لە بارەی کورد و خۆکۆیلەتییەوە!

فازڵ وەلیان



زیاتر لە سێ ساڵ و شەش مانگ بوو کە دەستم لە نووسین هەڵ گرتبوو، بۆیە هەلبژاردنی سووژە و شێوەی دەسپێکردن و دڵنیابوون لە پێکانی سیبڵ یان ئامانجەکە تۆزێ قورس و گران بوو لە لامدا.

هەر وا خەریک بوو ماوەیێک خۆمم بەوە سەرقاڵ کردبوو هەر بابەتێکم دەستنیشان دەکرد، دڵخوازم نەبوو. پرسی ڕۆژ، لێکدانەوەی ڕووداوە سیاسییەکان، ترامپ، گەمارۆکان، لەشکیرکێشییەکانی ئۆرووپا بۆ کەنداو و کەوتنی بەشیر، و ...بۆ خۆم بە خۆمم وت خەریکی چیت ئەوە؟ تۆ و ئەم کارانە !؟ تۆ لە دونیایێکی تری و ئەم بابەتانە کاری تۆ نیە، بڕۆ و شوێنی ئەو بابەتانەی کە پێشتر خەریکی بووی؛ بگرە.

تۆزێ بە خۆمدا هاتمەوە و گوتم کابرا ڕاست دەکا، مەن و سیاسەت کوجا مەرحەبا؟! بۆیە ئەو بیرۆکانەم وە لاوە نا و تۆزێ کاتی ترم بە خۆم بەخشی ! و وتم خۆ سێ ساڵ و نیو ئەوەندەش زۆر نیە!!!

چەن ڕۆژ دوای ئەوە لە شانساندا دەعوەتی زەماوەنێک بووین هەر لەم شارە واتا ژنێڤ ئەڵبەت بۆ زەماوەنی کوڕ و کچێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی.

ئێوارانی ئەو ڕۆژە لەگەڵ خاوخێزان بەڕێ کەوتین و چووینە ئەو هۆڵەی کە ڕێوڕەسمەکەی تێدا بەڕێوە دەچوو. میوانان هەموو لە کوردانی ڕۆژهەڵات و باشوور و چەن بنەماڵەی سووییسی و بنەماڵەیێکی هیندی و کچێکی سریلانکایی و یەک یان دوو بنەماڵەی فارسیشی تێدا هەبوو، هەموو شتێک بە خۆشی و وەکوو هەموو زەماوەنێک خەریکی بەڕێوەچوون بوو . هەڵپەڕکێ، گۆرانی ، شیرینی ، چەرەز و ئاجیل ، میوە ، خواردن و ساردەمەنی و شتی دیکە زۆر ئاسایی و بەتەرتیب و نەزمێکی باش.

خواردنێکی ڕەنگاوڕەنگی ئەنترناسیووناڵیش هەبوو لە هەموو فەرهەنگەکان تێکەڵی بوو کە جێی تێڕامان و سەرنج بوو!

نزیک بە دوو سەعات و زیاتریش لە شاییەکە تێپەڕی کە لەناکاو هەموو شتێ چوە باری نائاساییەوە !!! ئەڵبەتە نە بۆ هەموو کەس بەڵکوو بۆ من و سێ چوار کەسی دیکە کە یان وەکوو من بیریان دەکردەوە یان ئەسڵەن لەوێ و لەو هۆڵەدا نەبوون.

بابەتەکە ئەمە بوو کە هەر لە یەکەم ساتی شاییەکە کە گۆرانی لە سەر ئسپیکرەکە بوو و هەموو کەس یان باشترە بڵێم زۆربەی کەسەکان هەڵ دەپەڕین و ئەوانەش کە هەڵنەدەپەڕین لە سەر سەندەلییەکانیان دانیشتبوون و خەریکی خواردن و قسەکردن و ئاشنابوون لەگەڵ کەسانی تر بوون، بەڵام ئیتر کەسانی دانیشتوو ئەوەندە سەرنجیان بۆ لای هەڵپەڕکێ نەدەچوو!

هەتا ئەو کاتەی کە ماڵی من ڕما و یەک دەفعە گوێم لێ بوو کە گۆرانییەکی فارسی خرایە سەر ئسپیکرەکە و خانمێکی فارس چوە ناوەڕاستەوە و دەستی کرد بە ڕەقسی فارسی، برای خۆتان بۆتان بڵێ لە ناکاو هەموو کوردە قارەمان و کوردستان پارێزەکان هەرکام بە موبایلێکەوە چوون و ئەڵقەیان بەستە دەوری خانمی فارسەوە و دەستیان کرد بە تۆمارکردنی ڕەقسی خانم و هاوکات چەپڵەلێدان و ئافەرم و باریکەللا وتن!!!

نازانم من لە هەڵەدام و زۆر هەستیارم بەم شتانە یان بەڕاستی ئێمەی کورد زۆر زۆر خۆبەکەمزانین!؟

ڕێک وە بیری بەرنامەیەکی پێشتری خۆم کەوتمەوە بە ناوی پرسی قڕان ، لەو بەرنامەیەدا لە بەشیک لە بەشەکان باسی خودکلونیالیزمیان خۆبەکۆیلەکردن هات و بە بەشداری میوانان بۆ ماوەیێک باسیمان کرد.

بۆیە هەر ئەو ساتە پەیامەکەی چەن ڕۆژی پێشوو هاتەوە و زرینگەی دا لە مێشکم و وتی کابرا ئەمەش بابەت ! فەرموو بزانم چ دەکەی؟

بەڕاستی ئەمە بابەتێکی گرینگە و بە ڕای منی نووسەری ئەم چەند دێڕە دەبێ لێکۆڵەران و دڵسۆزانی گەلی کورد زۆر و بگرە هەرەزۆر گرنگی بەم تەوەرە بدەن و دیسانەوە بە ڕای من کێشەی هەرە سەرەکیی کۆمەڵگای کوردیی لێرەدایە واتە [خۆبەکۆیلەکردن]! ئەمە مانای لەگەڵ [بەکۆیلەکردن] جیاوازە ، بۆ نموونە خەڵکی هیندووستان لە لایەن وڵاتی پاشایەتیی بریتانیاوە کران بە کۆیلە، یان سەردەمانێک خەڵکی سووریا لە لایەن فەرەنساوە کران بە کۆیلە، دیسانەوە گەلانی وڵاتی ئامریکا، قبرس و هۆنگ کۆنگ و وڵاتانی ئافریقایی وەکوو ئافریقای باشوور، گینە، کنیا، غەنا و زۆربەی وڵاتانی تر ئەمانە هەموویان لە لایەن دەوڵەتان و وڵاتانی بێگانەوە کران بە کۆیلە و موستەعمرە، ئەوەی کە لێرەدا جێی تێڕامان و سەرنجە ئەوەیە کە لە کۆتاییدا ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو خەڵکانە لە بەرامبەر زلهێز و داگیرکەردا هەستانەوە و بوون بە خاوەن ئیرادە و چارەنووس و پاشان وڵات و خاکی خۆیان.

بەڵام کێشەی ئێمەی کورد،

ئێمەی کورد بە هەموو ناوچەکان و بە هەموو زاراوەکانمانەوە و بە هەموو کێشە و دوژمنایەتییەکان کە لە هەمبەر یەکتردا هەمانە. بەڵام یەک خاڵی هاوبەشمان هەیە کە ئەوەش خۆبەکەمزانین و خۆ بە خوارەدەست زانینی دوژمنان و نەتەوەکانی چوار دەورمانە!

ئەگەر سەرنجێ بدەینە ژیانی ڕۆژانە و هەڵسوکەوتی سیاسیی و فەرهەنگیی هەرکام لە پارچەکانی کوردستان، بەڕوونی دەیبینین کە بڕێک هەڵویستی چاونەترسانە و بەغیرەتانەمان هەیە لە کاتی بڕێک ڕووداو و بابەتدا، بەڵام هەر کە بابەتەکە دەبێتە بابەتێکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە، یەکسەر دەبین بە دوو بەرەوە و دژ بە یەک ڕادەوەستین بۆ خزمەت بە بێگانە.

گەلێکیش لە بەناو ڕۆشنبیرەکانمان دەست دەکەن بە ئایەت و بەڵگە و سەنەد هێنانەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی خۆیان کە گوایە ئەمەی کە ئێمە دەبێ ژێردەستە و بندەستەی نەتەوەکانی چوار دەورمان بین باشترین و بەقازانجترین کار و هەڵوێستە.(( پزیشکەکان بە دروستی ڕێنماییمان دەکەن کە مەڵهەم لە سەر ئەو برینانە دانەنێین کە چاکبوونەوەیان نییە و ئەمە کارێکی باش نییە کە بمەوێ خەڵک ڕاچلەکێنم، لە بەر ئەوەی ماوەیێکی زۆرە کە خەڵک لە هۆش چوونە هەر ئەوەی کە لە ئێشی خۆیان بێئاگان نیشاندەری ئەوەیە کە نەخۆشییەکەیان کوشندەیە، بۆیە وەرن با لێی بکۆڵینەوە بزانین ئایا دەتوانین بیدۆزینەوە کە چۆنە ئەو مەیل و حەزە کۆنە بە بەردەیی و نۆکەری وەها ڕیشەی داکوتاوە کە چیدی ئەشق بە ئازادی ئەوەندەش سەرنجڕاکێش نییە!))١ پشت جەڵدی کتێبی بەردەیی دڵخوازانە

ئەگەر سەرنج بدەین لە ئەم شێوە هەڵسوکەوتە، دەبینین پێشتر لە سەر ئەم بابەتە کار کراوە و شت نووسراوە.

نووسەری جوانەمەرگی فەرانسەوی(ئێتین دولا بوئێتی) دەڵێ: `دەسەڵاتی داگیرکەر` شتێک نیە بێجگە لە ئەو هێزەی کە چینەکانی خەڵک بە حەز و دڵخواستی خۆیان پێشکەشی دەکەن بە کەسی دەسەڵاتدار، `زاڵم` بێجگە لە گوێڕایەڵی و جێبەجێکردنی دڵخواستی چینەکانی خەڵک پایەگایەکی دیکەی نیە.٢ کتێبی(بەردەیی دڵخوازانە) ل١٩

کە واتە دەرد و کێشە لای خۆمانە و خۆ فریو دانە کە یەقەی خەڵکانی دیکە بگرین. ئێمە خۆمان زاڵم و داگیرکەرمان بە سەر خۆماندا زاڵ کردوە.

ئەو هەموو بۆڵەبۆڵ و دنیا و مێژوو بە تاوانبار زانینە بێمانایە،

(( هەر لێرەوە...

تا وڵاتی بەرینی چین

بە نۆکەری گەڕاین، ڕۆشتین،

بە ئاواتی

سەرکەوتنی

بێگانە گەلێ گەیشتین؛

لە خوێنی خۆمان بۆ ڕشتن...

لە ڕۆڵەی خۆمان بۆ کوشتن !))٣زیندووی مردوو _ شێرکۆ بێکەس

هەر لە سەرەتاکانی مێژووی کوردەوە؛ هیچکات خۆمان بە شت نەزانیوە و هەمووکاتیش دەوروبەرمان بە هەموو شتێک زانیوە، هەر بۆیە هەموو کات خزمەتکاریان بووین.

بەڵام چارەکردنی ئەم نەخۆشییە چۆنە و دەبێ چی بکرێ؟! دەبێ ئازادی بخوازین واتا خوازیاری ئازادی بین، (( بە تەنیا خوازیاریی ئازادی بۆ گەیشتن بە ئازادی بەسە، لەبەر ئەوەی کە ئەگەر لە بەرانبەر زاڵمان سەر دانەنەوێنین و چیدی فەرمانەکانیان جێبەجێ نەکەین، تەنانەت بە بێ خەبات و تێکۆشانیش، زاڵمان دەڕووخێن))٥ ئێتین دولا بوئێتی

بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ئەم زاڵمانەی کە ئێمە کردوومانن بە شت و دەسەڵاتمان داونەتێ؛ هەر چی زیاتر فەرمانەکانیان جێبەجێ بکەین؛ ئەوانیش دڕتر دەبن و هێزیان زیاتر دەبێ و لەو لاشەوە ئازادیخوازانی دنیا بە چاوێکی بێ قیمەتانە و سووکەوە لێمان دەڕوانن؛ هەر وەکوو لە کاتی شەڕی دژ بە داعش بینیمان و هەروەها لە بابەتی کەرکووک و ١٦ی ئۆکتۆبردا و لە بابەتی ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان کە زلهێزەکان چاویان لێ کردین کە چەندە خۆمان بە کەم دەزانین و لە سەر بابەتێکی وەها گرینگ و چارەنووسسازدا یەکدەنگ و یەکگرتوو نین، بۆیە ئەوانیش پشتیان لێ کردین.

بە کورتی هەتا ئەو کاتەی بڕیار نەدەین بۆ دەرچوون لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەر؛ دەبێ حاڵمان هەر ئاوا بێت لەبەر ئەوەی کە (( خودکولونیالیست –خۆکۆیلە – لە لەناوچوونێکی خوازراودا «ئارامیی» داگیرکاری هەڵدەبژێرێ لە بەرامبەر تۆفان و لافاوی ئازادیدا و بە دڵخواستیی خۆی درێژە بە دۆخی فەرمانبەری و کڕنۆش دەدات!٦ کتێبی خودکولونیالیسم(بردگی اختیاری) – بێهزاد خۆشحاڵی

بەڵام بیئاگایانە یان بەئاگایانە نرخی مرۆڤ و مرۆڤایەتی ئاوەها دێننە خوارەوە کە تەنانەت چوارپێیانیش دڵیان دێتە لەرزە بۆمان و « ئەگەر ئینسانەکان خۆیان خۆیان نەدایە بە کەڕییەوە، دەیانبیست کە چوارپێیانیش تەنانەت هاوار دەکەن و بە دەنگی بەرز دەڵێن: بژی ئازادی!»٦ کتێبی(بەردەیی دڵخوازانە)

بەڵام بەداخەوە! وا دیارە خۆمان کەڕ کردوە و هیچ جۆرە بانگێکی ئازادیخوازی نابیسین و تەنیا و تەنیا خۆشخزمەتی بە بێگانە باشترین کارێکە کە دەیزانین! هەر وەک کە شێرکۆ بێکەس دەڵێ:

((دوو هەزار و پێنجسەد ساڵە

مەشکەی دوژمنان ئەژەنین؛

چوونکە شڵقەی زل و خۆشە!

بە هی خۆشمان پێئەکەنین!)) ٤

یان بێهزاد خۆشحاڵی لە کتێبی [خودکولونیالیست] لاپەڕەی ١٩ دەڵێ: «خودکولونیالیست» بەر لە هەر شتێک، داب و نەریتی نەتەوەکەی خۆی بە داخراو و بەستوو دەزانێ و فەرهەنگی ناوچەیی خۆی بە داڕزیو و ماوە بەسەرچوو و شارستانیەتی خۆی بە کۆسپی بەردەم پێشکەوتنی بەرەو سەر دەزانێ. ئەو لە مێژووی خۆی جیا دەبێتەوە و ناتەوان لە بڕیاردان، چارەنووسی خۆی، چارەنووسی نەتەوەکەی و بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی بە وشیارییەوە دەسپێرێتە کەسێکی دیکە، ئەو بە جیابوونەوەی یەکلایی لە مێژووی خۆی؛ چیدی نە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات ، نە هەست بە گوناهـ ئازاری دەدات و نەش تووشی دوودڵی دەبێ، خودکولونیالیسم بێهزاد خۆشحاڵی ل١٩

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەموو ئامۆژگارییە کۆن و نوێکانی فیلسووف و نووسەر و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی خۆمان و دنیای خاوەن شارستانیەت پێچەوانەی ئەوەمان پێ دەڵێن و هەموو کات گوتوویانە کە لە بەرامبەر بچووکترین نادادپەروەرییەک تاک بە تاکی کۆمەڵگا بەرپرسیارە،(( لە ژێر دەسەڵاتێک ئەگەر یەک کەس نادادپەروەرانە زیندانیی بکرێ، جێگەی هەر تاکێکی دادپەروەریش هەر وەها زیندانە )) ٧ هانڕی دەیڤید سۆرۆ / نافەرمانیی مەدەنی ل ١٣

لە کۆتاییدا:

شتێکم وە بیر هاتەوە، لەو هەموو بەزمی نێو زەماوەنەکەدا خاڵێکی وەرچەرخانم بینی کە زۆر جێگای سەرنج بوو، لە شوێنی دانیشتنی خێزانی ئێمە و لە تەنیشتمانەوە بنەماڵەیێکی فارس دانیشتبوون کە لە دوای نان خواردنمان ، سەری قسەی کردەوە و بڕێک پرسیاری کرد و منیش ناوی منداڵەکەیانم پرسیار کرد کە وەڵامەکەی وا بزانم وەڵامێکە بۆ هەموو ئەو کێشانەی کە ئێمە بە دەستییەوە دەناڵێنین، وتی ناوی کچەکەی «شارین» ـە ، وتم دەزانی مانای چییە؟ کە ئەویش وتی واتا شارستانیەت!!!

بەڵێ ئەگەر بەڕاستی بگەڕێینەوە نێو لاپەڕەکانی فەرهەنگ و شارستانیەتمانەوە، دەبینین کە ئێمەش شتمان زۆرە بۆ پێشکەشکردن بە گەلانی جیهان بەو شەرتەی کە دڵنیا ببین لە خۆمان و بڕوامان هەبێ بە خۆمان، ئەگەر گەیشتینە ئەو ئاستەی کە بڕوامان بە خۆمان هەبوو؛ ئەوا وردە وردە گەلانی دیکەش چۆک دادەنەوێنن و زاڵمان و داگیرکەرانیش وردە وردە لێمان دوور دەکەونەوە یان وە دەریان دەنێین.


AM:10:23:03/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌