ناکارامەیی دەسەڵاتی دادپەروەری

ئەرسەلان ئیحسانی

بە پەرەستاندنی زانست و بیرۆکەی پێشکەوتوو خوازانەی مرۆڤ، سەرجەم ژیان و ویستەکانی مرۆڤیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت و زیاتر لە جاران هەست بە زوڵم و نادادوەری دەکرێت و ڕێکار و ڕێساکانیش هەوڵدەدرێت بەڕۆژ بکرێتەوە و بە هەر جۆرێک بێت دەسەڵاتدار ملکەچی ویستی دادپەروەرانەی کۆمەڵگا بکەن. بە پەرەستاندنی کتێب و نووسراوەکان و بڵاو بوونەوەیان بە سەرجەم وڵاتاندا، شیوازێکی نوێ لە ململانێ بۆ ستاندنی ماف و دادوەری دەستپێدەکات و یاساناسەکان و چالاکان لەم بوارەدا لە ڕێگا نووسراوەکانیانەوە هەوڵ دەدەن خەڵک وشیار بکەنەوەو و دەسەڵاتدار بخەنە ژێر گوشاری ویستەکانیان.

لە سەدەی ١٨ی زایینیدا یاسا ناسێک بە ناوی مۆنتێسکیۆ کتێبێک دەنووسێت بە ناوی ( رۆحی یاساکان ) کە دەتوانێت سرنجی زۆربەی وڵاتان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و دواتریش ئەنجومەنی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک بنەمایەکی یاسایی کەڵکی لێوەردەگرێت و وڵاتانی ئەندام لەم ئەنجومەنەشدا بانگێشت دەکات بۆ پەسەند کردنی ئەو بنەما یاساییانە. مونتێسکیۆ لە کتێبەکەیدا باس لەوەدەکات کە هێزەکانی دەسەڵاتدار لە هەر وڵاتێکدا دەبێت جیا لەیەکتر کار بکەن و نابێت هیچیان لەوی تر سەرتر بێت یان بە هەر بیانوو و پاساوێک دەست تێوەردان لە کاروباری یەکتردا بکەن.هەر بۆیە باوەڕی بە ( تفکیک قوا ) واتە جیابوونی هێزی دەسەڵاتداری هەیە و بە سەر سێ هێزی ( مقننە ) یاسا داڕێژ، ( مجریە ) بەڕێوەبەری یاسا و ( قضائیە ) دەزگای دادوەری دا دابەش دەکات و هێزی سەرەکی و بڕیاردەر تەنیا بە مافی خەڵکی دەزانێت. زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم بنەما یاساییە لە ناو دەستووری خۆیاندا جێدەکەنەوە و هەوڵ دەدەن دەستووری وڵاتەکەیان لەسەر ئەم بنەمایە رێک بخەن.

دوای نووسینەوی دەستوور لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا، ئێرانیش بە کەڵک وەرگرتن لە یاسای فەرانسە، جیابوونی هێزەکانی بە یاسا پەسەند کرد، لە بنەمای یاسایی ٥٧دا باس لەوەدەکات کە هێزی دەسەڵات لە ئێران لە یەکتر جیاوازە و لە سێ هێزی سەرەکی، مقننە ( یاسا داڕێژ )، مجریە( بەڕێوەبەری یاسا ) و قضائیە ( دادوەری )، پێک دێت.بەڵام وەک ئەوەی لە پێشەکی دەستووری ئێراندا باسێ لێکراە، یاسا و ڕێساکانی ئێران دەبێت لە ژێر چاودێری ئایین دابن و هەر یاسایەک دژی ئایینی شیعەی دوازدە ئێمامی بێت پەسەند ناکرێت، هەر بۆیە لە سەرەتای بەدەست گرتنی دەسەڵات ئێراندا خومەینی بڕیاردەدات سرجەم دام و دەزگا حکومیەکان دەبێت چاوخشاندنیان بەسەردا بکڕێت و هەر شتێک دژی ئایین و شەرع بێت دەبێت بسڕدرێتەوە.

یەکەم ئێدارە کە کەوتە ژێر ئەم هێرشە دەزگای دادی ئێران بوو کە لە دەستوورەوە کە سەرەکیترین مەرجەحی یاسایی لە ئێرانە ، دەستی پێکرد. لە ١٧ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ دا گەڵاڵەی یاسای چاکسازی دادوەریو یاسای دامەزراندنی دادوەران لە شوورای ئینقلاب پەسەند کرا وکە دەسەڵاتێکی زۆر بۆ نموونە هەڵوەشاندنەوەی دادگا ومەراجعی دادوەری و داموودەزگاکان و بونیاد نانەوەیان دوای پێداچوونەوەیان دەرکرد. ژنان لە دادوەری دوورخرانەوە و هەزاران کەس بە پاساوی دژە ئایین بوون لە سێدارە دران.دەسەڵات لە دەستووردا لە خەڵک ستێندراوە و بە جێگری خودا لەسەر زەوی کە ( ولایت مطلقە فقیە ) بوو، درا،کە ئەم بنەما یاساییە خۆی بناغەی سەرەکی دیکتاتۆڕیەت بوو و دەسەڵاتی لە دەستی یەک نەفەر بە ناوی ڕێبەردا سنووردار کرا. دوای دوو ڕۆژ لە شۆڕشی گەلان ئێران خەڵخاڵی دەبێتە دادوەری شەڕع و بە بەدەست گرتنی ئەم پۆستە هەزاران کەس لەسەراسەری ئێران لە سێدارەدەدات و لە ساڵێ ١٣٧٦ دا بۆ بەرگری لە خۆی باس لەوەدەکات کە ویژدانم تا ئەو ڕادەیە ئارامە کە ئەگەر لێم گەڕێن هەر ئێستا دەخەوم. ئەوە سەرەتای دەست بەکار بوونی دەزگای دادی ئێرانە کە بە خوێنی هەزاران ئێرانی بێ تاوان ئاودرا.

لە سێ ساڵی دوای شۆڕشی گەلان بە هۆی سەرقاڵی بە کاروباری ترەوە زۆر دەستێوەردان لە دەزگای داد و دەستووردا نەکرا، بەڵام لە ٢٥ی ئازەری ١٣٦١دا خومەینی بە دەرکردنی ٨ مادە بە شێوازێکی ڕوون و بەربڵاو دەست لە یاسا و دەزگای دادوەری وەردەدات و لە مادەی یەکەمیدا باس لەوە دەکات کە لە دادگاکاندا دەبێت شەرع زاڵ بێت و هەرچی دژی ئایین بێت ڕێگا پێدراو نیە و دواتر لە نامەیەک کە بۆ شوورای دادوەری دەنێرێت باس لەوەدەکات ئەگەر ئەوان کارەکان و دادوەری بە ئایین و شەرع نەکەن خۆی تاک لایەنە بڕیاردەدات و ئایین بە سەر یاسادا جێبەجێ دەکات و لە مادەی دوودا باس لە چاکسازی و پێداچوونەوە بە سەر دەزگای داد و دادوەرەکاندا دەدات کە دەبێتە هۆی دوورخستنەوە و لەسێدارەدانی هەزاران دادوەر.

لە ساڵێ ١٣٥٩دا شورای عالی قضائیە جێی دەزگای عەدلیە دەگرێتەوە کە لە ٥ کەس پێکدێت و وەک بنەمای یاسایی ١٥٨ باسی لێدەکات کاری دادوەری دەگرێتە ئەستۆ و بەرپرسی دیوانی بەرزی وڵات وەک بەرپرسی گشتی دەزگای داد پێناسە دەکرێت. لە سەرەتای نووسینەوەی دەستووردا وا داندرابوو کە ئەم ٥ کەسە کە دادوەر و بەرپرسی سێ هێزی سەرەکی پێکەوە هەڵیاندەبژاردن، بابەتەکانی دەزگای داد بە هاوفکری و ڕای ئەو ٥ نەفەرە پەسەند بکرێت. دوای تێپەڕ بوونی ٩ ساڵ بەسەر ئەم بڕیارەدا کاتێک دەسەڵاتداران ناتوانن ڕا و بۆچوونی خۆیان لە ناو ئەم شوورایەدا جێ بکەنەوە، خومەینی لە کۆتایی ساڵی ١٣٦٧دا بە نامەیەک کە لە سێ بڕگە پێک دێت، لە خاڵی دوودا داوادەکات لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەرپرسی سێ هێزی دەسەڵاتدارو ئەندامانی شوورای دادوەری تێیدا بەشدارن ئەرکی هەرکام لە ئەندامانی شوورای دادوەری دیاری بکرێت و لە خاڵی سێدا بە ڕاشکاوی باس لەوەدەکات کە« من ناتوانم بڕیاری خودا لە چاو نەگرمهەر بۆیە ئەگەر ناتوانن ئەرکەکانی خۆتان بە باشی تێبپەڕێنن هەروەک پێشتر چەند جارێک خۆم بڕیارم داووە، ڕاستەوخۆ بڕیاردەر دەبم.» هەر وەک لەم نامەیەدا دەردەکەوێت هەوڵ دەدرێت دەسەڵاتی خۆیان لەم شوورایەدا زیاتر و دیارتر بکەن.

وردەوردە هەست بە بێ سەروبەروەی و بەربڵاوی لە دەزگای دادوەریدا دەکرا هەر بۆیە لە ١٣٦٢ بەولاوە زۆربەی دام و دەزگا دادوەریەکان تێکەڵدەکرێن و لە چوارچێوەیەکی بچووکتردا کۆیان دەکەنەوە، چوونکە دەسەڵاتداران دەیانزانی ناتوانی بە تەواوی باڵ بە سەر دەزگای دادوەریدا بکێشن هەر بۆیە لە بیری ئەوەدا بوون لە قەوارەکە بچووک کەنەوە تا بتوانن کاریگەری زیاتریان بەسەریدا هەبێت .

مەحەممەدی بهشتی لە ساڵی ١٣٥٨ تا ١٣٦٠ بەرپرسی شووڕای دادوەری ئێرانە کە ئەندامی دەستەی زانایان بوو بۆ نووسینەوەی دەستوور کە دواتر بە فەرمانی خومەینی بەرپرسیارێتی شوورای دادوەری پێدەدرێت کە دەتوانین بڵێین بە هاوکاری دادوەری گشتی شۆڕشی ئەوکات کە عەلی قدوسی بوو توانیان زانا ئایینیەکان کە زۆربەیان قوتابی خۆیان بوون بیانهێنە ناو دەزگای داد کە دەتوانین بۆ نموونە باس لە مۆحسنی ئێژەیی و عەلی فەلاحیان بکەین کە لە کاروباری دادوەری و ئەمنیەتی دەستێکیان هەبوو. ئیبراهیمی ڕەئیسی بەرپرسی نوێی دەزگای دادیش لەو کەسانە بوو کە لە ساڵی ١٣٥٩ و لە ٢٠ ساڵیدا دێتە ناوکاروباری دادوەری و خۆشی باس لەوەدەکات لە نێوان ئەو ٧٠ فەقێیەدا بووە کە محەممەدی بهشتی بۆ کاروباری وڵات هەڵیبژاردبوون. زۆرکەسیش بوون کە بە دوور لە دەسەڵاتی بهشتی کاریان دەکرد و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێبەری پەیوەندیان هەبوو کە دوان لە وان سادقی خەلخاڵی و محەممەدی ڕەی شەهری بوون کە بەرپرسی زۆربەی لە سێدارەدانەکانی ئەوکات بوون کە زۆربەی هەرە زۆری دادگایی کردنەکانیان چاو نووساندنی خەڵک و کۆمەڵگا بوو و لەڕاستیدا تەنیا پاکسازی و لەناوبردنی مۆرەکان بوو. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیەکە تا ساڵی ١٣٦٢ لە ئێران دوو دادستان هەبوو کە یەکیان دادستانی گشتی بوو کە چاودێری بەسەر تەواوی دادسەراکانی بە دەست بوو و تا ڕادەیەک سەربەخۆتر بوو و دووهەمیان دادستانی ئینقلاب بوو کە دوو ڕۆژ دوای شۆڕشی گەلان دەست بەکار بوو و ڕاستەوخۆ لە ژێردەستی خۆمەینی دا کاریان دەکرد کە خەڵخالی و ڕەیشەهری دوو کەس لەوان بوون و لە ساڵی ١٣٦٢ دوای لە سێدارەدانی کەسانێکی زۆر هەڵوەشێندرایەوە. لە دوای مردنی بهشتی لە ساڵی ١٣٦٢دا مووسەوی ئەردەبیلی دەبێتە بەرپرسی دەزگای دادوەری و بەڵام ئەویش دەسەڵاتی تەواوی نیە و دەسەڵات لەنێوان خوموینی و ئەودا بەشدەکرێت. ئەو کارە تا ڕادەیەک بشێوی و ناڕەزایەتی سازدەکات هەربۆیە کاتێک لە دەورەی بەرپرسیارێتی ئەودالە ساڵی ١٣٦٧کەسانێکی زۆر لە سێدارە دەدرێن و ڕەخنە تووشی موسەوی ئەردەبیلی دەکرێت، باس لەوەدەکات کە ئەو دەسەڵاتی بەدەست نیە و زۆرجاریش بە خومەینیم وتوە کە ئەو کەسانەی لە سێدارەدەدرێن بێتاوانن و ددانیان بە هەڵەکەیانداناوە بەڵام ئەو باسی لەوە کردووە کە ئەوان درۆدەکەن و لەسەر باوەڕی خۆیان ماونەوە و دەبێت لە سێدارە بدرێن. لە ١٣٦٧دا خومەینی تیری ئاخر خۆی دەهاوێت و بە پاساوی ناکارامەیی، شوورایی دادوەری هەڵدەوەشێنێتەوە و دەزگای دادوەری دەخاتە جێگای کە تەنیا یەک نەفەر بەرپرسی هەیە و ئەویش ڕێبەر هەڵیدەبژێرێت بەم جۆرە دەزگای داد بەتەواوی دەکەوێتە ژێر دەستی ڕێبەری و تەنیا قاپوڕێکی لێدەمێنێتەوە.

یەکەم بەرپرسی دەزگای داد محەممەدی یەزدی دەبێت کە تا ئەوکات هیچ پێشینەیەکی لە دەزگای داد دا نابێت، ئەو لەسەرەتای دەست بەکاربوونی هەوڵدەدات ئەو بەرپرسانەی خومەینی دایناون بەرکەناریان کات کە بە خەتی ئێمامی ناوبانگیان هەبوو. بە هۆی ناکارامەیی و نەبوونی زانست و خوێندەواری لە بواری یاسا و زانستە سیاسیەکان سەرجەم بەرپرسانی دەزگای داد، ناتوانن ئامانجی سەرەکی ئەم دەزگایە کە دادوەری و دادپەروەریە بەدەست بێنێت و هەرکامیان جار لە جار بەرەو خراپتر و هەڵدێری دەبن.

دوای محەممەدی یەزدی لە ساڵی ١٣٧٨ دا مەحمەدی هاشمی شاهرودی دێتە سەرکار و لە هەمان کاتدا کە ئەم بەرپرسیاریەتیە وەردەگرێت باس بارودۆخی خراپی دەزگای داد دەکات و دەڵێت من « وێرانەیەکم « وەرگرتووە. دوای ئەم وتانە خەڵک و ڕۆژنامەنووسان بە گەشبینیەوە لە ڕۆژانی دواتر دەڕوانن بەڵام ئەویش تەنیا قسە و خەڵەتاندنی خەڵک بوو و هیچکام لە بەرپرسانی دەورانی محەممەدی یەزدی لانەبرد و تەنیا جێگاکانیانی گۆڕی و ئەویش نەیتوانی دەرمانێک بۆ دەزگای دادی ئێران بدۆزێتەوە. شاهرودی ڕاستە چەند کردەوەی ئەرێنی وەک بنیادنانی ( شورای حل اختلاف ) و ( ناوەندی ڕاوێژکاری ) لە کارنامەکەیدا هەیە بەڵام لەدەورانی بەرپرسیارێتی ئەودا سەعیدی مورتەزەوی دەکرێتە دادستانی تاران کە دواتر لە تاوانەکانی ساڵی ١٣٨٨ی کەهریزەک بە تاوانبار دەناسرێت و هەروەها چەندین ڕۆژنامەنووس بە شێوازێکی گوماناوی دەکوژرێن و چەندین کەس کە لە کاتی دەستبەسەرکردندا ژێر ١٨ساڵیان تەمەن دەبێت لە سێدارەدەدرێن.

لە ساڵی ١٣٨٨دا بەسەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان، شاهرودی جێگای خۆی بە سادقی لاریجانی دەدات.لاریجانیش وەک یەزدی و شاهرودی پێشینەیەکی لە دەزگای داد و یاسا دا نیە و تەنیا دەست پەروەردەی ( حوزە علمیە قم )ە و ئەویش ناتوانێت گۆڕانکاریەکی بەرچاو لە بەرپرسانی دەزگای داددا بدات و تەنیا وەک شاهرودی جێگاگۆڕکێیان پێدەکات. دەورانی لاریجانی هاوکات دەبێت لەگەڵ سەرکۆماری مەحمودی ئەحمەدینژاد کە ئەو دووانە ناتوانن کێشەکانیان لەگەڵ یەکتر بشارنەوە و بەردەوام ڕەخنە و گازندەکانیان ڕووبەڕووی یەکتر دەکەنەوە و یەکتر تاوانبار دەکەن بە ڕشوە و بەرتیل وەرگرتن. لە دەورانی لاریجانیدا چەند جارێک نەتەوەیەکگرتۆکان بۆ کار و باری ئێران، ئێران تاوانبار دەکات بە لە سێدارەدانی گەنجانی ژێر ١٨ ساڵ و هەروەها زۆربوونی لە سێدارەدان و ئەشکەنجەی زندانیەکان. دوای دەرکەوتنی چەندین ئێختلاس و دزی بەرپرسە باڵاکان لاریجانی هەمان کاری خومەینی و خاتمی دووپات دەکاتەوە و بێ گەڕانە و ڕاوێژ بە پاڕڵمانلە نامەیەکدا بۆ خامنەیی باس لەوەدەکات کە دەبێت دادگایەک بۆ ئەو کەسانە دابندرێت کە لە بەشی ئابووریدا دەست تێوەردان دەکەن ،داوادەکاتسێ دادوەر ئەم کارە بگرنە ئەستۆ. ئەوەی جێی سەرنجە خامنەیی ئەم داواکاریە پەسەند دەکات و بڕیاردەداتسەرجەم بڕیارەکانی ئەم دادگایە جگە لە سێدارە کە ١٠ ڕۆژی بۆ تانە لێدان بۆ داندراوە، بڕیارەکانی تر ( قطعی و لازمالاجرا )ن وئەم یاسایە تا دوو ساڵ کاری پێدەکرێت. ئەم بڕیارە پێشێلکردنی چەند بنەماییاساییە، سەرەتا جیایی هێزەکان، دانانی یاسا بێ گەڕانەوە بۆ پەڕلمان و هەروەها لەبەرچاو نەگرتنی یاسای تانە کە خۆی دبێتە پێشێل کردنی یاسای دادگاییکردنی دادوەرانە . ئەوە لە کاتێکدایە بنەمای یاسای ٥٨،٧١ و ٨٥ دەستوور باس لەوە دەکات کەنووسینی نامەی بەرپرسی دەزگای داد لە ئاستی یاسادانیە و یاسا تەنیا لە پەرلەمان دەردەکرێت.

لە کۆتایی ساڵی ١٣٩٧دا لاریجانی لە بەرپرسیارێتی دەزگای داد، دووردەخرێتەوە و بە فەرمانی خامنەیی ئێبراهیم ڕەئیسی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت کە کاردانەوەی زۆری لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی لێدەکەوێتەوە. ڕەئیسی یەکێک لەو چوار کەسەیە کە لەو دەنگەی کە لە ساڵی ١٣٩٥ بڵاوکراوە کە گۆیا دەنگی حسێنعەلی مەنتەزێری ، جێگری خومەینی لە ساڵەکانی سەردەمی شۆڕشی گەلاندا بوو، باس لەوەدەکات کە مورتەزا ئەشراقی،حسێنعەلی نەییری، مستەفا پورمحەممەدی و ئێبراهیمی ڕەئیسی بەرپرسی ئەو لەسێدارەدانان کە لە ساڵی ١٣٦٧دا ئەنجامدراوە و زیاتر لە هەزار کەس لە خۆ دەگرێت.لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی، ڕەئیسی دەچێتە ناو پێڕستی ئەو ٨٠ کەسەی کە وڵاتانی ئۆروپا گەمارۆیان دەخاتە سەر. سارا لی ویتسۆن کە چاودێری مافی مرۆڤە سەبارەت بە ڕەئیسی دەڵێت « زۆر سەرنج ڕاكێش و هەروەها ترسناکە کە کەسێک کە دەبێت لەبەر هۆکاری تاوانی دژە مرۆڤ، دادگایی بکرێت ببێتە بەرپرسی دەزگای داد».

ئەوەی ڕوونە و بەرچاوە ئەوەیە کە دەزگای دادی ئێران دوای شۆڕشی گەلان لە ساڵێ ١٣٥٧دا نەیتوانیوە بەرەو پێش بچێت و بەردەوام بەرەو هەڵدێر پێی ناوە،بونی دەستوورێک کە هیچکام لە خاڵەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤی تێدا نگونجاوە و بەرپرسانێک کە لەگەڵ یاسا و دادوەریدا بێگانەن و دەستیشان بە خوێنی هەزاران کەس سوور بووە و بە ناوی ئایین و خودا هەزاران کەس لە سێدارەدەدەن و دەست و لاقی هەزاران کەس دەپەڕێنن،ناتوانی بۆ داهاتوو گەشبین بی و پشت بە دەستوور و دەزگای دادوەری ببستی بۆ دابین کردنی دادوەری کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی.ئەوە لە کاتێکدایەکەئێران لە پێڕستی ١٥٩ وڵاتدا، بۆ ئازادی مرۆڤ ،تەنیا دەتوانێت پلەی ١٥٤ بۆ خۆی مسۆگەر کات. هەروەها ئێران بۆ دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان پلەی چوارەمی هەیەو بۆ لەسێدارەدانیش دوای چین بە پلەی دووهەم دەناسرێت. لە کۆتاییدا ئەوەی جێی ئاماژەیە ئەوەیەکە تەنیا بە هاتنەسەرکاری کەسانی شارەزا لەبواری یاسا و دادوەریدا ناتواندرێت دەزگای دادی ئێران ژیانێکیتازە بگرێتەوە، بەڵکوو دەبێت زۆربەی بنەما یاساییەکان لە دەستووردا بگۆڕدرێت تا بتواندرێت گۆڕانکارێکی ڕوون و بەرچاو بەدی بێت.


AM:08:16:08/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌