سێکۆلاریزم، پێویستی سەرەتایی مرۆڤەکان لە دوونیای ئەمڕۆدا


سرووش ئووەیسی


  زۆر جار لە پڕۆگرامەکان، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و کتێبە مێژوویی و سیاسییەکاندا وشەی سێکۆلار، سێکۆلاریزم، لائیک و سێکۆلاریزاسیۆن دەبینین کە جاری وایە لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگا و جاری واشە بە گشتی لە واتەی ئەم وشانە حاڵی نابین یان بە هەڵە تێیان دەگەین.

بەڵام لە ڕاستیدا سێکۆلاریزم چییە ؟ دەور و گرینگی ئەم بابەتە کە نەتەنیا بووتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا ئایینیەکان لە دونیای ئەمڕۆدا، بەڵکوو لە کۆمەڵگا پێشکەوتوو و مۆدێڕنەکان دا لە بابەتە بەر بڵاوە فەلسەفی و کۆمەڵناسی و زانستی سیاسییەکاندا باسی لێ دەکرێت و لە هەر شوێنێک دا ڕوانین و وێنەیێکی جیاواز سەبارەت بە سێکۆلاریزم هەیە کە جاری وایە ئامانج و ڕەهەندە‌کانی سێکۆلاریزم بە تەواوەتی ئاشکرا نابێت یان چەواشەی تێدا دەکرێت.

وشەی سێکۆلاریزم بۆ یەکەمین جار لەلایەن نووسەری بریتانیایی «جۆرج هاک ئولی» بە کار هێندرا کە بە بڕوای ئەو سێکۆلاریزم زانستێک بۆ دژایەتی مەسیحیەت  نەبوو، بەڵکوو بابەتێکی سەربەخۆ و جیاواز بوو.

لە مانای سیاسی سێکۆلاریزم و بە سادەترین پێناسە، سێکۆلاریزم بە مانای جیا بوونەوەی دین لە حکوومەت و دەوڵەتە کە جیا بوونەوەی دین لە حکوومەت بەو مانایە‌یەکە دامەزراوە تایبەتە سیاسییەکان کە لە ئاستی جۆراوجۆردا لە ژێر چاودێری دەوڵەت دان لە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی دین بێنە دەرەوە کە لە دەرەنجامی ئەو پرۆسەدا دامەزراوە دینییەکان بەسەر كۆمەڵگادا دەسەڵاتداری ناکەن‌، ڕۆڵی دین تەنیا لە سنووری تاکە کەسی شارۆمەندان دا دەمێنێتەوە، یاسای ڕاهێنان و ئەرکەکانی کۆمەڵگا بەپێی دین ناڕواتە پێش، داڕشتنی سیاسەتی وڵاتێک لە لایەن دەستگاه دینییەکانەوە دیاری ناکرێت و ڕوانینە دینییەکان لە ئەرکە حکوومەتیەکاندا دەستێوەردان ناکەن و سەروەری پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لەسەرووی پڕەنسیپەکانی هەر کۆڕ و لایەنێکی دیکەی ئەو کۆمەڵگایەدایە.

خوازیارانی  سێکۆلاریزم، شارۆمەندن و داواکاری‌مافی شارۆمەندین و بڕوایان وایە کە دێمۆکڕاسییە مۆدێڕن و جۆراوجۆرەکان دەبێت سێکۆلار بن.

 کۆمەڵگاییەکی سێکۆلار چەند تایبەتمەندی هەیە کە لێرەدا باسی لێدەکەین:

-یەکسانی تاکەکان بەهەر دین و بیر  باوەڕێکی جیواز لە بەرامبەر یاسادا

-دەستێوەرنەدانی دین لە سیاسەت و یاسادا

-نەبوونی دینێکی فەرمی لە وڵاتدا

-ئازادی ڕادەربڕین

-ئازادی وپارێزراوبوونی تاکەکانی کۆمەڵگا لەهەڵبژاردنی ئایین و بیر و بڕوا

-ئازادی تاکەکان بۆ هەڵبژاردنی دین و بیروبڕواکان

-نەبوونی هەڵاواردن لە نێوان شارۆمەندان بە هۆی بیروباوەڕی ئایینی و بیروباوەڕە جیاوازەکان

-پارێزراو بوونی یەکسانی شارۆمەندان بێ دەستێوەردانی ئایین

-ڕاگرتنی ناردنی داهاتی ساڵانە بۆ کەسایەتییە ئایینی و ناوەندە دینییەکان

-نەبوونی ئایین و سێکۆلاریزە بوونی سیستمی پەروەردە

-مافی بەشداری لە ئەرکە سیاسییەکاندا بێ لەبەرچاوگرتنی ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکان

پێویستە دەروازەی باسەکەمان تەنیا بۆ بابەتی «سێکۆلاریزم چییە»تەرخان نەکەین و مەودا و مێژووی سێکۆلاریزمیش لەبەر چاو بگرین چوونکا کۆمەڵگا سێکۆلارە ئەمڕۆییەکان ڕەوتێکی نزیک بە ٥٠٠ ساڵەیان تێپەڕاندووە کە گرینگی تایبەتمەندی خۆی هەیە.

لە سەردەمێک دا کە ئایین دەسەڵاتی بە هەموو جۆرێک بەسەر ئەوروپادا گرتبوو و کەنیسە وڵامدەری هەموو چەشنە پرسیارێکی کۆمەڵگا بوو و هەروەها هەموو بەڕێوە بردنەکان لە چوارچێوەی دینی دا دیاری دەکرا و دین ناوەندێک بوو بۆ هەموو جیابوونەوەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بوو ، ڕوانینێکی عەقلانی لە حاڵی سەرهەڵداندا بوو کە دینی هێواش هێواش لە ڕەهەندی بیرکردنەوەی خۆی دوور دەکردەوە کە بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵیێن بە تێگەیشتنەکەی کۆپرنیک و نووسینی کتێبەکەی ویلیام هاروی دەستی پێکرد.

کۆپرنیک، ئەستێرەناس و بیرمەندی لەهستانی تێدەگات کە زەوی و هەسارەکانی دیکە بە دەوری خۆر دەخولێنەوە و زەوی خڕە.

 ئەو تێگەیشتنەی ئەو لە سەدەی ١٦دا مەترسییەکی گەورە بوو بۆ سەر دەسەڵاتی ئایینی، چونکا زانیاری و ڕاهێنانەکانی ئینجیلی دەبردە ژێر پرسیارێکی گەورە، لە لایەکی دیکەشەوە هێز و کاریگەری کەنیسە، کەشیش و پاپی لە ناو کۆمەڵگا و لە چوارچێوەی سیاسی ئەو کات لاواز دەکردەوە، هەر بۆیە مارتین لۆتێر دامەزرێنەری ئایینی پرۆتێستان»بەشێتی»دەزانێت، بەڵام چوار ساڵ دوای کۆپرنیک جوردانۆ برونۆ ، کەشیش و فەیلەسوفی ئیتالیایی بە نووسینی کتێبی هەمیشەیی «کاکێشان و جیهانەکان»، بیرۆکەی کۆپرنیک پەسەند دەکات کە لە کاتی ئینکزسیۆن لە لایەن کەنیسەوە بە تۆمەتی کافر بوون و دژایەتی لەگەڵ کتێبی پیرۆز بە زیندوویی دەیسوتێنن.

ویلیام هارویش کتێبێک لەسەر گەڕانی خوێن دەنووسێت کە ئەمڕۆکە بنەمای زانستی پزیشکییە لە بواری کۆرپە ناسینەوە.

دەسپێکی ڕوانینی عەقڵانی و زانستی و تێگەیشتنەکانی کۆپەر نیک و ویلیام هاروی دەور و کاریگەرییەکی  بەرچاوی زانستی  سەدەی ١٧ی زایینی لە ئەورووپا دانا بە جۆرێک کە:


سەدەی‌ ١٧، قۆناغی سەرەتایی چوونی ئۆرووپا بۆ سەردەمی نوێ و تێپەڕ بوون لە سەدەناوەڕاستەکان بوو کە ڕوانین و بیروباوەڕی زانستی دەبێتە جێگرەوە و ڕەکابەرێک بۆ ڕوانینە ئایینیەکان و کەنیسەکانی ئەو کات کە دەرەنجامەکەی بزووتنەوە و شۆڕشە زانستییەکانە کە پێشکەوتن و تێگەیشتنەکان لە بوارەکانی فیزیک ، ئەستێرەناسی،زیندوەوەر ناسی، لەشناسی مرۆڤ و کیمیاناسی زۆرتر دەبێت هەر بەهۆی‌ئەوە، ڕوانینە خەیاڵی و دینییەکانی سەدەی ناوەڕاست بەرەو لە‌ناو‌چوون دەڕوات و بناغەی زانستە نوێ کان دادەمەزرێت کە بە وتەی هەندێک کەس زانستە نوێ کان لەئۆرووپای سەدەی ١٧ دا دەست پێدەکەن هەرچەند شایانی باسە کە بڵێین باروودۆخێکی ناسەقامگیر لەبەر وتەکانی کەنیسە و کەشیشەکان جێگیر ببوو، چوونکا ئەوان بە هەموو جۆرێک دژایەتی خۆیان لەگەڵ زانایان و پسپۆڕانی ئەو کاتەیان دەردەبڕی   کە بەجۆرێک کە کەنیسە، مێژووی مرۆڤ، فیزیک و زۆربەی ڕووداوەکان و زانستە سرووشتییەکانی بە پێی ئینجیل دەنووسیەوە و کەنیسەی کاتۆلیک خۆی بە پارێزوانی کتێبی پیرۆز دەزانی کە نموونەکەی قەدەغە کردنی حەمامە گشتییەکان لە کۆمەڵگا دا کە نەخۆشی لە ئەورووپا لەو سالانەدا بەشێوازێکی بەربڵاو بەرەو زۆر بوون دەچوو.

لە ڕەوتی سێکۆلاریزاسیۆنی وڵاتانی ئەورووپایی ، ڕوانینی ئاسمانی و دینی دەکەوێتە دژایەتی ڕوانینی ئەم دونیایە.

لە سەدەی ١٧، و بەگەشەی زانستە سرووشتیەکان هاوکات سەردەمی رۆشەنگەری دەست پێدەکات کە تا سەدەی١٨ی زایینی دەخایێنێت و زۆرترین ڕەنگدانەوەی لەسەدەی ١٨زایینی دا دەبێت. ڕووناکبیری و کلتوور، فەلسەفە و هونەر  تێیدا گەشەیەکی زۆر دەکات و بزووتنەوەیەکی فیکری و فەلسەفی لە مێژووی ڕوانینی وڵاتانی خۆرئاوایی دا وە دی هێنا کە شۆڕشگەلێکی بەهێزی لە عیلم و فەلسەفەدا چاکرد کە لە دەرەنجام دا بوو بەهۆکاری لەناوچوونی ڕوانگەو و بیرووبۆچوونی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا.

گەورەترین فەیلەسوفانی سەردەمی رۆشنگەری دیدرو، مۆنتێسکیۆ،ئێمانۆئێل کانت و ساد بوون کە ئامانجی سەرەکییان ئازادی، پێشکەوتوویی و کۆتایی پێهێنان بە کەڵکە‌واژووگرتنی کەنیسەو ئایین لە سیاسەت، دەوڵەت و کۆمەڵگا کە  لەمەبەولا فەیلەسوف و سیاسەتمەداران سیاسەتیان بە شێوازی نوێ لە سیستەمە دەوڵەتییەکاندا دادەڕشت کە بوو بە هۆکاری دروست بوونی نیزامە دیمۆکڕاتیکەکان.

 هەروەها سەردەمی رۆشنگەری  ڕۆژگاری ئازادبیرکردنەوە بوو هەرچەند ئازاد بیرکردنەوە بە مانای پێکهاتنی پڕاتیکی ئازادی و بەدەست هێنانی مافی شارۆمەندی نەبوو، بەڵکوو ڕۆژگارێک بۆ تەیار کردن و ڕزگاری لەو باروودۆخەبوو کە یەکگرتوویی پۆڵایینی کەنیسەی کاتۆلێکی لە ناو برد و زۆر‌بەی ئەو کەسانەی کە تاپێش ئەوە دەبوون بە ئەندامی کەنیسە، ئێستا بەرەو زانستە سرووشتییەکان دەڕۆیشتن.

بزووتنەوەی ڕۆشنگەری یارمەتیدەری  سەرهەڵدانی چوارچێوەی ڕووناکبیرانەی شۆڕشی ئەمریکا و شۆڕشی فەڕەنسا بوو کە بۆ یەکەمین جار لە جیهان دا شۆڕشی فەڕەنسا بوو بە هۆکاری گۆڕانی نیزامی پاشایەتی بۆ کۆماری دێمۆکڕاتیکی فەڕەنسا و ودامەزرانی لائیسیتە کە ڕەوتێکی مۆدێڕن و پێشکەوتووانە لە ئەورووپا دەستی پێکرد و دواتریش لە وڵاتانی دیکە  دین لە دەوڵەت و سیاسەت جیابووە و دەوڵەت و حکوومەت سنووربەندی و یاسای قورس و قایمی بۆ سیستەم و دامەزراوە دینییەکان دیاری و هەروەها موڵک و سامانی قەشەکانیشی ڕۆژ بەڕۆژ کەمتر کردەوە.

ڕەوتی چەند سەد ساڵەی سێکۆلاریزاسیۆنی وڵاتانی ئەورووپایی بە ڕوونی ئەو حەقیقەتەمان بۆ دەردەخات کە ئامانج و خواستە‌کانی کۆمەڵگا بۆ هەموو چەشنە بیروباوەڕێک هاتووتە دی و پێشکەوتوویی و عەقلانیەت بە تا ڕادەییکی زۆر گەشەی خۆی کردووە، هەرچەند ئێستاش وڵاتانی زۆر هەن وشەی سێکۆلاریزم وەکوو شەپۆلێکی ڕووخێنەر بۆ خۆیان دەبینن



PM:01:58:08/12/2019




ئه‌م بابه‌ته 199 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌