له‌ واشنتن چ باسه‌؟


خه‌سره‌و ئه‌ڵماسی

له‌ سه‌ره‌تای ده‌ست به‌ كاربوونیه‌وه‌، ئیداره‌ی دۆناڵد تڕامپ سیاسه‌تی لێكترازاندنی به‌ره‌ی رووسیا – ئێرانی خستبووه‌ به‌رنامه‌ی كاریه‌وه‌. لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ سه‌ر تۆمه‌ته‌كانی ده‌ستێوه‌ردانی رووسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی ٢٠١٦ی ئه‌مریكا به‌ ئامانجی سه‌رخستنی دۆناڵد تڕامپی كاندید، نه‌یتوانی پێش به‌و پڕۆسه‌یه‌ بگرێت. هاتووچۆی هاوپه‌یمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ مۆسكۆ، له‌ ناویشیاندا به‌رپرسانی پاشایه‌تی سعوودی و ئیسرائیڵ، وه‌ دیدار و چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئاستبه‌رزی رووسی به‌رده‌وام بوو. له‌ هه‌مان كاتدا، رێگه‌ به‌ رووسیا درا بێته‌ ناو بازاڕی عێراقه‌وه‌ و‌ له‌ سووریاش بمێنێته‌وه‌. جۆرێك له‌ هاوپه‌یمانی له ‌نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسرائیل دروست بوو. له‌ كۆتاییدا، ئه‌مریكا ئه‌و ئامانجه‌ی به‌ چڕی كاری بۆ ده‌كرد هێنایه‌ دی و كۆتایی به‌ پشتگیڕیی رووسیا بۆ‌ ئێران هێنا و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسرائیلی لێكتر نیزیك كرده‌وه‌.

ئێران‌ هیوایه‌كی گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر دۆڕاندنی تڕامپ له‌ ده‌وری دووه‌می ركابه‌رایه‌تی بۆ سه‌رۆككۆماری ئه‌مریكا دانابوو؛ له‌ به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ پێیان وابوو تڕامپ به‌ هۆی لێكۆڵینه‌وه‌كانی تێوه‌گلانی رووسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا، تووشی سكانده‌ڵ و گێچه‌ڵ ده‌بێت. لێكۆڵینه‌وه‌كان كۆتاییان هات و تۆ‌مه‌ته‌كان ساخ نه‌بوونه‌وه‌. به‌مه‌ش به‌ربه‌ستێكی سه‌ره‌كی له‌ سه‌ر رێگه‌ی دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی تڕامپ بۆ سه‌رۆكایه‌تی لادرا. هاوكات، هه‌تا دێت گووشاره‌كان و كاریگه‌ری گه‌مارۆ قورسه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران زیاتر ده‌رده‌كه‌ون و سیاسه‌تی كۆتاییهێنان به‌ ده‌ستێوه‌ردانی تێكده‌رانه‌ی ئێران له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی پرۆكسیه‌كانیه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ دژكرده‌وه‌یه‌كی نیزامی و تیرۆریستی له‌ لایه‌ن ئێران یان هێزه‌ پرۆكسییه‌كانی دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان یان هاوپه‌یمانه‌كانی، ئه‌مریكا هێزێكی زه‌به‌ڵاحی ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كردووه‌ و ئاماده‌یی خۆشیان بۆ ناردنی ژماره‌یه‌كی زیاتری هێزی سه‌ربازی، به‌ پێی پێویست، ده‌ربڕیوه‌.

به‌ رواڵه‌ت ئێران سیاسه‌تی به‌رگری گرتۆته‌ به‌ر، به‌ڵام له‌ ژێره‌وه‌، هه‌وڵی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌كی ته‌نانه‌ت بچووكیش بۆ په‌یوه‌ندیكردن و وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌ست پێكردووه‌.له‌وه‌ ناچێت ئه‌مریكا له‌ ئێستادا حه‌ز به‌ وتووێژ بكات و له‌وه‌ش ناچێت حه‌ز به‌ ده‌ستپێشخه‌ربوون بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ رێژیمی كۆماری ئیسلامی بكات. به‌ڵام له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی ئێران بخوازێت شه‌ڕ بكات، ئه‌مریكا ئاماده‌كاری ته‌واوی بۆ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ كردووه‌ و شه‌ڕێكی ئه‌وتۆ كۆتایی ره‌سمی رێژیمی كۆماری ئیسلامی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سیاسه‌تی گووشاری زۆرینه‌ی دژ به‌ ئێران گرتۆته‌ به‌ر و له‌ سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ تا ته‌ریكخستنی ئێران له‌ ناوچه‌كه به‌ ته‌واوی‌ و وازهێنانی له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و له‌ پاره‌دابینكردن بۆ هێزه‌ پرۆكسییه‌ تیرۆریسته‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت. گرنگترین مه‌رج له‌ دوانزه‌ مه‌رجه‌كه‌، كۆتاییهێنان به‌ پڕۆگرامه‌ ناوكی و مووشه‌كییه‌كه‌ی ئێرانه‌، و ئه‌مریكا له‌ سه‌ر هێنانه‌ دی ئه‌و ئامانجه‌ پێداگره‌. به‌ڵام ئێران، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، باس له‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكییه ناوكییه‌كانی ده‌كات و زۆربه‌ی هێزه‌ پرۆكسییه‌كانی به‌ مووشه‌ك پڕچه‌ك كردووه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتنی سنوورداری له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێران به‌رزتر كردۆته‌وه‌.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ پێگه‌ی هێزه‌وه‌ به‌ له‌ سه‌ره‌خۆیی كار بۆ لاوازتر كردنی ئێران ده‌كات و ئامانجه‌كانی له‌ رێگه‌ی گه‌مارۆ و گووشاری زیاتره‌وه‌‌ ده‌باته‌ پێش، به‌ڵام خۆی بۆ ئه‌گه‌ری شه‌ڕیش ئاماده‌ كردووه‌و هاوكاری هاوپه‌یمانه‌كان و هاوپشكه‌كانی له‌ رووی هێزه‌وه‌ ده‌كات. ئێرانیش له‌ پێگه‌یه‌كی لاوازه‌وه‌، به‌ رواڵه‌ت رێژه‌ی هه‌ڕشه‌ و بلۆفه‌كانی به‌رزتر كردۆته‌وه‌و هه‌ندێك جموجۆڵی تێكده‌رانه‌ی له‌ رێگه‌ی پرۆكسییه‌كانیه‌وه‌ خستۆته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌، به‌ڵام له‌ ژێره‌وه‌، هه‌وڵ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ك بۆ خۆ رزگاركردن ده‌دات. له‌وه‌ ناچێت دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رچه‌یه‌ كارێكی سانا و ئاسان بێت و رووداوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراوی بچووك ده‌توانێت هه‌موو هاوكێشه‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی كۆنترۆڵنه‌كراو به‌ دژی ئێران بگۆڕێت.


PM:04:11:03/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 57 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌