"سوڵحی حەسەن"ی و چۆک دادان بۆ "شەیتانی بوزرگ"

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ تویتەکەی خامنەیی!

ئەردەڵان فەرەجی
هەژماری تویتێری ڕەسمی عەلی خامنەیی ڕۆژی هەینی ١٩ی گوڵان نووسی؛ "من لەو بڕوایەدام کە ئیمام حەسەنی موجتەبا بوێرترین سیمای مێژووی ئیسلامە، ئەو ئامادە بوو لە پێناو چاودێر و پاراستنی ئیسلامی و قورئان و ڕێنماییە ئاسمانییەکانی داهاتوو مێژوو، فیدا بکات".
ئەو تویتە بڕگەیەکە لە وتاربێژییەکی عەلی خامنەیی کە ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی لە کتێبێک دەربارەی ئاشتی ئیمام حەسەن نووسیویەتی باس لە سیاسەتی نەرمشی قارەمانانە دەکات و دەڵێت؛ "نەرمی نواندن لەو شوێنەی کە ئیسلام دەکەوێتە مەترسییەوە، پێویستە".
بەڵام هۆکاری دووبارە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە وتارێکی خامنەی کۆنی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر خامنەیی لە ئێستا دا چییە؟ 
ئەوەی کە ڕاستییە مێتۆتی پراکتیکی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی، خومەینی ڕێبەری پێشووری کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق زۆرتر بەرجەستە کردنەوەی مێتۆد و فاکت هێنانەوە لە ڕەفتاری "ئیمام حسێن" ئیمامی سێهەمی شێعەکانە کە هەرگیز سازشی نەکرد و گیانیشی لە پێناوی دا. بەخشینی گیان و سازش نەکردن شێوەهەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی و تاکتیک و بە جۆرێک لە جۆرەکان ستراتێژی ئەم ڕژیمە بوو بۆ حوکمڕانی.
لە ماوەی ئەم چل ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی دام و دەزگا تەبلیغییەکانی ڕژیم بەرجەستە کردنەوەی ڕۆڵی ئیمام حسێن بۆ پاریزگاری کردنی لە ئیسلام و شێعە و پیرۆز کردنی شێوەکار ئەو ئیمامە بووە. ئیمام حسێن بۆ شێعەکان هێما و سیمبولی بەرەنگاری و موقامەتی تا سەر و تەنانەت گیانبازی و مردن بووە، لە بەرامبەر دا لە ئیمام حەسەن هێمای سازشکاری و سوڵح بووە کە ئەو ڕەفتارەی ئیمام حەسەن لە لایەن ڕێبەرانی شێعەوە وەک کارێکی بێزرا و نەباش و نەشایستە ناوزەد کراوە. 
لە ئیسلامی سیاسی دا شێوازێک بۆ مامەڵە کردن دەربارە دەقە دینییەکان (قورئان، حەدیس و ڕەوایەتەکان) هەیە کە هەر کات پێویست بکات، بە پێی پێویستی سەردەم دەقێک یان وتەیەک یان ڕەفتارێک بەرجەستە دەکەنەوە و لەم ڕێگایەوە شەرعییەت و ڕەوایی دەبەخشن بە ڕەفتاری ئێستایان. جیا لەوەش لە شێعەگەری دا شتێک هەیە بە ناوی "تەقییە" و ئەوە ئەو ڕێگایەیە بۆ ئامادە کردنی زەینی خەڵک بۆ گۆڕینی هەڵوێستێکی ستراتێژیکی و "بادانەوە"یەکی ئاشکرا.
ئەگەرچی لە ماوەی ئەو ٥٠ ساڵەدا تەنیا لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوو دا بووە کە چەند جارێک بە ئەنقەست و بە مەبەست باس لە "ئیمامی حەسەن" و "شێوەکارەکەی کراوە". لە ماوەی ساڵەکان ١٣٩٢ و ٩٣ و ٩٤ خامنەیی چەندین جار لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی دا باسی لە مێتۆدی ئیمام حەسەن کرد و دەستەواژەی "نەرمشی قارەمانانە" لە قسەکانی خامنەیی لەوە هات کە بواری خۆشکرد بۆ حەسەنی ڕووحانی کە ساڵی ١٣٩٤ ڕێکەوتننامە "بەرجام" لەگەڵ ئەمریکا و ٥ زلهێزی جیهانی لە سەر پرسی چالاکییە گوماناوییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری ئەتۆمدا واژۆ بکات. واتە سازا. کۆماری ئیسلامی ناچار بە سازش و چۆک دادان بوو. جیا لەو تەفسیر و تەعبیرە بەزەک کراوانەی بۆ ئەو کردارە کرا، کۆماری ئیسلامی تەسلیم و ناچار بە سازان کرا. 
لە ئێستادا و جارێکی دیکە هەڵەسوو هێنانەوەی ئەم باسە و بازنەشری ئەم قسەیەی خامنەیی بۆ سازان و تەسلیم بوون و چۆک دادان و هەڵچۆڕاندنی جامی ژەهرێکی دیکەیە. 
لە ئێستادا کە ئەوە بۆ٢ ساڵ دەچێت بەرجام بەو مانایە نەماوە، ئەمریکا لە بەرجام هاتووەتە دەرێ، فرۆشی نەوتی ئێران لەوپەڕی بازاڕ گەرمی نەوت گەیشتبووە ٣٠٠ هەزار بۆشکە، (بۆ ئابووری وابەستەی کۆماری ئیسلامی بە فرۆشی نەوت- کۆڵەی کوتا)، قاسمی سولەیمان وەک هێمای ئیقتداری کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە کوژرا و هیچیش ڕووی نەدا، لە عێراق و سوریە و یەمەن و لوبنان دەرپەڕێنراوە، ئیعترازی جەماوەری گەورە و بەرین لە سەرتاسەری ئێران هاتە ئاراوە و ئێران ناچار بوو زۆر ڕووت و قوت خەڵک لە خیابان بداتە بەر گوللە و سەرکۆنە کردن و مەحکومییەتە جیهانییەکان، بێ پارەیی و کورت کردنەوەی دەستە تێکدەرانەکانی، کۆماری ئیسلامی گەیاندووەتە لێرەواری ڕووخان و فەنا بوون. 
هەڵبەت ئەوەمان بیر نەچێت کە دروشمی خامنەیی بەرامبەر بە ئەمریکا و هەوڵەکانی "نە شەڕ و نەتەسلیم بوون" بوو، کۆماری ئیسلامی هەموو هێلکەکانی خستبووە سەبەتەی ئەو ئەگەرەی کە دۆناڵد ترامپ بۆ جاری دووەم نەبێتەوە بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بەڵام ئێستا بۆیان دەرکەوتووە ئەو ئەگەرەیان بە نوشستەکانی جۆ بایدێن، ڕکابەری ترامپ، دەبێت بە تۆز و بە ئاسماندا ڕۆ دەچێت، لە دەرکەی ئیمام حەسەن و سازش و نەرمشی قارەمانانە بوار بۆ تەسلیم بوون و خواردنەوەی جامی ژەهرێکی دیکە خۆش دەکەن. 
هەموو ئاماژەکان وا وێ دەچن خامنەیی دەیەوێت بە ئولگوو بەرداری لە سوڵحی ئیمام حەسەن بۆ پارێزگاری کردن لە ئیسلام و قورئان، چۆک بۆ "شەیتانی بوزرگ"یش دابدات.

AM:09:09:12/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌