەتیەکان لە چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەل ئەو قەیرانە و لە زۆر شوێندا رۆڵی بە ئەنقەست، تێکدەرانە و مەبەستداری سپای پاسدارانبۆ پاراستنی داهات و سامانەکانی ئەو ناوچانە بۆ خۆی و هەروەها ڕاونان و دەرکردنی دانیشتووانی ڕەسەن و خۆجێی و گۆڕینی دیمۆگرافیی ئینسانی بە مەبەستی دەسبەسەراگرتنی ناوچەی شوینی مەبەست، ناڕەزایەتیی بەرینی لێکەوتەوە.

بەلەبەرچاوگرتنی ڕووداوەکانی دووساڵی ڕابردوو و ناڕەزایەتی و بێزاریی جەماوەری لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و دەربڕینی ڕاشکاوی ئەو ناڕەزایەتیانە، هەروەها دۆخی ناوچەیی و جیهانی، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە مەبەستی خەڵک تێگەیشتوون و رێگای دەربازبوونێک بۆ خۆیان نابینن.

ئابووریەکی ڕووخاو، کۆمەڵگایەکی بێهیوا و داهاتوو لێڵ و تەماوی، پەرەسەندنی هەژاری و نەداری، بێکاری، داتەپینی کۆمەڵایەتی، بەتاڵان بردنی هەموو سامانەکانیان لە پێش چاوی خۆیان و سەدان گرفت و کێشەی دیکە کە گشت بەستێنەکانی ژیانی خەڵکی تەنیوەتەوە.

خەڵک هیچیان بۆ لەدەستدان، لە بەردەستا نەماوە و تا دێت شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان بەرین و بەرینتر ئەبنەوە. زۆرێک لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی تووشی هەڵوەرین بوون و ئەو رژیمە توانای سەرکوتی نەماوە. نیشانەهایەک لە سەرپێچی لەناو ڕیزە سەربازیەکانیدا بەزەقی دەبینرێن. تاکەهێزێک کە پشتیان پێی بەستبوو، سپای پاسداران بوو. دیاردەی هەڵوەرین و تەنانەت هەڵهاتن ئەوانیشی گرتووەتەوە، بۆیە جیا لە بەشێکی دیاریکراویان، متمانەیان بە سپاش نەماوە. جالێرەدایە بۆ ڕاگرتنی ورەی ئەوبەشە، دەستەو داوێنی هێزی پشتیوان بوون و ئەوەتا «مووی «هێزە دەستەمۆە دەرەکیەکانی خۆیان «هەڵپرووزاند».

چەند ساڵە بە لێشاو خەرجیان بۆ ئەکەن و لە هەموو جیهان ئەرکی کوشتن و ڕفاندن و تێرۆریان پێ ئەسپێرن وئەمڕۆش لە هەمووکات زۆرتر پێویستیان پێیانە وبەو شێوەیە و بە بیانووی یارمەتیدانی ناوچە بەر لافاو کەوتووەکان، هێنایاننە مەیدان.

ئەو ڕژیمەی هەرچەشنە ناڕەزایەتیەکی جەماوەریی بە ناوی « پێشگیری کردن لە بە سووریە بوونی ئێران» بە دڕندانەترین شێواز سەرکوت ئەکرد، ئەمڕۆ خۆی ئەو دۆخەی خولقاندووە و بە کردەوە وڵاتی ئێرانی کردووەتە سووریە.

دوورنیە بە هێنان و سەقامگیر کردنی ئەو هێزانە، سبەی لە ئەگەری هەر ناڕەزایەتیەکدا لە لایەن خەڵکەوە، ئەو هێزانە بکەتە دوو بەشەوە. بەشێکیان ڕاستەوخۆ راسپێردرێن بۆ سەرکوتی بێبەزاییانە و ڕاستەوخۆی خەڵک و بەشێکیان بخزێنرێنە ناو خەڵکی ناڕازی و ئەرکی کوشتوبڕ و ڕاوڕووت و تاڵان و ئەنجامی تاوانیان پێ بسپێردرێت و بیخاتە سەر حەسابی جەماوەری ناڕازی بە مەبەستی بەدناوکردنی خەڵکی بێزاری خوازیاری ئاڵ و گۆڕ.

لە لایەکیترەوە و بە گۆڕینی فەرماندەی سپای پاسداران و دانانی کەسێکی بێمێشکی سەرشێت وەکوو پاسدار سەلامی، ئەو ڕاستیە دەردەکەوێت کە جەمسەری راستەقینەی دەسەڵات بە نیازی شەڕە و مانەوەی خۆی بە شەڕەوە گرێ داوە. ئەگەر جیالەوەیە، کامە عەقڵی تەندروست لە وەها دۆخێکدا و کەوتنە ناو لیستی تێرۆری سپا لە لایەن ئامریکاوە، بە کردەوە هەڵپەساردنی ڕێکەوتنی بەناو بەرجام، چڕ بوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر ئێران، ریزبەندیی ناوچەیی، دەرکردن لە سووریە و ... پاسدارێکی توندئاژو کە دایمە خەریکی هەڕەشەکردنە، بۆ ئەو پۆستە دائەنێت؟

بۆیە بەرەوە باوان بوونەوەی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکانی سەر بە سپای پاسداران لەم دۆخەدا تەنیا بۆ دەسپێکی شەڕە و بە سووریەیی کردنی ئێران. بێهیوایی حەسەن ڕوحانی پاش گۆڕینی فەرماندەی سپای پاسداران کاتێک ئەڵێت : «هیوادارم فەرماندەی نوێی سپای پاسدارانبە پیی یاسا و لە چوارچێوەی یاسادا بجووڵێتەوە.» دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کەکودەتایەکی نەرم کراوە و ڕوحانی هیچ دەسەڵاتێکی بەدەستەوە نیە. بەڵکوو ئەوە سپای پاسداران و خامنەیین کە دیاری ئەکەن دەسپێکی دۆخی نوێ چۆن بێت. بەڵام پێویستە لە یەکشت دڵنیابنو ئەویش ئەوەیە کە راستە دەسپێک بە ئەوانە بەڵام هەر لەو ئاستەدا ئەمێنێتەوە و ئەوە جەماوری بەرینی خەڵک و ئاڵ و گۆڕە جیهانی و ناوچەییەکانن دیاری ئەکەن بەرەو کوێی بەرن و کۆتایی و ئەنجامی چۆن بێت.


AM:08:04:08/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌