کرێکاری کورد و چەمکی شوناس

کرێکاری کورد و چەمکی شوناس

سەیدەوان شەفیعی

 

کرێکار تەنیا ناوێک نییە بۆ چینێکی تایبەتی کۆمەڵگا و هەرواش بە ئاسانی پێناسە ناکرێت چونکه مێژوویێکی دوور و درێژی هەیە و لە هەموو قۆناخه هەستیارەکانی مێژوو دا ڕۆڵی گێڕاوە و ئەو ڕۆڵەش تەولید و بەرهەم هێنان بووه چون بە وتەی کاڕڵ ماڕکس مێژوو  پەیوەندییە ئابووریەکانی نێو چینەکان کۆمەڵگایە کە وەک حاڵەتی ژێربینا پێناسە دەکرێت و بۆیه کرێکار وەک بەرهەمهێنەر ڕۆڵێکی سەرەکی لەم پەیوەندییەدا هەیە و ئەمەش به درێژایی مێژوو هەروا بووە.

کرێکار وەک هێزی مرۆیی تەولید و بەرهەم هێنان خوازیاری حکومەت کردنە یان خود دیکتاتۆری پڕۆڵێتاریایە، بەڵام ئەوەش وەک لە ناوەکەی ڕا دیارە دیکتاتۆرییە و جوابگۆی پێداویستیەکانی سەردەم نییە چون لەم سەردەمە دا که بە وتەی مێتیک دەورەی پەساکاپیتاڵیستیە و چنین و تەبەقه وردە وردە خەریکن لە ناو دەچن، کەواتە کرێکاری کوردیش ناتوانێ خۆی وەک باقی کرێکارانی جیهان پێناسە بکات چون مێژووی ئەو زۆر بۆشایی و کەلێنی تێدایە کە تەوەرگەلێ وەک ماڕکسیسم پڕی ناکاتەوە و لە ساحەتی خۆماڵی local دایە و نەگێشتۆتە ئاستی جیهانی یا global کەواتە کێشەکانی کرێکاری کورد لە بنەڕەتدا کێشەی تاکی کوردە لەگەڵ مێژوو و سیاسەتی داگیرکەران.

ئەگەر سرنجێک بدەینە بۆچوونەکانی هایدگەر کە مرۆڤ بە دازاین واتا دەکاته واتا (بوون_ئەوێ) و بوونی دازاین بەستراوه به شوێن placeکە ئەمەش له دوالیزمی نێوان شوێنی فیزیکی و شوێنی مێتافیزیکی(space) دەستەبەر دەبێ. مرۆڤ شوێن دروست دەکات و هەر ئەو شوێنە دەبێته شوناسی ئەو مرۆڤە، کەواته تاکی کوردیش دەبێتە لەم ڕوانگە دەرەکییە فەلسەفییەدا خۆی واتا بکات چونکا تا شوێنی نەبێت بە دڵنیاییەوە شوناسیشی نابێت.

دەبێ وشیار بین که داگیرکەران یەکەم دێن، شوێن داگیر دەکەن هەر وەک ئێستا وڵاتەکەمان داگیرکراوه و هەر بەو هۆیەش مێژوومان دەسڕنەوه و دوالیزمی تایبەت بە شوناس لە ناو دەبەن و تەوەرە گەلی ئینتێرناسیۆنالیش دێن دۆخەکه ئاڵۆز تر دەکەن.

کرێکاری کورد هەرچەند لە وڵاتەکەی خۆی دا نییە چون له کوردستانات دا بە کەمی کارخانە و مەعدەن و کانزا هەن و هەر بۆیە وەک کۆچبەر لە شارەگەورەکانی ئێران دا وەک تاران و تەورێز و ... خەریکی کارە و دیارە به نرخێکی کەم و نەبوونی بیمە و سەندیکا کار دەکات.

لێرەدایە کە بێگانە بوونی کرێکاری کورد دووبەرابەر دەبێ کە یەک له ژێر فۆڕمێکی ئابووری سەرمایەداری شەخسی و تاکەکەسی دایە و دوو لە ژێر باری فۆڕمی داگیرکەری دەسەڵات دایە کە بە هیچ چەشنێک کورد بە ڕەسمی ناناسێ. بەڵام زۆربەی بێگانە بوونی کرێکار بە هۆی پێکهاتەی ئابووری سەرمایەدارەوە نییە بەڵکوو بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵاتە.

کورد و کرێکاری کورد وەک کۆمەڵە شارۆمەندێک ئاست نزم لەو شارانەدا خەریک کارن و ڕێ دەکەوێ لە لایەن خەڵکان سڤیل و دیکەی کرێکارانیش ئێنکار بکرێن و وەک دوژمن بیان ناسن بۆیە لێرەدا بیرۆکەی کۆمۆنیستی بەڕاستی کاریگەر نییە و تەنیا زیانی زۆرترە لەم قۆناغەی ژیانی کورد دا.

کرێکاری کورد دەبێ بە شوێن دیسپلینێکی سیاسی بکەوێ ئاوێنەی مێژووی ئەو نەبێ نەک بیکات بە دارەدەستی ڕژیمەجیاوازەکان و بە تێڕوانینێکی مەسیحی ئەو بە تاوان بار بزانێت و لەهەمبەر سیاسەتەکان دا ملکەچ باری بێنێ.

کرێکاری کورد دەبێ هەمیشە ئەو خاڵه لەبەرچاو بێت کە کوردە و کێشەکانی درێژخایەنن و ئەگەر بیهەوێ وەک پڕۆلێتەر خۆی پێناسە بکات بە وتەی ئیگڵتۆن دەبێ هێندە پارەی هەبێت که نەزانێ چی لێ بکات. بەڕاستی تەواو بیرۆکەی ماڕکسیش لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە حەق به حەقدار بگات و کرێکاریش پێگەی ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام بۆ تاکی کورد لەم قۆناغەدا بابەتەکە نەتەوەییە نە تەبەقاتی.


AM:10:23:03/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 183 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌