وێکچوونەکانی دەهەی50ی هەتاوی و ئەم دۆخەی ئێستای کۆماری ئیسلامی


موختار ئەحمەدی

شۆڕش و گۆڕانکاری لە هەر وڵات و کۆمەڵگایەکدا ئەگەر رادیکاڵ بێت بە مانای گۆڕانکاری بنەڕەتی لە شێوازی ئیدارەی وڵات لە باری سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری، ئابوریو هەموو رەهەندەکانی ژیانی تاک و کۆی ئەو کۆمەڵگایە کە دەتوانێت زۆر فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی تێیدا دەخیل و کاریگەر بێت.

شۆڕشی 57ی نەتەوەکانی ئێران و روخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و مانەوەی و ئەم قەیرانەی کە روی تێکردووە لە دو قۆناغی جیاواز بەڵام هاوشێوەدا دەتوانین ئاماژەیان پێبکەین.

پێک هاتنی دەوڵاتانی عەرەبی، تورکیە و پێگرتنی زیاتری دەسەڵاتی حەمەڕەزا شا لە ئاکامی بەرژەوەندیی وڵاتانی براوەی شەڕ واتە موتەفێقین بووکە هاتنە سەر شانۆی سیاسی ناوچەکەو بەشێکیان تا ئێستا هەر لەسەر حوکم و دەسەڵاتن.

ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر بابەتەکەی من دەسەڵاتی حەمەرەزا شای پەهلەویە کە سەرەتا دەبێت ئاماژەیەکی کورت بکەین بەم پرسیارانە:

هەڵسوکەوتی رژیمی شاهەنشاهی هۆکاری هاتنە ئارای شۆڕشی 57 بوو؟

فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکیەکان چی بوون؟

بۆ هێزە چەپەکان نەیانتوانی رۆڵی خۆیان بگێڕن و شۆڕش بەرەو دیمۆکراتیک بوون ببەن؟

لەماوەی سەدەی رابردوودا ئەو شۆڕش و گۆڕانکارییەکان بە شۆڕشی ئۆکتۆبری شۆرەویشەوە بگرە هەموویان بە جۆرێک دەستێوەردانی دەرەکی و کاریگەری شەڕی یەکەم و دوهەمی جیهانییان لەسەر بووە.

هاوکات بە پێی ناسین و لێکۆڵینەوەی پێکهاتەی کۆمەڵگای ئەوکاتی ئێران و چوونە ناو بازنەی کۆمەڵناسانەی سیاسی و کۆمەڵێک هێزی گۆڕانخواز هەرکامەیان بە پێی ڕوانگە، ئیدئۆلۆژی و پڕۆگرامی سیاسی خۆیان کە مەزهەبییەکان، چەپەکان، لیبراڵ و ناسیۆنالیستەکانی دەگرتەوە.هەرکام لەم هێزانە بەپێی سەنگ و قورسایی خۆیان کاریگەر بوون لەسەر خورۆشانی جەماوەرو هاتنە ئارای شۆڕشی 57. ئایا تەنیا فاکتەری بوونی هێزی گۆڕانخواز توانی ببێتە هۆکاری گۆڕانکاری سیاسی لە ئێران یا فەکتەرگەلی دیکەیش بە شێوەی شاراوەو ئاشکرا کاریگەر بوون. ئایا دەهەی 50ی هەتاوی هاوشێوەی ئەم سەردەمەی دۆخی سیاسی کۆماری ئیسلامی نییە؟

ژێئۆپۆلتیکی ئێران و گرینگی هەڵکەوتەییەکەی لە دێر زەمانەوە لە سەردەمی شاهانی کۆن تا سلوکیان،ئەشکانیان.ساسانیان و خولەفا یەک لەدوای یەکەکان و تا 18 ئیمپراتۆریەکەی پاش ئەمانیش هەمیشە چاوی تموحی ئیمپراتۆریەکانی ناوچەکەو جیهانی بەدواوە بووە. بەڵام پانتایی ئێران چ وەک دەسەڵات و چ وەک جۆغرافیا لەبەر ئەو تموحانە مایەوە ئەو ئێرانەی کە ئێستا پێی دەڵێن وڵاتە پشیلەییەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەسەدەی رابردوودا پاش گەشەی پیشەی نەووت و داگیرکردنی بازاڕەکانی جیهان و بوونی خەلیج فارس و دەریای عومان بۆ هەناردەکردنی نەوت ئەم چاوی تموحەی بەتایبەت لەلایەن شۆرەویەوە زیاتر کرد و باقی هاوپەیمانان کە لە بازنەی موتەفێقین خۆی دەبینییەوە زیاتر بوو.

هاوسنووربوونی وڵاتێکی کۆمۆنیستی لە باکووربەو پانتاییە زۆرەو هەوڵی پەل هاوێشتنی بۆ وڵاتانی دراوسێ لەوانە ئەفغانستان نیگەرانی زیاتری رۆژئاوای لێکەوتەوە.

بە هۆی ئەم فاکتەرە کێشەو ململانێکانی جیهانی دو چەمسەری و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی جیهانی داڕشتنەوەی سەرلەنوێی سیاسەتیان بۆ دابەشکردن و سەهمخوازییەکانیان کاریگەری دانا لەسەر ئێران و بەئەسپایی دەتتێوەردانەکان دەستی پێکرد تا گەیشتە دوور خستنەوەی رەزاخانی میرپەنج بۆ دەرەوەی ئێران و هێنانی حەمەرەزای کوڕ بە جێگای باوک بۆ سەر کورسی دەسەڵات. بەم شێوەیە شەڕی ساردی دو جەمسەری کاریگەری خۆی دانا لەسەر خشتەی سیاسی ئێران.بە تایبەت پاش ئەوەی لە هاوینی ساڵی ١٣٢٠ هێزەکانی بریتانیاو شۆرەوی کە هاتنە ناو ئێران چەند کاریگەری دانا لەوانە، زیاتر کردنی هەستی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، بەنەتەوەیی کردنی نەوتی ئێران و کودتا لە دژی موسەدێق، شۆڕشی سپی شاو خەڵک، بەربڵاو بوونی خواست لەسەر شووناس و نەتەوەگەرایی باقی نەتەوەکانی ئێران کە لە کوردستان و ئازەربایجان لە باکووری رۆژئاوای ئێران بە پاڵپشتی رووسەکان بە پێک هاتنی دو کۆماری مەهاباد و ئازەربایجان و شۆڕشی شێۆ خەزعەل بە یارمەتی بریتانیەکان بە لوتکەی خۆی گەیشت و بە رێککەوتن و دابەشکردنی نەوتی ئێران لە باکوور و باشورلە لایەن ئەم دو زلهێزەوە دو کۆمارەکەو و شۆڕشەکەی بنەماڵەی شێخ خەزعەل کۆتاییان پێهات و تووشی ئەو چارەنووسە بوون کە دیتمان.

سەرکووت کردنی کابینەی موسەدێق و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی ڕەها لە لایەن شاو پاشان بەڕێوەبردنی حوکمی سیاسی، ئیداری و نیزامی لەلایەن ئەرتەش و دەستپێکردنی شەپۆلی سەرکووتەکان و درووستکردنی گەورەترین زیندانەکانی ئێران وەک ئەوین،رەجایی شار،دەستگێرد، قزلحەسار، دیزڵئاباد، کارون ،قەسر و هیتد لەو فاکتەرانە بوون کە بوونە هۆی ناڕەزایەتی بەرینی چین و توێژەکانی کۆمەڵگاو هاوکاتیش بڕێک باجدان بە رۆحانییەتی شێعە وەک معافکردنیان لە چوون بۆ سەربازی، دانی پارەی مانگانە و درووست کردنی 75000مزگەوت ودەیان حەوزەی علمییە لەپێناو بێ دەنگ کردنیان بۆ جێبەجێکردنی شۆڕشی سپی ناڕەزایەتی زیاتری چین و توێژی روناکبیری ئەوکاتی ئێرانی لێکەوتەوە. هەرچەند دواتر خومەینی و پێڕەوانی توانییان ئەوە بکەنە ئاڵای دژایەتی شاو کەڵکی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی نەیارانی زیاتروەربگرن.

لەم ساڵانەدا چوونەوەسەرەوەی نرخی نەوت بڕێک بڕێک ئابووری ئێران بەرەو باشتر بوون هەنگاوی دەناو شایش بەشێکی بەرچاوی ئەو داهاتەی سەرفی بواری نیزامی دەکرد و ئەرتەشی لەچاو هێزی سەربازی وڵاتانی دراوسێ بەهێزتر بوو. هەموو ئەمانەو ئەو فاکتەرانەی کە ئاماژەی پێکرا وایکرد کە لەحنی شا لە چاو ساڵانی پێشترلە ساڵەکانی 1351و 1352 گۆڕانی بەسەردا هاتبو و ئەو گۆڕانە لە وتوێژەکانی شا لەگەڵ( بی بی سی)و باقی میدیاکان خۆی دەرخست. پاش ئەم گۆڕانانە وڵاتانی فەرانسە،بریتانیا و ئەمریکایش، هەڵوێستیان بەرانبەر بە دەسەڵاتی شا گۆڕاو لە کۆنفرانسی گوادلۆپ دژایەتییەکانی خۆیان ئاشکرا کرد.

هاتنی میشێل فۆکۆی فەرەنسەیی، مامۆستای فەلسەفە، کۆمەڵناسی و مێژوو کە لە ساڵی 58ی هەتاوی وەک رێپۆرتێری رۆژنامەی ئیتالیایی کۆریەرە دێلاسێریا 2 جار بۆ لێکۆڵێنەوەیەکی مەیدانی سەردانی ئێرانی کرد و بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنی چەپ، راست و مەزهەبی ئەوکاتی دیتبووئاماژەی بە رۆڵی کلتوور و ئایین و مەزهەب لەسەر شەقامی سیاسی ئەوکاتی ئێرانی کرد و بابەتێکی لە ژێر ناوی دین لە دژی شا ئاماژەی بە ئایین و مەزهەب و هێزە مەزهەبییەکان باشترین جێگرەوەن بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی.

ئەم راپۆرتە دەدرێتە ژیسکار لە فەرانسەو سەرانی ئاڵمان ئینگلیس و ئەمریکا و کۆنفرانسی گوادلۆپی لێکەوتەوە . پاش کەمتر لە 2 حەوتوو خومەینی لە نەجەفەوە بۆ نۆفێل لۆشاتۆی پاریس بە بێ هۆ نەبوو لە ئاکامی ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانەدا بوو خومەینی لەوێوە کەڵکی لە میدیاکانی ئەوکات بە باشی وەرگرت بۆ بەدەستەوە گرتنی رێبەری هێزە ئایینییەکان.

کۆی ئەمانەو پێکهاتنی چینی هەژارو دەوڵەمەند بە هۆی فرۆشی نەوت و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەتەوەیی ئێران لە لایەن کەسانی دیاریکراو، زۆربوونی رێژەی ئەو کەلێنە وایکرد کە حەڵەبیاواکانی نزیک شارەکان رولە زیاتر بوون بکات و ئەم بەرەیەش تێکەڵ بە هێزە ناڕازییەکان لە دژی شا بوون.

هاوکات کرانەوەی دەستی هێزە مەزهەبییەکان و درووست کردنی ناوەندە تایبەتەکان بۆ چالاکی مەزهەبی و سەرکووتی هێزە چەپ و نوێخوازەکان زیاتر لەجاران پەرەی سەند و پێک هاتنی حیزبی رستاخیز کۆمەڵگای بە خۆیی و ناخۆیی دابەشکردبوو، کۆی ئەمانە لەزەرفێک بەناو شۆڕشی 57 کۆببونەوەو دەسەڵاتی پاشایەتی پێ روخاو کۆمارێکی تۆتالیتێری نادیمۆکرات و دژە خەڵکی کە خومەینی رێبەرایەتی دەکرد هاتە سەرکار و تائێستا لەسەر حوکم و دەسەڵاتە.

رژیم لە گەڵ قەیران لەدایک بوو لەگەڵی باڵای کردو لەگەڵیشی دەچێتە ناو مێژووی هەموو دیکتاتۆرەکان. لە پڕۆسەی بە ناو شۆڕشی کلتووری بۆ پاکتاوکردنی هەموو کەسانی بیرجاواز لە روانگەکانی خومەینی دەستیپێکرد و بەهەزاران کەسانی پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەکاندا لەسەرکار لابران تەنانەت یارانی دێرینی خومەینی وەک مونتەزێری و دواتر تاڵەقانی گرتەوە کە هەمووان لێی ئاگادارن. بەهەزاران کەسانی چەپ و ئازادیخواز لە شارەکانی ئێران و کوردستان برانە پێی جوخەی ئێعدام 28ی گەلاوێژێکی دیکەی پڕ لەتاوان لە مێژووی ئێراندا بە فەرمانی خومەینی هاتە سەرشانۆی سیاسی . دواتر شەڕی عێڕاق _ ئێرانیان کردە دەرفەتێک بۆ سەرکووتی ناوخۆیی لە ساڵەکانی کۆتایی دەهەی شەستی هەتاوی هەزاران کەس ئێعدام کران و پاشان هاشمی رەفسەنجانی و کابینەکەی وەک ماشینی تیرۆریزمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکان چەندین تاوانی گەورەی لە دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کوردستانی بەڕێوەبرد کە تا ئێستایش وەک پەڵەیەکی ڕەش لە مێژوویاندا تۆمارکراوە. خاتەمی وەک روخساری دیاری بەرەی ریفۆرمخوازی بە دروشمی ئێران بۆ هەموو ئێرانیەکان هاتە سەرکار بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا پڕۆسەی تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان و چالاکانی سیاسی دەستیپێکرد کە لە ئەدەبیاتی سیاسی ئێراندا بە قەتڵە زەنجیرەییەکان ناوزەتکراو تا ئێستاش بکەرانی ئەو جینایەتانە نەک هەر موحاکمە نەکران بەڵکو ناوەکانیشیان بۆ رایگشتی بڵاو نەکرانەوە. هەناردە کردنی شۆڕش کە بووە جێگای نیگەرانی وڵاتانی دیکە یەک لەو پڕۆسانە بوو کە رژیم تا ئێستایشی لەگەڵ بێت لەگەڵی بەردەوامەو دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی جیهان درێژەدانی هەمان پڕۆسەیە. چالاکییە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی هەر زۆر زوو بوونە هۆی نیگەرانی نەک هەر وڵاتێکی دیرایکراو بەڵکو نیگەرانی کۆمەڵگای جیهانی لێکەوتەوە. پاش هاتنە ئارای بەرجام و رێککەوتنێکی گوماناوی و پاشان هەڵوەشاندنەوەی لە لایەن ترامپەوە فشارەکان لەسەر رژیم جارێکیترهاتنەوە سەر جێگای خۆیان و ئێستا کە دەیبینین دۆخی ئابووری ئێران زیاتر لەهەرکات نالەبارترو فشارەکان زیاتر لەسەر توێژی مام ناوەند ،ناوەند و هەژارقورسایی دەکات. هاوکاتیش ناڕەزایەتییەکانی شەقام رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو زیاتر بوون هەنگاو دەنێت و خواستە سیاسی، نەتەوەیی و چینایەتییەکان زیاتر لەهەر کات خۆیان نیشان دەدەن. هەوڵی ٤٠ ساڵەی بۆ کۆنترۆڵ و بەدەست هێنانی دڵی کۆمەڵگا بە هەبوونی ٥٠٠ عیلمییە، زیاتر لە ١١٠ کاناڵی تەلەویزیۆنی و رادیۆیی، لە هەموو شارو شارۆچکەکانی ئێران پێشنوێژ،زانکۆکان، وەزارەتی پەروەردە کە پەروەردەی ٤٠ ساڵەی کردووە.سازمانی تەبلیغات، هێنانی زیاتر لە ١٥٠ هەزار رۆحانی لەدەرەوەی ئێران و هێنانی هێزی سەرکووتگەر نلە وڵاتانی سوریە، لۆبنان،عێراق و ئەفغانستان،دانان و تەرخانکردنی هەزاران میلیارد تمەن بۆ رێکخراوو ئۆرگانە مەزهەبییەکان کە لە بودجەی ساڵی رابردوودا پشکی شێریان بەرکەوتبونەک هەر کۆی ئەم هەوڵانە بە هیچ کوێ نەگەیشتن بەڵکوبەهۆی زۆربوونی گەندەڵی لە ڕادەبەدەری ناو سیستم بەشێک لە رێبەران و بەڕێوەبەرانی رژیم بەهۆی رەخنەکانیان یا زیندان کران وەک موسەوی، کەڕوبی یا ناچار بە هەڵهاتن کران وەک بەنی سەدر، یا وەک ئەحمەدینژاد و هاشمی رەفسەنجانی تووشی بێ مێهری دەسەڵات بوونەوەو بە مەرگێکی گوماناوی هاشمی لەناو برا. دیارە ئەمە تایبەتمەندییەکی هەموو رژیمە دیکتاتۆرەکانە کە بۆ پاراستنی مانەوەی خۆیان دەست بۆ هەرکارێک دەبەن وخۆیان لە هەر پیلانگێڕیەک ناپارێزن. لەسەردەمی دەسەڵاتی شادا دروشمی خودا، شاه، مەردۆم وەک دروشمێکی ستراتێژ پڕوپاگەندەی بۆ دەکراو شا خۆی بە نوێنەری راستەقینەی خودا لەسەر زەوی دەهێنایە ئەژمار و بە وتەی خۆی خەونی بە ئیمامان و ۆەغەمبەرانەوە دیتبو.پاش گۆڕانی سیستم و هاتنە ئارای شۆڕشی٥٧ وێنەی خومەینیان لە ناو مانگدا دیتو ئەمجارە هاوشێوەی شا وەلایەتی فەقیهیان بە نوێنەری راستەقینەی خودا و ئیمامی زەمان بە کۆمەڵگا ناساند و تا ئێستایش کەسانێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بە کەڵک وەرگرتن لە کلتووری سەقەت و دواکەوتووی کۆمەڵگا درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان داوە.

هێشتا کەسانێک پێڕەوی لە تێزی شاو و ویلایەتی فەقیه نوێنەری خودان پێڕەوی دەکەن و ئەم و ئەو لە هاڵەی نووردا دەبیننەوە.

لە رژیمی شادا حیزبی رستاخیز تاقانە حیزبی یاسایی بوو کە لەژێر هێژموونی کاریگەری شەخسی شادا بوو پاش شۆڕش حیزب فەقەت حیزبوڵلاو رێبەر تەنیا روحوڵایە ئیزنی چالاکی پێدراو هەموو حیزبە چەپ، لیبڕال، نەتەوەیی و سیکۆلار پێشیان پێ گیراو بەشێکیان ئیعدام و ئەوانی دیکە ناچار بە جێهێشتنی ئێران کران.

لەسەردەمی شا مەجلسی شۆرای میللی و چۆنییەتی هەڵبژاردنی نوێنەران دەبوا لە فیلتێرەکانی ساواک و دەسەڵاتی شاهەنشاهی تێپەڕ بونایەت ئەوکات دەیانتوانی ببنە نوێنەرو ئەویش مەرجیان بۆ دادەنرا کە دەبێت گەڵاڵەو پێشنیارەکان شا پێڕەو بکەن. لە کۆماری ئیسلامیش دەبێ هەموویان لە فیلتێری شۆرای نیگابان کە لە ١٢ کەسەکە کە ٦یان خامنەیی خۆی هەڵیان دەبژێرێت و ئەو ٦کەسەکەی دیکەیان لە لایەن هەڵبژێردراوانی خودی خامنەیی هەڵدەبژێردرێن. خاڵی جەوهەری هاوبەشیان کە هەردو دەسەڵات پێڕەوی کردووە نەبوونی بنەماکانی دیمۆکراسییە کە لە پێڕەوو پڕۆگرامی هیچکامیاندا نەبووە. لەسەردەمدا ئایین و مەزهەب وەک بنەمای بەڕێوەبردنی دەسەڵات، ئاخوند و مەلاکان وەک بەڕێوەبەری ئیجرایی و سیستەمی حاکمییەت نەک هەر لاواز بوون لە پێناو خزمەتکردن بە کۆمەڵانی خەڵک بەڵکو بە شێوازێکی سیستماتیک هەوڵیان بۆ تواندنەوەی نەتەوەو ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان داوە.

٤٠ ساڵ ئەزموونکردنی دەسەڵاتی رژیم لە ئێران، کۆمەڵگا و بەشێکی زۆری ناو بازنەیدەسەڵاتیش بەو ئاکامە گەیشتوون کە ئەم دەسەڵاتە ناکارا، گەندەڵ لە هەمو رویەکەوە، دوژمن بە بەرژەوەندییە گشتییەکان و تەنیا وڵامی بۆ خواست و داواکارییەکان وەک چۆن لە رۆژانی رابردوودا وڵامی بۆ کرێکارانی حەوت تەپەو باقی چین و توێژەکان سەرکووت و زیندان و ئەشکەنجە بووە. خەڵکێک کە هەر لە سەردەمی مەشرووتەوە خوازیاری حکوومەتی یاساو سەروەری دەسەڵاتی خەڵکین بە هەبوونی ئەو دوو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە هەموو هەوڵەکان بێئاکام ماونەتەوە. هۆکاری مانەوەی رژیم تەنیا لە سەرکووتەکاندا دەبیندرێتەوە چوون ئەو ئێقتداریا ئەو مەشروعیەتە خەڵکییەی کە شەرعییەت و رەوایی دەدات بە هەر دەسەڵاتێک لە ئێراندا بوونی نییە وەک پاڵپشتی دەسەڵات بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە بنەماو پایەکانی دەسەڵات بەهۆی ئابووری لاواز، نەبوونی وڵاتانێکی هاوپەیمانی باش لە ناوچەکە کە هەموو وڵاتانی عەرەبی بێجگە لە سوریە،عێراق و بەشێک لە یەمەن هەموویان نێوانێکی باشیان لەگەڵ دەسەڵاتی تاران نییە.

شک و گومان لەوەدا نییە کە رژیم لە کۆتاییەکانی تەمەنییەتی و بەڵام کێشەی سەرەکی نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی هاودەنگە لە ئاستی سەرتاسەریدا کە تا ئێستا بێجگە لەو چەند حیزبە کە بەشێکی زۆریان کوردستانین هاودەنگیەک نەهاتوەتە پێش. ئەوەی گرینگەو دەبێر بە چاوی بایەخەوە سەیر بکرێت هەموو ئۆپۆزیسیۆن لەسەر نەمانی رژیم کۆکن و ئاجێنداکانیان روخانی کۆماری ئیسلامییە. لە ناوخۆیش بە پێی زۆرێک لە توێژینەوەکان ئۆمێد بە بوون و بەردەوامی دەسەڵات و باشترکردنی دۆخ و گوزەرانی خەڵکی زۆر کەمەو هەمووان بە رۆشنبیر و کۆمەڵگای مەدەنی و نوخبەی سیاسی بەو ئاکامە گەیشتوون کە تەنیا رێگای دەربازبوون لەم دۆخە نالەبارە هەنگاونان بەرەو سیستەمێکی سێکۆلار و دیمۆکراتیکە کە ویست و خواستەکانی خەڵک لە یاسا، شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵات رەنگدانەوەی هەبێت و خەڵک و سندووقەکانی دەنگدان چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگا دیاری بکەن نەک شۆرایەکی 12 کەسی بەناو شۆرای نیگابان.


AM:08:04:20/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 323 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌