بەڵێ وایە، "نە شەڕ ئەبێت و نە دان‌وستان" ئەگەر...؟


لە گرژ بوونەوەی ئاڵۆزیەکانی نێوان ئامریکا و ئێران زۆر کەس باسی ئەوەیان ئەکرد کە شەڕ ئەبێت و زۆر کەسیش بە پێچەوانەکەی. لە راستیدا ئەگەر سەیرێک لە کارەکتێری دۆنالد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا بکەین و هەڵسوکەوت و لێدوانەکانی لە بەرچاو بگرین، بۆمان دەر ئەکەوێت کە پێویستە ئێمە خوێندنەوەیەکی‌ترمان بۆ ئەو بابەتە هەبێت.

لە پێشدا پێویستە ئەو ڕاستییە لە بەرچاو بگرین کە زلهێزێکی وەکوو ئامریکا و بەڕێوەبەریی ئەو وڵاتانە نە لە سەر بنەمای تاقم، خێل، عەشیرە، دیکتاتۆریەت، حوکمی بنەماڵە، ملهوڕی و تاکڕەوی یان چەقبەستوویی ئایینی، بەڵکوو بە پێی نۆرمی زانستی دنیای ئەمڕۆ و وڵامدەرەوە لە ئاست کۆمەڵگادا دامەرزاون، شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە. لەو وڵاتانە گەڵاڵە و پلانی جیاواز و لە ئاستی جیاواز و مەودادار هەیە بە پلانی جێگرەوەوە. سەرۆک کۆمار یان هەر بەرپرسێکتر بەڕیوەبەری ڕاستەوخۆی ئەو پلانانەیە ئینجا بە پێی شێواز و کارکتێری خۆی.

سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردراوی ئامریکا لەم خولەی ئێستادا بازرگان و بێزنێسمەنە و شێوازی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەوەتا لە پێش چاوی هەموو جیهان نە بە تەقاندنی فیشکێک و نە بە بەردانی خوێن لە لووتی کەسێکی مەدەنی یان سەربازێک، تەنیا بە چەند دەرکەوتنی میدیایی، چەند سەردان و نووسینی چەند تویتێک هەم سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و هەم بۆتە سەرچاوەی زۆر باس و بابەت و لە پاڵ ئەمانەدا دۆخێکی بۆ کۆماری ئیسلامی خولقاندووە کە بە پێی دانپێدانانی سەرۆک‌کۆماری ئێران، دۆخی ئەو وڵاتە لە دۆخی سەردەمی جەنگی نێوان ئێران و ئێراق زۆر زۆر هەستیارتر و ئاڵۆزترە.

بەکشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی ناسراو بە "بەرجام" و گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، ئاستی هەناردەکردنی نەوت کە سەرەکیترین‌ سەرچاوەی داهاتی ئێرانە لە هەناردەی ڕۆژانەی نزیک بە چوار میلیون بوشکەوە دابەزیوە بۆ پێنج‌سەدهەزار و ئەمە ئەو بڕە هەناردە ڕۆژانەیەی هێناوەتە یەک لەسەر هەشتی ڕێژەی ڕۆژانەی هەناردەکردنی نەوت. بەلە بەرچاوگرتنی دابەزینی داهاتی ئێران بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا و خۆبواردنی وڵاتان لە بازرگانی لە گەڵ ئەو وڵاتە و تەنگەژە نێوخۆییەکان. لافاو و بارانبارینی لە ڕادەبەدەری وەرزی بەهار ئەمساڵ و لێکەوتە قەیراناویەکانی وەکوو لە نێوچوونی دەغڵ و دان و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان، هاوکات دابەزینی لە ناکاوی پلەی گەرما و فەوتانی میوە و بەرهەمە باخیەکەن کە ئەمانە خۆیان سەرچاوەی پەرەسەندنی دیاردەی بێکاری، کەمبوونەوەی داهات، کەمی کاڵا و پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵکن، گرانیی چەندقات لە بازاڕی ئێران بەدواوە بووە. دەسەڵات ناچار کەوتووە بۆ پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی ئاستە جۆربەجۆرەکان پەنا بباتە بەر چاپی پارە و ئەمە خۆی سەرچاوەی ئاوسان و دابەزینی هەرچی زۆرتری نرخی تمەنە.

بەم پێیەو پێداگریی ئامریکا لە سەر مەرجەکانی و هەبوونی تەنیا دوو ڕێگا واتە یان شەڕ کردن و یان تەسلیم بوون بە ئامریکا لە بەردەم ئێران و پێکهاتنی بەرەیەکی عەرەبی- ئیسرائیلی لە ناوچەکە بە دژی زیادەخوازی و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، لە هەمانحاڵدا وتەکانی خامنەیی کە " نە شەڕ ئەبێت و نە وت‌ووێژ ئەکەین". دۆخەکە قەیراناوی‌تر ئەکەن.

بە چڕتر بوونەوەی گوشارە بێ تەقەکانی! ئامریکا بۆ سەر ئێران دیسانەوە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت زۆرتر دائەبەزێت و چاوەڕوانی بەرەو نزیکی سیفر بوونەوەی، چاوڕوانیەکی دوور لە واقێع نیە. تەنانەت ئەگەر واش نەبێت و لە ئاستی سێسەدهەزاریش‌دا بمێنێتەوە، ئەو بڕە نەوتە بە نیوە قیمەت لە ئێران ئەکڕدرێت و ئەمە یانی هەر بەرمیلێک نەوت بە ٣٥ تا ٤٠ دۆلار جا باشە ئەگەر کۆی تێچووەکانی لێ دەر بکەین، ڕۆژانە داهاتی ئێران لە ڕێگای فرۆشی نەوتەوە ئەبێت بە چەند و بەشی چی ئەکات؟

هەموو ئەو بابەتانە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەر ئەخەن کە هاوکات لە گەڵ بەرز بوونەوەی پلەی گەرما، تینی لەشی تمەن زۆرتر دائەبەزێت و دۆلار باڵ ئەگرێتەوە بۆ سەرەوەی سی تا چل هەزار تمەن. بۆیە تای بازاڕ و ژیان و گوزەرانی خەڵک هەموو پێوەر و پلەپێوەکان تێک ئەدات و هاوکات لە گەڵ گەرمای هاویندا گەرمای ناڕەزایەتی بەرینی خەڵک نە بۆ خۆشگوزەرانی بەڵکوو تەنیا بۆ زیندوو مانەوە هەڵ ئەکشێت و گڕکانی جەماوەری ناڕازی ئاگر لە جەستەی کۆماری ئیسلامی بەر ئەدات.

ئامریکا هەروەکوو هەمیشە ڕایگەیاندووە، مەیلی لەسەر شەڕی ڕووتین نیە و لە ڕێگای تایبەت بە خۆیەوە دەمێکە شەڕی دەست پێکردووە و تا ئەمڕۆش دەسکەوتی بێ تێچووی زۆری بەدەست هێناوە. ئەگەر ئەمڕۆ هێزی سەربازی و کەرسەی پێشکوتووی شەڕی ڕووتنی هێناوەتە مەیدان، تەنیا بۆ پشتگەرمیی هاوپەیمانان و بەرپەرچ‌دانەوەی ئەگەرکانە.

کۆماری ئیسلامی هەروەک پێشتر باسی کردووە کە زەوینی سووتاو بە جێ دێڵێت لەوانەی یان دنەی تاقمە دەستکردەکانی بدات یا ئەوەی کە وەک دوایین پەلەقاژە زەبرێک لە وڵاتانی دەوروبەری خۆی و هاوپەیمانی ئامریکا بوەشێنیت کە هێنانی هێز و چەک بۆ بەرپەرچ‌دانەوەی ئەو بابەتەیە. جیا لەوە کامە مرۆڤی ژیر و تێگەیشتوو کاتێک ڕکابەرەکەی بەرەو هەڵدێری نەمان ئەچێت، خۆی تووشی ژانەسەر ئەکات؟ رێگای دووهەم دان‌وستانە کە جیا لە ئەو هەڵدێرە هیچ دەسکەوتێکی بۆ کۆماری ئیسلامی نیە و ئەو بوونەوەری لە ژووری دان‌وستان دێتە دەرەوە بوونەوەرێکی کلک و گوێ‌کراوە کە هیچ پێوەندیەکی بە ئەم کۆماری ئیسلامیەوە نیە.

بۆیە ئەرکی خەڵک لە پەرەسەندنی یەکگرتووانە ناڕازەیەتیەکان و یەک‌لاکردنەوەی ئەو پرسە ئەرکێکی سەرەکی و چارەنووس سازە.


PM:04:08:29/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 131 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌