خولقاندنی هەل، کەڵک وەرگرتن لە هەل و دەرفەت یان لەباربردنی هەلەکان؟

بیژەن قوبادی

شەڕ بە هەر بیانوو و پاساوێکەوە کە بێت، دەرەنجام و لێکەوتەکەی وێرانی و کاولکاریە و نکۆڵی و حاشا لەو ڕاستیە جێی هیچ پاساوێک نیە. شەڕ بەدەر لە ئێرادەو خواستی خەڵک ئەکرێت کە چی ماڵویڕانی، قوربانیدان و نەهامەتیەکانی هەر بۆ خەڵکە و هەموو خەرج و بەرجەکانی لە سەر داهات و ژیان و گیان و خوێنی خەڵک. هاوکات قازانج و بەرژەوەندیەکانی شەڕ ئەچیتە گیرفانی توێژێکەوە کە ڕۆڵیان لە شەر تەنیا داگیرسانن و درێژە پێدانیەتی و دەرکەوتن میدیایەکان و هەڕەشە و گوڕەشەکانی بەردەم کامێرا و مایک و بەشداریکردن لە کۆڕ و کۆمەڵە ناوچەیی و نێونەتەوەییە پێوەندیدارەکانەوە.

زۆر ئاساییە کە لە گرژی، ئاڵۆزی و شەڕی نێوان وڵاتان و لایەنە سەرەکیەکانی هەر کێشە و ململانیەک، دژبەرانی هەرکامە لەو لایەنانەی مەجالی ئەوەیان بۆ ئەڕەخسێت کە بتواننلەو هەل و دەرفەتانە کەڵک وەرگرن. ئەو بابەتە پێوەندیی بە ئەمڕۆ و دوێنێوە نیەو و بابەتێکی کۆنی مێژووی هەزاران ساڵەی شەڕ و ململانێکانی و هەمزادی مرۆڤە.

لانیکەم و لە سەدەی هاوچەرخدا بە سەدان نموونەی لەو چەشنە لە بەردەستدان و حاشاهەڵنەگرن. هەر لەم چواردەیەی کۆتایی و لە پێش چاوی هەموومانەوە ئەو بابەتانە روویان داوە، هەن و درێژەیان پێ ئەدرێت. هەرچەند لە ڕواڵەتدا زۆرێک هەن نکۆڵیی لێ ئەکەن و ئەیشارنەوە یان بە پێی پەنابردنە بەر سێبەری ئێدئۆلۆژیی و بەربەستەکانیەوە هەوڵی کەتمانکردنی ئەدەن.

بزووتنەوەی کوردی لە سەدەی هاوچەرخدا یەکێک لەو بزووتنەوانە بووە کە بە پێی گۆڕانکاریە جیهانی، ناوچەیی و دەسەلاتانی ناوەندیی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، چەشنی گەرما پێویک هەوراز و نشێوی بڕیوە وخوار و بانی کردووە.

هەرچەندە لە پارچەکانیتری کوردستان ئەزموونی تایبەت بە خۆیان لە بەردەستدایە و تووشی هەڵەش هاتوون و بڕێک جار بە پێچەوانە بەرژەوەندیی خۆیان و جەماوەر جووڵاونەتەوە کە بەداخەوە هێشتا نموونەکانی لە بەردەستدان. هەندێک جار کارتی کایەی دوژمنانی خۆیان و گەلەکەیان بوون و کەوتوونەتە خزمەتی بەرژەوەندیی دوژمنانی کورد. زۆر جار بەداخەوە ئەوشێوازە لە هەڵس و کەوت و ئەو پارادۆکسە نەبووەتە پرسیار بۆیان و لە خۆیانیان نەپرسی، جا باشە ئەمە ئەگەر دۆستی منە، بۆ شێوازی هەلس و کەوتی لەگەڵ ئەو پارچەیەی بندەستی خۆی بۆ وایە و تەنانەت نکۆڵییان لێئەکات، ئەی هۆکاری چیە بەمچاشنە لە گەڵ من ئەجووڵێتەوە؟

بەخۆشحاڵیەوە بزووتنەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی مێژووی خۆی لەو بەستێنەدا مایەی شانازی بووە. بۆ نموونە لە ماوەی شەڕی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵەی ئێران و ئێراق، سەرەڕای ئەو پێوەندیەی لە گەڵ دەسەڵاتی بەعسیەکان هەیبوو، بەڵام لەو پێوەندیانەدا نە ئەوەی کە کێشەی بۆ هیچ بەشێک و هیچ لایەنێکی کوردی دروست نەکرد، بەڵکوو پاڵپشت و یارمەتیدەری ڕاستەقینەیان بوو. پاش ڕوخانی دەسەلاتی بەعسیەکان بڕێک زۆر بەدوای ئەوەدا گەڕان کە بەڵگەیەک لەو پێوەندیەدا بدۆزنەوە بەڵام هەرچی زۆرتر گەڕان بێهیواتر بوون و دەسبەتاڵ پاشگەز بوونەوە.

زۆر ڕاستە و دەسەڵاتانی داگیرکەری بە هەموو توانایانەوە هەوڵی سەرکوتی کوردیان داوە و لە بەر ناسەنگیی هێز، کورد ناچار بووە بە دوای هەل و دەرفەتدا بگەڕێت. لە لایەکیترەوە لە بەر کەمئەزموونی، کەمدەرەتانی، نەبوونی متمانەبەخۆ و کۆمەڵێک فاکتۆریتر، ئێمە نەمانتوانیوە هەل بخولقێنین و هەر ئەو هۆکارانەش هەلە رەخساوەکانی لێ لەبار بردووین.

خاڵێکی گرینگیتر کە پێویستە بۆ هەتاهەتایە ئاڵقەی گوێمان بێت ئەویە کە وەکوو خاڵێکی سەرەکی لەو پێوەندیەدا ئاوێنەی باڵانوێنی ئێمەیە، لەبەر نەبوونی متمانەبەخۆ بە درێژایی مێژوو کورد کارتی یاری و ململانێی زلهێزان و وڵاتانی دەوروبەر بووە و هیچ نەیتوانیوە خۆی کایە بۆ خۆی بکات و نەبێتە کارتی یاری و مملانێی کەسانیتر. ئەمە لە حاڵێکدا بووە کە لە ئەگەری هەبوونی متمانەبەخۆ وناسینی خۆی، دۆخ و هەلکەوتەیی جوغرافیایی و خۆ دەرباز کردن لە خۆ و خسڵەتی خێڵەکی و عەشیرەیی، نە تەنیا کارتی کایەی ئەم و ئەو نەبێت، بەڵکوو وەکوو کارت کۆمەڵیک تایبەتمەندی کە هەیەتی، لێیان کەڵکی گونجاو وەربگرێت و تەنانەت کارتی دەرەکیش بەدەستەوە بگرێت.

هاوکات و بەدرێژایی مێژوو کەسایەتیەکوردەکان، سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان و پێرسۆناژە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی کورد و تەنانەت زۆرێک لە هەنەرمەندان، لایەنی ئایینیان زاڵ کردووە بە سەر لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکاندا و بایەخ بە بوارە ئایینیەکە سەرەڕای ئەوەی کە هاوردە بووە، داوەو خزمەتیان بەو بوارەکردووە و بەواتایەکیتر کەواسووری بەر لەشکر بوون. لە شەڕی نێوان ئیسلام و مەسیحیەتدا، لە شەڕی نێوان دوو ئێمراتووریەتی سەفەویی شیعە و عوسمانیی سونە، کەرتیان تێخستوون و کردوونیانن بە دوو بەشەوە. هەروەها کە لە دووشەڕی جیهانیی یەکەم و دووهەمدا هەر ئەودۆخە زاڵ بووە و کورد کارتی ململانێ و بەرژەوەندیی رووسیەی تێزاری، داوتر یەکیەتیی سۆڤێت و جەمسەرە ئۆروپاییەکان بوون و دەرئەنجام و ئاکامیش بۆ هەموومان ڕوون و ئاشکرایە.

لە شەڕی نێوان ئێران و رۆم، ئێران و یوونان، ئێران و مەقدوونیەکان، ئێران و عەرەبەکان، ئێران و مەسیحیەکان، ئێران و مەغوولەکان، شەڕی یەکەمی جیهانی، شەڕی دووهەمی جیهانی، ئێران و ئێراق، خلافەتی ئیسلامی و جیهان، کورد و وڵاتی کوردان بەشێکی سەرەکی و مەیدانی مملانی و ڕمبازێنی هەمووی ئەوانە بووە. کوردیش سووتەمەنی ئەو ئاگرانەو ماڵوێرانی ڕەنجبەخەساری و دەسبەتاڵ و بێبەشی پاش شەڕ. لەو ناوەدا کارتی کورد کارتێکی بەهێز بووە و کەڵکی لێوەرگیراوە بە زیانی خۆی.

جارێک و بۆ هەمیشە پێویستە کورد بەدوور لە دروشمی پڕ زریق و بریقی گەرودڕێنی ناق خنکێن، متمامەی بەخۆی بێت و نەبێتە چیلکەی ئاگری ئەم و ئەو و بەرهەمی هەڵات هەڵت، ماندوو بوون، ئاوارەیی، قوربانی دان و ماڵوێرانیەکەی بگەڕێتەوە گیرفانی خۆی.

بەهۆی ململانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەرکەوتنی بەرانبەر بە جیهان، هەروەها پێکدادانی بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی ناوچە و زلهێزەکان، قەیران سەرتاپای ناوچەی تەنیوەتەوە.

سەردانی وەزیری دەرەوەی ئامریکا بۆ رووسیەوە و درکەوتنە میدیاییەکەی پووتین هەر پاش ئەو دیدارە، ئاماژە بە سێ خاڵی سەرەکی دران کە جێگای تێڕامان و ورد بوونەوەن. ناوبراو کۆی بابەتەکی لە سێ خاڵدا و بە کورتی و پوختەیی باس کرد و وتی:

1.ئێمە داوائەکەین ئێران لە رێکەوتنی ناسراو بە «بەرجام « نەکشێتەوە چونکوو لە ئەگەری کشانەوەی ئێران، جیهان لە بیریان ئەچێتەوە کە یەکەم کەس کە لە بەرجام کشایەوە، کێ بوو و ئینجا هەموو چاوەکان بەرەو ئێران ئەڕوانن و گوشارەکان ئەخەنەوە سەر ئێران!

2.ئێمە تیمی فریادڕەس و ئاورکوژێنەوە نین کە بە هانای هەمووانەوە بچین!

3.ئێران چاوەڕوانی ئەوە نەبێت کە پاش چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، وڵاتانی ئۆروپایی یارمەتی ئێران بدەن. ئەوان ناتوانن هیچ چەشنە یارمەتیەکتان پێشکەش بکەن!

رووی دەمی پووتین لە باسکردنی هەرسێ خاڵەکە کۆماری ئیسلامی بوو. لەو بابەتەدا یەکەم، دەرکەوت و نیشانیدا کە ڕووسەکان وەکوو پیشەی هەمیشەیی خۆیان، پێوەریان بۆ دۆست و دوژمن تەنیا بەرژەوەندیەکانیانە و هیچ قاڵب و چوارچێوەیەک بۆ ئەوان گرنگ نیە. دووهەم، دەرکەوت کە لە سەردانەکەی پۆمپەئۆ بۆ مۆسکۆ ئەوان ڕێککەوتوون و بڕیاریان دواوە کە لە ئەگەری دیاری کردنی بەشیان لەم خوانە گەورەیە، ئەوان هێچ بەڵینێکیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئێران نەداوە. بەشی ڕووسەکانیش لە لایەن ئامریکاوە بە کورتی و پوختەیی دانراوە و دیاری کراوە کە بریتین لە باکووری ئێران و بەشی ئێران لە بەحری خەزەر و ڕادەست کردنی سووریە بە ئەو وڵاتە لە لایەن ئامریکاییەکانەوە. بە بێ هۆ نیە کە هەر پاش سەردانی وەزیری دەرەوەی ئامریکا بۆ مۆسکۆ و گەڕانەوەی، رووسەکان بۆ کشانەوەی سپای پاسداران و دەستو پێوەندەکانی لە سووریە، ئێران ئەخەنە ژێر گوشار و تەنانەت لێیان ئەدەن.

ئامریکا لە سووریە و بەحری خەزەر چاوپۆشی ئەکات و ڕووسیەش ئەو سێ خاڵە ئاراستەی ئێران ئەکات و چاوی خۆی لە باشوور و ڕۆژئاوای ئێران ئەنووقێنێت. هێنانی هێزی نوێ و کەرسەەی جەنگیی زەبەلاحو گوستنەوەی هێزەکانیان لە ئۆردنەوە و دابەش کردنی ئەو هێزانە بۆ چەند ناوچەی تایبەت لە ناوخاکی ئێراق کە ئەبێتە ڕۆژئاوای ئێران، بە کردەوەیی کردنی بەشێک لە پلانەکەیە. هاوکاتناوردنی پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری لینکۆڵن و چەند پاپۆڕی مووشەک هاوێژ و جێگیرکردنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی بی 52 و ئێف 35 لە وڵاتانی کەنداو، بەشی دووهەمی پلانەکەیە.

لە ئەگەری ڕطوووودانی شەڕ لە نێوان دەسەڵاتی تاران و ئامریکا وهاوپەیمانانی، ئامریکا لە بەر کورت کردنەوە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە ئێراق و سووریە و ساپۆرتی دەست و پێوەندەکانی ناچارە بەشی ڕۆژئاوای ئێران داگیر بکات و هاوکات بۆ پاراستنی ڕێڕەوی بازرگانیی نەوت لە گەرووی هۆرمزەوە، باشووری ئێرانیش داگیر بکات.

ماوەیەکە لە لایەن دەست و پێوەندەکانی ئێرانەوە دەنگۆی بەرۆژئاوای کوردستان کردنی کوردستانی رۆژهەڵات و ئازادکردنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی بەشەکانیتری ئێران لە ئارادایە و باس لەوەدەکرێت کە لەلایەن بڕێک لایەنی بەناو کوردەوە ئەنجام ئەدرێت. لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ، ئەو بابەتە بەهێزتر ئەبێت. ئینجا باسەکە لێرەدایە کە هێزەکانی کوردستان ڕۆژهەڵات چ پلان و گەڵاڵەیەکیان هەیە بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی ئەو دۆخە و کەڵک وەرگرتن لەو هەل و دەرفەتە و لەبار نەبردنی؟

ڕووخانی گشت بنەماکانی ژیان لە ئێران لە کۆی ئاست و بەستێنەکاندا، پەرەسەندنی هەژاری و نەداری و تەنگپێهەڵچنین بە خەڵک، ئەگەری ڕاپەڕینێکی جەماوەری بەهێزتر دەکات. ئێمە چ پلانێکمان هەیە بۆ خەلقاندنی ئەو هەلە و بەدەستەوە گرتن و بەڕێوەبردنی؟ سێ توێژی کۆمەڵگای ئێران ڕیزبەندیی خۆیانیان هەیە لە دۆخی ئەمڕۆدا کە بریتین لە :

1.دەست و پێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەشنی تاژی تا ئەمڕۆ بۆ ڕاوچی ڕاویان کردووە بەڵام لەمە بەدواوە بۆ خۆیان ئەیکەن.

2.هێز و لایەنە سیاسیەکان کە هەوڵیان چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیانە.

3.سێ دەیان ملوێن خەڵکی هەژار و بێزار و پەراوێزخراوی لەبەرچاو نەگیراو کە بە دوای هەل و دەرفەتێکەوەن بۆ قەرەبووکردنەوەی گشت نەهامەتیەکانی ژیانیان و تۆڵە سەندنەوە.

کۆمەڵگای کوردستان هەروەک تا ئەمڕۆ سەلماندوویانە خاوەنی تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویی خۆیانن و بەڕێژەیەکی زۆرکەم ئەو دۆخە ئەیانگرێتەوە و ئەما جێگای خۆشحاڵیە.بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بە هەماهەنگی جەماوەری خەڵک و لایەنەکان و تێپەڕاندنی مەودای تێپەڕبوون و گەراندنەوەی ئەمنییەت و ئاسایش بۆ کۆمەڵگا، چ گەڵاڵە و پلانێکمان لە بەردەستدایەچی ئەکەین؟


AM:10:44:02/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 89 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌