پیلانی دەوڵەت، هەژارترکردنی کۆمەڵگایە!

پیلانی دەوڵەت، هەژارترکردنی کۆمەڵگایە!

هێرش ڕەهنەوەرد

 

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە راگەیەندنەکاندا هەواڵی کۆبونەوەی شۆرای باڵای کار کە پێک هاتبوون لە نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی خاوەنکاران و نوێنەرانی ڕێکخراوە زەردە کرێکارییەکان بۆ دیاری کردنی لانی کەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٣٩٩ بە زیاد کردنی٢١ لەسەد، واتە ١ میلیۆن و ٨٣٥ هەزار کۆتایی پێهات.

دیاری کردنی حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ۹۹ بوو بە هۆی ئەوەی کە ڕەهەندی سێهەمی کۆبونەوەی دیاری کردنی حەقدەستی کرێکاران، واتە نوێنەرانی ڕێکخراوە زەردە کرێکارییەکان لە ئێرانیش کۆبونەوەکە بەجێ بهێڵن و  تەنانەت واژۆی ئەو بڕیارنامەیە نەکەن، بیانووی ئەوان بۆ واژۆ نەکردنی ئەو بڕیار نامەیە پێشێل کردنی مادەی ٤۱ قانوونی کاربوو، چونکە بە پێی ئەو مادەیە شۆرای باڵای کار هەموو ساڵێک دەبێت لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بە پێی دوو پێوەر دیاری بکات.

پێوەری یەکەم، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەیەک کە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە دیاری دەکرێت و دووهەم سەبەتی مەعیشەتی کە بە پێی ئەم بەندە لانیکەم حەقدەستی کرێکارێک دەبێت بە ڕادەیەک بێت که بتوانرێت بنەماڵەیەکی ۳.۳ کەسی پێ بژیەنرێت.

ئەگەرچی کارناسانی ئابووری پێیان وایە کە خاوەنکاران ساڵانی داهاتوو بۆ دابین کردنی ئەو بڕە پارە کەمەش تووشی کێشە دەبن و ئەمە مەترسییەکی زۆر جدییە.

 بۆ هەموو ئینسانێکی عاقڵ ئەوە ئاشکرایە کە حەقدەستی دیاری کراو بۆ کرێکاران لە چاو هەڵاوسانی ٤٠ یا بە وتەی زۆرێک لە کارناسی ئابووری ٥٠ لەسەدی یان لەچاو سەبەتی بژێوی کە بۆ بنەماڵەیەک لە شارە کەم حەشیمەتەکان دیاری کراوە، ٨ میلیۆن ٥٠٠ هەزارە. یا خودی شۆرای باڵای کاری خودی ڕژیم کە ٥ میلیۆن ٤٠٠هەزاری دیاری کردووە ئاشکرایە کە بنەمالەی چەندین میلیۆنی کرێکاری بەرە و چ بارودۆخێکی مەترسیدار دەچن.

لە ڕاستیدا ئەم بارودۆخەی کە حاکمیەت لە ئێراندا بۆ کرێکاران و حەقدەست بگیرانی هێناوەتە ئاراوە، خەلکی زەحمەتکێش و هێزی کار بەرە و دۆڵێکی تاریک و قووڵ دەبات کە هاتنەسەرەوە پێیدا لە مەحاڵاتی ئەم دونیایەیە، چوونکە ئاراستەی ڕووداوەکان ئاشکرای دەکات، دەسەڵاتی هیچ چارەسەر یا بەرنامەیەکی ئابووری نییە و بۆیە هەنگاو بەرەو بەکۆیلە کردنی کۆمەڵگا دەبات، بەڵێ دەسەڵات ئەمە بە چارەسەر دەزانێت.

 چینی کرێکار و هێزی کار بە گشتیی لە ئێران  کە  ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵکی ئەو وڵاتە پێک دێنن و لە  ڕووانگەی دەسەڵاتەوە دەبێت کەسانێک بن نەزان و گوێڕایەڵ و موحتاج بە لوتفی ئەوان، دەسەڵات لە ڕووانگەی خۆیەوە ئەم بەشە دەبێت هەژارتربن بەو شێوەیە توانایی چوون بۆ مەکتەب و زانستگا و تەنانەت سەفەر کردن و بینینی دونیای دەروە و... لە لایەن خۆیان و بنەماڵەکانیانەوە نەبێت بۆ ئەوەی زانیارییان لەسەر مافی خۆیان نەبێت، بەم شێوەیە چەوساندنەوەی ئەوان ئاسانتر دەبێ.

کۆماری ئیسلامی لەم بارودۆخەی کۆرۆنادا و بە هۆی گوشارە نێونەتەوەییەکان ئەو دەسەلاتەیە کە لە چکۆلەترین بابەتی شەخسی ئینسانەکان لە خیابان و بیابان دەخالەت دەکات، ئەو دەسەڵاتەیە کە سەرەڕای بارودۆخی نالەباری ئابووری وڵاتەکەی کە بە پێی ڕاگەیاندنی سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە ساڵی داهاتوو خراپتریش دەبێت، نە تەنیا ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی لەژێر مەترسیدا داناوە بەڵکوو لە دیاری کردنی چارەنووسی وڵاتانی دیکەش خۆی بە خاوەنی ڕا بۆچوون دەزانێت و گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم و هۆی شەڕەنگێزییە لە ناوچەکە، بەڵام لەهەمبەر چارەسەری پرسی ئابووری وڵاتەکەی سیاسەتی گشتگیر کردنی هەژارییە بەسەر خەڵکدا، بەڵێ ئەمە ئەو حاکمیەتە نموونەیە کە لەسەرتادا خومەینی بەڵێنی پێدابووین بۆ ئەوەی ببێ بە نموونە و ئولگوی دەسەڵاتداری بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئەمە ئەو ئاسایش و ئارامش و خۆشییەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیار بوو دابینی بکات.

بۆ ئەوەی کە باسەکە نەچینە دەرەوە دەڵیم بە پێی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بۆچارەسەری پرسی ئابووری هیچ چارەسەرێکی ئابووری نییە و لە نەبوونی ئێنسجامێکی بەهێز  لە نێوان ئوپزیسیۆن، دەرەنجامی دەبێ بە هەڵوەشانێکی مەزنی کۆمەڵایەتی و نیشانە سەرەتاییەکانی زیاد بوونی فرۆشی هەرزانی هێزی کار لە قاڵبی کۆیلایەتی بە تونترین شێوەی مومکن، ڕانت، فەسادی سیستامتیک ماڵی، تاڵان و تاراجی سەرمایە، لەش فرۆشی، ئعتیاد بە مادەی هۆشبەر و مەشروباتی ئەلکولی، منداڵانی کار، توندوتیژی دژی ژنان، نەخۆشینی دەروونی، تەڵاق، خۆکوژی، دابەزینی خراپبوونی بارودۆخی بێهداشتی، زیاد کردنی نەخۆشییەکان و...

  کرێکاران  بە پێ ئەم بارودۆخە کە هەموو داواکارییەکی سێنفی و ئینسانی بە تاوانی سیاسی دەزانرێت و دەرەنجامی دەستگیر کردن و دانپێدانانی زۆرەملێی لێ دەکەوێتەوە، بۆ بەدەست هێنانی مافی خۆیان ڕێگایەک جگە لە گۆڕینی حاکمییەت لە ئێرانیان نییە و دەبێت کرێکاران بە تایبەت کرێکارانی پێشڕەو بە پێک هێنانی سندیکا و ئەنجومەنەکان و هاوکاری ڕێکخراوەکان بۆ مانگرتنی سەراسەری دەتوانن ببن بە هەوێنی دەسپێکی ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران.


AM:10:09:03/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 39 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌