بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی مێژوویی مەریوانەوە


بیژەن قوبادی


لە ڕۆژانی ساڵیادی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریواناین و بە بڕوای من نابێت یادکردنەوەی ئەو ڕۆژانە تەنیا بۆ یادکردنەویەک بێت و پاش یادکردنەوەکە ئیتر بینێینە سەر ڕەفەیەکەوە و تا ساڵێکیتر و ساڵیادێکیتر. بزووتنەوەی کوردستان لانێکەم لە هاوکێشەکانی سەردەمی تەمەنی هەمووی ئێمە ماناندا پڕاوپڕە لە ئەزموونی تاڵ و شیرین بەڵام بەداخەوە ئەوشتەی کە وەرمان نەگرتووە و سرنجمانی بۆ لای خۆی ڕانەکێشاوە، ئەزمون و فێر بوون و بەکار بردنی ئەو ئەزموونانەیە. بێگومان ڕابردوو ناوی بەخۆیەوەیە و «ڕابردووە» تێپەڕ بووە و ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان بە سەریەوە نیە چۆنکە توانای گەڕاندنەوە قەرەوبوو کردنەوەیمان نیە، بەڵام خاڵێکی سەرەکی  هەیە کە پاراستن، تێفکرین و ورد بوونەوە لێی ئەرکی سەرشانمانە  و ئەویش نە تەنیا بۆ وردبوونەوە وتێفکرین و تێڕامان بەڵکوو گرنگتر لە هەموویان کەڵک وەرگرتنە لەو ئەزموونانە بۆ ئەوەی ناچار نەبین بەو ڕێگایەدا بچینەوەو ئەو هەڵە و ناکامیانە دیسانەوە و سەرلەنوێ  دووپات بکەینەوە و ئەو سووڕان بە دەور بازنەی بووشەدا، دایمە وەکوو چیروکی «سیزیەڤ» بە کۆڵمانەوە بێت و پاش تێپەڕاندنی مەودایەک، دیسانەوە بچینەوە سەر خاڵی سیفر و دووپاتی خولێکیتری بێ ئەنجامی بێ بڕانەوەی مەینەتی و نەهامەتی و ڕەنجبەخەساری.  

لە مێژوودا چی ڕوویداوە و چی بووە؟ چی بۆ ئێمە گۆازراوەتەوە و چۆن و بە چ شیوازێک، بە جێگای خۆی. هەروەک ئێستا ئێمە زۆرجار ڕخنە لە پێشینیانی خۆمان ئەگرین کە بۆ ئاوایان نەکرد و بۆ فڵانە کاریان نەکرد و بۆ لە سەر ئەو بابەتانە نەڕۆیشتن، بە دلنیاییەوە جیلی داهاتوو و داهاتووانیش ئەو ڕخنەیە ئاراستەی ئێمە ئەکەن. بۆیە پێم باشە هەموو هەوڵ بدەین بە بێ دەمارگرژی و لەخۆ بایی بوون، بابەتەکە وەکوو خۆی بگۆازینەوە.

 سەدەی هاوچەرخ و لە تەمەنی زۆرێک لە ئێمەدا ئاڵ و گۆڕی پەیتا پەیتا و بە خێرایەکی چاوڕوان نەکراوەوە ڕوویان داوە کە هەموویان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، پێوەندییان بە ژیانی ئێمەوە بووە و کاریگەرییان لە سەر ژیانمان داناوە. جا ڕێژەی ئەو کاریگەری و کارتێکردنانە چۆن بووە، ئەوە بابەتێکیترە و جیا لەم باسەی ئێمە.

ڕەشەبای ڕاپەڕینی ٥٧ و ڕوخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران، خۆڵەمێشی لە سەر ژیلەمۆی دایمە گەشی کوردستان لادا و ئەو گەش‌بوونەوە سەرلەنوێیە ئەمجارەیان بڵێسەی سەند و ئەگەرچی نە هەموو کوردستان، لانیکەم بەشێکی هەرەزۆری لە کوردستانی گرتەوە. خەڵکی مافخواز کە لە نێوخۆیان و بە پشت بەستن بە ئیرادە و خواستی خۆیان ڕێکخراو و شەورا و بنکەکانی پاراستن و بەشداریی گشت چین و توێژ و ڕەگەزەکانی کۆمەڵگایان بە دەستەوە بوو، هەروەها دەنگی مافخوازییان سەرەڕای بێ ئیمکاناتی و کۆسپ و تەگەری هەمەچەشنە، حوزووری یەکگرتووانەی خۆیان لە مەیداندا پاراست.

ئەو کۆدەنگی و پێداگریە بەهێزەی لە کوردستان‌دا بوو، هیچکات نەیدەتوانی لە گەڵ ئیشتیای پاوانخوازنەی بیروکەی چەقبەستووی دەسەڵاتی تاران یەک بگرێتەوە و بە کەیفی ئەوان بێت. ئینجا و لە گشت‌پرسیی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ و ڕاگەیاندنی ناوەند لە سەر ئەوەی کە نەوەد و هەشت لە سەدی بەشداربووان دەنگیان بە کۆماری ئیسلامی داوە، تاران بە پشت‌بەستن بەو سەرکەتنەی کە لە باقی ناوچەکانی‌تری ئێران بەدەستی هێنابوو، بەشداری نەکردن و بایکوتی ئەو گشت‌پرسیە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە، ئەو سەرخۆشیەیانی زۆر زووتر لەوەی چاوەروانی ئەکرا، پەڕاند و لێی تێکدان و ناچار بە ڕشانەوە بوون. ڕشانەوەکەش بڕیاری سەرکوتی بزووتنەوەی جەماوەری لە کوردستان بوو. 

هێزە وەفادارەکانی خۆی ئامادەیی بەرپەرچدانەوەی خێرایان نەبوو، متمانەیان بە ئەرتەش نەبوو چۆن پێیان وابوو هێشتا بەشێکی هەرەزۆر لە فەرماندەکان لە گەڵ دەسەڵاتی پاشایەتیدان. بۆیە پێویستی بە کات کڕین بوو بۆ ئەوەی هەم هێزەکانی خۆی تەیار بکات و هەم کونتڕۆڵی ئەرتەش بە تەواوەتی بە دەستەوە بگرێت. دڕێژە کێشانی ئەو دۆخە بە قازانجی تاران نەبوو بۆیە هەوڵی ئەدا هاوکات بەربە تەشەنە سەندنی بزووتنەوەی کوردستان بگرێت و بۆ ئەم مەبەستەش هاوکات لەگەل گەمارۆی ئابووری و سەربازیی کوردستان، پەنای بردەبەر بڕێک لایەنی خۆجێی کە قازانجی هاوبەشیان پێکەوە بووە. ئاشنا بوونەوەی هەرچی زۆرتری دانیشتووانی کوردستان لە گەڵ مافەکانی خۆیان و هاتنە مەیدانی کۆی چین و توێژەکانی ئەو کۆمەڵگایە بە بێ جیاوزای لە نێوان شار و دێ و خوێندەوار و نەخوێندەوار و گەنج و پیر و کچ و کۆڕ و ژن و پیاو و کرێکار و جووتیار و کاسب و بازاڕی و خویندکار و .... و هەبوونی فەزایەکی ئازاد و چيشنێک لە دیمۆکراسی، ریسکی تەشەنە سەندنی ئەوانە بەرەو جوغرافیایەکی هەرچی پانتر و بەرینتر، ئەو دۆخە نەبوو کە نە تاران و نە هاوپەیمانە خۆجێیەکانیان پێیان خۆش بێ و پێی ڕازیبن. بە پێچەوانەوە ئەو ڕەوتە ڕێک خاڵی بەرانبەر و پێچەوانەی ویست و بەرژەوەندیەکانی ئەوان بێت. هەر بۆیە دەستەوەستان نەمانەوە پەنایان بۆ هەر پلان و پیلانگێڕیەک برد.

لەم لاشەوە خەڵکی کوردستان و نوێنەر و ڕێکخراوەکانیان بەوردی چاوەدێریی هەموو ئەو بابەتانەیان ئەکرد. سێ بەرە لەم ناوەدا بەرچاو بوون و هەرکامە ڕۆڵی خۆیان ئەگێڕا. لە لایەک دەسەڵاتێکی تازە پێگەیشتوو و سەرخۆشی سەوار لە سەر شەپۆلی هەستێکی درۆینەی سەر بڵقی کاتی. لە هەمان کاتدا بێگانە و دوور لە کۆی نۆرمە ناسراوەکانی دەسەڵات‌داریەتیی مۆدڕن و ئەوڕۆیی و دەسکەوتی هەزاران ساڵەی مرۆڤ و پشت بەستوو بە کۆمەڵێک خەون و خەیاڵ و دیلی پشت چاویلکەی چەقبەستووی سەردەمی بەردینی ناوەڕاست. لایەنێکی هاوتەریب لەگەڵ هەرهەمان ڕێچکە و بە پێی خوێندنەوەی خۆی کە ئەمیش هەم دیسان لە هەمان بازنەی بەرتەسکدا ئەسووڕایەوە کە جیا لە خۆش‌خزمەتی بەرانبەر بە دەسەڵاتی ناوەند بە هیوای پێدانی لەتکە کورسیەکی دەسەڵاتی خۆجێی و فریودانی خەڵکانێکی خۆش‌باوەڕی خەیاڵایی گیرخواردوو بەدەست وەهم و خەیاڵەوە، هێچ دەسکەوتێکی‌تریان نەبوو. 

جا خاڵێکی جێگای سرنج ئەوە بوو کە پاش سەرکوتی بە ڕواڵەتی گشت لایەنە بیرجیاوازەکان، پەلاماری خودی هەرئەو هاوپەیمانە خۆجێیەیانیشی‌دا و چاوی لە خۆش‌خزمەتیەکانی ئەوانیش نووقاند. ئەمڕۆشی لە گەڵ بێت، دەسەڵاتی ناوەند بە پێی دۆخی کۆمەڵگای کوردستان لە گەڵیان هەڵس و کەوتی کردووە. بە واتایەکیتر هەرکات هیز و لایەنە سیاسیە ڕەسەنەکان ڕۆڵیان پڕڕەنگتر بووەتەوە، بۆ بەرپەرچدانەوەیان مەیدانی بۆیان ئاوەڵا کردووە و هەرکەت هەستی بەوە کردووە کە ڕیکخراوە کوردیەکان کەم ڕەنگتر دەر ئەکەون، پەلاری تێگرتوون، لە زیندانی کردوون و تەنانەی ئێعدامیشی لێ کردوون. بۆیە لە ڕاستیدا وەکوو ئامرازێک لە خزمەت دەسەڵاتی تاران‌دا کەڵکیان لێ وەر گیراوە.

لەم‌لاشەوە هێزە ڕێکخراوەکانی کوردستان ڕۆژهەڵات بەداخەوە لەو بەستێنە لەبارە سیاسی و کۆمەڵاتیە نەیان توانیوە کەڵکی بەجێ و گونجاو وەربگرن. چاوەڕاونی ئەوەیان لە خەڵک بووە کە بە دەم داخوازەکانیانە بێن بەڵام خۆیان وڵام داخوازی جەماوەریان نەداوەتەوە. خەڵکێک کە بە بێ هەرچەشنە چەکێکی لەبار و بە دەستی بەتاڵ و تەنیا بە پشت بەستن بە ئیرادەی پۆڵایین و هێزی یەکگرتووی خۆیان نەبێت، هیچ پاڵپشت و داکۆکیکارێکیان نەبووە، ماوەی چل سالە خەریکی بەربەرەکانێن لە گەڵ دڕندەترین دەسەڵاتی توتالیتری سەردەمی هاوچەرخ. هەر ئەو خەڵکە بوون نەورۆزی خوێناوی سنە یان شەڕی بیست و چوار ڕۆژە، کۆچی مێژوویی مەریوان، کوشتاری فڕوکەخانەی سنە، دیزڵ ئابادی کرماشان و پاوە، کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیانی کورد لە شارەکانی سەقز، مەهاباد، تەبڕیز و وڕمێ و...، پاکتاوی قارنێ و قەڵاتان و ئیندرقاش و یووسفکەندیان بە سەردا تێپەڕاند. هەر ئەو خەلکە بوون بێشکەی مناڵی ساوایان لە سەر ڕیی تانکەکانی دەسەلاتی تاران دانا بۆ پەکخستنی هێڕش بۆ سەر کوردستان. بەڵی هەر ئەو خەڵکە بوون لە کاتی گەماڕۆی شارەکەن لە لایەن لەشکری تارانەوە سنووری شار و دێیان تێپەڕاند و بە هەر شێوازێکی گونجا بە هانای شارەکانەوە ڕویشتن. لەوانەیە بڵێن خۆ ئەو شەڕانە هێزی پێشمەرگە کردی! بەڵێ زۆر ڕاستە هێزی پێشمەرگە کردی وایە، بەڵام ئایا ئەو هێزی پێشمەرگەیە تاوە باران بوو لە ئاسمانەوە باری؟ نە، هێزی پێشمەرگە هەر لەو خەڵکە بوون و لە هەموو بارێکەوە تەنیا و تەنیا بە بەشداریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان واتە ئەم خانمەکە بە پێی دەرەتانی، ئەو کاکەکە بە پێی تواناییەکانی ئەو بنەماڵەکە کوڕ و کچەکەی ئەویتر براو خۆشکی ئەویتر دایک و باوکی و .... بە پاڵپشتی و بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان  ئەو حەماسەتانە خولقان و بزووتنەوەی کوردستان خۆی بە ئێران و جیهان ناساند، خۆی پاراست و تا ئەمڕۆ هات. 

لەم ناوەدا یەک شتی بچووک گۆڕاوە و پێویستە بزانین ئەو گۆرانە لە کویایە؟ بە پاڵپشتی کردن، بە پڕ کردنەوەی ریزەکان، بە کاری نهێنی و ڕیکخستن، بە بەربەرەکانێ لە گەڵ دەسەڵاتی تاران، بە ولامدانەوە بە داخوازی حیزبەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و مانگرتن، بە بەهاناوە چوونی لێقەوماوانی کارەساتی بۆمەلەرزە و لافاو، ڕێکخراوەکانی کرێکاری، ژنان، منداڵان، ژینگەپارێز و داکۆکی لە کۆڵبەران و ..... لە هەموو بارێکەوە بە کردەوە سەلماندوویانە کە جەماوەر هەرجەماوەری هەمیشە ئامادەی شەڕی ٢٤ ڕۆژە و نەوڕۆزی خوێناوی و خۆڕاگری بەرپەرچدەری فەرمانی بیست و هەشتی گەلاوێژی ٥٨، ڕێپێوانانی شارەکانی کوردستانن بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مەریوان و هێشتا هەر خەڵکی بن چیخ کەپر و چادرەکانی کانی‌میرانن. 

هەموو کات خەڵک تۆپیان لە زەمینی حیزبەکانیاندا بووە ئێستاش ئەرکی حیزبەکانە پاش نزیک بە نیوسەدە وڵامی گونجاو بە داخوازە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی خەڵکی کوردستان و ڕێک کەوتن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان و ئاوەڵا هێشتنەوەی دەروازەی هاوکاری بۆ هەموو لایەنەکانی خەمخۆر و دڵسۆزی بزووتنەوەی کوردستان و تەنانەت کەسەیەتیە خۆشناو و جێگای متمانەکانی خەڵک، ڕوو لە دەرەوەی کوردستان و لە ئاست دوژمنی داگیرکەر وەکوو «کورد» دەربکەون( هەر لانیکەم وەکوو فارسەکان، تورکەکان و عەرەبەکان) بۆ ناوەوەی کوردستانیش پشت ئەستوور بن بە ئاستی ڕاستگۆیی و پڕۆگرامی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و ئاستی وشیاریی جەماوەری خەڵکی کوردستان و دەنگەکانیان و دەنگ و دەرهاویشتەی سندووقەکانی دەنگدان.

ئێمە تا نەبین بە» ئەمری واقێع» کەس گوێمان لێناگرێت و بوون بە ئەمری واقێعیش تەنیا لە کاناڵی یەکگرتووی و هێزی جەماوەر و «دەوڵەتێکی دێفاکتۆ»ە تێپەڕ ئەبێت.




PM:12:49:02/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌