تۆڵە یان تاوان؟!



ئەرسەلان ئیحسانی

ڕۆژی هەژدەی بەفرانبار کاتێک دەست پێدەکات کە ئێران چەندین مووشەکی بە پاساوی تۆڵە ستاندنەوە لە ئامریکا سەبارەت بە کوشتنی قاسم سولەیمانی ڕەوانەی پایگای «عین الاسد» لە عێراق کردبوو. لەوکاتانەدا کە زۆربەی جیهان بە وردی لە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانین تا بزانن ئەو گرژیانە تا  چ ڕادەیەک پەرەدەستێنێت، هەواڵێکی چاوەڕوان نەکراو ئاڕاستەی هەواڵەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و باسی بەربونەوەی فڕۆکەیەکی گەشتیاری بە ١٧٦ نەفەر گەشتیار و ئەندامی بەڕیوەبەری فڕۆکەکە دەکات لە نزیک ئوستانی تاران، لە ئێران. زۆر زوو دەسەڵاتدارانی ئێران هۆکاری بەربوونەوەی فڕۆکەکە دەخەنە ئەستۆی بوونی کێشەی فەننی لە فڕۆکەکەدا. بەڵام وڵاتانی ئوروپایی و ڕۆژائاوایی دوای بڵاو بوونەوەی چەندین ویدیۆ و وێنە کە لە کاتی بەربوونەوەی فڕۆکەکەدا گیراوە و هەروەها دیتنی وێنەی فڕۆکەکە دوای بەربوونەوەی باس لە هەبوونی کێشەی فەننی ڕەتدەکەنەوە و باس لەوەدەکەن کە لەوانەیە بە مووشەک بە هەڵە کرابێتە ئامانج.

هەرچەند دەسەڵاتدارانی ئێران ئەوە بە پیلانی وڵاتانی نەیاری خۆی دەزانێت و ڕەتیدەکاتە کە لە لایەن مووشەک بە ئامانج کرابە و هەروەها باس لەوەدەکات کە سندووقە ڕەشەکەی فڕۆکەکە بۆ هیچ وڵاتێک نانێرێت و خۆی سندووقەکە دەکاتەوە و زانیارییەکانی بۆ ڕای گشتی بڵاودەکاتەوە، بەڵام دوای چەند ڕۆژ بە فەرمی ڕایدەگەیەنێت کە فڕۆکە ئۆکراینێکە بە هۆی هەڵەی مرۆییەوە کراوەتە ئامانج.ئەو ڕووداوە زوور زوو کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکیشی لێکەوتەوە و وڵاتان فڕینی فڕۆکەکانیان بەسەر ئاسمانی ئێراندا ڕاگرت و خەڵکی ئێرانیش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە شاردنەوە و درۆکانی دەسەڵاتدارانەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی سپای پاسداران و بەرپرسی گشتی هێزە چەکدارەکان واتە خامنەیی دروشمی توندیان وتەوە، بەڵام ئەوە تەنیا سەرەتای باجێک بوو کە ئێران بە هۆی ئەو هەڵەیەوە دەبوو بیدات. ئۆکڕاین وەک خاوەن فڕۆکەکە داوای ئەوەدەکات کە ئێران لە ڕیگای دیپڵۆماسییەوە دان بە هەڵەکەی دابنێت و داوای لێبوردەیی بکات، لە ڕاستیدا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەوە بۆ ئێران ئاسان نابێت و ئێران دەبێت بە پێی پەیماننامە و بەڵیننامە نێودەوڵەتییەکان کە خۆی تێیدا ئەندامە کار بکات.

لە کۆمەڵگادا ڕووداو واتە پێشهاتێک کە چاوەڕوان نەکراوە، بەڵام لە یاسای نێودەوڵەتییدا ڕووداو زۆر واتەی جیاوازی هەیە. لە مادەی ١٧ی کۆنوانسیۆنی وەرشۆ و کۆنوانسیۆنی ١٩٩٩ی مۆنتڕاڵ باس لەوەدەکات کە هۆکاری لێکۆڵینەوە لە ڕووداو گەیشتن بە ئامانجێکە بۆ قەرەبووی زیانەکانی کە دەتوانێت زیانەکان، مردن بێت یان خود بین و زام، و هەروڵاتێک کە ئەم بەڵیننامە و بەڵگانەی پەسەند کردبێت دەبێت لەو چوارچێوەیەدا کاربکات. جێی باسە کە ئێران سێ بەڵگەی لەم بەڵگانە واتە کۆنوانسیۆنی وەڕشۆ و دوو پرۆتۆکۆڵ کە بریتین لە (لاهە و گواتمالا)ی پەسەند کردووە. کۆنوانسیۆن یان پەیماننامەی وەڕشۆ لە ساڵی ١٩٢٩ ی زایینی و دواتر لە ساڵی ١٩٩٩ی زایینی کۆنوانسیۆنی مۆنتڕاڵ لە نێوان وڵاتانێکی زۆردا پەسەندکرا. ئەم دوو پەیماننامەیە یاسا و ڕێساکانی هێڵی ئاسمانی فڕۆکەی مەدەنی ڕیکدەخەن و بنەمایەکی یاسایی سەرکەوتوو بوون لە دادگا و کێشە نێودەوڵەتییەکان لە بواری گواستنەوەی هەوایی. ئێران کۆنوانسیۆنی وەڕسۆی لە پارلمان پەسەند کردووە بەڵام تا ئێستاش کۆنوانسیۆنی مۆنتراڵ ڕەت دەکاتەوە  و پەسەندی نەکردووە. مادەی ١٧ی کۆنوانسیۆنی وێڕشۆ و ١٩٩٩ ی مۆنتراڵ بە بڕێک جیاوازی ئەو خاڵە وەک بنەما دیاریدەکەن کە « بەرپرسی بەشی گواستنەوە، بەرپرسە لە قەرەبوو کردنەوەی هەر کارەساتێک کە ببێتە هۆی  مردن  و یان برینداربوون یان خود هەر جۆرە زیانێکی جەستەیی کە تووشی گەشتیارەکان ببێت، بە شەرتێک کە ئەو ڕووداوە هاوکات بێت، بەدرێژایی سەفەرەکە و یان لە کاتی هەرکام لە قۆناغەکانی سواربوون یان دابەزین «.

لە ڕووداوی فڕۆکەی بویینگی ٧٥٢ی ئۆکراین، هەر چوار مەرجی کۆنواسیۆنی وێڕشۆ و مۆنتراڵی تێدایە، هەرچەند ئێران تەنیا لە کۆنوانسیۆنی وێڕشۆ ئەندامە کەواتە لە ڕوانگەی یاسایی یەوە، ڕووداوێک ڕوویداوە و دەبێت قەرەبوو بكرێنەوە؛ بە چاو خشاندنێک بە پێناسەی بەرپرسیارێتی وڵاتان کە لە یاسای نێودەوڵەتی باسی لێکراوە و لە بڕیارەکانی دادگا ناودەوڵەتیەکانیش کەڵکی لێ وەرگیراوە، کە بنەمای بەرپرسیارێتی وڵاتان و نە بە هۆی هەڵە یان بە ئانقەست و یان بۆ سزادان بێت، بەڵکوو تەنیا لە سەر بنەمای پێشێل کردنی بەڵێن  و پەیمانە  ناودەوڵەتێەکانە،هەرچەند کردەوەی لەم شیوەیە بۆ خۆی ڕەنگدانەوەی نەرێنی وڵاتانی تری لێدەکەوێتەوە.لە ڕووداوەکەی فڕۆکەی بۆیینگی ئۆکڕاین دەتواندرێت بۆ سەلماندنی بەرپرسیارێتی دەوڵەتی ئێران کەڵک لە پەیماننامەی شیکاگۆ وەرگیرێت. کە لە ٣٠ پوشپەڕی ١٣٢٨ی هەتاوی لە پاڕلمانی ئێران پەسەندی کرا و ئێران بۆتە ئەندام لەم کۆنوانسیۆنەدا.ئەم کۆنوانسیۆنە لە ڕاستیدا دەستووری کاری ڕێکخراوی ناودەوڵەتی فڕۆکەوانی مەدەنی ( ایکائو) بووە و یەکێکە لە ڕێکخراوە سەرەکیەکانی ئەنجەمەنی نەتەوەیەکگرتووەکانە. دەتوانین بڵێین کە ئەرکی پاراستنی هاوئاهەنگی پێوانەیی ناودەوڵەتیەکانە لە فڕین و بەڕیوەبردنی هێڵی ئاسمانی لە ئاستی جیهاندا.

سەبارەت بە بەرپرسیارێتی وڵاتان بۆ ڕووداوی فڕۆکەوانی دەتوانین باس لە دوو مادە بکەین، مادەی ٣ « وڵاتان دەبێت لە کردەوەی نزامی دژی فڕۆکە مەدەنیەکان خۆ بپارێزن « و مادەی ٩ «وڵاتان دەبێت بە هۆکاری وەک ئەمنیەت و پاراستنی گشتی ، چەند ناوچەیەک وەک ناوچەی ئارام ( دژە فڕین ) دیاری بکەن». سەبارەت بە بۆیینگ ٧٥٢ ئۆکڕاین بە لە بەرچاو گرتنی بەڵگەکان  مادەی سێ لە خۆ ناگرێت، بەڵام بە ڕوونی دیارەکە ئێران مادەی نۆ پەیماننامەی شیکاگۆی پێشێل کردۆ و لە ئاستی ناودەوڵەتیدا بەرپرسە بۆ قەرەبوو کردنەەی سەرجەم زیانەکانی ئەم ڕووداوە. لە مادەی ٩ی کۆنوانسیۆنی شیکاگۆ  باس لەو جگایانە دەکات کە فڕین تێیدا ڕێگا پێدراو نیە و هەروەها لە بڕگەی « ب «ی ئەو مادەیەدا بە ڕاشکاوی باس لەوە دەکات کە هەر وڵاتێک دەبێت لە کاتی مەترسی و یا کاتێک کە هەست دەکات مەترسیەک دێتە ئاڕاوە و ژیانی خەڵک لە مەترسیدایە پێش بە فڕینی فڕۆکە مەدەنیان بگرن. ڕۆژە ڕووداوەکە دروست کاتێک بوو کە ئێران خەریکی لێدانی مووشەک بوو لە پایگای ئامریکا لە عێراق و دەبوو فڕینی فڕۆکەکان ڕابگرێت نەک ئەوەی بیانکاتە قەڵغانێک بۆ خۆی.

لەوەرزی دووهەمی ڕەشنووسی پەیماننامەی دەوڵەتەکان لە پێناو سەرپێچەکانیان لە ئاستی ناودەوڵەتیدا ( پەسەندکراوی ٢٠٠١ی زایینی کۆمیسیۆنی یاسای نەودەوڵەتی) باس لە جۆرەکانی قەرەبووی زیانەکان دەکات.ئەم شیوازانە باس لە گڕانەوەی دۆخەکە بۆ ئاستی پێشوو، سزای مادی و وەرگرتنی ڕەزامەندی زیان لێکەوتوو دەبێت.لەم ڕووداوەدا بەدڵنیاییەوە ناتواندڕیت دۆخەکە وەک خۆی لێبکرێتەوە بەڵام دەتوانین بڵێین ئێران دەبێت بە پێدانی پوڵ و پارە قەرەبووی زیانەکان بکاتەوە.زیانی خۆدی فڕۆکەکە بە بڕی ٦٠ میلیۆن دۆلار خەمڵێندراوە  و بۆ قەرەبووی گیانبەختکردوان لە پەیماننامەی وێڕشۆ نزیک بە ٢٠ هەزار دۆلاری ئامریکایی دیاری کراوە بەڵام لە کۆنواسیۆن مۆنتراڵ ئەم ڕێژەیە هەشت بەرابەر زیاترە و بڕی ١٧٠ هەزار دۆلاری ئامریکایی لە خۆ دەگرێت.ئەو زیانە بەپێی یاسای مەدەنی و لەلایەن هێڵی ئاسمانی ئۆکاراینەوە بە زیان لێکوتووەکان دەدرێت بە ڵام ئێران دەبێت پێشتر ئەم پارەیە بە ئۆکڕاین بدات.بەڵام ئێران دەبێت لە سەر بنەمای کام کۆنوانسیۆن جەریمەکەی بدات ؟ ئەوە دەبێت بە وردی کاری لەسەر بکڕیت بۆ نموونە  کەسانێک کە بلیتی ئۆکڕاین بۆ ئێران وگەڕانەوە بۆ ئۆکڕاینیان هەیە لە سەر بنەمای مۆنتڕال قەرەبوو دەکرێنەوە چۆن ئۆکڕاین کۆنوانسیۆنی مۆنتڕاڵی پەسەند کردووە و کاری پێدەکات و ئەوانەی بلیتی ئێران بۆ ئۆکڕاین و گەڕانەوە بۆ ئێرانیان هەیە لە سەر بنەمای وێڕشۆ قەرەبوو دەکرێنەوە چۆن ئێران تەنیا کۆنوانسیۆنی وێڕشۆی پەسەند کردووە. بەڵمام ئەوە گرنگە ئەوەیە کە ئایا ئێران دەچێتە ژێر کۆنواسسیۆنی مۆنتراڵ کە هەشت بەرامبەری وێڕشۆ خەسارەت بدات؟ ئەوە لە کاتێکدایە کە گەمارۆکان فشارێکی زۆری خستۆتە سەر ئێران و ئێران لە بواری ئابووریدا لە ئاستێکی باشدا نیە و هەروەهاش لە ئاستی ناودەوڵەتیشدا فشاری لەسەرە و دەبێت ئەوانیش ڕازی بکات.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە لە مادەی ١٧ی معاهدەی شیکاگۆ باس لەوەدەکرێت کە « هەر فڕۆکەیەک سەر بەو وڵاتەیە کە لێوێ تاپۆ کراوە»، کەواتە لەم ڕووداوەدا وا دەردەکەوێت کە ئێران لە خاکی وڵاتی ئۆکڕاینی دابێت هەر بۆیە دەتوانێت پەیوەندی ناودەوڵەتی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەرەو قۆناغێکی دیکەدا بەرێت. و هەروەها لەسەر ئێرانە کە بیسەلمێنێت کە هەڵەی مرۆیی بووە بە جێی هێرشی دوژمنکارانە و سەلماندنەکەشی لە سەر ئەستۆی ئێران دەبێت.

ئێران دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سێ قۆنا‌غ تێپەڕ بکات بۆ ئەوەی پەیوەندیە ناودەوڵەتیەکانی لەوە زیاتر بەرەو گرژی و ئاڵۆزی نەچێت:

١) ئێران نە تەنیا دەبێت لە ئاستی دیپڵۆماسیدا داوای لێبوردەیی بکات بەڵکوو دەبێت تەرمی سەرجەم گیانبەختکردۆکان بگەڕێنێتەوە و هەروەها قەرەبووشیان بکات و سەرجەم کارەکانی وەک پشکنین و گواستنەوەی تەرمەکانیش لە سەر شانی خۆیەتی. 

٢) لەم فڕۆکەیەدا گەشتیاری وڵاتانی تریشی تێدا بووە وەک ئەفغانستان کە دەبێت ئەوانیش قەرەبوو بکرێنەوە و تەرمەکانیان بۆ وڵاتی خۆیان بنێردرێتەوە.

٣) ئەم ئێرانیانەی لەم فڕۆکەیەدا بوون کەسانێکیان تەنیا هەڵگری ناسنامە ئێرانی و کەسانێکیشیان هەڵگری ناسنامەی وڵاتانی تریش بوون، واتە دوو وڵاتنامە (تابەعیەت) یان  بووە کە ئەوە خۆی کێشەیە چۆن ئێران دوو وڵاتنامەیی پەسەند نەکردووە و تەنیا بە ئێرانیان دەزانێت. 

 



AM:01:16:14/02/2020




ئه‌م بابه‌ته 63 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌