کێ خەسێندراوە ؟ وڵامێک بۆ بەڕێز "لوقمان غەفوور"


لە ماڵپەڕی ئاوێنە بابەتێک لە ژێر ناوی:"ئێران بۆچی زۆنی سه‌وزو ره‌نگاوره‌نگ ده‌خه‌سێنێت"؟! لە ڕێکەوتی ٢٨/٥/٢٠١٩ و نووسینی بەڕیز "لوقمان غەفوور"دانراوە و کۆمەڵێک باس و بابەتی پێوەندیدار بە باشووری کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی و پێوەندیی ئەوان لە گەڵ وڵاتانی دەورو بەر، مێژووی ئەو پێوندیانە، کارەساتی ئەنفال، هێرشی ئێران بۆسەر کوردستان و دەرهاویشتەکانی هاتوونەتە بەر باس و لێدوان. هەلسەنگاندنی ئەو باسانەو لێکدانەوەیان پێوەندیی بەو بەشەوە هەیە و خۆیان بە خۆشیەو پسپۆڕ و شاڕەزا و نووسەر و لێکۆڵەریان زۆرە و پێویست بە خۆ تێهەڵقورتاندنی ئێمە مانان ناکات چۆن لە هەر حاڵدا "ئێرانین"!؟

بەڵام لە شوێنێکا بەڕێزیان ئاماژە بە بابەتێک ئەکەن کە پێویستە پێیان بڵێین نە کاکی برا لەنگەرێک بگرە، لەم بەشەدا بەهەڵە چوویت. لە سەر باشوور و باس و بابەتی باشوور کەیفی خۆتانە چۆن ئەدوێن و کێشە و ململانێکانتان بەرەو کوێ ئەبەن بەڵام، لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە شاڕەزایانەتر و وردتر واقێعبینانەتر بدوێن.

ناوبراو ئەڵێت : (لەلایەکی دیکەوە ئێران چۆن خۆرھەڵاتی کوردستانی خەساندووە لەھەموو ھەستێکی کوردایەتی، دەیەوێت زۆنی ڕەنگاوڕەنگیش بەھەمان ڕیتم ژیان بەڕێکات.)

کاتێک باس لە خەساندنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەکرێت پێویستە کۆمەڵێک داتا و بەڵگەتان لە بەردەستدا بێت بۆ سەلماندنی ئەو بابەتە. کاتێک بەڵگەیەکتان بەدەستەوە نیە، تکایە با تەنیا بە پێی بیستراوەکان! ئاوا حوکمێک لە سەر ڕۆژهەڵات نەدرێت.

کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بن دەستی ئێران خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیە کە یان بە ئەنقەست نابینرێن یان زۆر مەبەستدارحاشایان لێ ئەکرێت. نامەوێت نە درێژ دادڕی بکەم و نە سەری خوێنەر بێنمە ئێش بۆیە تەنیا وەکوو سەردێڕ ئاماژە بە چەند بابەتێک ئەکەم:

1- کۆمەڵگایەکی خەسێندراو خاوەنی چ تایبەتمەندی و فاکتۆرێکە؟

2- جیاوازیی دەسەڵاتانی داگیرکەری کوردستان وەکو ئێران، تورکیە، سووریە، ئێراق لە چیایە؟

3- هەلەکان لە هەموو پارچەکان بەرابەرن؟

4- ئایا کۆمەڵگایەک کە بەرانبەر بە ڕووداوەکان سەرەڕای هەموو مەینەتەکانی سەر شانی هەڵوێستی هەیە خەسێندراوە یان کۆمەڵگایەک کە هیچ هەڵویستێکی نیە؟

5- هەڵویستی ڕۆژهەڵاتیەکان بەرانبەر بە پاچەکانیت بەدرێژایی سەدەی هاوچەرخ چۆن بووە؟ ڕۆڵی پارچەکانیتر بەرانبەر بە ڕۆژهەڵات چی؟

6- ئەگەر ئەمڕۆ هێزە مرۆییەکانی ڕۆژهەڵات لە پارچەکانیتر بکشێنەوە چی ڕوو ئەدات؟

7- رۆڵی ڕۆژهەڵاتیەکان لە باکوور، لە رۆژئاوا، لە باشوور ئاوارییەکانی دەیەی نەوەدەکانی زایینی و شێوازی هەڵس و کەوتی خەڵکی ڕۆژهەڵات، بەشداریی ڕۆژهەڵاتیەکانی لە باکوور و چیلکە ئاگری ئەو ناوە، حوزووری ڕۆژهەڵاتیەکان لە ڕۆژئاوا و بەشداریی ئەوان چۆن بوو؟

8- ڕێژەی قوربانیانی تێرور و ڕفاندنی هێز و لایەنە سیاسیەکانی پارچەکانیتر لە رۆژهەڵات بە درێژایی تەمەنی خۆیان چەندە؟ هەر وەها ئاماری هەر ئەو لایەنانەی ڕۆژهەڵات لەو پێوەندیەدا لە باشوور چۆن هەڵ ئەسەنگێنن؟

9- هەڵویستی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ئاست پەسەند کردنی فێدرالیسم لە پارلەمانی بەغدا، بەرانبەر بە هەڵبژێردرانی مام جەلال وەکو سەرۆک کۆماری ئێراق، پرسی سەربەخۆیی و ڕێفراندۆم، بەشداریی لە شەڕی دژ بە داعش، کارەساتی داگیرکردنی دووبارەی کەرکووک چۆن بوو؟ ئەوانە نیشەنەکانی کۆمەڵگایەکی خەسێندروان؟

10- کامە بواری ئینسانی، پێشکەتووانە، ژینگە پارێزی و رێکخراوە هەمە چەشنەکان ئەمڕۆ بوونیان هەیە کە کوردستانیانی ڕۆژهەڵات سەرەڕای گشت ئەو زەخت و گوشارانەی لە سەریانە داهێنەریان نەبوون و نین؟

بەڵێ ڕاستە کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی ٤٠ ساڵەی خۆی حەوڵی زۆری داوە، پارەی زۆری خەرج کردووە پیلانی زۆری گێڕاوە و گەڵالەی زۆری داڕشتووە بەڵام کوردستانی تا هاتووە بەهێزتر و پڕتەوانتر و وریاتر بووەتەوە.

بە شاهێدیی هەموو دانیشتووانی ئێران، خەلکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە گشت بەستێنەکاندا پێشڕەو و پێشاهەنگن.

لە پێش چاوی هەمووانەوە و بە شاهێدیی هەمووان، دایک چەندە دڵسۆزی مناڵەکانیەتی و هەموو ژیانی خۆی بۆ بەختەوەریی منداڵەکانی تەرخان ئەکات، کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش ئەو ڕۆڵەی گێڕاوە و خەمخۆری ڕاستەقینەو پاڵپشتی هەر سێ بەشەکەی‌تری کوردستان بووە. بە گیان و بە ماڵ و هەست و سۆزیەوە لە خزمەتی هەموو پارچەکانیتردا بووە و هەیە. کامە کۆمەڵگایەک کە خەسێندرابێت ئەو خسڵەتانەی تێدا بەدی ئەکرێت؟

ئەگەر جەنابتان بڕێک وردتر بن، ئەبینن بێ‌خەوشترین هەستی کوردانەی هاوتەریبی مرۆڤانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەڵئەقوڵێن و پانتایی جوغرافیاییەکەی دایمە لە گەشە کردن و تەشەنە سەندن دایە کە هەموومان لووتکەکەیمان لە بۆمەلەرزی کرماشان و لافاوی کرماشان و ئیلام و لوڕستان‌دا بینی. چاوێک بە دەورو بەری خۆتاندا بگێڕن و سەیری ڕەوتی ڕووداوەکان بکەن هەر لە کۆنی کۆنەوە تا هەر دوێنێ و دانیشتنی لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لە سعودی، پێم وابێت دەر بکەوێت بۆتان کە چی و کوێ خەەسێنداروە.




PM:07:27:01/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 63 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌